پێشکەشە بە هەموو ئەڤینداران، بەبۆنەی رۆژی خۆشەویستی (ڤالێنتاین)
خۆشەویستی هەموو شت دەگۆرێت، عەشق ژیان دەگۆڕێت
چەند ساڵ لەمەوبەر کاتێک لە باشووری کوردستان بووم، میوانی بنەماڵەیەکی پێشمەرگە بووم. بنەماڵەکە ئەوکات دوو مناڵیان هەبوو کچێک و کوڕێک. سەیری فیلمێکی ئەمریکی دووبلاژ کراوی تورکیمان دەکرد. لە دیمەنێکدا کوڕ و کچێک کە یەکتریان خۆش دەویست یەکتریان ماچ کرد. دایکی مناڵەکان یەکسەر تەلەفیزیۆنی داخست و داوای لە مناڵەکان کرد کە برۆنە دیوی خۆیان! دوای کەمێکی دیمەنێکی دیکەی فیلمەکە دەرکەوت کە “قارەمانی” فیلمەکە تفەنگێکی پێ بوو و خەریکی تەقاندن و کوشتن و سووتاندنی نەیارانی خۆی بوو. دایکی مناڵەکان ئەوجارە بانگی کوڕەکەی کرد بێ سەیری ئەو “دیمەنە هەیەجانیانە” بکات. بە سەرسامیەوە پرسیارم کرد: “ئەوە چۆنە مناڵ لە بیننینی خۆشەویستی قەدەغە دەکەن بەڵام بۆ بینینی دیمەنی کوشتن و خوێنرێژی بە هەیەجانەوە بانگی مناڵ دەکەن؟” ئەو پێی وابوو ماچکردنی خۆشەویستی بێ ئەخڵاقیە و دیتنی دیمەنی شەڕ قارەمانی.
بێل هووکس (Bell Hooks) نووسەری کتێبی “هەمووشت لە بارەی خۆشەویستی” دەڵێ: “باسکردن لە خۆشەویستی بەشێوەیەکی سەیر سەختە”. مێدیاکانی رۆژئاوا زۆرتر باس لە سێکس و کوژران دەکەن تا لە خۆشەویستیەکی بێ خەوشی نێوان مرۆڤ. میدیاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئەوەندە گیرۆدەی کێشەکانی قووڵی ناوکۆمەڵگا و دیلی سانسۆرن ناتوانن خۆیان لەو بوارە بدەن و بەهۆی قووڵبوونی چاندی توندوتیژی لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئەو پێویستیەی مرۆڤ کە دەتوانێت بنەمای ئاشتی بێت لەبیر چووە یان خود ئەو پەڕەکەی لەڕوانگەیەکی ئایینیەوە ئاور بەسەر خۆشەویستی دراوە ئەویش سەرەتا بە ترساندن و تۆقاندنی خەڵک لە عەزابی خوایی و لە کۆتاییدا بە شێوەی مەرجدار باسی خۆشەویستی خوا بۆ ئیماندارانی کراوە.
خۆشەویستی لەڕاستیدا هەمووشت دەگۆڕێ، خۆشەویستی پۆشەکانی ژیان تێپەڕ دەکات و دەبێتە هۆی هەستی رێزگرتن تاکەکەس لەخۆ و گرێدراوەیی مرۆڤ لەسەر بنەمای ڕێزلێنان و پاراستنی کەڕامەت و لەکۆتاییدا دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە ئاستی نشتیمانی و جیهانیدا.
خۆشەویستی پابەند بوون بە ڕاستی و کرداری دادپەروەرانەیە
لە فەلسەفەدا هەموو بوارێک شرۆڤە دەکرێت. بەبڕوای هووکس وشەی “خۆشەویستی” دەبێ “کردار” بێت نەک “شێوازی ناو” (substantive). خۆشەویستی کردەوەیەکی مەبەستدارە مرۆڤ دەتوانێ فێری خۆشەویستی بێت، ئەو تەنیا هەستێکی دەرەوەی دەسەڵاتی مرۆڤ نیە. ئێریک فۆرمان (1900–1980) و سکات پێک (1936–2005) خۆشەویستی بە “ویستن” – ئیرادە- پیناسە دەکەن. ئەم ویستنە بەواتای کراوەیی و شەفافیەت و گەشەی دەروونیی خۆ و خەڵکانی دیکەیە. هووکس پێناسەی فۆرمان و سکات پێک بەو شێوەیە درێژە دەدات: “ئاگادار بوون و ئەڤشین”، “پاکڕەوشتی”، “سەرنجدان”، “رێزگرتن”، “پابەند بوون”، “بڕوا”، “راستگۆیی” و “پێوەندی ئازاد”.
گەشەی مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە کەسایەتیەک کە توانای “خۆش ویستنی” هەبێت لە مناڵیەوە دەست پێ دەکات. لە زۆر لە بنەماڵەکانی ئێمە “ئاگاداربوون” و “بەخێوکردن” هەیە. ئەی بەشەکانی دیکەی خۆشەویستی چی؟ ئێمە زۆرجار گوێبیستی ئەو باب و برایانەی کە پیاکشانی هاوسەر و مناڵەکان و خووشکانی خۆیان دەکەن، دەبین کە ئەوان بنەماڵەی خۆیان خۆش دەوێ! لە رۆژانی خۆشدا زۆرجار ئەو ژنەی کە لەلایەن پیاوەکەیەوە دارکاری دەکرێت دەبیزین کە “هاوسەرەکەی سەرەڕای توندوتیژی ئەوی خۆش دەوێ”. بەشی زۆری ئێمە بەخۆشمەوە لە بنەماگەلێکی ناکارامە و بەکولتووری توندوتیژیەوە گەوروبووین و فێرکراوین کە ئێمە چاک نین، جێگەی شەرم و سەرشۆڕی بنەماڵە بووین، دارکاری دەکراین و توندوتیژی جەستەیی و رۆحیمان ئەزموون کردووە یا خود هەستەکانی ئێمە بریندار کراوە. بەوحاڵەش پێمان دەوترا کە “خۆشەویستین”. بۆیە لەوانەیە بەشێکی زۆر لە ئێمە پێمان خۆشنیە پێناسەی خۆشەویستی بناسین، بۆ ئەوەی وێنەی ژیانی رابردوومان لێ وێران نەبێت.
زۆر لەو دایکوباوکانەی پیاکشانی مناڵانی خۆیان دەکەن یان ئەو کەسانەی دارکاری هاوسەرەکانیان دەکەن دەڵێن ئەمە بەهۆی خۆشەویستیە. بەڵام دارکاری هیچ پێوەندیەکی بە خۆشەویستیەوە نیە. ئەوپەڕەکەی گرێدراوەیی(وابستگی)یەکە کە بەشێک لە پێویستیەکانی لایەنەکان وەڵام دەداتەوە. سەیرتر لە هەمووان ئەوکاتەیە کە کاتێک پیاکشانی مناڵەکە دەکرێت، پێیان دەوترێت سزادانی جەستەیی نیشاندانی خۆشەویستی باوانە بۆ مناڵەکە. بەڵام دارکاری و توندوتیژی دژی هەموو جۆرە خۆشەویستیەکان.
خۆشەویستی تەنیا هەواوهەوەس و مەیلی دەروونی نیە کە نەتوانین کۆنترۆلی بکەین. ئێمە ناتوانین فێری خۆشەویستی بین گەر پێمان وابێت خۆشەویستی “تەنیا” “هەستە”. پێناسەکردنی خۆشەویستی وەک کردەوەیەکی فرەڕەهەندی کە دەبێ فێر بین، دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێی زۆرێک لە ئێمەمانە، چونکە لەوکاتەدا “بەرپرسایەتی” تاکەکەس دێتە گۆڕێ. ئێمە بەرپرسیاری لەبەرامبەر ئەو شتەی خۆشمان دەوێ.
خۆشەویستی واتە ژیانی بەکۆمەڵ
ئێمە لە دایکبووی جیهانی کۆمەڵگاکانین. مرۆڤ لە سەرەتای بوونیەوە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە کە بەشێوەکی ئاسایی لە پێوەندی رۆژانەدایە لە گەڵ تاکەکەسانی دیکە. ئەو بنەماڵانەی کە تەریک کەوتوونەتەوە دەتوانن ببنە هۆی نەخۆشیی توندوتیژی لەناو بنەماڵە و لەگەڵ دەوروبەری خۆیان. بێگومان لەو جۆرە بنەماڵانەشدا هەن کەسانێک کە حاڵیان باش بێت. خۆشەویستی بەواتای نەبوونی کێشە و تەنگەژە نیە، بەڵکوو بەواتای “ویستی” چارەسەری کێشەکانە. بەبڕوای هووکس تەنانەت یەک کەسی “کەتوان”یش دەتوانێت ببێتە هۆی ڕزگاری مناڵێک بۆ گەشەکردن. لە روانگەی دەرووناسەکانەوە ئەمە بەواتای کۆنسێنسووس و وێکگەیشتنە. کۆمەڵگا هەمیشە پێویستی بە مرۆڤگەلێک بووە کە ئەندامانی کۆمەڵگا بەیەک گرێ بدات و بەکاروچالاکی خۆیان ببنە هۆی پێکەوەگرێدانی مرۆڤەکان. ئەمەش لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا بەگشتی لە لایەن ژنانەو جێبەجێ دەکرێت. ئێمە زۆرجار فیداکاری و خۆنەویستی ژنان لە پێناو بنەماڵە وکۆمەڵگا لەبیر دەکەین. لەناو هەموو کۆمەڵگایەکیشدا کەسانێکی زۆرهەن کە حەزیان لە خزمەتی مرۆڤەکانی دیکە نیە و تەنیا پێیان خۆشە لە خزمەتی خەڵکانی دیکە بەهرەوەرگرن. ئەو مرۆڤانەی کە لە پێناو ئامانجەکانیان خۆشەویستانە خزمەتی کۆمەڵگا دەکەن کەسانێکن کە مرۆڤایەتی زیندوو ڕادەگرن و هیوا بە ژیانی هەموومان دەدەن، تەنانەت بەو کەسانەی کە پێیان خۆش نیە خزمەتی کەس بکەن.
خۆشەویستی هێمۆییە
ئێمە تەنیا بەشێوەی فیزیکی پێوەندیمان لە گەڵ جیهانی دەرەوەی خۆمان نیە، بەڵکوو پێوەندیەکی “رۆحی”شمان لە گەل جیهان هەیە. بۆ زۆرکەس لەوانەیە کە باس لە “هێمۆ”یی (پێوەندی رۆحی) دەکرێت، ئایینیان دێتە بەرچاو. لەکاتێکدا فۆندامێنتالیزمی ئایینی خۆشەویستی دەکوژێ و لانی کەم لە سەدان ساڵی رابردوودا چ ئایین بێت چ دابەنەریتەکان بن، بەنای ئاویین بوونەتە هۆی ئەوەی خۆشەویستی سەرکوت بکرێت. هێمۆیی و ژیانی هێمۆیی هێز بە مرۆڤ دەدات بۆ خۆشەویستی. بارودۆخی کۆمەڵگای جیهانی بەجۆریکە کە کەمتر مرۆڤێک لە ژیانی رۆژانەی خۆیدا گرینگی بداتە هێمۆیی، بێ سەرنجدان بە ترس و بانگی ئایین سپاسی ژیانێک بکات کە هەیەتی و بڕوا بە داهاتوویەکی گەشتر بکات. بە بڕوای بێل هۆکس دەکرێ مرۆڤ نرخ بۆ ژیانی هێمۆیی دابنێت بەبێ ئەوەی پێویستی بە ئایین بێت. هۆی ئەوەی کە ئەمرۆ لە نشتیمانی خۆمان توندوتیژی لە ئاستی تاکەکەس، بنەماڵە و کۆمەڵگادا هەیە و کولتووری توندوتیژی سیاسی لە پێوەندی لە گەڵ خۆشمان بەکار دەبەین، دەگەرێتەوە بۆ سەرکوتی سەدان ساڵەی نەتەوەکەمان و هەژاریی کولتووری و پەروەردەیی کە بەدرێژایی سەدان ساڵ رۆحی خۆشەویستی لە ژیانی مرۆڤی ئێمەی زەوت کردووە. ئەم دیاردەیە بەتایبەت لە سەردەمێکدا زۆرتر دەبیندرێت کە بەهۆی شەڕەکانی درێژخایەن، بەهۆی ستەمی چەند قاتی نەیارانی نەتەوەکەمان و بەهۆی نەبوونی دەرفەتی خۆگەشەکردن ژیانی ڕواڵەتی جێی ژیانی لەسەر بنەمای رێزگرتن، خۆشەویستی و کەڕامەتی مرۆڤی گرتووە. ئەمەش هەڕەشەیەکی لەداهاتووی کۆمەڵگاکەمان.
لەم ماوەی یەکساڵی رابردوودا بەهۆی پەتای کۆرۆنا ئێمە زیاتر لە هەمووکات وەک سەردەمی شەڕەکان هەموورۆژی هەواڵی کۆچی دوایی ئازیزانمان دەبیزین و لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاو دەکەینەوە. خۆشەویستی و تەنانەت خۆشەویستانی خۆشمان سەرئەنجام بە مردن کۆتایی دێت. لەباشترین حاڵەتدا خۆشەویستی دەبێتە هۆی ئەوەی کە بتوانین بەخۆشەویستیەوە مەرگی ئازیزانمان ببینین و یاد و بیریان لە گەڵمان بمێنێتوە. ئەو خۆشەویستانەی کە ژیانیان دوای نەمانیان لە ئێمەدا درێژەی هەیە. لەلایەکی دیکەوە تێگەیشتن لەوەی کە هەموومان دەمرین، دەبێتە هۆی ئەوەی ژیانمان خۆشتر بوێ و لەپێناوی ژیان لە و کۆتاییدا لە پێناوی ژیان بەخشین بە کۆمەڵگا خەبات بکەین. ئەمەش رەوایی دەداتە خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیەکی بندەست.
خۆشەویستی دەبێتە هۆی چاکبوونن و خۆشەویست بوونی مرۆڤ. مرۆڤ دەبێ خۆشەویستی هەڵبژێرێ. ئەمەش بەواتای ئەوەیە کە مرۆڤایەتی بەرلە هەمووشتێک ببیندرێت. ئەمە یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ ئەوەی شیانی چارەسەری کێشەکانمان هەبێت لە پێوەندیە مرۆڤییەکان و فێری رێزگرتن لە لایەنی بەرامبەرمان دەبین و ئەنگیزە و هۆمان دەبێت بۆ خەبات لە پێناوی یەکسانی و ئاسوودەیی مرۆڤی.
کۆتا قسە: داخوا بەڕاستی خۆشەویستی هەمووشت دەگۆڕێ؟ بەبڕوای من خۆشەویستی دەبێتە هۆی گۆڕانی جۆری هەڵسوکەتی مرۆڤ و ئەمەش بەواتای گۆڕانی ژیانە.
لەوانەیە گۆڕانەکە بەجۆرێک خۆش و شیرین بێ کە بۆخۆمان هەستی پێ نەکەین.
******
بابەتی دووهەم
ڤالنتاین، ناسری سینا
▪️ڕۆژی چارده‌ی فێبرواریی هه‌موو ساڵێک، ڕۆژی گشتیی دڵان که به سویدی پێی ده‌ڵێن (Alla hjärtans dag) و له فینلانددا هه‌ندێ جار به ڕۆژی هاوڕێ واتا (Vändag) ناودێری ده‌که‌ن، جێژن ده‌گیرێ. ڕۆژی ئاشقان ڕیشه‌ی له دابی حه‌زره‌تی ڤالنتینی پیرۆزدا هه‌یه که له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست له فه‌رانسه و ئینگلستاندا به‌ڕێوه ده‌چوو. هه‌ر بۆیه به ڕۆژی ڤالنتین یا ڕۆژی حه‌زره‌تی ڤالنتین یا ڤالنتاینیش ناوی ده‌برێ.
▪️به جێژنکردنی ڤالنتاینی پیرۆز جاری یه‌که‌م له کڵێسه‌ی کاتۆ‌لیکه‌کانه‌وه ده‌ستی پێ کرد ئه‌ویش له ساڵانی چوارسه‌دی دوای زایینه‌وه به‌ڵام هیچ زانیارییه‌کی ته‌واو له سه‌ر خودی ئه‌و ڤالنتاینه نییه. هه‌رچه‌ند له ساڵانی دووسه‌د و سێسه‌دی زایینی‌دا چه‌ند دوکیۆمێنتێک له سه‌ر ئه‌م ناوه هه‌ن. به پێی دوکیۆمێنتێک له سه‌ده‌می ناوین، حه‌زره‌تی ڤالنتاین ئه‌ڤینداری کچی ئێشکچییه‌که‌ی خۆی بووه، هه‌ر ئه‌وه‌ش له چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌کی سه‌رده‌مدا دووپات بۆته‌وه.
▪️په‌یوه‌ندیی ئه‌م چیرۆکه به ئه‌ڤین و رۆمانتیکیشه‌وه بۆ یه‌که‌م جار له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاسته‌وه هاته گۆڕێ و ڕیشه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی باڵنده‌کان له ناوه‌ڕاستی مانگی فێرواریدا هه‌وڵ ده‌ده‌ن جووتی خۆیان بدۆزنه‌وه. ئه‌مه هانی کچان و کوڕانی داوه که بیر له‌وه بکه‌نه‌وه کێ ده‌بێته ڤالنتاینه‌که‌یان، به واتایه‌کی‌تر یار و گراوییەک بۆ خۆیان بگرن، ئه‌ویش لانی که‌م بۆ ساڵێک. له سویدیش ئه‌م دابه وه‌ک گه‌مه‌یه‌ک هه‌بووه که کچان و کوڕان لێک جووت ده‌بوون، ئه‌ویش له ڕۆژی پینگستدا، واتا له ڕۆژی جێژنی ئایینیی كریستیانه‌کان كه ده‌كه‌وێته یه‌كشه‌ممه‌ی هه‌فته‌مین هه‌فته‌ی پاش جێژنی پۆسكه‌وه.
▪️له ئینگلستان و فه‌رانسه‌ی ساڵانی ١۳٠٠دا ڕۆژی ڤالنتاین بوو به جێژنی گه‌نجان و ئاشقان و به‌ڕێوه‌چوونی گه‌مه‌ی لێکجووتبوون. ئه‌مه‌ش بوو به بنچینه‌یه‌ک بۆ پێکه‌وه لکاندنی ڤالنتاینی پیرۆز و خۆشه‌ویستی. له سه‌ده‌کانی ناویندا هه‌روه‌ها نامه‌نووسین به شێوه‌ی شیعر بۆ یار، بوو به باو و دواتر له ١٨٠٠ه‌کاندا کارتی ڤالنتاین چاپ کران که زۆربه‌یان به هه‌ودایه‌کی هاوریشمییه‌وه ده‌رازێنرانه‌وه. ئه‌مڕۆ ئه‌م جێژنه له گشت وڵاتانی ئینگلیزی زمان به‌ڕێوه ده‌چێ و گه‌نجان نامه‌ی ئاشقانه ده‌گۆڕنه‌وه و دیاریی بچووک ده‌ده‌ن به یه‌کتر.
▪️له سه‌ر ڕۆمانتیک و خۆشه‌ویستیش به‌سه‌رهاتی جۆراوجۆر هه‌ن که بۆ نموونه ده‌ڵێ حه‌زره‌تی ڤالنتاین، مه‌سیحییه‌کی خاوه‌نبڕوا بووه که له سه‌ر قه‌ده‌غه‌بوونی ماره‌بڕینی کچان و کوڕانی گه‌نج، بێفه‌رمانیی قه‌یسه‌ر کلادیوسی کرد. به‌ر له‌وه‌ش له دار بدرێ توانیی کارتێک به په‌یامی خۆشه‌ویستی بگه‌یێنێته کچه زیندانوانه‌که‌ی حه‌زی لێ کرد.
▪️ده‌گوترێ ڤالنتاین عاده‌تی بووە گوڵی باخچان بڕنێته‌وه و بیداته جووته‌ده‌زگیرانان. گوایا هه‌ر ئه‌مه‌ش بۆته باوی ئەوەی له ڕۆژی دڵان‌دا گوڵ له یه‌خه‌ی یار بدرێ.
▪️له سوید ئه‌م جێژنه تا ساڵانی ١٩٦٠ به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو و گشتگر نه‌ده‌گیرا، دواتر به پێی هه‌ندێ به‌رژه‌وه‌ندیی بازرگانی و کارتێکه‌ریی کولتووری ئه‌مریکایی، لێره‌ش په‌ره‌ی سه‌ند. به پێی زانیارییه‌ک که له سه‌ر ماڵپه‌ڕی ڤیکیپیدیای سویدی بڵاوبۆته‌وه بۆ وێنه بازاڕچه‌ی ئێن‌کۆ هه‌وڵی گشتگربوونی ئه‌م نه‌ریته‌ی دا و ئه‌مه کاتێکی باشی خایاند. له ساڵانی ١٩٩٠دا ڕه‌وتی ئه‌م نه‌رێته خێراتر بۆوه و له فێرگه‌کاندا گرنگیی پێ درا و ئێستا له ڕۆژژمێری گشت قوتابخانه به‌رزه‌کاندا جێگه‌ی تایبه‌تیی خۆی په‌یدا کردووه.
▪️ئه‌م دابه ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی له کوردستانیش سه‌ری هه‌ڵداوه و بێ ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌که‌شی بزانرێ بڵاو بۆته‌وه و وێده‌چێ زۆرتریش په‌ره بستێنێ ئه‌مه له حاڵێکدایه که له وڵاتێکی وه‌کوو ئێران پێشوازیی خه‌ڵک و به‌تایبه‌ت لاوان له وه‌ها دابێک، بۆته ئاسایی هه‌رچه‌ند حوکوومه‌ت دژی په‌ره‌گرتنی وه‌ها دابێکه. به‌م ڕۆژانه ئه‌و هه‌واڵه‌ش بڵاو بۆوه که به‌ڕێوه‌چوونی وه‌ها ڕه‌سمێک له عه‌ره‌بستانی سعوودی قه‌ده‌غه کراوه و ئه‌و دووکانانە‌ش که دیاریی تایبه‌تی ئه‌م ڕۆژه ده‌فرۆشن دەبێ تاوانە بدەن.
▪️به هه‌ر حاڵ، دابه‌کان له هه‌ر کوێیه‌کی دونیاوه سەریان هەڵدابێ، له‌و شوێنه قه‌تیس ناخۆن و بڵاو ده‌بنه‌وه. ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه نیشانه‌یه‌ک بێ له کولتووری یه‌کگرتووی مرۆڤی هاوچه‌رخ.
❤️ وێنە: ئەژین ڕەزابی و کاوە جەوانمەرد
سەرچاوە لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەرانی بابەت