"an independent online kurdish website"

سه‌باره‌ت به‌و باسه‌ با له‌و چه‌ن دێڕه‌ بڕوانین:

{له‌ یادی 51 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌دا

ده‌قی ووته‌کانی هاورێ ئیبراهیم عه‌لیزاده‌ به‌ بۆنه‌ی 26ی رێبه‌ندان رۆژی کۆمه‌ڵه‌ که‌ به‌ شێوه‌ی ئان لاین له‌ ته‌له‌ویزیونی کۆمه‌ڵه‌ و له‌ تۆره‌ کۆمه‌ڵایه‌تیکانه‌وه‌ بڵاو بۆه‌وه‌.

(کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان

به‌ بۆنه‌ی یادی 51 ساڵه‌ی دامه‌زرانی کۆمه‌ڵه‌ و 42 ساڵه‌ی داگیرسانی مۆمی ئاشکرابونی، پڕ به‌ دڵ پێرۆزبایی له‌ تێکۆشه‌رانی رێبازی کۆمه‌ڵه‌ و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ده‌که‌م، سلاو بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ پێناوی ئه‌و ڕێبازدا، له‌ هه‌موو سه‌نگه‌ره‌کانی خه‌بات، له‌ مه‌یدانی نه‌به‌ردی پێشمه‌رگانه‌ و یا له‌ زیندانه‌کانی رژیمی کۆماری ئیسلامیدا گیانیان به‌خت کرد. سڵاو بۆ بنه‌ماڵه‌ی خۆڕاگر و سه‌ربارزیان، سڵاو بۆ یادی کاک حه‌مه‌ حۆسینی که‌ریمی له‌ دازرێنه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ که‌ ئه‌و رۆژه‌ هاوکاته‌ ….)}.

**

به‌ڕیز ئیبراهیم علیزاده‌ له‌و باسه‌دا ئاماژه‌‌ به‌ (42) ساڵ و (51) ساڵ ته‌مه‌نی کۆمه‌ڵه‌ ئه‌کات. ئه‌و مێژووانه‌ دوورن له راستی! بۆ ئه‌وه‌ی کاتتان زۆر نه‌گرم به‌ کورتی ئه‌ڕۆمه‌ سه‌ر مێژووی کۆمه‌ڵه‌.

رۆژی (15/2/1979 = 26/11/1357) که‌سێک به‌ ناوی (حه‌ممه‌ حسین که‌ریمی) که‌ روژی (11/2/1979 = 22/11/1357 له‌ خۆپیشاندانه‌کانی شاری (سه‌قز)دا بریندار ببوو، ماڵئاوایی له‌ ژیان کرد. پاش بڵاو بوونه‌وه‌ی مه‌رگی کاک (حه‌مه‌ حسین که‌ریمی) رێکخراوه‌یه‌کی سیاسی به‌ ناوی (کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان ئێران) به‌ ئاشکرا شانبه‌شانی حیزب و رێکخراوه‌ سیاسییه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ده‌ستی کرد به‌ چالاکی. کۆمه‌ڵه‌ گه‌لێ کاری گرنگی ئه‌نجامدا نموونه‌:

1 – رابه‌رایه‌تی مانگرتنی یه‌ک مانگه‌ی خه‌ڵکی سنه‌، به‌دژی هه‌بوونی سپای پاستارانی له‌ شاری سنه‌، که‌ مانگرتنه‌که‌ سه‌رکه‌وتوانه‌ کۆتایی پێهات.

2 – به‌شداریکردن له‌ ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی کورد بۆ راپه‌ڕاندنی کاره‌کانی کوردستان

3 – دامه‌زراندنی یه‌کێتی جوتیارانی کوردستان

**

رابه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ باسی 9 ساڵ چالاکی سیاسی نهێنی خۆیان ئه‌که‌ن که‌ له‌ ده‌ورانی محه‌ممه‌دره‌زا په‌هله‌وی شای پێشووی ئێران، ئه‌نجامیان داوه‌. به‌پێی دێکۆمێنته‌کانی {(کۆنگره‌ی یه‌که‌می کۆمه‌ڵه)‌ که‌ به‌ڕێز ساعد وه‌ته‌ندوست پاش ده‌یان ساڵ له‌ چوارچێوه‌ی کتێبکدا چایان کرد، کۆمه‌ڵه‌ له‌ ئێراندا ناوبانگی نه‌بووه‌ و که‌س نه‌یناسیوه‌ و له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یش‌ بوون که‌ {کاروچالاکی داهاتوویان له‌ (دێهاته‌کانی) کوردستاندا ئه‌بێت}، به‌ڵام به‌سه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ سیاسییه‌ دژواره‌ی که‌ له‌ ئێراندا بوویانه‌ پاش {چه‌ن مانگ چالاکی له‌ هاوینی ساڵی 1358) به‌ ئیدئۆلۆژی (یه‌کێتی جوتیارانه‌وه‌) ئه‌که‌ونه‌ بیری پێکهێنانی (حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) بۆ ئێرانێ که‌ خه‌ڵکه‌که‌ی کۆماری ئیسلامی هێناوه‌ته‌ سه‌رکار}.

رابه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ له‌و ماوه‌دا که‌ هه‌وڵیان ئه‌دا بۆ پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، له‌ ریزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌دا رایان گه‌یاند: (هه‌ر پێشمه‌رگه‌ و ئه‌ندامێکی کۆمه‌ڵه‌‌ ئازاده‌ دیدوبۆچوونی خۆی سه‌باره‌ت به‌ دروستکردنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران باس کات. وه‌ک نووسه‌ری ئه‌م چه‌ن دێڕه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ێکی (A 4)دا دیدوبۆچوونی خۆم سه‌باره‌ت به‌ زیانی دروستکردنی (حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) بۆ شۆڕشی کوردستان، به‌یان کرد.

رابه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ و پێشمه‌رگه‌کانی پاش (4 ساڵ و 7 مانگ)‌ چالاکی ئاشکرا له‌ رۆژی (2/9/1983 = 11/6/1362) (حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)یان دامه‌زران، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و حیزبه‌ پێگه‌ و بنه‌ماێکی (ئێرانییه‌تی) هه‌بێت (کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران)یان له‌ناو برد، خۆیان فه‌رموده‌نی: (کۆمه‌ڵه‌ را منحل مینیمایم)، پاش له‌ناو بردنی کۆمه‌ڵه‌ رێکخراوه‌ێکیان سازکرد به‌ناوی (سازمان کردستان حزب کمونیست ایران) و رایانگه‌یاند به‌ هۆی ئه‌وه‌ی ناوی (کۆمه‌ڵه‌) له‌ کوردستاندا (خۆشه‌ویسته‌) ناوی کۆمه‌ڵه‌یشی بۆ به‌کار ئه‌به‌ین.

بۆ روونبوونه‌وه‌ی مێژووی کۆمه‌ڵه‌ له‌ باری ماف (حقوق) پێویسته‌ له ناوه‌رۆکی سیاسی ئه‌و دوو رێکخراوه‌ بکۆڵینیه‌وه‌:

1 – (کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران)

2 – (سازمان کردستان حزب کمونیست ایران) =

رێکخراوه‌ی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمه‌ڵه‌

یه‌که‌میان باسی رێکخراوه‌ێک ئه‌کات که‌ پێوه‌ندی به‌ زه‌حمه‌تکێشانی (ناوچه‌ێکه‌وه‌) هه‌یه‌.

دووهه‌میان باسی رێکخراوه‌ێک ئه‌کات که‌ پێوه‌ندی به‌ (حیزبێکه‌وه‌) هه‌یه‌. جیاوازی ئه‌و دوو رێکخراوه‌ بۆ هه‌موو که‌سێ روونه‌ و پێویست به‌ شیکردنه‌وه‌ ناکات.

**

جیاوازی به‌ڵگه‌داری ئه‌و دوو کۆمه‌ڵه‌

با بڕۆینه‌ سه‌ر جیاوازێکی به‌ڵگه‌داری ئه‌و دوو (کۆمه‌ڵه). حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وه‌ک هه‌ر حیزبێ به‌رنامه‌ و پرۆگرامی تایبه‌تی خۆی هه‌بوو. ئه‌م حیزبه‌ که‌ بۆ (ئێران) دروست کرابوو، له‌ کوردستانه‌وه‌ به‌رنامه‌ێک به‌ناوی (آئیننامه‌ نیروی پیشمه‌رگه‌) له‌ چوارچێوه‌ی کتێبێکدا چاپ ئه‌کات و ئه‌رک و یاسا و کارکردنی پیشمه‌رگه‌ دیاری ئه‌کات. یه‌کێ له‌ ئه‌رکه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ئه‌وه‌ بوو (ئه‌بێ بڕوای به‌ به‌رنامه‌ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ببێت).

کۆمیته ‌ناوه‌ندی حیزی کۆمۆنیستی ئێران ساڵی (1984) له‌ (مالومه)‌ که‌ سه‌ر به‌ شاری سلێمانییه‌ و له‌ نه‌خشه‌ی (ئێراق) دایه‌ دوو پێشمه‌رگه‌ به‌ناوه‌کانی (په‌رویز شافێعی) و (فه‌ره‌یدون فاروقی) که‌ هه‌ر دوویان هاوشاری خۆم و خه‌ڵکی سه‌قز بوون و کاک فه‌ره‌یدون یه‌کێ له‌ دۆسته‌کانم بوو بانگ ئه‌که‌ن و یه‌کێ له‌و (آئیننامه‌ نیروی پیشمه‌رگه‌) له‌گه‌ڵ (25) دیار ئه‌ده‌نه‌ ده‌ستیان و ئێژن بڕۆن به‌ (سه‌عی قایشی) بێژن به‌ هۆی ئه‌وه‌ی بڕوای به‌ حیزبی کۆمۆنیستی ئێران نییه‌ ئه‌بێ بڕوات و تفه‌نگ و شته‌کانی دیکه‌ که‌ هی حیزبن لێی وه‌رگرن و ئه‌و (25) دیناره‌یشی پێبه‌ن با بۆ ماوه‌ێک پێی بژی. کاک په‌رویز و کاک فه‌ره‌یدون ئه‌و ئه‌رکه‌ی که‌ حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆیانی دیاری کردبوو، موو به‌ موو ئه‌نجامیاندا.

**

حیزبی ره‌ستاخیزی میلتی ایران

(محه‌ممه‌دره‌زا) شای پێشووی ئێران له‌ (11 /12/1353) حیزبێکی دروست کرد به‌ناوی (حزب رستا خیز ملت ایران) له‌ ماسمێدیای ئه‌و ده‌ورانه‌ به‌و جۆره‌ باسی ئه‌و حیزبه‌ ئه‌کرا، ئه‌بوو هه‌موو که‌سێ بڕواته‌ ناو ئه‌و حیزبه‌وه‌، هه‌ر که‌س نه‌چێته‌ ناو ئه‌و حیزبه‌ ئه‌بێ له‌ ئێران بڕواته‌ ده‌ر. له‌و ماوه‌دا ئاماژه‌ به‌و کرا که‌ (که‌سێک که‌ نه‌ویستووه‌ بچێته‌ ناو حیزبی ره‌ستاخیر، به‌ ناچار ئێرانی به‌جێ هێشت و چوو بۆ چین) هه‌واڵی ئه‌و که‌سه‌ نه‌ چوو بۆ چین، رادیۆ (BBC)‌ بڵاوی کرده‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌م به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌ که‌ ئاماژه‌ به‌ رۆژ و مانگ و ساڵه‌که‌ی بکه‌م.

حیزبه‌که‌ی شاه‌ له‌ تارانه‌وه‌ ئه‌و که‌سه‌یان ده‌رکرد، به‌ڵام حیزبه‌که‌ی رابه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ له‌ (مالومه‌)وه (سه‌عی قایشی) ده‌رئه‌که‌ن. ئه‌وه‌یه‌ جیاوازی ئه‌و دوو کۆمه‌ڵه. ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ی که‌ رۆژی (15/2/1979 = 26/11/1357) ده‌ستی کرد به‌ چالاکی و (4 ساڵ و 7 مانگ)‌ ته‌مه‌نی بوو ئه‌و (آئیننامه‌ نیروی پیشمه‌رگه‌)ی نه‌بوو!

ئه‌وه‌ کارنامه‌ و رێبازی سیاسی {(سازمان کردستان حزب کمونیست ایران) = رێکخراوه‌ی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانه‌ که‌ ‌ناوی (کۆمه‌ڵه)}کراوه‌ به‌ پاشکۆی و ته‌مه‌نیشی له‌ رۆژی (11/6/1362) ه‌وه‌ ده‌س پێئه‌کات و به‌ڕێز ئیبراهیم عه‌لیزاده‌ و هه‌ر که‌سێکی دیکه‌ ئه‌توانێ ئاماژه‌ی پێبکات.

به‌و هیوایه‌ رووداوه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان وه‌ک خۆیان بخرێنه‌ به‌ر ده‌س خوێنه‌ر و بینه‌ر و بیسه‌ر تا تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ به‌ جوانی ئاگاداری باسه‌کان ببن.

14/4/2021

سه‌عی سه‌قزی

Sai.saqzi@gmail.com

datafixare

نویترین هەواڵ و بابەت