"an independent online kurdish website"

دوای روناک بوونی هەوا پاسدارەکان غیرەتیان کرد و ماڵەکان گەڕان. دوای گەڕانێ کە خاترجەم بوون پێشمەرگە لە ناو ئاوایی نەماون، لولەی تفەنگەکانیان لە سەر خەڵک لابرد و دە شانیان کردن.

دەستان کرد بە خۆ هەڵکێشان، ئێمە زۆر ئازاین، زیدی ئینقلاب (دژە شۆڕش) هەڵاتن، تارو مارمان کردن. برێکیشان هەڕەشە و گوڕەشە پێوە زیاد کرد  دوایەش سواری ماشێنەکان بوون و رۆیشتن .

دوای رۆیشتنی پاسدارەکان خۆمان حازر دەکرد بچینەوە ماڵێ کە چی ژنێک هات و هەواڵی هینا چوار شەهیدن هەنە دەبێ کفن و دفنیان کەین. بوو بە هەرا کێن؟ لەکوێن؟ وتیان دوو پێشمەرگەن دەگەڵ پور ئایشێی عەوڵای مەلای و خوشکە خەدیجە (ناوبانگەکەی نازانم). هەموو غارمان دا بەرەو شوێنی شەهیدان. جەنازەی 2 پێشمەرگەکان (دواتر ناوەکانم زانین کە شەهیدان حەسەن ناقولی و برایم جەناعی بوون)  لەو بەری دێی لە نیزیک تورومپای ئاوێی ماڵە مام رەسووی کوێخا و رەحمانی حەمەد ئەسمەرێ بوون و پور ئایشێ لە نزیک ماڵی خۆیان بوو، من دادە خەدیجەم نەدیت.

جەماعەت لە دەست پاسدارەکان رزگار ببوون. شەڕ، تۆپ و خۆمپارە، گوللە و راکێت بارانی هێلیکوپتێر  نەما بوو، بەڵام هەموو غەمبار و چاو بە فرمێسک بوون. پیرە بابەکان پشتیان وە دیوار دابوو و ئەژنۆیان دەباوەش گرتبوو و دەگریان. دایکان، کچان  لە سینگ و روی خۆیان دەدا و پێیان هەڵدەگوتن.

پیاوەکانی کە ژن و مناڵیان لە دێ بوو یەک یەک هاتنەوە ناو دێ، ئەوان وتیان کە پاسدارێکی زۆر کوژراوە، کەلاکەکانیان بردوونەتەوە، دایکی شەهید رەحمان سۆفیزادە، پوورە بەسی خەسووی نەمر مەلا محەممەدی پووریا، پوور زێنەب، پوور فاتم … وتیان: هی ئێمە یەک بە هەزارن ئەگەر هەموو لەشکریان قڕ بێ،  هێشتا کەمە. پیاوەکان پەلەیان هەبوو کە زوو جەنازەی پێشمەرگە شەهیدەکان بنێژن بۆ ئەوەی نەکا جاش و پاسدارەکان بگەڕێننەوە و جەنازەکەیان ببەن.

کەس ریحانی وەبیر نەما بوو کە ئیسحالە و زگی دێشێت دوای نەوت خواردنەوەکەی شەوی رابردو. کەس بۆی گرنگ نەبوو کە زۆر لە ماڵەکان تۆپیان وێ کەوتووە و روخاون، مانگا و گوێلک، گیشە و قەڵاغ سووتاون. ئازار و ژانی نوێ خوشک و برا شەهیدەکان بوون. خەسارێک کە قەت قەرەبوو نابێتەوە.  بە دیتنی گریانی دادم، نەنکم و ژنەکانی دیکە زۆر نارەحەت بووم. نەنە بە شەهیدەکانی دەگوت کوڕە بابی نەنەی هەستن ئەدی دوێینێ نەوگوت نەنە قەوڵ بێت هیچ نابێت، بابی بابم خۆ ئەنگۆ راستگۆنە. دایکم وەک وان نەدەگریا، هەر دەیگوت: جەرگی دایکت خرا بێ ڕۆڵە،  دەبەر کاکۆلی رەش و سمێلی خورمایی و مرم کاکە، دەبەر برینی بەژان و مرم جوانەمەرگ. دەستە خوشکەکەم خەوی خێرێت بێ خوشکە ئایش، خەجێی جوان بە جەننەت شاد بی. ئەو قسانەی دایکم و نەنکم وەک خەنجەر دەچوونە نێو جەرگم. برینی دڵیان نوێ ببۆوە بە هەموو وجودم هەستم بە ئازار و نارەحەتێکەیان دەکرد. بەڵام وشەیەکم بۆ نەدەهات بیڵێم و کارێکم لە دەست نە دەهات بۆ هێوەر کردنەوی وان، دادەم و ژنانی دیکەکە شینیان دەگێرا. هەڵاتم بۆ دەرێ خوشکە بچوکەکەم دەگەڵ منداڵان لە حەوشەی  لە بەر بەڕۆچکەی دانیشتبوو چوومە لای دانێشتم دەستم لە ملی کرد، ئەویش چاوی لێ کردم و گوتی با بڕۆینەوە ماڵێ ئێرە خۆش نییە. ئەویش هەستی منی هەبوو گریان و نارەحەتی گەورەکان ئازاری دەدا، ئەویش هەر بۆیە پەنای بۆ حەوشە بردبوو. پور زێنەبی مام سێمانی تاقە برا پێشمەرگەکەی پێش چەند ساڵ شەهید ببوو، ئەویش لەو لای حەوشەی دەگریا و بە شەهیدەکانی هەڵدەگوت و ئاوی دەبرد بۆ شوشتنی پور ئایشێ. ئەمنی دیت گوتی ڕۆلە دە وەرە ئەو ئاوەیان بۆ بەرە ژورێ بە خودای هێزم دەبەر دا نییە، پێم عەیب بوو بڵێم ناچم یان ناوێرم. تۆنگە ئاوەکەم ڵێ وەر گرت و چوومە مدبەقێ  پێج، شەش ژن پور ئایشێیان دەشوشت، نەنکم و سێ چوار ژنی دیکەش خەڵاتیان دەدروو. هۆشم نەبوو  ئاوی  گەرمم پێیە ئەگەر لێیان وەرنەگرتبام رەنگە هەمووم بە خۆم دا رشتبایە. کەس هەستی بە ترسانی من نەکرد، کەس بۆی گرنگ نەبوو نازانم. قاچم دەلەرزین، زگم هێشا و هەستم کرد هەموو گیانم ڕەسەر ئارەقە کەوت کە جەنازەکەم دیت. پور لەیلێ پیلی گرتم و رای وەشاندم گوتی ڕۆلە ئەتو لێرە چ دەکەی؟ منداڵ و ئێرە؟ بردیانمە لای دایکم کە هەویری دەشێلا. لە تەنیشت دایکم درێژ بووم و نازانم کەی و چۆن خەوم لێ کەوت. ئایا خەو بوو یان بێهۆشی؟ کە هەستام پیاوەکانی گەرابوونەوە ناو گوند، دەچوون شەهیدەکان بە خاک بسپێرن لە گۆرستانەکەی نیزیک ماڵە پور ئایشێی شەهید. خواردن لێنانێش خەریک بوو تەواو بێت و نانییان دەکرد. کێ پێشمەرگەکانی شوشتن؟ لە کوێیان شوشتن نازانم. خوشکە خەدیجە لە کوێ و کێ شوشتی هیچ نازانم و بە داخەوە کەسیش بۆی نەگێراومەتەوە کە ئێستا بتوانم بینووسم.

رۆژێک دواتر بیستمان کە بەداخەوە هێوارەکەی هەمان رۆژ، پێشمەرگەیەکی تر بە ناوی رەحمان دۆشکە کە لە گەڵ هاوڕێیان بە هاواری پێشمەرگەکانی ناو دێ هاتووە، شەهید بووە.

سڵاو بۆ روحی پاکی شەهیدانی شەڕی شێلم جاران و هەموو شەهیدانی سوور خەڵاتی کوردستان.

سڵاو بۆ سەرجەم کۆچ کردوانی ئاوایی و هەموو ئەو کەسانەی ئەوێ رۆژێ لە وێ بوون و من ناوم نەهێناون .

 تێبینێ: چرۆ ، ناوی نەهێنیە بەڵام ئەم نووسینە 100 لە 100 وا قعیە.  لەم شەڕە دا کادر و پێشمەرگەکانی کۆمیتە شارستانی پیرانشار و هێزی ئاوارە (قەندیل) بەشدار بوون. 

سایتی پێشمەرگەکان

بابەتی پەیوەندی دار

شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 1، چرۆ

شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 2، چرۆ

شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 3، چرۆ

شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 4، چرۆ

datafixare

نویترین هەواڵ و بابەت