زۆر جار لێره‌و له‌وێ کامێرای میدیای کوردی ده‌چێته به‌رده‌م خه‌ڵکی کوردستان و پرسیاری مانگه کوردییه‌کانیان لێده‌کات، به‌ڵام به‌داخه‌وه که‌متر جار یا باشتره بڵێین که‌متر که‌س هه‌بووه وڵامی ڕاست بداته‌وه
و به چاکی و به بێ هه‌ڵه مانگه کوردییه‌کان نێو به‌رێت. جاریواشه به تێکه‌ڵی و به هه‌ڵه و په‌ڵه ده‌یانژمێرن و هیندێک جاریش هه‌یه به “نیسان، ته‌موز، کانون، ئادار ، تیر ، مهر ، مرداد “و چی و چیان هه‌ڵده‌ده‌ن!
بۆیه به پێویستم زانی له ڕێگه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌وه ئه‌و جوره‌ی که خۆم لێی حاڵیم و تێیگه‌یشتووم، ناوی مانگه کوردییه‌کان بخه‌مه به‌رچاوی خوێنه‌رانی خۆشه‌ویست و ئاوڕێک له ناو و چۆنیه‌تی نێودێر کردنی ئه‌و مانگانه بده‌مه‌وه.
سه‌ره‌تا با ئه‌وه بڵێم که ناوی مانگه‌کان هه‌م له ناوچه جۆراوجۆره‌کان و هه‌م له ده‌ور و زه‌مانه جیاوازه‌کاندا به درێژایی مێژوو به ڕاده‌ی زمان و زاراوه‌کان جیاوازیان هه‌بووه. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی زانیاری ئێمه ئیزن ده‌دا و چاوی مێژوو‌ش هه‌ته‌رێ ده‌کا، ساڵ و مانگه کوردییه‌کان له زه‌مانی دامه‌زرانی یه‌که‌م حکوومه‌تی ماده‌کان به ده‌ستی دیاکۆ ـ پادشای ماد ـ له‌دایک بوونه.
به‌و جیاوازییه که له زه‌مانی کۆماری کوردستاندا، مانگه کوردییه‌کان به له‌به‌رچاو گرتنی سروشتی کوردستان نێودێر کراون.
ئه‌مساڵ ساڵی 2721ی کوردییه. به‌و واتایه که 2721 ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زرانی یه‌که‌م حکوومه‌تی ماد،دا تێده‌په‌ڕێت.
ساڵ١٢ مانگ و ٤ وه‌رزه که بریتین له به‌هار، هاوین، پاییز و زستان. هه‌ر وه‌رزه‌ی ٣ مانگه و هه‌رمانگه‌ش ٢٩ ، ٣٠ یا ٣١ ڕۆژه. مانگه‌کانی به‌هار و هاوین ٣١ ڕۆژ، ٣ مانگی پاییز و ٢ مانگی زستان ٣٠ ڕۆژه. به‌ڵام مانگی ئاخیری زستان واته مانگی ڕه‌شه‌مه ٢٩ ڕۆژه.
ساڵ٣٦٥ ڕۆژ و ٦ کاتژمێره. واته له‌و ماوه‌دا زه‌وی یه‌کجار به‌ده‌وری ڕۆژدا ده‌سووڕێت. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ٦ کاتژمێره که له چوار ساڵدا ده‌بێته یه‌ک شه‌و وڕۆژ، کێشه درووست نه‌کا، هه‌ر چوار ساڵ جارێک مانگی ڕه‌شه‌مه ده‌بێته ٣٠ ڕۆژ که پێیده‌ڵێن ساڵی که‌بیسه و ٣٦٦ ڕۆژه. واته یه‌ک ڕۆژی زیاتره. ساڵی که‌بیسه یانی ساڵی گه‌وره یان پڕکراو و نێو ئاخندراو.
نه‌ورۆز
ئاگری نه‌ورۆز / ڕۆژی چوارشه‌ممه‌سووری
سه‌ره‌تای به‌هار به نه‌ورۆز ده‌ست پیده‌کا که جێژنی هاوبه‌شی کوردانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستانه و به ڕۆژی نه‌ته‌وه‌یی ناسراوه. له نه‌ورۆزدا، له هیندێک شوێنی کوردستان ، ته‌نیا سێ ڕۆژ پشووی ڕه‌سمی ڕاده‌گه‌یه‌ندرێ. به‌ڵام نه‌ورۆز ١٢ ڕۆژه که سێزده‌هه‌مین ڕۆژی (سێزده‌به‌ده‌ر)، خه‌ڵک ده‌یکه‌ن به جیژنی کۆتایی نه‌ورۆز و ڕوو له ده‌شت و ده‌ر ده‌که‌ن. سێزده به‌ده‌ریش هه‌ر به‌و واتایه هاتووه. یانی سێزده + به‌ده‌ر . واته ده‌ر، پێچه‌وانه‌ی ژووره، هه‌مان ده‌شت و ده‌ر یان ده‌ره‌وه‌ی ئاوه‌دانییه.
که‌واته ڕۆژی سێزده خه‌ڵک له شار و ئاوه‌دانی وه‌ده‌ر ده‌که‌ون و بۆ سه‌یران وگه‌شت یا به واتایه‌کی دیکه بۆ به‌ڕێکردنی نه‌ورۆز، ڕوو له ده‌شت و ده‌ر ده‌که‌ن.
هیندێک که‌س به هه‌ڵه به مانگی یه‌که‌می به‌هار ده‌ڵێن نه‌ورۆز!
سه‌لماندنی ئه‌و هه‌ڵه‌یه باسێکی زۆر هه‌ڵده‌گرێ که ئێستا مه‌به‌ستی ئه‌و بابه‌ته له خۆ ناگرێ. بۆیه خۆ له شه‌رح و شرۆڤه‌ی ئه‌و بواره ده‌بوێرین.
سێزده‌به‌ده‌ر
وه‌رزی به‌هار سێ مانگه که هه‌ر مانگه‌ی ٣١ ڕۆژه. ئه‌و مانگانه بریتین له:
١ ـ خاکه‌لێوه
خاکه‌لێوه له‌و واتایه‌وه هاتووه که زه‌وی بۆش و کلۆر ده‌بێته‌وه. خاک لێو ده‌کاته‌وه هه‌تا غونچه له خاک سه‌ر ده‌ربێنێ و مزگێنی به‌هار و بۆژانه‌وه‌ی سروشت به خه‌ڵک بدات. وه‌ک مامۆستا هه‌ژار ده‌ڵێ:
مزگێنی دا به سروه بای به هاری
وا هاته وه نه ورۆزی کورده واری
به تیشک تێک شکا سوپای کرێوه
هه واری رۆژ گه یشته خاکه لێوه
فه رمان درا به سه وزه سه ر هه ڵێنێ
چیدی له به ندی خاکی ره ش نه‌مێنێ
باده رکه ون،کوڵ و که سه ر بنێژن
با رۆژی رزگاری بکه ن به جێژن
بۆچوونێکی دیکه‌ش هه‌یه ده‌ڵێن: له‌و مانگه‌دا مه‌ڕ به‌رده‌درێ و له هۆڵان ده‌رده‌که‌وێ. له ده‌شت و کێو ده‌له‌وه‌ڕێ، به‌ڵام چه‌ندی ده‌کا هیچی وه‌به‌ر لیچی نایه. بۆیه تا ئێوارێ ده‌مده‌گێڕێ و زاری له خاک ده‌خشێنی تا شتێک بۆ خواردن په‌یدا بکات. ئێوارێ که ده‌گه‌رێته‌وه ده‌بینن له‌وس و لێوی به خۆڵ و خاکه. بۆیه ده‌لێن خاکه لێوه. واته خاک به لێویه‌وه نووساوه.
له ڕاستیدا له‌و مانگه‌دا هێشتا سه‌رما شروشتی به جێ نه‌هێشتووه و به‌فر له‌سه‌ران و به‌نوانه‌وه ماوه. ورده با و باهۆز، نم و سۆزی سه‌رمای به‌فری سه‌ران ده‌گه‌ڵ خۆی دێنێته بێڵایی و نایه‌ڵێ سه‌رما یه‌کجاری ده‌ستهه‌ڵگری سروشت بێت. ته‌ڕوتووشی ده‌ست پێده‌کات. ئه‌وجار به‌فره‌کان به‌ره‌به‌ره ده‌توێنه‌وه و سه‌رما ڕۆژبه‌ڕۆژ زیاتر و زۆرتر له بڕست ده‌که‌وێ. پاشان گه‌رما هێورهێور خۆ ده‌رده‌خات و زه‌وی به‌ره به‌ره گه‌رم دادێت.
٢ ـ بانه‌مه‌ڕ ( گوڵان)
هه‌ر وه‌ک گووترا، مانگی سه‌ره‌تای به‌هار سه‌رما بڕێک گڕوتینی هه‌ر ده‌مێنێ. که‌متر مه‌ڕ و ماڵات ده‌توانێ له هۆڵ و ته‌ویله وه‌ده‌ر که‌وێ. ئه‌گه‌ریش وه‌ده‌رکه‌وت، ناتوانێ شه‌وبه‌کێو بێ و له ده‌رێ به هۆی باران و ته‌زووی سه‌رما خۆ بگرێ. به‌ڵام کاتێ مانگێک له به‌هار ده‌چێ، هه‌واوبان خۆشتر ده‌بێ و گڕوتینی گه‌رما ده‌وڵاتی ده‌گه‌ڕێ. جا ئه‌وکات په‌له‌وه‌ر به‌بێ کێشه له ده‌ر و ده‌شت ده‌مێنێته‌وه. ڕان و مێگه‌له مه‌ڕ شه‌وبه‌کێو ده‌بن و به شاخ و کێوان هه‌ڵده‌گه‌ڕێن. چوونکه خه‌می گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو هۆڵ و ماڵیان نییه. به‌وه ده‌گووترێ بانه‌مه‌ڕ واته مه‌ڕ ده‌چێته بان و شوێنه دووره‌کانی چیا.
له‌و لاشه‌وه به‌و مانگه ده‌گووترێ گوڵان. یانی کاتێ له مانگی پێشوودا خاک ده‌م ده‌کاته‌وه، له‌و مانگه‌شدا هه‌وا گه‌رمتر ده‌بێ و گوڵ سه‌رده‌ردێنێ و سروشت له گوڵ وجوانیدا ده‌خه‌مڵێ.
مامۆستا هێمن له وه‌سفی ئه‌و مانگه‌دا ده‌ڵێ:
بژوێنه هه‌موو وڵات
زیندوو بۆته‌وه ماڵات
جه‌نگه‌ی بانه‌مه‌ڕێ هات
به‌ره‌و کوێستان چوو خێڵات
٣ ـ جۆزه‌ردان
جۆزه‌ردان مانگی سێهه‌می به‌هاره. له‌و مانگه‌دا رووی سروشتی شین و دارماڵ له سه‌وزایی، به هۆی گه‌رمی هه‌تاوه‌وه زه‌رد هه‌ڵده‌گه‌ڕێ و سه‌وزایی به‌هار به ئاوزینگی مه‌رگ ده‌سپێری.
جۆ زه‌رد ده‌بێ و گه‌نم و نۆک ده‌که‌ونه فه‌ریکه و پاشان جۆ ده‌گه‌نێ و دروێنه‌ی جۆ ده‌ست پێده‌کات.
ئاخرین ڕۆژی ئه‌و مانگه درێژترین ڕۆژ و، شه‌وه‌که‌شی کورت‌ترین شه‌وی ساڵه.
وا جۆزەردانە و کۆچی بەهارە
سەرەتای ڕەنجی کاکی جووتیارە
مانگه‌کانی هاوین ( ئه‌وانیش ٣١ ڕۆژن)
١ ـ پووشپه‌ڕ
پووشپه‌ڕ مانگی یه‌که‌می هاوین و یه‌که‌م ڕۆژی چله‌ی هاوینه. هه‌ر وه‌ک گووترا له مانگی ئاخیری به‌هار واته جۆزه‌رداندا شروشت زه‌رد هه‌ڵده‌گه‌ڕێ. ورده ورده زه‌ردتر ده‌بێ و تا ده‌گاته مانگی دواتر واته پووشپه‌ڕ و به‌وپه‌ڕی لاوازی و بێهێزی خۆی ده‌گات. بۆیه له‌و مانگه‌دا گیاوگۆل و پووش و په‌ڵاش له بێهێزی لاسکی ده‌وه‌ڕێ و لاشه‌ی تخێڵی زه‌وی ده‌بێ. ده‌بێته قه‌رسیل و قانگه‌لاشکه و به‌ده‌م گێژه‌ڵووکه و گه‌رده‌لوول و شنه‌ی شه‌ماڵه‌وه، ده‌خزێته که‌ند و قوڵکان و پێخوست ده‌کرێت. به‌و جۆره ته‌مه‌نی سه‌وزایی و جوانی سروشت وه‌ک بابرده‌ڵه خه‌ونووچکه‌ی مه‌رگ ده‌یباته‌وه .
له‌و مانگه‌دا ورده ورده گه‌نم و نۆک ده‌گه‌نێ و به‌ره به‌ره ده‌ست به دروێنه و ده‌سکه‌نه ده‌کرێ.
له یه‌که‌م ڕۆژی ئه‌و مانگه واته یه‌که‌م ڕۆژی هاوینه‌وه، ڕۆژه‌کان له کورتێ ده‌ده‌ن و شه‌وه‌کانیش درێژ ده‌بنه‌وه. تا ده‌گاته شه‌وی یه‌لدا ی زستان که درێژترین شه‌وی ساڵه.
یاخوا هەرکەسێ کوردی خۆش نەوێ
وەک پووشی پووشپەڕ بەروودا کەوێ
٢ ـ گه‌لاوێژ
گه‌لاوێژ دووهه‌م مانگی وه‌رزی هاوینه که به‌داخه‌وه له کوردستانی باشوور به هه‌ڵه به سێهه‌م مانگی هاوینی ده‌زانن. واته جێگای گه‌لاوێژ و خه‌رمانان جێگۆڕکێی پێکراوه.
کاتێ ٤٥ ڕۆژ هاوین ده‌چێ، ئه‌ستێره‌یه‌ک له شه‌وه‌زه‌نگدا واته ئه‌وکاته‌ی شه‌و شه‌ق ده‌بێ، له ئاسمانێ ده‌رده‌که‌وێ و له‌و ڕۆژه به‌دواوه شه‌وانه له ئاسمان ده‌بینرێت. ئه‌و ئه‌ستێره ساڵێ جارێک، ئه‌ویش ڕاست له چل‌وپێنجه‌مین شه‌وی هاویندا ده‌نگووی.
کاتێک گه‌لاوێژ ئه‌نگووت، بۆ سبه‌که‌ی هه‌وا ڕۆژ به‌ڕۆژ به‌ره‌و فێنکی ده‌چێ. ئاو ورده ورده سارد ده‌بێ. گه‌رما به‌ره به‌ره له گڕوتین ده‌که‌وێ. شه‌وانه شه‌ونه‌م په‌یدا ده‌بێ و به‌ری به‌یانان سروشت ئاونگ ده‌کات. ڕاست له سه‌روبه‌ندی گه‌لاوێژدا چله‌ی هاوین که چل ڕۆژه، ته‌واو ده‌بێت و گه‌رما ورده ورده ماڵاوایی ده‌کات.
٣ ـ خه‌رمانان
خه‌رمانان مانگی سێهه‌می هاوینه. له‌و مانگه‌دا خه‌له و خه‌رمان خڕده‌کرێته‌وه. کاتی کۆکردنه‌وه‌ی به‌هره و به‌رهه‌می جووتیاران و وه‌رزێڕانه که به‌درێژایی ساڵ چاوه‌ڕوانی ده‌که‌ن. دیاره له قه‌دیمدا، به هۆی نه‌بوونی که‌لوپه‌ل و که‌ره‌سته‌ی پێویست و پێشکه‌وتوو، دروێنه و هاتنه به‌رهه‌می کشتوکاڵ وه‌دره‌نگی ده‌که‌وت. زۆرکه‌س هه‌بوو به هۆی مڵک‌وماشی زۆر، مانگێک، یان مانگ و نیوێک وه‌دوا ده‌که‌وت که ڕاست به‌روجێخون ده‌که‌وته مانگی خه‌رمانان. هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌و مانگه به ناوی خه‌رمانان کراوه. واته مانگی خله و خه‌رمان و کۆکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ساڵ.
دیاره ئه‌وه‌نده‌ی بیر و ته‌مه‌نی من ئیزنم پێده‌دا و وه‌بیرم دێ، ئه‌وکاتی له‌و مانگه‌دا خه‌رمان لێده‌دران. گێره‌ی پاتاڵیان داده‌به‌ست. کڵۆشیان به‌ده‌وری خۆیاندا پان ڕاده‌کرد و ماڵاتیان به یه‌که‌وه گری ده‌دا و له‌سه‌ر ئه‌و کڵۆشه‌یان ده‌گێڕا تا له ژێر پێیاندا ورد ده‌بوو. پاشان هه‌ڵیانده‌وه‌ژارد هه‌تا کا و دانیان تاڕاده‌یه‌ک لیک جیا ده‌کرده‌وه. ئه‌وجار خه‌یانیان هه‌ڵده‌دایه‌وه و کاتێ بای ده‌هات، خه‌یانیان هه‌ڵداویشت و ئه‌وجار باڵه‌که‌ویان ده‌کرد. تا به‌م جۆره گه‌نمه‌که قاڵ ده‌بۆوه. سووری گه‌نمیان هه‌ڵده‌گرت، زمهه‌ڕی ساڵیان داده‌خست و باراشیان لێده‌کرد. ئه‌گه‌ر زێده ده‌بوو، ده‌چاڵیان ده‌کرد و چاڵیان پێداده‌خست. هه‌رکات پێویست بایه، چاڵیان ده‌ردێنا و باراشیان بۆ ئاشی ده‌برد.
هه‌ر له‌و مانگه‌دا کا ده‌کێشران، سواخی سه‌ربانان ده‌کران. به‌رومه‌زرا به‌ته‌واوی به‌ڕه‌ڵا ده‌بوون و جووت و گا له مانگی پاشترڕا ده‌ستیان به پاییزه کێڵان ده‌کرد.
به‌ڵام کاتێ ” خرمنکوب” یا خه‌رمانکوب به چه‌ند شێوه وه‌ده‌ر که‌وت، ماڵاتی به‌سته‌زمان حه‌سایه‌وه و له‌کۆڵ ئه‌و بێگاری و چه‌وسانه به ده‌ستی موباره‌کی مرۆڤه‌کان بوونه‌وه. ئه‌و که‌ره‌سه‌یه بۆ خۆی دان و کای جیا ده‌کرده‌وه و دانه‌که‌ش ته‌نیا قوونه‌که‌وێکی ده‌ویست که به بێژینگ یا سه‌ره‌د و دارگیر ده‌کرا.
له‌ودوایانه‌دا وه‌ک جاران نه‌مابوو. هه‌ر له دووهه‌م مانگ واته گه‌لاوێژدا، جێخون هه‌ڵده‌گیران و کا ده‌کێشران. زۆربه‌ی لادێیه‌کان سه‌ربانه‌کانیان وه‌کوو شار، به قیره‌تاو یان ئیزوگام داپۆشرابوو و پێویستی به سواخ و سوانه و باگردان له ترسی دڵۆپان نه‌مابوو. ئێستاکه به‌داخه‌وه ده‌مێکه به‌باشی ئاگام له‌و دۆخه نه‌ماوه و نازانم چه‌نده به‌ره‌و پێش هه‌ڵکشاوه.
وا ڕەنجی ساڵێت هاتوەتە بەرهەم
ڕۆژی زۆر ماون نەبی کەمتەر خەم
سێ مانگه‌ی پاییز
١ ـ ڕه‌زبه‌ر
ڕه‌زبه‌ر مانگی یه‌که‌می پاییزه. وه‌ک له ناوه‌که‌یرا دیاره، به مانای هاتنه به‌روبوو و به‌ر گرتن و به‌رهه‌م هێنانی باخ و ڕه‌زه. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی پێیانوایه که له‌و مانگه‌دا باخ و ڕه‌ز له‌به‌ر ده‌که‌ون!
دیاره ترێی خه‌لیلی له نێوه‌ڕاستی مانگی خه‌رمانان پێده‌گا و ئه‌وانی دیکه هیندێکیان ترش و شیرین و زۆربه‌یان هێشتا هه‌ر قۆره‌ن . به‌ڵام له مانگی ڕه‌زبه‌ردا به گشتی هه‌موو جۆره‌کانی ترێ ده‌گاتێ و ئاماده‌ی ڕنین و به‌رهه‌م هاتن ده‌بێت.
له‌و مانگه‌دا، جاڕ و به‌یار و گیادروو به‌ڕه‌ڵا ده‌بن و په‌رێز ده‌کێڵدرێنه‌وه. ورده ورده وه‌رزێڕان ده‌ست به چاندن ده‌که‌نه‌وه و قازوقورینگ به قاڕوقیڕ هه‌واڵی پاییز بۆ سروشتی زوێر و زیز دێنن. ئه‌وجار ڕه‌پسته شین ده‌بنه‌وه و ده‌بنه مه‌کۆی چاوه‌ڕێی ساڵێکی دیکه‌ی کاکی جۆتیاری ماندوویی نه‌ناس.
٢ ـ خه‌زه‌ڵوه‌ر ( گه‌ڵاڕێزان)
خه‌زه‌ڵوه‌ر
خه‌زه‌ڵوه‌ر مانگی دووهه‌می پاییزه. له‌و مانگه‌دا که سروشت زیز و زوێره و گه‌ڵای داران زه‌واڵ و زه‌ردن. بای شه‌ماڵ هه‌ڵی ده‌کاتێ و به‌رگ و گه‌ڵای دار و ده‌وه‌ن، به نابه‌دڵی جیا ده‌کاته‌وه و په‌لک په‌لک ده‌یخاته سه‌ر زه‌وی. دار و ده‌وه‌ن به‌ته‌واوی ڕووت ده‌بنه‌وه و ده‌نگی قرچه و ترپه‌ی پێی رێبواران ده‌بیسن که چۆن په‌راسووی ئه‌و خه‌زه‌ڵه تێک ده‌کاته‌وه و وه‌ک ناقووسێک، مارشی زستانێکی دوور و درێژ و مه‌ترسیدار لێده‌دات.
که‌ش و هه‌وا به‌یانان سارد و سه‌رمابردووه و شه‌خته له ئاخرو ئۆخره‌کانی ئه‌و مانگه‌دا خۆ ده‌ر ده‌خات و به‌پیر مانگی سه‌رماوه‌زه‌وه‌مان ده‌بات.
٣ ـ سه‌رماوه‌ز
کاتێ سروشت زیز و زوێر ده‌بێ و په‌لک و گه‌ڵای دار و ده‌وه‌ن داده‌ڕمێ، زه‌وی چاوه‌ڕوانی ته‌وژمی سه‌رما و سۆڵ و زستانی کاس و سڕ ده‌کات. خۆی به پێشوازی زستانه‌وه ده‌چێ و ته‌ڕ و تووشی ده‌ست پێده‌کات. باران به خوڕ و جاریواشه بێ‌نێوه‌دان، توڕه‌یی سروشت ده‌نوێنێ. جاریوایه چه‌ند شه‌و و چه‌ند ڕۆژ لێیناکاته‌وه و به لێزمه ده‌بارێ.
لێوی کێوه‌کان ورده ورده بار ده‌گرێ و به‌فر سپی پۆشیان ده‌کات. ئه‌وجار ورده ورده ده‌خزێته به‌نده‌نێ و داوێنی کێوه‌کان ده‌گرێته‌وه و زۆر جاریش خۆ به ئاوه‌دانی داده‌کا و وه‌ک میوانێکی نه‌خوازراو وه‌ژوور ده‌که‌وێ. ئیدی ئه‌وڕۆژه‌یه که ده‌ڵێن به‌ڕه‌ی فه‌قیری ده‌دڕێت و چاوی هیواکان کاڵ ده‌بنه‌وه. واته فه‌قیر لێی ده‌قه‌ومێ و ده‌ره‌تانی کاسپی و په‌یدا کردنی بژێوی ژیانی نامێنی. ئه‌وه‌ی له‌و چه‌ند مانگه‌دا په‌یدای کردووه ده‌بێ فریای که‌وێ و ئه‌و چه‌ند مانگه سه‌رما و سۆڵه‌ی پێ ده‌رباز بکات. جا ئه‌گه‌ر هات و به‌شیشی نه‌کرد و ده‌وڵه‌مه‌ندی چاو چنۆکیش نه‌یدایه، ده‌بێ ماڵی له گای تۆڕ بنێ و له هه‌واری خاڵی له هه‌ردی دات و له‌سه‌ر به‌ڕه دڕاوه‌که‌ی خۆی دا‌نیشێت.
له‌و کاتانه‌دا ته‌یر و تیور، مه‌ل و ئاژه‌ڵه‌کێوی، ئاوه‌شی و ته‌وڕا ده‌بن. هیندێک به‌ره‌و گه‌رمه‌لانێ سه‌رهه‌ڵده‌گرن و هیندێکی دیکه‌ش خه‌ونووچکه‌ی زستان ده‌یانباته‌وه ده‌گه‌ڵ نکبه‌تی خۆیان له‌ناو ڕه‌وه‌ز، ئه‌شکه‌وت، هیڵانه، که‌لێن و کولێنان هه‌ڵده‌که‌ن.
ئاخیرین شه‌وی ئه‌و مانگه واته شه‌وی یه‌که‌م ڕوژی زستان شه‌وی یه‌ڵدایه. شه‌وی یه‌ڵدا درێژترین شه‌وی ساڵه. ئه‌وجار به‌ره به‌ره له مانگی داهاتوودا شه‌وه‌کان قوڵه‌تر و ڕۆژه‌کان درێژ ده‌بنه‌وه تا ده‌گاته‌وه سه‌ره‌تای هاوین که ڕۆژی پێشتر درێژترین ڕۆژی ساڵه. ( پێشتر باسی لێکراو)
مامۆستا نالی ده‌ڵێ:
شه‌وی یه‌لدایه یا ده‌یجووره ئه‌مشه‌و!
که‌دیده‌م دوور له‌تۆ بێ‌نووره ئه‌مشه‌و
دڵم وه‌ک حاکمی مه‌عزووله قوربان
خه‌ڵاتی وه‌سڵی تۆی مه‌نزووره ئه‌مشه‌و
دڵیش مایل به‌دیده‌ی تۆیه، بۆیه
له‌من وه‌حشی و ڕه‌میده و دووره ئه‌مشه‌و
که‌تۆی شای که‌چ‌کولاهی دیده‌مه‌ستان،
چ باکم قه‌یسه‌ر و فه‌خفووره ئه‌مشه‌و
له‌خه‌و هه‌ڵساوه یا ئاڵۆزه چاوت؟
هه‌میشه وایه یا مه‌خمووره ئه‌مشه‌و؟
سوروشکم نه‌قشی چاوی تۆ ده‌کێشێ
که‌جێم سه‌رداره‌که‌ی (مه‌نسوور)ه ئه‌مشه‌و
موسوڵمانان ده‌پرسن حاڵی «نالی»
له‌کونجی بێ‌که‌سی مه‌هجووره ئه‌مشه‌و
ئاوردوو داخە کوردە زستانە
سەرما گەیشتە ئەم کوردستانە
مانگه‌کانی زستان
١ ـ به‌فرانبار
به‌فرانبار هه‌ر وه‌ک له ناوه‌که‌یڕا دیاره، یانی مانگی بارینی به‌فر و ته‌وژمی سه‌رمای زستان. وڵات به‌ته‌واوی سپی‌پۆش ده‌بێ و زه‌وی له ژێر ته‌وژمی سه‌رمادا فرجه‌ی لێده‌بڕێ. سه‌رما په‌لامار و هروژم دێنێ و خۆ به هه‌موو شوێنێک داده‌کات. له‌و ناوچانانه‌ی به‌فرگرن، یه‌کجار زۆر ده‌بارێ. زۆر جار له یه‌ک یا دوو میتر تێده‌په‌ڕێ.
ده‌گه‌ڵ یه‌که‌م ڕۆژی زستان واته یه‌که‌م ڕۆژی مانگی به‌فرانبار، چله‌ی گه‌وره ده‌ست پێده‌کات که چل ڕۆژ ده‌خایه‌نێ. پاشان چله‌ی چووکه ده‌ست پێده‌کا که ئه‌ویش بیست ڕۆژه که سه‌رجه‌م ده‌بێته ٦٥ ڕۆژ. سه‌رما و سه‌خڵه‌تی زستان له‌و دوو چله‌یه‌دا خۆ ده‌نوێنێ. پاشان هه‌وا هێور ده‌بێته‌وه و ته‌زووی ده‌شکێت و له گڕوتین ده‌که‌وێت.
٢ ـ ڕێبه‌ندان
هه‌روه‌ک باسکرا، له مانگی به‌فرانباردا، به‌فر زۆر ده‌بارێ. له ڕێبه‌ندانیشدا به‌فرباری هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه. تاو نا تاوێکی یا ده‌م نا ده‌مێکی لێی ده‌کاته‌وه و ئاسمان ساماڵ ده‌بێ. ئه‌وشه‌وانه‌ی ئاسمان ساف و ساماڵه، سه‌رما به به‌رزترین پله‌ی خۆی ده‌گا. زه‌وی یه‌کپارچه ده‌بێته سه‌هۆڵ و به‌سته‌ڵه‌ک. ده‌ڵێن تفێ هه‌ڵاوێی ده‌یبه‌ستێ. ئه‌وه ڕاست ئه‌وکاتانه‌یه که هه‌وا ساماڵه و سافه. سه‌رما ته‌ڕایی له به‌فر ده‌بڕێ و به‌فر سووک و سووکتر ده‌بێ. با و باهۆز تاوناتاوێکی هه‌ڵی ده‌کاتێ و کێژه‌ڵووکه له به‌فرێ ساز ده‌کا که پێیده‌ڵێن باڕن. باڕن به‌فری سه‌ران هه‌ڵده‌گرێ و ده‌که‌لێنانی ده‌په‌ستێوێ.ڕێگه‌وبانان ده‌به‌ستێ و هامووشۆ دژوار ده‌کات. بۆیه ڕێبه‌ندانی ناوه.
مامۆستا هێمن ده‌ڵێ:
ڕێبه‌ندان! دیسان هاتیه‌وه سه‌رمان
ڕه‌قمان هه‌ڵێنی دیسان له سه‌رمان
به سۆزه‌ی زریان پیاوی ده‌که‌ی سڕ
به کڕێوه و باکوت ئاژه‌ڵ ده‌که‌ی قڕ
ڕێ و بان ده‌به‌ستی به به‌فر هه‌موو
له به‌ر په‌ساران هه‌ڵده‌نێی ڕونوو
پرووشه و مژ و که‌ڕه‌سیسه‌که‌ت
ته‌پ و تومان و هه‌وا پیسه‌که‌ت
پێیه‌وه هه‌زرا ئازار و ئاهۆ
کۆخه و هه‌ڵامه‌ت، له‌رز و چه‌ق و چۆ
که تۆ ته‌شریفی ناشه‌ریف دێنی
دڵی گه‌لی کورد دا ده‌خورپێنی
ماشێن و ڕێگای ئیسفاڵتی نییه
به‌و سارد و سۆڵه عیلاجی چییه
به هه‌چه‌هه‌چی که‌رێ چۆن باری
لادێیی کوردی ده‌گاته شاری ؟
هه‌ژار لێی ده‌بڕێ ئاوردوو و زمهه‌ڕ
کورووژمه‌ی ده‌کا فه‌قیر، ماڵانگه‌ڕ
سه‌ر ده‌نێنه‌وه پیر و نۆ بوان
بێ په‌رستار و بێ ده‌وا و ده‌رمان
به‌خێر نه‌هاتی مانگی مژ و ته‌م
دێنی بۆ ئێمه گه‌لێک ده‌رد و خه‌م
٣ ـ ڕه‌شه‌مه
ڕه‌شه‌مه یانی ڕه‌شانگ و ڕه‌شاتی. واته ڕه‌ش بوونه‌وه زه‌وی دوای ئه‌وه‌ی به به‌فر سپی‌پۆش کرابوو. کاتێ ڕێبه‌ندان و هه‌ردووک چله‌ی گه‌وره و چووکه ته‌واو ده‌بن، ته‌شقی هه‌وا ده‌شکێ و زه‌وی له ناخه‌وه گه‌رم دادێت. له‌سه‌ره‌تای ئه‌و مانگه‌دا بای وه‌عده هه‌ڵده‌کاتێ و ده‌فر ده‌فر به‌فر ده‌توێنێته‌وه.
ده‌ردی دڵ بۆ کێ به‌یان که‌م، دڵ که‌نالاوێته‌وه
ئه‌و گڕووی گرتوویه چی بکه‌م، بێ تۆ ژیر نابێته‌وه
به‌فری به‌فرانباره بێ بای وه‌عده قه‌ت ناتوێته‌وه
ئه‌ی خودا که‌نگێ ئه‌زیزی ئه‌و دڵه‌ی من دێته‌وه
هینیدێکیش ده‌ڵێن:
به‌فری ئادارێ، ده‌بارێ تا سه‌ر لکی دارێ، نامێنێ هه‌تا ئێوارێ
که‌وابوو له‌و مانگه‌شدا هه‌م به‌فر و هه‌میش باران ده‌بارێ به‌ڵام وا دیاره به‌فره‌که خۆ ناگرێ و خێرا ده‌توێته‌وه.
هه‌تاوێکی سه‌رما بردوو، به‌ره به‌ره خۆ ده‌رده‌خات. کاتێ له په‌نجه‌ره‌ی ماڵه‌کانه‌وه دیته ژوور، وه‌هه‌تاوێکی ڕاستی و پڕ گڕوتین ده‌چێ. به‌ڵام له‌ده‌رێ ئاوا بڕناکات. ئه‌گه‌رچی کاتێ سێره له به‌فر ده‌گرێ، شوێنه ته‌نکه‌کان ده‌توێنێته‌وه. چۆڕچۆڕه‌ی ده‌وڵاتی ده‌خا وپه‌ڵه و ڕه‌شایی ده‌رده‌که‌وێ.
یه‌که‌م گیاێک که له ڕه‌شه‌مه‌دا له پنجه‌وه گه‌رم دادێ و به‌فری ده‌ور و لێواری خۆی ده‌توێنێته‌وه، ئاڵه‌کۆک ـه. ده‌ڵێن: ئاڵه‌کۆکه پرچنه، چۆڕچۆره‌ت که‌وته بنه، چیتدا له‌و ماڵ و ژنه…
ورده ورده سریوه و جریوه‌ی مه‌لان ده‌بیسرێ و موژده‌ی به‌هار و نوێبوونه‌وه‌ی ساڵ ده‌درێ.
تا به‌م جۆره جارێکی دیکه، به‌هار ده‌ست پێده‌کا و ئاڵای ئازادی و رزگاری له ده‌ست سپای سه‌رما له سه‌ربانی مام نه‌وڕۆز هه‌لده‌درێ و بیره‌وه‌رییه‌کانی زستان به ئاگری نه‌ورۆز ده‌سپێردرێت.
سرنج
دیاره ئه‌و شه‌رح و شرۆڤانه هی به‌شێکی گه‌وره له کوردستانن که که‌ش و هه‌وای کوێستانی و سازگاریان هه‌یه. ڕه‌نگه ئه‌و جیاوازیانه له موسڵ و که‌رکووک یان که‌لار و کفری به باشی ده‌رنه‌که‌ون.
هیوا ئه‌حمه‌دی / نۆڕوێژ