"an independent online kurdish website"

لە ماوەی چەند ساڵ و بە دوای چەند شەڕی قورس دا کە بەینی سوپای ئێران و لەشکری عەڕەبی کۆ بۆوە لە ژێر رایەتی ئیسلام دا روویدا ، ئێرانیە کان شکستیان خوارد و عەڕەبەکان هاتنە نێو خاکی ئێرانەوە .

ئاخرین بەربەرەکانی گەورە و رێک و پێکی سوپای ئیران لە نهاوەند (بەینی کرماشان و هەمەدان ) بە دەستووری (یزدگردی سێهەم ) شاهەنشای ساسانی ، لە ژێر فەرماندەریی فیروزان ناسراو بە مەردانشا دابوو.

 (یزدگرد) لە مەداین هەڵاتبوو پەیامی بۆ هەموو حاکمانی ولایات و سەردارانی ئێران ناردبوو بە  لە شکری زۆر و چەک و دارایی یاریدەی بکەن . هەر چەند لەو وەختەدا بەو شکستانەی بە سەر سوپای ئێران هاتبوو هیچ سەردارێک نەدەپەرژا سەر (یزدگرد) و هۆشی ئەویان بڕابوو بەڵام چونکە سەرکەوتنی عەڕەبەکان وەکوو چارەنووسێکی تاڵ هەڕەشەی لە مەوجوودییەتی وانیش دەکرد لەشکری گەورە و پۆشتەیان لە نهاوەند کۆ کردەوە . کە دەڵێن نزیک سەدوپەنجا هەزار کەس بووە .

ئەو لەشکرە ماوەیەک لە نهاوەند لە بەرابەر سپای عەرەب دا راوەستا بە بێ ئەوەی هێرشێکی گەورە بکەنە سەر یەکتر . سەردارەکانی عەرەب لە ژێر فەرمانی ( نعمان بن مقرن) دا فێڵیان کرد و کوتیان خەلیفەی موسوڵمانان لە مەدینە فەوتی کردووە و ئەوان دەیانەوێ بگەڕێنەوە ولاتی خۆیان و دەستیان کرد بە کشانەوە . ئێرانیەکان خەبەرەکەیان باوەڕ کرد و لە سەنگەر و قەڵاکانی خۆیان هاتنە دەرێ و بە بڵاوی وەدوای لەشکری ئیسلام کەوتن . عەڕەبەکان لە هەلی موناسیب دا لێ یان گەڕانەوە و وەدەست هاتن. شەڕێکی قورس و چەند شەو و رۆژی دەستی پێکرد . ئەو پێک دادانە لە ساڵی 24 ی کۆچی دابوو و بە شکانی ئێرانیەکان تەواو بوو . بە دوای ئەو شکستە دا دەروازەی ئێران لە سەر گازی پشت بە رووی داگیر کەردا کراوە و شار بە شار و ناوچە بە ناوچە کەوتە دەست بێگانە .

هەر چەند خەباتی زۆر شێلگیرانە بۆ دەرکردنی بێگانە لە وڵات هەبوو ، هەموویان تێک شکان و لە خوێن دا نوقم کران  بۆ وێنە ساڵی 30 ی کۆچی خەلکی شاری ئیستەخر لە فارس لە دژی عەڕەبەکان راپەڕین و حاکمی عەڕەبی شارەکەیان کوشت و بۆخۆیان دەسەڵاتی شار و ناوچەکەیان بە دەستەوە گرت  . (عبدالە بن عامر)سەرداری عەرەب بە تۆڵەی ئەو سەربزێویە سوێندی خوارد هێندە لەو خەڵکە بکووژێ تا لە خوێن یان جۆگە ساز دەبێ ، دەستووری کوشتاری دا و خوێنی خەڵکی مەباح کرد . دەڵێن لەو رووداوەدا زیاتر لە چل هەزار ئێرانی کوژران و خوێنەکە هەر لە جۆگەدا دەمەیی و نەدەرۆیی ناچار بۆ وەی فەرماندە سوێندی لێ نەکەوێ ئاویان لە جۆگەکان کرد تا دەگەڵ خوێنەکە تێکەڵ بێ و بروا ئەوجار خەڵکەکەیان ئەمان دا .  

لە هێرش و دەسەڵاتی عەڕەب دا شار و گوندی زۆر وێران بوو ، بنەماڵە و خانەدانی بە ناوبانگ تێداچوون ، مال و دارایی زۆر بە تاڵان چوو ، کیژ و گەنج و ژن و منداڵی ئێرانی لە بازاری کۆیلەداریی مەدینەدا بە فرۆش چوو ، پیشەوەر و وەرزێری ئێرانی کە دینی ئیسلامیان قبووڵ نەدەکرد باج و داراییەکی زۆریان لێ ئەستێندرا و نێوی جزیەی لە سەر داندرا . دەلێن (ابولحاج ) والی دەوروبەری کوفە بوو ، کابرایەکی مەسیحیان گرتبوو هێنایان ، لێی پرسی نێوت چیە ؟ کابرا کوتی نێوم (بندان شهر بندان) ە  والی کوتی جا ئەوە چۆنە سێ نێوت هەیە و یەک خزیە دەدەی ، فەرمانی دا جزیەی سێ کەسی لێ بستینن . کەسێک وێرابای بە گژ ئەو هەموو زۆرداریە دا بێتەوە تووشی سەزای حەد و رەجم و کوژران و سووتاندن دەبوو.

لە ناوچوونی سەر بەخۆیی ئێران و سەقامگیر بوونی ئیمپراتووریی ئیسلامی وای کرد کە بۆ ماوەی دووسەد سال حاکم و کار بەدەستانی ناوچەکانی ئێران راستەوخۆ لە مەدینە و کووفە ودمیشق و بەغدا را دیاری دەکران. دەسەڵات داریی ئەو حاکمانە زاڵمانە و خوێناوی بووە . لاپەڕەی کتێبە کانی مێژووی ئەو سەردەمەی ئیران پڕە لە بەڵگەی ئەو توند و تیژیانە و ئەو چەوساندنەوە و خوێن رشتنانە ، بەربەرەکانی ئیرانیەکانیش  بێ وچان هەر بەردەوام بووە . ئیرانیەکان کە وڵاتێکی بەربڵاویان هەبوو ولە رابردودا  خۆیان دەسەڵاتدار بە سەر خۆیان و گەل و نەتەوەی دیکە دا دیتبوو ، هێندەیان قودرەت و شەوکەت بە خۆیانەوە دیتبوو کە نێوی ئازادەگان یان لە خۆیان نابوو ، بە دیتنی ئەو وەزعە ، بۆ هاتنە دەر لە ژێر دەستی بێگانە و ئەستاندنەوەی ئەوەی لە دەستیان دابوو وەخۆکەتبوونەوە و بە رێگای جۆراوجۆردا خۆیان رێک خستبوو کۆمەلانی خەڵک دەگەڵ هەر بەربەرەکانیەکی لە دژی دەزگای خلافەت کرابا هاودەنگ دەبوون و هاوکاریان دەکرد . یاریدەی زۆری (مختار ثقفی ) و (زیدبن علی ) و (یحیا بن زید ) یان دا . بۆ خۆشیان زۆر راپەڕینی گەورەیان رێکخست کە رەنگی دژە ئیسلامیان هەبوو ئەوەش مانای وایە ئەفکار و بیر و باوەڕی رابردووی ئێرانی لە ژێر ەسەڵاتی دین و دەوڵەتی تازەدا بە تەواوی تەفر و تونا نەببوو و لە هەر دەرفەتێکی تازەدا کە رێگای سەرهەڵدانی دەدیت دەهاتە  مەیدان و خۆی نیشان دەدا . وەکوو راپەڕینەکانی (سنباد و استذسیس و مقنع ) کە هەموویان رەنگی زیدی ئیسلامیان هەبوو و لە سەر فکری قەدیمی ئێرانی پێش ئیسلام بەرپا کرابوون هاوکات دەگەڵ ئەوانە بەشێک لە سەرداران و دەسەڵات دارانی ئێرانی کە تێکەڵی دەزگای خلافەت ببوون و جێ و رێیەکیان بۆخۆیان دەست خستبوو دەگەڵ سەرهەڵدانی ناکۆکیەکانی نێو دەزگای خەلافەتی عەباسیان وەخۆ کەوتن بە لایەنگری کردن لە لایەنی دلخوازی خۆیان و لەو کێشە کێشانەدا نفووزی خۆیان زیاتر کرد . حکومەتی تاهریان کە هەوەڵین دەسەڵاتی ئێرانیی دوای داسەپانی ئیسلام لە ئێران دابوو بە کەڵک وەرگرتن لەو ناکۆکیانەی نێو دەزگای خلافەت جێ پێی خۆیان لە خوراسان کردەوە و دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرت . هێندێک سەرداری دیکەی ئێرانیی دەرەوەی دەزگای خەلافەت لە ناکوکیەکانی نێو دەوڵەتی عەباسیان کەڵکیان وەرگرت و لە دژی هەموو چەشنە دەسەڵاتێکی بێگانە راپەڕین بۆ وێنە لە تەبەرستان خەڵک لە دەوری فەرمانرەواکانی ناوچە کە وەک (ونداد هرمز ، سپهبد شروین ، مصمغان و لاش ) کۆبوونەوە لە دژی موسوڵمانەکان یەکیان گرت و عەرەبەکانیان قەتڵ و عام کرد تەنانەت موسولمانە خۆ جێیەکانیش کەوتنە بەر ئاوری توورەیی و تۆڵەی خەلک . لە زەمینەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئاوادا خورەم دینان سەریان هەڵداوە و جووڵانەوەیەکی بە هێزی سەربەخۆیی خوازانە ، دژی دەسەڵاتی نیزامی ، سیاسی و مەزهەبیی عەرەبیان لە ئازەربایجان رێک خستووە  . خورەم دینان لە بیروباوەڕدا وێدەچێ لایەنگران و درێژەدەرانی رێگای (مزدک بامدادان ) پێشەوا   و فەرزانەی زەمانی قوباد شاهە نشای ساسانی بن کە لە زۆر لە رێ و رەسمەکان و پێوەندە دینی و سیاسیەکانی ئایینی زەڕدەشت دا ئال و گۆڕی پێک هێنا و رێبازێکی تازەی هێنا گۆڕێ کە لە مێژوودا بە ئایینی مەزدەکی ناسراوە . مەزدەک لە هەوەڵین سەرهەڵدانی رێبازەکەیدا لە لایەن قوباد شەهریاری ساسانیەوە پشتیوانی لێکرا و وادیارە زیاتر بۆ بێ هێز کردنی دەسەڵاتی عولەمای زەردەشتی لە نێو کۆمەڵگا و دەرباری ساسانی دا ئەو کارەی کردبێ بەڵام لە ئاخری سەلتەنەتی قوباد دا کە نەوشیروان وەلیعەهد بوو بە فیت و فتنەی عولەمای زەردەشتی و دەستووری نەوشیروان مەزدەک محاکەمە و مەحکووم بە مەرگ کرا . کەوڵیان کرد و پێستەکەیان پڕ کرد لە کا و لە یەکێک لە دەروازەکانی تیسفونەوە  هەڵیانواسی و لایەنگرانیشی بە کۆمەڵ زیندە بە چاڵکران . قوباد لەو کارەی نەوشیروان چاوپۆشی کرد .

سەراوبن زیندە بەچال کردنی مەزدەکیەکان بە فەرمانی ئەوشیروان بەو مانایە بوو تەواوی رێفورم و دیاردە فکریەکانی مەزدەک رەد کراوە و هەموو شت هاتەوە سەر رەوتی پێشوو و ئەوەش بە دڵی عولەمای ساحەب دین و دەوڵەتی زەردەشتی لە درباری ساسانی دا بوو. ئەو مەزدەکیانەی توانیان لە سەردەمی نەوشیروان دا خۆ بشارنەوە بە نهێنی فکرەکەی خۆیان پاراست و دوای نەوشیروانیش خوسرەو پەرویز و جێ نشینەکانی لە بەر گرفتارئیەکانی خۆیان ئیدی نە پەرژانە سەر سەرکوت کردنی مەزدەکیە کان و دوای هاتنی ئیسلامیش وادیارە هێندێک ئاڵو گۆریان لە بنەماکانی فکریی خۆیان دا کردووە و نێوی خۆرەم دینیان لە سەر خۆ داناوە . لە کاتی دەسەڵاتی خەلیفەکانی ئیسلام دا لە گورگان ، دەیلەمان ، ئازەربایجان ، ئەرمەنستان ، دینەوەر و هەمەدان و ئیسفەهان یەک جار زۆر بوون و لە دژی دەسەڵات داریی عەرەبەکان و موسولمانەکان خەباتیان دەکرد.

خورەم دینان عەقیدەیان بە دوو ئەسڵی نوور و تاریکی بووە و پێیان وابووە سەرچاوەی عالەم نوورە کە بەشێکی ئالوگۆری کردووە و تاریکی لێ دروست بووە .نوور سەرچاوەی چاکە و تاریکی سەرچاوەی خراپەیە . رسکانی بەشەر و ژیانی عالەم بۆ خەبات بە قازانجی نوور لە دژی تاریکیە هەروەها عەقیدەیان بە تەناسوخ بووە . تەناسوخ لە نێو مەدەنییەتی ئینسانی شەرقی دا پێشینەی لە مێژینەی هەیە . خورەم دینان نەزەریان لە سەر تەناسوخ ئاوابووە کە لە لایەکەوە رووحی ئیلاهی لە ئەشخاس دا حولول دەکا و لە لایەکی دیکەشەوە پێیان وابووە رووحێکی واحید لەوانەیە بە چەندین لەشی جۆراوجۆردا بگەرێ و سەر هەڵدا. خورەم دینان چەندین فرقە و دەستە بوون و هەموویان عەقیدەیان بە تەناسوخ بووە و باوەڕیان بە گۆڕانی (اسم) و ئال و گۆری (جسم) بووە . دەیان کوت هەموو پێغەمبەرەکان هەرچەند شەریعەتەکەیان فەرقی هەیە خاوەنی روحێکی واحیدن و دەڵێن وەحی قەت ناپسێتەوە و هەر ساحەب دینێک کە ئیمانی بە سەواب و ترس لە عەزاب هەبی ئەوە لە رێگای راست و دروست دا هەنگاو هەلدێنێتەوە و قەت خراپەی ناڵێن مە گەر زەرەر بە دین و رێبازی وان بگەیەنێ . لە خوێن رشتن خۆ دەپارێزن مەگەر بە ناچار تووشی شەڕ بن . ئیمامی خۆیان هەیە کە بۆ کاروباری دینی پێوەندی پێوە دەگرن و بە قسەی دەکەن و یەک جار زۆر بۆ پاراستنی پاک و خاوێنی تێدەکۆشن . دەگەڵ خەلک و میوان رووخۆش و بە خزمەتن .هەر شتێکی نەفسی ئینسان لەزەتی لێ بچێژێ و دڵ مەیلی بکا بەو شەرتەی زەرەری بۆ کەس نەبێ بە مەباحی دەزانن.

شتێکی لە پەیوەند دەگەڵ خورەم دینان دا زۆری لە سەر نووسراوە چونیەتی پەیوەندی ژن و پیاو و هەڵبژاردنی هاوسەر بووە . (ابن اثیر ) دەڵێ : پیاوانی ئەو ئایینە دەگەڵ دایک و خوشک و کچی خۆیان دەست تێکەڵ دەکەن و دەبنە هاوسەر لە بەر ئەوە ئایینی ئەوان بە ئایینی (شەلفیە ) نێو دێر دەکرێ . ئەو شتەی ئیبنی ئەسیر دەیڵێ لە ئێرانی کۆن دا هەبووە و زۆر لە شایانی هخامەنشی و ساسانی دەگەڵ نزیکانی خۆیان وەکوو دایک و خوشک و کچی خۆیان بوونەتە هاوسەر . کتێبە کانی مێژووی ئێرانی کۆن لەو بارەیەوە زۆری تێدایە . بۆ وێنە کە مبوجیە و داریوشی دووهەمی هێخامە نشی و بارامی گوری ساسانی . سەرداری گەورەی ئێرانی لە زەمانی ساسانیان دا بەهرامی چوبین دەگەڵ خوشکی خۆی بە نێوی کوردیە هاوسەر بووە بەڵام چونکە کتێبە کان هەر باسی شاهان و سەردارانیان کردووە روون نیە ئەو رێ و رەسمە لە نێو چینەکانی دیکەی کومەلیش دا هەبووە یان نا ؟

ئەگەر ئەو شتە لە نێو خوڕەم دینان دا بووبێ ریشەی لە رێ و رەسمێک دایە کە وا دیارە لە چینەکانی خوارووی کۆمە لیش دا باو بووە و شتێکە بە دڵی موسوڵمانان نە بووە و یەک لەو دەلیلانەی عولەمای ئیسلام و نووسەران و کاربە دەستانی ئیسلامی خورەم دینانیان ناخۆش ویستووە دەبێ بەشێکی لە سەر ئەو رێ و رەسمە بووبێ. هێندێکی دیکە لە مێژوو نووسان تاوانباریان دەکەن بە (اباحە) و مەبەستیان ئەوەیە لە ژنەکانیان دا هاو بەشن و ئەگەر ژنەکان رازی بن ئەوە پیاوەکانیان لە گەڵ ژنەکانی یەکتر نزیکی دەکەن . شوێنەواری کۆمەلایەتی شتی وا لە هیچ دەورەیەکی مێژووی ئێران دا لە هیچ سەنەدێک دا نابیندرێ . لە ئێرانی قەدیم دا شتێک هەبووە ئەویش ئەوەیە ئەگەر ژنێک پێی خۆش بووبێ دەگەڵ پیاوێک بێ و هەردوو لا رازی بن رێگای پێکەوە بوونیان لێ نە گیراوە و ئازاد بوون . لە شانامەدا پێوەندی زاڵ و رودابە ، روستەم و تە همینە ، بیژەن و مەنیژە و خوسرەو و شیرین هەمووی نیشاندەری نەوعێک لەو ئازادیەیە . روودابە کە زولفی دەکاتە کە مە ند و زاڵی پێ هەڵدەکێشێتە سەر کونگرەی کۆشکە کە ی خۆی یان تەهمینە ، شەوێ لە چادری روستەم وەژوور دەکەوێ و دەگەڵی تیکەڵ دەبێ یان مەنیژە کچی ئەفراسیاب ئەوینی خۆی بۆ بێژەن باس دەکا و هەموو رۆژێ دێ لەو چاڵەی دا بیژەن زیندانیە سەری لێ دەدا نیشانەی پیوەندی ئازادی بەینی ژن و پیاوی کۆمەڵن و ئەو نەوعە پێوەندیە لە شانامە دا نەک خراپ نین بەلکوو مەقبووڵییەتی کۆمەڵایە تیان هەیە و هێندە جوان رازاونەتەوە هەر کامیان تابڵۆیەکی ئەدەبی یان لێ دروست بووە . وێدەچێ ئەو چەشنە ئازادیە لە نێو خورەم دینان دا بووبی نەک ئیشتراک لە ژنی یەک تر دا و دەست درێژی بۆ سەر ژنی یەک تر . ئەو قسەیە نەیارانی خورەم دینان بە عەمد لە نێو لاپەڕەی کتێبە کانی مێژوویان خزاندووە . هەر لە شانامە دا لە داستانی سیاوەش و سودابە دا دەر دەکەوێ کە رێ و رەسمی ئیشتراک لە ژن دا لە ئێرانی کۆن دا نەبووە . دەبینین سودابە بەو هەموو جوانیەی خۆیەوە مایلە دەگەڵ سیاوەش تێکەڵ بێ ئەمما سیاوەش چونکە سودابە ژنی بابیەتی خۆ لەو کارە نادا و بە گژی دادێتەوە و وەقاحەتی پیوەندێکی وای دەخاتە بەرچاوی بۆیە تاوانی  اباحە  بەو شێوەیەی لە سەر خورەم دینانیان نووسیوە قسەی نەیارانیانە و وە درۆ دەچێ بە هەر حال ئەو ماجەرایە هەر چۆنێک بووبێ موسولمانەکانی تووڕە کردووە و بۆ دوژمنایەتی کردنی خورەم دینان هانی داون.

شتێکی دیکەی لە سەر خورەمدینان نووسیویانە ، لێدان و دەست بە سەر داگرتنی کاروانەکان بووە ، دەبێ مەبەستی خورەمدینان لەو کارە چ بووبێ ؟ ئایا ئەوان رێگر و زیانی خورۆی مالی خەلکی دیکە بوون؟

رێگرتن لە کاروانەکان بەشێک لە خەبات بووە بۆ هەڵبڕینی رایەڵەی ئابووری کۆمەڵ کە بە دەست دەزگای دەوڵەت و بازرگانە گەورەکانەوە بووە . بە دەسکەوتی کالای ئەو کاروانانە خەڵکی هەژار و راپەریویان ژیاندووە ، ئەوەش کارێک بووە عەییاران وەستۆی خۆیان گرتبوو . یەعقووبی لە یسی  سەفار لە چینی بن دەستی کۆمەڵ و لە سەرۆکە گەورەکانی عەییاران بوو کە لە ئێران دەوڵەتێکی ئێرانی بنیات نا ومێژوونووسان بە تاریفی دادێن. بابەک خورەمدین هەر کارەکانی یەعقووبی کردوە بەڵام چونکە موسوڵمان نەبووە و لە کاری دروست کردنی دەوڵەتیش دا سەر نە کەوت مێژوو نووسانی وەک (خواجە نظام الملک ) ، پاسداری دین و دەوڵەتی سەلجووقیان ، غەیبەتیان دەکا و بە رێگر و خراپ و (قرمطی ) نێویان دەبا . زۆربەی مێژوونووسان ، لایەنگرانی بابەکی خورەمدین یان وەک خەڵکی رووت و هەژاری کۆمەڵ ناساندووە کە بە فەقیری دەژیان . ئەو فەقیری و دەست تەنگیە شیان بە هۆی چەوسانەوەیان لە لایەن عامیلەکانی حکومەتی زاڵمی ئیسلامی وشەڕوشوڕی ئەمیرەکان و سەردارەکان و دەسەڵات دارانی ناوچەکە بە سەر دا سەپابوو بۆیە خوڕەمدینان دەیانکوت جەبارەکاب دەکووژین ، ئایینی مەزدەک زیندوو دەکەینەوە و ئەو کەسانەی لە کۆمەڵ دا بە سووکی و چرووکی جاویان لێ دەکرێ عەزیز و سەرفەراز دەکەین و لە ماڵ و داراییش دا بەرابەری و یەکسانی پێک دینین . لە کۆمەڵگای ئەو سەردەم دا کۆیلە داری دیاردەیەکی باو بوو . هیچ یاسا و دەزگایەک بۆ داکۆکی لە چینی هەژار و بێ سامان ، بوونی نەبوو . فشاری ژیان بڕستی لێ بڕیبوون . شۆرشی خورەمدینان لە باری سیاسیەوە بۆ لابردنی دەسەڵاتی بێگانە کە لە لیباسی ئیسلام دا دەسەڵاتێکی جەبارانە بوو هەروەها سەزادانی چینی باڵادەستی کۆمەڵ بووە بۆیە هەم دەزگای خەلافەت و هەم بەشێکی زۆر لە چینی باڵا دەستی کۆمەل دوژمنایەتی خورەمدینانیان کردووە .

نیهزەتی خورەمدینان زۆر پێش سەرهەڵدانی بابەک وجوودی بووە و دوای بابەکیش چەند سەدەی دیکە هەر بووە . هەوەڵ جار کە باسی خورەمدینان کراوە مەربووتە بە سالی 162 کۆچی ، خاجە نیزامولمولک دەڵێ : لە زەمانی خەلیفەی عەباسی (مێهدی )دا باتنیەکانی گورگان کە پێیان دەکوترا (سرخ جامگان) دەگەڵ خورەمدینان رێک کەوتن و کوتیان ئەبوموسلیم هەر زیندووە ، ئێمە ئەو وڵاتە دەستێنینەوە ، کوڕی ئەبوموسلمیان وەپێش خۆیان دا و بەرەو شاری (ری) وەرێکەوتن. دووهەمین جار کە باسیان دەکا ئەو کاتەیە (هاروون الرشید) لە خوراسان بووە یانی سالی 192 ی کۆچی ، خورەمدینان لە (اصفهان ، ترمدین ، کۆپلە ، ری و همدان )راپەڕین ژمارەیان زیاتر لە سەدهەزار کەس بوو .(بودلف عجلی و عبداللە مبارک) سەردارەکانی هاروون ئەلرەشید دەگەڵیان بە شەڕ هاتن و شکاندیانن و منداڵەکانیان بە کۆیلە بردن و لە بازارەکانی بەغدا فرۆشتیانن . دوای 9 سال لە تێپەڕبوونی ئەو رووداوە لە زەمانی مەئمون خەلیفەی عەباسی دا بابەک لە ئازەربایجان راپەڕی . بابەک کێ بوو ؟ ئەوەی روونە بابەک لە ئاوایی (بلال آباد) سەر بە ناوچەی مە یمە  لە ئازەربایجان لە دایک بووە ، غاڵبی مێژوونووسانی موسوڵمان هەوڵیان داوە نیشان بدەن بابەک لە پەیوەندی نا مەشرووعی ژن و پیاوێکی فەقیر و بێ سامان بە وجوود هاتووە ، دەیانەوێ تەحقیری بکەن و کەسایەتیەکی سووکی لێ نیشان بدەن. ئەوەی روونە دایکی جاوێکی کوێر بووە ، لە سەردەمی منداڵیدا بابی کوژراوە و دایکی بە سەغیری گەورەی کردووە . لە جحێڵیدا هاتۆتە مەنتەقەی نهاوەند و لەوێ بۆتە مەیتەری(شبل ازدی) و لە نۆکەرەکانی ئەو فێری جۆرێک لە موسیقا و لێدانی تەنبوورە بووە . لە 18 ساڵیدا هاتۆتەوە بۆ لای دایکی لە ئاوایی بلال ئاباد لە ناوچەی کوێستانی (بذ) .

(مطهر بن طاهر مقدسی ) دەنووسێ: لەو کوێستانەدا ژومارەیەک خورەمدینی لێ بوو کە دوو پێشەوایان هەبوو و دەگەڵ یەک ئیختلافیا+ن بوو . یەکیان نێوی (جاویدان بن شهرک ) بوو . لە سەفەرێکی جاویدان بۆ ئاوایی بلال آباد بابەکی دیت و وەبەر دڵی کەوت و هێنایەر ریزی نەفەراتی خۆیەوە . ماوەیەک پاش ئەوە جاویدان لە شەرێکی دەگەڵ رەقیبەکەی خۆی (عمران) کردی بریدار بوو دوایە فەوتی کرد ، ژنی جاویدان لێهاتوویی بابەکی دیتبوو بە لایەنگرانی خۆیانی راگەیاند جاویدان پێش مەرگ کوتوویەتی رووحی دەچێتە لەشی بابەکەوە و دوای ئەو بابەک سەروەری ئەوانە و سەرکەوتنی گەورەیان بۆ دەستەبە ر دەکا  دینی مەزدەک سەر دەخا و خەڵکی بێ سامانی وڵات عەزیز و سەر بەست دەکا ، خەڵکە کە بابەکیان قوبوول کرد و سەریان بۆ دانەواند.

هەلبژاردنی بابەک بە سەرۆکی خورەمدینان هاوکات بوو دەگە ڵ سەردەمی گیرو گرفتی جۆراوجۆر کە بۆ مەئموون خەلیفەی عەباسی هاتبووە پێش و نەدەپەرژا سەربابەک ، بابەکیش لە ئازەربایجان بوو لەو دەرفەتە کە ڵکی وەرگرت و بناغەی دەسەڵاتی خۆی قایم کرد و کاری خوڕەمدینانی رێک و پێک تر و پەرەگرتووتر کرد  و دەسەڵاتێکی گەورەی لە ئازەربایجان و دەور و بەری بنیات نا . وەختێک مەئمون دەستی وەبەر خۆی کەوتەوە بابەک زۆر بە هێز ببوو هەر بۆیەش توانی نزیک بیست سال بەربەرەکانی دەزگای خەلافەت بکا و بەشێکی زۆر لە هێرشەکانی سەرداران و لەشکرەکانی مەئمون و موعتەسەم تێک بشکێنێ . مەئمون سەردارێکی خۆی بە نێوی (یحیی بن معاذ بن سلم )لە قەبیلەی شیبانی کردە مەعمووری ئەرمەنستان و ئازەربایجان و سەرکوت کردنی بابەک . یەحیا و بابەک چەند شەڕی قورسیان کرد . یەحیا سەرکەوتنێکی نەبوو ناچارمەئموون (عیسی بن محمد بن ابی خالد )ی ناردە سەر بابەک و سپایەکی گەورەشی کە ناسراو بە (حربیە) بوو دەگەڵ خست ، ئەو سپایە ش شکستی خوارد و بەرەو ئەرمەنستان پاشە کشەی کرد . ئەو شکستە ساڵی 206 ی کۆچی بووە . ئەو جار مامون (زریق بن علی بن صدقە ازدی ) ناردە سەر خورەمدینان ، ئەویش چی بۆ نەکرا . مەئمون بە دوای ئەوانەدا (محمد بن حمید ) طوسی کردە مەئموری سەرکوت کردنی بابەک . محەمەد بن حەمید سەرداریکی گەورە و بە ناوبانگی دەزگای خەلافەت بوو ، زۆر شاعیری عەرەب وەکوو (بختری و ابوتمام طایی) پێیان هەڵکوتووە . محەمەد لە سەرەتادا هێندێک سەرکەوتنی بە دەست هێنا ئەمما لە ئاخردا لە رێگایەکی سەخت و باریک دا لە داویان خست و کوشتیان . ئەو رووداوە ساڵی 214 ی کۆچی بووە و لە

(هەشتا سەر) روویداوە . لە ساڵی 218 ی کۆچی دا خورە مدینان لە بەشە کانی دیکەی ئێرانیش وەکوو ئیسفە هان ، رەی ، ماسبەزان ولورستان سەریان هەڵێناوە و وێدەچێ بە ویست و پشتگیریی بابەک بووبێ بەڵام شۆڕشی ئەو بە شانە لە شەڕێکی خوێناویدا کە بەینی خوڕەمدینان و سەرداریکی موعتەسەم خەلیفەی عەباسی بە نێوی (اسحاق ابراهیم بن مصعب)رووی دا بە شکان و کوشتاری گەورەی خورەمدینان تەواو بوو . شومارەیەکی زۆر یشیان لێ گیرا و ژن و منداڵیان لە بازاری کۆیلە فرۆشی بەغدا دا بە فرۆش چوون . دەڵێن شومارەی کوژراویان بێجگە لە گیراو نزیکەی سەد هەزار کەس بووە .

بە هاتنە سەرکاری موعتەسەم خەلیفەی عەباسی سەرکوت کردنی شۆڕشی بابەک شێلگیرانە تر لە هەمیشە درێژەی پەیدا کرد . موعتەسەم یەک لە سەردارانی گەورەی خۆی بە نیوی (خیذر بن کاوس )ناسراو بە ئەفشین کە لە دەسترویشتوانی ناوچەی فرغانە بوو دیاری کرد و سەردارێکی دیکەشی بە نێوی (ابو سعید محمد بن یوسف طایی تغری) دەگەڵ خست . لە شەڕێکی گەورەدا کە لە ساڵی 220ی کۆچی دا بەینی بابەک و ئەفشین لە شوێنێک بە نێوی (ارشق) روویدا ، بابەک شکستی خوارد و دەستی لە ناوچەکانی ئەردەبیل و بەرزەند هەڵگرت و بەرەو دەشتی موغان و قەڵای (بذ) کە ناوەندی رێبەرایەتی خۆی بوو پاشەکشەی کرد . ساڵی 221 ی کۆچی لە ناوچەی هەشتا سەر بەینی یەک لە سەردارانی ئەفشین بە نێوی (بغای بزرگ) و بابەک شەڕێکی قورس روویدا کە شکستی (بغا) ی لێکەوتەوە ، لە باقی شەڕەکانی دیکە دا بابەک شکستی خوارد . سالی 222 ی کۆچی موعتەسەم یەک لە سەردارانی خۆی بە نێوی (جعفر بن دینار الخێاط ) ی ناردە یاریدەی ئەفشین و بە دوای ئەویش دا غولامی خۆی (ایناخ) ی بە سی ملیۆن درەمەوە بۆ خەرج کردن لە شەڕی بابەک دا بەڕێ کرد . وادیارە دوای بیستنی ئەو خەبەرە بووە کە بابەک نامەی بۆ (نئوفیل) ئیمپراتوری رۆم نووسیوە و هەوڵی داوە بۆ شەڕ دەگەڵ خەلیفە هانی بدا بەڵکوو لە فشاری هێزەکانی خەلیفە بۆ سەر خۆی و ناوچەکەی کەم بکاتەوە . لەو نامەیەدا بۆ ئیمپراتوری رۆمی نووسیوە :

پادشای عەڕەب هەموو لەشکرەکانی خۆی تەنانەت (خیاط) چەعفەرئەلدینار و (طباخ) ی خۆشی ئیناخ بۆ شەڕی من ناردووە و دەربارەکەی چۆڵە  و ئەگەر بتەوێ هێرش بۆ ئەوێ بکەی کەس نیە پێشت پێ بگرێ . لە کۆتایی شەڕەکان دا بابەک شکا و قەڵاکەی و ژن و منداڵی کەوتە دەست ئەفشین و بە دیل گیران ، بۆخۆی و براکەی و چەند کەسێک بە کەڵک وەرگرتن لە دار و جەنگەڵ و کوێستانی مەنتەقە پاشەکشەیان کرد و لە چۆمی ئەرەس پەڕینەوە و بەرەو ئەرمەنستان رۆیشتن . لە ئەرمەنستان (سول بن سنباط ارمنی) لە دەست رۆیشتوانی ناوچە و هاوئایینی بابەک خۆی وەفادار نیشان دا و بابەکی بردە ماڵی خۆی و بە دزی خەبەری بە ئەفشین دا بابەک لەوێیە ، رۆژێک کە هێزەکانی ئەفشین لە شوێنێک کەمین یان کردبوو ، سەنبات بە فێڵ بابەکی بۆ راوکردن بردە ئەو شوێنە ، لەوێ لە ناکاو گەمارۆ درا و گیرا و بردیانە شوێنی فەرماندەریی ئەفشین .

ئەفشین لە پاداشی ئەو خزمەتەدا سەدهەزار درەمی دا بە کوڕی سەنبات و ملوێنێکیشی بۆ سەنبات لە موعتەسەم وەرگرت و کەمەربەندێکی گەوهەر نیشان و تاجێکی سەران و سالارانی بۆ نارد . ئەفشین لە مانگی سەفەری سالی 223 ی کۆچیدا بابەک و عەبدولای برای بابەکی بە دیلی هێنا شاری تازە سازکراوی سامەڕا . کاتێک ئەفشین گەیشتە پردی خەلیفە ، کوڕەکان و بنەماڵەی موعتەسەم هاتنە پێشوازی . ئەفشین بابەکی بردە کۆشکی خۆی لە (مطیرە) سبەینێ موعتەسەم بە رەسمی لە دەربار دانیشت و خەلکێش لە بابئەلعامە ڕا تا متیرە بە ریز سەفیان بەستبوو . بە فەرمانی موعتەسەم بابەکیان سواری فیل کردبوو هێنایانە کۆشکی خەلافەت . جەللادی بابەک بە دیل گیرابوو موعتەسەم دەستووری دا هێنایان ، حوکمی لێکرد دەست و لاقی بابەک بپەڕێنێ پاشان سەری ببڕێ و زگی بدڕێ . سەریان بۆ خوراسان بەڕێ کرد ، دەگەڵ عەبدوڵلای براشی هەروایان کرد . دەڵێن کاتێک جەللاد دەستی راستی بابەکی پەڕاند بە دەستەکەی دیکەی خوێنی خۆی لە سەر و چاوی هەڵسوو . لێیان پرسی بۆ وادەکەی ، کوتی لە بەر ئەوەی ئەگەر خوێن لە لەش رۆیشت رەنگ سپی هەڵدەگەڕی ، با کەس وانەزانێ لە ترسان رەنگم پەڕیوە . دوای کوژرانی بابەک خورەم دینان لە قەڵا و جێگا سەختەکانی خۆیان هەرمانەوە و بە بێ راپەڕینی ئاشکرا بە نهێنی خە ریکی بڵاو کردنەوەی ئایینی خۆیان بوون .

(خواجە نظام الملک) لە سیاسەت نامە دا دە نووسێ : خورەم دینان لە زەمانی (واثق باللە) خەلیفەی عەباسی دا لە وڵاتی ئیسفەهان راپەڕین و تا ساڵی سێسەدی کۆچی یانی نزیکەی سی و چەند ساڵ فیتنە کەیان بەردەوام بوو . (ابو علی مسکویە ) لە کتێبی (تجارب الامم ) دا دەنووسێ : عیمادئەلدەولە پادشای آل بویە ساڵی 321ی کۆچی دەستی بە سەر قەڵای خورەم دینان داگرت کە لە دەوری شاری کەرەج هەڵکەوتبوون . هەر لەو کتێبە دا لە باسی رووداوەکانی سالی 360 ی کۆچیدا دەڵێ : عە زدولدەولەی دەیلەمی لەشکری بردە سەر ئەو خورەم دینانەی لە خەلیجی فارس دا رێگرییان دەکرد ، سەرکردەکەیان بە نێوی (ابوعلی بن کلاب) گیرا و کوژرا و بۆخۆشیان قەتل وعام کران و شومارەیەکیشیان وەکوو کۆیلە رەوانەی شاری شیراز کران ، ئەوە مەعنای وایە خورەم دینان تا سالی 360 ی کۆچی یانی 138 سال دوای زەمانی بابەک لە فارس و دەوروبەری خەلیجی فارس هەر هەبوون . (محەمەد عەونی ) لە کتیبی (جوامع الحکایات و لوامع الروایات ) دا دەڵێ : سالی (529/512) خورەم دینان لە ئازەربایجان هەر هەبوون و لەوێ سەربزێویان دەکرد یانی 278 سال دوای کۆتایی هاتن بە کاری بابەک خورەم دینان لە ئازەربایجان هەر دژایەتی دەزگاای خەلافەتی عەباسیان کردووە و تا نێوە ڕاستەکانی سەدەی 6 ی کۆچی لە ئازەربایجان هەر ماون.

سەرچاوەکانی ئەو باسە

  1. قیام و نهضت علویان زاگرس   “محمد علی سلطانی ”    
  2. اسلام در ایران    “پطروشفسکی”
  3. دو قرب سکوت    “دکتر عبدالحسین زرین کوب”
  4. قهرمانان ملی ایران    “عبدالرفیع حقیقت”
  5. سیاست نامە     “خواجە نظام الملک”
  6. الکامل    “عزالدین  ابن اثیر”  
  7. شاهنامە فردوسی متن کامل  ” فردوسی”

datafixare

نویترین هەواڵ و بابەت