"an independent online kurdish website

پەروەردەکـردنی منـداڵانی کوردمـان بە پوخـتی و بە دروستی، ئەرکـێکی زۆر پیـرۆز و گرنگە، بەرپـرسیارێتییەکی گەورە و هەستیار و چارەنـووسسازە.

چونکە ئەم منداڵانەی ئەمڕۆمـان، هـیوای داهـاتووی کوردسـتانن. ئەمـانن دەبن بە بەرپـرس و کاربەدەست و جـڵەوی بەڕێـوەبـردنی هەمـوو کـاروبار و دەسەڵات و بەرپـرسـیارێتییەکی کوردسـتانی نیشتمانی شیرینمان دەگـرنە دەسـت و بەڕیـوەیـان دەبـەن.

لەم روانگەیەوە، پێویستە دایکان و باوکان و مامۆستایان و نووسەران و هونەرمەندان و میدیاکان، هەموو هیواخوازێکی داهاتوویەکی شیاوتر و گەشتر بۆ کورد و کوردستان. ئەوە بزانن کە ئەرکێکی پیرۆز و بەرپرسیارێتییەکی گرنگیان لە ئەستۆدایە، لە فێرکردن و راهـێنان و ئاراستەکـردنی دروسـتی منـداڵە چـاوگەشەکـانی ئەمڕۆمـان، بـە ئاراسـتەی هاوبەستەبـوون بۆ کورد و کوردستان و بۆ هـێنانەدی هـیوا و ئامانجەکـانی گەلەکەمـان. کە لە سایەی پەروەردەکردنی راست و دروستی منداڵانی ئەمڕۆماندا دێنەدی. نەوەیەکی متمـانەبـەخـۆ و گەشبـینی کـورد پێبگەیەنـین، کە بتوانـن بەرپـرسـیارێتی هـەڵـبگـرن.

فـێرکردن و راهـێنان و روانـدن و گەشەکـردنی هەستی بەرپـرسیارێـتی لە منـداڵاندا، لە شـەو و رۆژێکـدا نایەنـەدی، بەڵکو کارێـکە پێویستی بە خۆڕاگـری و سنگـفـراوانی و پشـوودرێـژی هـەیە، هـەنـگـاو بە هـەنـگـاو و لە ئـاسـانەوە بـۆ گـران دەست پێـدەکـا.

هەموومان دەمانـەوێت، هـەر لە منداڵـییەوە منـداڵەکانمان بە بەرپـرسیارێتی پـەروەردە بکەین و رایان بهێنین. تا گەورەشبن بتوانن بەرپرسیارێتی هەڵبگرن. پێویستە ئەوەش بزانین، کە هـەڵگرتنی بەرپرسیارێتی، گرنگترین بنەمایە لە کۆی سێکتەرەکانی ژیانـدا. بەرپـرسیارێتیش بەبێ سەربـەستی و ئـازادی نابێـت. بۆیە پێـویستە منـداڵان ئازادبـن و سەرپشکـبن لە داواکارییەکانیان و هەڵگرتنی بەرپـرسیارێتی هەڵبژێـراویان. منـداڵان بە سـروشتی حـەز بە هـاوکاری و بەرپـرسـیارێتی دەکەن، شادییان پێـدەبەخـشن. دەکرێش هەموو هەڵـبژاردەکانیانمان بە دڵ نەبێ، بەڵام پێویستە خۆمان بە بەرپـرسیار بزانین و یارمەتییان بـدەین و پشتیان بگـرین. بۆ پێشخستنی بەهـرەکانیان بە درێـژایی ژیـانیـان.

چـۆن منداڵانمان فـێربکەین و بە هەڵگـرتنی بەرپرسیارێتی پەروەردەیان بکەین و رایان بهێنین؟ بە کورتی و چـڕوپـڕی، لەم خاڵانەدا را و بۆچوونەکانی خۆمان دیاری دەکەین:

١١ـ   ١پێویستە بەپێی تەمەن و توانا و ئارەزوو، بەپـێی نەخـشەیەکی پێشوەخـت داڕێـژرا و خشتەیەکی کاتی، ئەرکەکان و بەرپرسیارێتی لە لایەن خێزانەوە بەسەر منداڵاندا دابەش بکـرێن. بۆ نموونە رێخستنی خوانی نانخواردنی نیوەڕۆ و یا ئێواران: منـداڵی بچـووک کـلێنکس دابنێ، لەو گەورەتر دانانی کەوچ و چەتـاڵ و پەرداخ، لەو گەورەتر قاپەکان و ئـاو، لەو گەورەتر سڕینەوەی خـوان یا شۆرینی قـاپ و چەتـاڵ و کەوچک و پەردەخ و کوپەکان لەگـەڵ دایکیانـدا، یا گسکـدان. یا ئـاودانی گـوڵ و رووەکەکـان. یا هـەر کـار و بەرپـرسیارێتییەکی تـر لە ماڵـدا. ناشبـێـت جیاوازی لە نێوان کچـان و کوڕانـدا بکرێـت. بەم پێیە هەر منـداڵێکی خـێزانەکە، کـار و بەرپـرسیارێتی دیاریکـراوی خـۆی دەزانێـت. بە شـادی و خۆشییـەوە لە ئەنجـامـدانیان بەرپـرسن.

٢ـ فـێری منداڵەکانتان بکەن، بەرپرسیارێتی ریکوپیکی و پاکی ژوورەکانیان هەڵبگـرن. خۆیـان جلوبەرگەکـانیـان لەبـەر بکەن، لە شوێنی خۆشیانـدا هەڵیـانبـواسن.

٣ـ هـانی منداڵەکانتان بـدەن هەمیشە راستگـۆبن، قسەی راست بکەن و بەرپرسیارێتی ئەنجـامی کـارەکـانیان هـەڵـبگـرن.

٤ـ فـێری منـداڵەکانتـان بکـەن، دوای یاریکـردن بە باتـەکـانی یارییەکـانیـان بە جـوانی کۆیـان بکـەنەوە و لە شـوێنی دیاریکـراوی خـۆیانـدا دایـان بنێنەوە.

٥ـ ئەرکەکانی قوتابخانەیان بۆ جێبەجێ مەکـەن.. با پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن و خۆیـان بە بەرپـرسیار بـزانـن. گـەر ئێـوە بۆیـان جێـبەجێ بکەن، فـێری تەمـەڵی و درۆ دەبـن و لـە لای مامۆستاکـانیان دەڵـێن خـۆمـان خـۆمـان جـێبەجـێمان کـردوون.

کە مامۆستا بـووم لە شاری کەرکـووکی داگیرکـراو، وانەی ماتماتیکـم دەوتـەوە، ئاستی یەک بە یەکی قوتابییەکانـم دەزانی. کە ئەرکی ماڵەوەم پێـیان دەدەا، دەمزانی کە هەنـدێ لە قوتـابییەکـانم لە لایـەن دایـکان و باوکـانیانەوە ئەرکەکـانیان بۆ جـێبەجـێ دەکـردن و درۆیان دەکـرد کە خۆمان جێبەجیمان کـردوون. هـانیانم دەدا راستگـۆبن و پێیانم دەوت. گـەر بە هەڵـەش جـێبەجێیان بکەن، پێمخۆشـترە لەوەی بۆتـان جـێبەجـێ بکەن. لەسەر هەڵەکـانتان نە لـێتان تـووڕە دەبـم و نە هـیچ سـزایەکیـشتان دەدەم بەڵکـو یارمەتیـیەکی زیاتـرتان دەدەم. بەم جـۆرە فـێری ئەوەم کردن خۆیـان بەرپـرسیارێتی جـێبەجێ کـردنی ئەرکەکـانیان هـەڵبگـرن و چیـتر درۆ نەکەن. داواشـم لە دایکان و باوکانیان کرد، لێیان بگەڕێـن با پشت بە تواناکانی خۆیـان ببەستن و بەرپـرسیارێتی ئەرکەکانیان هەڵبگـرن.

٦ـ لە دانیشـتن و بـڕیـارە گـرنگە خـێزانییەکـانتـان، منـداڵەکانتان بە رەنـگ و دەنگەوە بەشـدار بکەن و را و بۆچوون و پێشنیازەکـانیان وەربگـرن. منداڵەکانتان هەست بەوە دەکـەن، کە بە هەنـدیان دەزانـن و رێزیـان لێـدەگـرن و پێگەیـان لەنـاو خـێزانەکانیاندا هـەیە. خـۆشیان بەرپـرس دەزانـن، لـەو بـڕیـارانەی کـە پێـکەوە بڕیـاریاـن لێـدەدەن.

٧ـ پێویستە ئێوەی دایـکان و باوکـان و مامۆستاکـان، هەمیشە نموونـە و پێشەنگـێکی باشبن بۆ قـسەکانتان و کارەکـانتان و هەڵگـرتنی ئەو بەرپـرسیارێتییانەی لە ئەستۆتان گرتـوون. چونکە منداڵان چـاولێکەرن، لە ئێـوەوە باش و خـراپ فـێردەبن. هـەنـدێ لە ئێـوە بە منـدڵەکانتان دەڵـێن جگەرکێـشان و خواردنەوە خوویەکی خراپ و زیانبەخشە. کەچـی بەبـەر چـاوی منـداڵەکـانیانەوە جگـەرە دەکــێشـن و خـواردنـەوە کهـولییەکـان دەخۆنـەوە! منداڵەکـانیان بـڕوایـان بە قـسەکـانیان نـامێنێت. 

٨ـ کە منداڵەکانتان هەڵەیەک دەکەن یا شتـێک لە دەستیان بەرەوە دەبێت، لێیان تـووڕە مەبـن و هاتـوهـاوار بەسەریانـدا مەکـەن، لۆمەیـان مەکـەن و رەخـنەیـان لێ مەگـرن و سزایان مـەدەن.. بە شـێوەیـەکی راسـت و دروسـت مامەڵەیان لەگەڵـدا بکەن، بواریـان بدەنێ با خۆیـان هەڵەکـانیان راسـت بکەنـەوە. کە پەرداخـێک کـولا یا قـاپێکی چـێشـتی شـلە، لە دەستیان بەرەوە دەبێت.. پێـیان بڵین دڵگران مەبـن، ئێوە بچـن پەڕۆ و پارچە ئیسفەنجـەکەمان و کەفـاو بهـێنن، منیش گـسکە کارەباییەکە دەهـێـنم و پێکەوە گسکی دەدەیـن و جـوانیش دەیسڕینـەوە و هـیچ نـامێـنت.

٩ـ فێری منداڵەکانتان بکەن خۆیان بەرپرسن لە پاک و خاوێنی گیانیان و دەم و ددانیان، کە پێویستە رۆژانە بەیانیان دوای نانخـواردن و ئێوارانیش پێش نووسـتن خۆیـان پـاک دانەکـانیان بشـۆرن.  فـێری بەیـانیتـان بـاش و شـەوتـان شـادیـان بکـەن.

١٠ـ هانـدان و ستاییش و خەڵاتکـردنی منـداڵەکانتـان بۆ ئەنجامـدانی هـەر کـارێکی بـاش پێویستن. چونکە هـیچ شتێک بە قەی هانـدان و ستایش کارتێکردنێکی ئەرێنیان لەسەر منـداڵان نییە. دەتوانن وشەگەلـێکی وەکو: دەستخـۆش، دەمخـۆش، باشـە، زۆر جـوانە، نایابە، هەربژی، ئافـەرین، هـیوای داهاتوویەکی باشترت بۆ دەخوازم، یا چەپڵەلـێدانێک بـۆی، زەردەخەنەیەکی ناسک لە رووی، دەست بە سەرهـێنانی، دەسـتی راست کـێشان بە دەستی راستی “گـیـڤـمی فـایـف”، باوەش لێـدانێکی، ماچکـردنێکی،…هـتد. هەمـوو ئەمـانە پێـزانین و هـانـدانـن بـۆ درێـژەدانی بە کـار و بە بەرپـرسیارێتییە جـوانەکـانی.

دەشکـری بەپـێی کـارە ئەنجـامـدراوە باشـەکـانیـان، خـەڵاتیـان پێـشکـەش بکـەن، گـەر نوقڵێکیش بێت. ئەوەش ناڵـێین گیرفانەکـانتان پـڕبکەن لە نوقـڵ. نوقـڵ ببێت بە بەرتیل بۆ ئەنجـامـدانی کارەکـانیان. بەڵکو پێـویستە هـەسـت بـەوە بکـات کە بەرپـرسـیارێـتی ئەرک و کـارە و لە ئەستـۆی دایە، بەبێ هـيچ پاداشتـێک، پێـویستە جـێـبەجـێی بکات.

١١ـ دەکـرێ لە رێی گـێڕانەوە یا خوێنـدنەوەی چـرۆکـێکەوە یا هـۆنـراوەیەکی منداڵانی مەبەستدارەوە، فـێری بەرپرسیارێتی بکەین، کە بابەتی بەرپـرسیارێتیان لەخۆگرتوون.

١٢ـ گەر ئێوەی دایکان و باوکان و مامۆستاکان لەبەردەم منداڵەکانتان و قوتابییەکـانتان هەڵەیەکتان کرد ـ هەمـوو کەسێک تووشی هەڵەکـردن دەبێت ـ داوای لـێبووردن بکـەن، تا منـداڵەکانتان و قـوتابییەکانتان، لە ئێـوەوە فـێری ئـەم رەفـتارە ئەرێنی و جـوانە ببن.

١٣ـ لە منـداڵەکانتـان بگەڕێـن، با منـداڵانی تر فـێری شارەزایی و بەهـرەکـانیان بـکەن. چونکە دەیانەوێت گوزارشت لە بەهرە و تواناکانیان بکەن. شانازیش بە ئەوەوە دەکەن کە شارەزاییەکانیان بۆ کەسانی تـری نەشـارەزا دەگوێـزنەوە. سـوودیان پێگـدەگـەیـەنن. هەست بە بەرپـرسـیارێتی یارمـەتی و هـاوکـاری و هـاوڕێـتی دەکـەن.

١٤ـ لە هـەڵمـەتە هـەرەوەزییەکانی نەمـام روانـدن و پاکـردنەوەی شوێنە گشتییەکـان و سەیرانگان و باخچـەکان و قوتابخانەکان و دەوروبەریان، لە خـۆڵ و خاشاک. پێـویستە منـداڵان بە بەشداری بکەن، گەر بە کارێکی ساکـاریش بێت، منـداڵان لەم هەڵمەتـانەدا، گـەلێ شـتی گـرنگـیان لێوە فـێردەبـن، وەکـو: کاری بە کۆمـەڵ و هـەرەوەزی، ژینگەی پارێـزی، هەبـوونی هـاوڵاتیانی دڵسۆز کە هەست بە بەرپـرسیارێتی دەکەن، هەبـوونی هاوڵاتیانی نادڵسۆز، کە هـەست بە بەرپرسیارێتی ئەستۆیان ناکـەن.

١٥ـ ئەو خاڵانە و چەنـدین خاڵی تر، کە زۆر گرنگن لە پەروەردەکردنی منداڵەکانمان و راهـێنیان لە منـداڵییەوە، بە هەسـتی بەرپـرسیارێتی، تا گـەورەشبوون، بەرپـرسیارێتی زیـاتر و گـەورەتر هەڵـبگـرن و ببـن بە کـورد و کوردسـتان پەروەرێـکی خـێردەرەوە.

رەزا شـوان

١/ ئـادار/٢٠٢١

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی