"an independent online kurdish website

١- بازدان و گۆڕانکاری (Mutation) لە ڤایرۆسەکان، بەتایبەت لە جۆری RNA شتێکی زۆر باوە، لە سەرەتای سەرھەڵدانی کۆرۆنا تاوەکوو ئێستا ڤایرۆسەکە ژمارەیەکی یەکجار زۆر بازدانی کردووە،

بەڵام لە زۆربەی جارەکان ئەو بازدانە ھیچ گۆرانکاریەکی ئەوتۆی لە رەوشتی ڤایرۆسەکە نەھێناوەتە ئارا، بەڵکوو بە پێچەوانەوە ھەندێکجار ئەو بازدانانە دەبێتە ھۆی لاوازبوونی ڤایرۆسەکە.

٢- لە ئێستادا باسی سێ زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە گۆرانی بەسەرداھاتووە دەکرێت ، ئەوانیش جۆرەکانی بەریتانیا و باشووری ئەفریقا و بەرازیلە. تێبینیدەکرێت زنجیرە نوێیەکەی بەریتانیا لەئێستادا لە دووەکەی تر زیاتر بڵاوبۆتەوە و گەیشتۆوتە نزیکەی شەست وڵات. بۆیە دەبینین زۆربەی وڵاتەکان، بە تایبەتی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، بۆئەوەی رێگا لە زیاتر تەشەنەکردنی ئەو جۆرە نوێیەی کۆرۆنا بگرن، رێکاری توندیان گرتۆتە بەر، بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەکو بەریتانیادا رێکاری توند گیراوەتە بەر بۆئەوەی رێگا لە دوو جۆرەکەی تری ڤایرۆسەکە (ئافریقای باشوورو بەرازیل) بگرن بپەڕێتەوە وڵاتەکە.

٣- وەک دەرکەوتووە ئەو زنجیرە نوێیانەی ڤایرۆسەکە توانای بڵاوبوونەوەیان زۆرترە. ئەو جۆرەی بەریتانیا زیاتر تووشی منداڵ و گەنجەکان دەبێت، ئەگەر بێتوو لەگەڵ زنجیرە کۆنەکەی کۆرۆنا بەراوردی بکەین. زۆرینەی ئەو کەسانەش، کە پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت، بە شێوەیەکی گشتی تەمەنیان دە ساڵ کەمترە لەتووشبوانی شەپۆلی یەکەمی ڤایرۆسەکە. ئەگەرچی ھەندێک لێکۆڵینەوە وا نیشان ئەدەن مردن بەھۆی ڤایرۆسە گۆڕاوەکە لەبەریتانیا تۆزێک زیاترە، بەڵام ئەمە تا ئێستا بە تەواوی یەکلانەبۆتەوە. بەشێکی زۆری شارەزایانی ئەو بوارە لەو باوەڕەدان زێدەبوونی ژمارەی مردن لەو شەپۆلە نوێیەی ڤایرۆسەکە، بە ھۆی زێدەبوونی رێژەی تووشبوانە نەک کاریگەرتربوونی ڤایرۆسەکە.

٤- لە گەڵ سەرھەڵدانی جۆرە نوێکانی کۆرۆنا پرسیاری رادەی کاریگەری ڤاکسینەکان ھاتە پێش. دەرکەوتووە، کە ڤاکسینەکان کاریگەریان بەرامبەر جۆرە گۆڕاوەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناش ھەیە. بۆ نموونە ھەفتەی رابردوو چەند لێکۆڵینەوەیەک دەریانخست، کە ڤاکسینی فایزەر- بایۆنتێک بەرامبەر ئەو زنجیرە نوێیەی بەریتانیا کاریگەری تەواوی ھەیە. ھەر دوێنێ کۆمپانیای مۆدێرناش رایگەیاند ڤاکسینەکەیان بەرامبەر کۆرۆنای جۆری بەریتانیا و ئەفریقای باشوور کاریگەری باشی ھەیە. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە تا ئێستا دیار نییە، کە رێژەی کاریگەری ئەو ڤاکسینانە ھەمان جۆری ئەو بەرگریە دروست دەکات، کە بۆ ڤایرۆسە کۆنەکە دەیکرد!. لەڕاستیدا ئەو بەرگریەی ڤاکسینەکە دروستی دەکات ھەر چەندێک بێت، لە کۆتاییدا دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی رێژەی تووشبوان بە پەتاکە و کۆنتڕۆڵکردنی.

٥- ئەگەری ئەوە ھەیە کە لە داھاتوو بە ھۆی بازدان جۆریک لە ڤایرۆسی گوڕاوی کۆرۆنا سەرھەڵبدات و لە کاریگەری ڤاکسینەکانی بەردەست کەمبکاتەوە ‌و ئەو کەسانەی تووشی پەتاکە بون یان ڤاکسینیان وەرگرتووە بۆ جاری دووەم سەرلەنوێ تووش ببنەوە، بەڵام ئەمە تەنیا پێشبینیەکەو تێپەربوونی کات ئەو ئەگەرە یەکلادەکاتەوە ‌. لەو ئەگەرەدا کۆمپانیاکانی دروستکردنی ڤاکسین، دەتوانن لەماوەی چەند ھەفتەیەکی کەم ڤاکسینێکی ترێ نوێ بەرھەم بھێنن کە کاریگەری ھەبێت.

٦- ئاشکرایە لەئێستادا ئەوروپا و ئەمریکا لە دۆخێکی خراپ دان، بەڵام بەھۆی دەستپێکردنی ھەڵمەتی کوتان لەو وڵاتانە، رێژەی بلاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ‌و رێژەی توشبووانیش لە چەند مانگی داھاتوو کەمتر دەبێتەوە. بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانیە تا ئێستا ژمارەیەکی کەم لەو ڤاکسینانە گەیشتۆتە وڵاتە ھەژارەکان، خۆشبەختانە لە ئێستادا دۆخی ئەو وڵاتانە زۆر خراپ نییە ئەگەر بەراورد لەگەڵ ئەمریکاو ئەوروپا بکرێت. جیھان ئەمڕۆ بە توندی بەیەکەوە گرێدراوە، بۆیە ئەگەری زیاتربڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ھەمیشە لەئارادایە ‌و دواجاریش ئەو ڤاکسینانە ھەر دەبێت بگاتە ھەموو وڵاتێک، بۆ ئەوەی وڵاتانی ھەژارو دەوڵەمەند بەیەکەوە پارێزراو بن. مرۆڤایەتی بە یەکەوە لەو پەتایە دەربازی دەبێت.

سەرچاوە:  NRT

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی