"an independent online kurdish website"

لێبوردەیی بەرزتـریـن تـایبەتمەنـدی مـرۆڤەکانـە و پـێویستی بـە بـوێـری تایبەتیترە، بەرژوەندی گەلیش لە پێشەوەی هەموو بەرژەوەندیەکانە. بۆیە دەبێ قوربانی بۆ بدەی.

 باوەڕم وایە ئەوانەی لە ڕەوتی خەبات و تێکۆشاندا چیان دیـوە و کردەوە وەک ئەزمون هەرچەند خواروخێچ و کەم و کوڕێشیان هەبێی بە شێوازی خۆیان بیخەنە بەر دیدی خەڵک. خوێنەرانییش، بـە چاویی کراوە و نیازی پاکەوە لێی ڕامێنن، ئەگەر شتێکیان نەزانیبێی یان لەبیریان چوبێی فێریان بکەن و وەبیریان بێننەوە. من ئیمانم بە فێربون هەیە تەنانەت لەوانە کە لە کەمزانانیش بن .

دێمە سەر باسەکە و دەڵێم: ئەوەی لـە خوارەوە دەیخوێننەوە کورتـە ئـاوڕ دانەوەیێکە لە ڕابردو، بە مەبستی هێنانە گۆڕی چەند پرسیارێک کە تا ئێستاش وڵامیان نەدراوەتەوە. وەک:(١) ئێمە چی لەو رابردوە فێر بوین؟ ( ٢) ئەرێێ لەو هەموو کەوتن و هەستانەوانە چ دەرسێکمان وەرگرتوە ؟ (٣) ئێمە کە خۆمان بەوەدیهێنەری ئامانجی شەهیدان دەزانین لەو بوارەدا گەیشتوینە کوێی؟ ( ٤) ئەو قۆرتانەی هاتنە سەر ڕیگامان داخوا نـاسیمانن تا پێیان دا نەڕۆینەوە؟! (٥) ئەرێی مـێژو هەر بۆیە دەبێی بینوسی و لەسەر تاقەی دابنێی، یان دەبێێ بیخوێنیەوە و ڕابردوو وەبیر بهێنـیەوە وهـەلـەکان دەست نیشان بکەی و دووپاتیان نەکەیەوە ؟( ٦) ئێمە زۆر گلە و گازندەمان لە پێشینان هەیە، دەڵێین بـۆ وایـانکردو دەبو ئاوایـان کردبایە! داخوا ئێمە چیمان کردوە و چیمان پێیە؟! ( ٧) پێشینانمان کومار و هـێزی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان وحیزبی دێمۆکڕاتیان بـە هەموو کەمو کوڕیـەکانیشەوە، بۆ ئێمە بە چیی هێشتوە، پێم نـاڵێن: ئـێمە چیمان هەیـە بـۆ نەوەی نـوێی بەجێی بێڵین؟! بە هەرحاڵ پرسیار زۆرن، ڕەنگە بە دۆزینەوەی وڵامی ئەوانە وڵامی زۆرتریش بدرێتەوە .    

لـە سەرەتای دەست پـێکردنەوەی چالاکی ئاشکرای حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ژیر دەستی ئێران لە چەند کۆنگرەی ئەو حیزبەدا بەشدار بووم. لە ڕوانگەی منەوە کۆنگرەی چـوار و هـەشت { ٤ و ٨ } سەرنج ڕاکێش ترینیان بوون. دەگەڵ ئەوەی ناوەرۆک و باسەکانی ناو کۆنگرە زۆر ئازادانە و ڕاشکاوانە و بە پێز بوون، بەڵام دوای کۆنگرە ڕوو داوی قورس و زیان بـاریـان لێکەوتەوە کە زۆر گران لـەسەر حێزب بونە ماڵ. بەشکی زۆری کار و تیکوشان و ئەنێڕژی کادر و بەڕێوەبەر و پێشمەرگە و ئەندامان، بە جێگای بیر کردنەوە بـۆ داڕشتنی بەرنامە بـۆ بـەرەنگاری دوژمـنان، سەرقاڵی دۆزینەوەی دەرمانی ئەو نـەخۆشیە بـوویـن کە خۆمانە بەدیاریان هێنابـوو. دیارە وەک شێوازی هەر ڕووداوێک هەمـوشی نەرێنی نـەبـوون، بەڵکو قازانج و ئەزمونیشیان بـۆ حیزب بەجێی هێشت. من لە نیزیکەوە زۆرێک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی حیزب لەوێڕا تا ئێستا ناسیوە و دەناسم. بەخۆشیەوە زۆریان لە ژیـان دان و هێندێکیان شەهید بـوون و هـێندێکیش دانیشتوون یـان بۆ لایتر چوون. چینێکی نوێش هاتۆتە کایەوە و کەلەبەرەکانیان پڕ کردۆتەوە. هیوادارم لە مێژوی ڕابردوی حێزب پەند وەرگرین و هەڵەکانی ڕابردوو دووپات نەکەینەوە. هاوارەکەشم بۆ ئەوەیە ئەو ڕوداوە تاڵانەی لە ڕابردودا دیتم لە داهاتودا نەیان بینمەوە.

کۆنگرەی (٤ )ـ دوای تەواوبوونی ئەو کۆنگرەیە تاقمی( ٧) کەسی سەری هەڵداو دەستەیـەکی کادری بـاشی حیزبیان ڕەگەڵ کەوت. نـامەوێێ بـچمە قـوڵایی بـابەتـەکە تـەنـیا دەڵـێـم: ئـەوە پـیـلانی حیزبی تـودە بـوو، بـۆ حیزبی دێـمۆکڕاتی داڕشتـبوو. دەیـەویست تـۆڵـەی ئـەوە لـە قاسملو بکاتـەوە کە نـەیـهێـشتووە حـیزب لکی کوردستانی تـودە بێی، حیزبی دێمۆکڕاتی ڕۆژ هەڵاتی کوردستانی جیا کردۆتەوە، زۆربەی کادرو ئەندامانی کوردی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. بە بڕوای من داگیرکەرانی کوردستان، بە فارس و تورک و عەڕەبیانەوە لە وشەی سەربەخۆیی زەندەقیان چوە و هەرگیز بە کوردی ڕەوا نابین، ئـەوانـە لـە بـەرانـبەر کوردا یـەک قسە و هـەڵــوێستن و دوژمـنی سەربەخویی کوردن و لە دەرفەتی لەباردا هەموو ناکۆکیەکانیان وەلا دەنێن، گەلە کۆمەگی لـە کورد دەکەن وەک لـە شـازدەی ئـۆکتۆبــر لـە کەرکوک کرا. لەبەر ئەوەی حیزبی تودە حیزبی بە هێزی چەپی ئیران و ڕیبەرەکانی فارس بوون و میژوش نیشانی داوە، فارسەکان بەهەر ئیدە و ئایینێکەوە تەنیا کوردیان وەک نۆکەر و گوێلەمستی خۆیان قبوڵـە و لـەوە زیاتـر مافێکی پێ رەوا نابینن، نـەیـان دەتـوانی ئـەو هەڵـوێستە بـەجێیەی قـاسملوو هـاوڕێیانی قبوڵ بـکەن. هـەلـومەرجێکیش لـە ئـارادا بـوو جگە لە پیلانگێڕی چێتریان دەگەڵ حیزب پێنەدەکرا. هەر بۆیە ئەو نەخشە شومەیان دابەزاند و زیانێکی زۆریان بە حیزب گەیاندو ڕەوتی شۆڕشەکەیان بۆ ماوەیەک شـلکردەوە وڕیبەرانی ئەو تاقمە سەریان لە حیزبی تودە دەرهێنا و هەیانـبوو لـە ڕێـوە پلەی ئەنـدامی دەفـتەری سیاسی حیزبی تـودەشیان پـیـدرا. بـەڵام زۆری نەخایاند کەفوکوڵیان نیشتەوە و کاڵەم دڕاو هیچم پێنەبڕا، لێک بـڵاو بـوون ـو هێندێکیان هاتـنـەوە لای حیزبی دێمۆکڕات و ئـیـتـر شتێک بە نێوی (گروهی حەوت کەسی) نەما. ئەو مەسەلەیە دەگەڵ هەموو زیانەکانی ئـەزمونێکی باشی بۆ کورد تێدا هەبوو، ئەگەر وەرگیرا بێێی! کورد جوانی كوتوە: (گوێـلکی خەڵکی هەر گوێلەوسارت پێدەمێنێ).

کۆنگرەی هەشتی (٨) حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ئەو کۆنگرەیە لە شاری سولەیمانی بەڕێوە چوو هەر لە دەسپێکی ڕا جم و جۆڵێک لە ئارادا بوو، نەخشە و پـێلانێکی کار لە سەرکراو داڕێـژرا بـوو کە بـۆنی ڕوودانی هەڵـوێـستێکی نـەخـوازراوی لێدەهات. هەمومان دەزانین ئەگەر کەسێک یان کەسانێک بیان هەوێ کارێک بکەن نەکراو بێ بیانوو و پاساوی بۆ دەدۆزنەوە. بیانوی ئەمجارە (لیستەی فیکس) بوو. بەڵێ کۆنگرە بە شێوەی ئاسایی خۆی بەڕیوە چوو، ڕاپۆرتی کومیتەی ناوەندی و بڕیارە پێشنیار کراوەکان بـە تێرو تـەسەلی قسەیان لەسەر کراو سەرئـەنجام بە زۆرینەیەکی بەهێز پەسند کران لە حیزبیش دا ئـەرکە پـەسندکراوەکانی کۆنگرە دەبێ مـوخالیف و مـوافق بەڕێوەی بەرن. تا ئیرە ڕەوتەکە ئاسایی بوو. نۆرە گەیشتە هەڵبژاردن. بۆ هەڵبژاردن دوو ڕیگا هەبوو یـان وەک پێشوو ئەندامانی کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردرین، یان بە لیستەی فیکس؟ ئەو بەشە قسە و باسی زۆری لەسەر کرا، موخالیفەکان ماوەی زۆرتـریان پێدرا قسەی لـەسەر بکەن کە کردیاـن. سەرئـەنجام بـە دەنـگی زۆرایـەتـی لیستەی فیکس پەسند کرا. لیستەکە پێشنیاری شەهید دوکتور قـاسمـلو بوو.

کورت بیبڕمەوە کۆنگرە دوایی هات، بەڵام نیگەرانی لە نـاو هەردوک لادا دەبیندرا. ئوسولەن دوای کۆنگرە ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکڕات دەست دەکا بە ڕێکخستن و دیاری کردنی ئـەرک و کار بـۆ ئـەنـدامانی کومیتەی ناوەندی و هیتر. دوای کۆنگرە زۆری نـەخایـانـد زۆرێـک لـە کـادر و پێشمەرگە لە ژێر ناوی حیزبی دێمۆکڕات ڕێبەرایەتی شۆڕشگێڕ جـیـا بونەوەی خۆیان لە حیزب ڕاگەیاند و یـەکەمین بنکەیـان لـە ڕانیە لـە مەقەڕی (موجاهیدین ) بوو! ئەو جیابونەوەیە، لە لایەن حیزبەوە ناوی لادانی لێنراو و بە (لاەدران) نـاودێـر کران. زۆر بە زوویی شەڕی سارد بە توندی بە زمان و قەڵەم دەستی پێکرد، بە جۆرێک پـڕوپاگەندەی ژاراوی بە دژی یەکتری گەرم ببوو، لە ڕەوتی ئاسایی تێپەڕی و شەڕی گەرمی هەڵاییساند. برای هاوبیر و هاوخەبات بوونە دوژمنی بابە کوشتەی یەکتر. جا خۆ لە دوژمن و نەیارانیش گەڕێی بەردەوام لە هەوڵی گەرمتر کردنی شەڕەکە دابوون، کوڵو کۆی خۆیان بە حیزبی دێمۆکڕات دەڕشت. چەپەکان وەک کۆمەڵـە و چریکەکان و هـیتر، بوون بە خەمخۆر و دڵسۆزی بە خەیاڵ غەدر لێکراوەکان و فرمێسکی حەرامیان بۆ دەڕشتن. بۆ خراپترو قوڵترکردنی برینەکە دریغیان نەدەکرد. بە کورتی ئەوەی نـەدەبوو بکرێێ کرا! ئەوەی نەدەبوو بکوتری، کوترا ! سەرئەنجام پاش چەند ساڵ لەو دوژمنایەتیە دروستکراوە، هەردوک لا بڕیاری تێکەڵ بـونـەوەیـان دا. دەبێی بـڵێم: هێندێک جار عەقڵ و زانست هیچیان پێناکرێی بەلام جەبر هێندێک شت بە پیاوی دەکا !! ئەو یەکگرتنەوەیە بوو بە هۆی خۆشی و شادی گەلەکەمان دۆست و لایەنگرانی حیزب، هیوا ژیانەوە. لە زۆرشوێن جێژن و شایی بەڕێوە چوو. لـە بیرمە کومیـتەی هولەندیش جێژنێکی بە شکۆی گرت. لەو جێژنەدا بێجگە لە بەڕێوەبەرانی جێژنەکە بـەڕێز کاک مستەفای شەڵماشی و منی دوعاگۆتان ئیزنی قسە کردنـمان پێدرا. کاک مستەفا شێعری بۆ دانابوو زۆر بە گەرمی وخۆشی بـاسی لەو یەک گرتنەوە کرد. نۆرە گەیشتە من، پـیرۆزباییەکی ڕخنەگرانەم لـەو یەک گرتنەوە کرد، ڕەخنەکەم لەبەر ئەوە نـەبوو دژی بـم، بـەڵام دڵم بـۆی دەسوتا و نیگەران بووم کوتم: ئاواتی ئێمە ئەوەیە نەک دوو بەشی حیزبێک یـەک بگرنـەوە، بـەڵکو حەز دەکەم هەمـوو حیزبـە کوردستانیەکان لـە بەرەیەکی یەکگرتودا کۆببنەە و وەک یەک هێز بـەرنگاری داگیرکەران ببـنەوە و بۆ هەتایە کوردستان و کورد ڕزگار بکەن. یەکبونەکەمان ئەرکە و زۆریش پێویست و بەجێیە، چونکە دوژمنەکەمان یەکە. هـیوادارم ئەو یەکگرتنەوە لەسەر بناغەیەکی پتەو کرابێی و جارێکیتر توشی ئەو نەخۆشیە نـەبینەوە! وای لێنەیـە، بـەو دەستانەی چەپـڵەی پێی لێدەدەیـن، بـەسەری خۆمان دادەین و بـڵێێن: بۆچی دیسان ماڵی خۆمان وێران کردەوە؟! مخابن ئـەو قسەی من کەوتـە بـەر ڕەهـێڵەی ڕەخـنەی هــێندێـکان، بـەڵام ڕەوتی زەمان سەلماندی کە نیگەرانیەکەم بێ لێوردبونەوە نـەبوو. ئـەو جارەش حیزبی دیمۆکڕات دابـەشکراوە.

من نـەمـزانی بـوو، دیـسان حیزبـیـان بـەش کردۆتەوە. ئەو بـرا خۆشەویستەم کە لـە دڵسۆزیـەوە ئەودەمی ڕەخـنەی لێگرتم و گلەیی برایانەشی لێکردم،کوتی بمبورە ئەتۆ ڕاستت کرد، خۆ لادەر دیسانیش جیا بـونەوە! بـە بـۆچونی من ئـەو جارەیان ئەوەی وەک قـارەمـانی یەکگرتنەوە خۆی پێناسە دەکرد و شانـازیشی پـیوە دەکرد، کە بۆ شانازیش دەبوو، ئەو جارەیان خۆی ئەندازیاری ئەو جیابـونـەوەیـەیـە! ئەگەر جەبـر وێکیان نـەخـاتـەوە لـەوانی پـێشی مەتـرسیـدارترە. ئەودەمی ناوەکان دیار بوون و لـێک دەکرانەوە . ئەودەمی نەک ڕەخنە بەڵکو جنێوی ناحەزیش بە قاسملوو شەڕەفکەندی دەدرا، مخابن ئەو جارەیان هەردوکیان هەر دێمۆکڕاتن بەبێی پاشتەرک و پێشتەرک، وێنەی قـازی و قـاسملوو شەڕەفکەنـدیشیان لـە پـشت سەری خۆیـان هـەڵـواسیـوە، خەڵک نـازانـن چۆنیان لێک بکەنەوە. بۆیە ئەگەر باسی حیزبت دەگەڵ خـەلکە کەی خـۆت یـان کەسـیتر کرد، بـە تـەوسەوە لـێت دەپـرسن ئی مـەلا، یـان ئی مستـەفا ؟!! وادیارە ئەو نەخۆشیە واگیرە! ئێمەش لە پارتی و یەکیەتیمان گرتۆتـەوە!! داخێک و هـەزار مخابن دەرسمان لـە جیابـونـەوەکانی پێشوو وەرنەگرتـو دووپاتمان کردونەوە. کورد کوتەنی ( ١و٢و٣ هاتینەوە سەر حولـە مـەرەسێ) ئێستا مـاڵـەکەمان کـەلـەبـەری تــێدان و تـەپـو تـۆز و گێژەڵوکەی دوژمنان بە هاسانی سەری پیدا دەکا، نەیارانی سیاسی تانە و تەشەرمان لێدەدەن و دوژمنی ڕاستە قینەشمان پێی سەرخۆشن و چەپڵەی شادی لێدەدەن.

نامەوێی ببمە قازی گۆپاڵ و بێدادگایی حوکم بەسەر ئەم و ئەودا دەربکەم، بەڵام هەموو کەسێکی سیاسی و ئاشنا دەگەڵ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ژێردەستی ئێران تەنانەت ڕێبەر و پێشمەرگە و ئەندامان دەزانن لەو هەموو جیابونەوە و ڕۆیشتن هاتنەوانـەدا جگە لـە دوژمن و نەیاران کەس قازنجی نـەکردوە و هـیچ دەسکەوتێک نـەسیبی کەس نەبووە! تـەنیا حیزب زیانی پێگەیوە. ڕێبەرانـیش دەگەڵ ئەو ڕەوتە ئەملا و ئەولایان کـردوە. بیانەوێ و نەیانەوێ لە ئێعتیبار و کەسایەتی ئەوانیش کەم بۆتەوە. پرسیاری بنەڕەتی ئـەوەیـە بـۆ بـەگەل نـاڵێین کێ قـازانجی کردوە ؟! وەک کاک مەلا عەوڵا کوتەنی تاوانبار مەناسێنن تاوانەکە بەخەڵک بڵێن . داخوا لە دەست دانی کەسایەتی و ئیعتیباری حیزب تاوانێ هەرە گەورە نیە ؟! بـەباوەڕی من لەبەرانبەر ئەو زیانە گەوەرەی لە حیزب کەوتوە، شتەکە هێندە بێبایخە بۆ کوتن نابێی، بۆیە کەس جورئـەتی دەربڕینی نـیە!! هـەرکەس دـڵسۆز و خەمخۆری گەل بێی و ئیمانی بە حیزب ئـەوەنـدە بـەهێز بـێی کە بتوانێ پلە وپایە و بەرژەوەندی تاکی یا گروهی بە قوربانی بەرژەوەندی گەل بکا، وەک چۆن ئامادە بووە گیانی لـە پێناو بنێ، دەبێی لەو ڕووداوانـە دەرسی وەرگرتبێ و هەستی بـە مەتـرسی دوا ڕۆژی حیزب و گەلەکەی کردبێ و هەرچی زوتر یـەکگرتنەوە لـە قسەوە بیکەنە کردوە. داخوا ئـەو هـەموو ئـەزمونـە بـۆ فێر بـوون بەس نیە ؟! ناکرێی بە ناوی بەرنامەی حیزب ، لـە ژێـر لـۆگـۆو ئـاڵای حیزب و ویـنــەی قازی و قاسملوو شەڕەفکەنـدی ڕێبوارانی ئـەو ڕێبازە بـەگژ یەکتر دابکەی. من سەرم سوڕماوە! ئـەو هەموو قەول و بـەڵێنیە بـەگەل دەدەیـن ، ئـەو هـەمـوو ئیشاڵاو ماشاڵایە بۆ بەڵێنیەکانمان دەڵێین، چ مانایەکی هەیە ؟! داخوا نازانین گەلەکەمان دەزانێ ڕاست ناکەین؟! داخـوا نـاکۆکی دوو برا بـۆ ئاشتبونـەوە، لـە دەساڵێش زیـاتـری دەوێ؟! وەک کوتـراوە ئـەو هەودایـە سەرێکی ئاڵۆز و دوروو درێـژی هەیە، وەرن با لە برایەتی و یەکگرتویی و هاوکاریدا خڕی کەینەوە و لە کوێ پساندومانە گرێی دەینەوە. چیتر کۆنە برینان نەکولێنینەوە . با وڵامێکی ئەرێنی بـە خوێنی شـەهـیـدان و ویست و داواکانی گەل بدەینەوە. ئەوە نامەی بێچەسپ و پاکەتە، بۆئەوەی هەموان بیخوێننەوە. هەرچی کـورد و ئەویندار ئازادیە و دڵی بۆ حیزبەکەی قازی و قـاسملـوو شەڕەفکەندی و سەرجەم شەهیدان دەسوتێ ئـەو پەڵە ڕەشە لە نێو چاوانی حیزب بکەنەوە. دیسانیش دەڵێم: داخوا ئەو هەموو ئەزمونە تاڵانە بەس نین بۆ فێربون ؟! ئەو فەرمودەی قاسملوو بکەینە دروشم و بەرزی کەینەوە کە دەڵێ : هەمومان پێشمەرگەین . دەوەرن بە غـیرەت و بوێری پێشمەرگانە، یەکگرتنەوەی بێی قەیدو شەرت ڕابگەێێنین.

لەمن باشتر دەزانن: لێبوردەیی بەرزترین تایبەتمەندی مرۆڤەکانە. بوێری تـایـبەتـیـتـری پـێـویـستـە. بـەرژەوەنـدی گـەلــیش لـە پـێـشەوەی هـەمـوو بەرژەوەندیەکانە، بۆیە دەبێی قوربانی بۆ بدەی . دەبا لەو مانگە پیرۆزەدا کە جێگای ڕیزی زۆرینەی گەلەکەمانە، یەکگرتنەوە بکەینە جێژنانە .

 براتان مەلا برایمی مەجید پور ٣ بانەمەڕی ٢٧٢١ کوردی

٢٤/٤/٢٠٢١ زایینی

datafixare

نویترین هەواڵ و بابەت