"an independent online kurdish website"

بووکە بارانە  بە هۆرامی [وەیوە باڵێ]

لە هۆرامان بووکە بارانە ، وەیوە باڵێ پێ دەوترێت.بۆ نزاکردن لە کاتی وشکە ساڵی خەڵک پەنا دەبەنە بەر نەریتی کۆن بەپاڕانەوە بۆ نەهێشتنی ئەو نەهامەتیە زیانبارە.

بۆ ئەم مەبەستە پێشوو زۆرتر منداڵان بە ساز کردنی تاپۆیێک لەسەر دار کە بە دەستیانەوە دەگرت، وەڕێ دەکەوتن و ئەم وتەیان بە دەنگی بەرز دەچڕی :

وەیوە باڵێ سەروو پیران ، یا شا بوارۆ پەی فەقیران.

لە ئاخاوتنی ئێمڕۆی هۆرامان دا وشەی وەیو بە واتای بووک باڵێ باڵدار یا خاوەن باڵ گۆ دەکرێ.

ئەگەر بۆ مێژوو بگەڕێینەوە ئەمە ڕەنگە سەر چاوەیەکی شیاوی بەدوادا چوونی تایبەت تری هەبێت کە خۆی لە پیرۆزیە کۆنە کانی خەڵکی دەڤەرەکە دا حەشار داوە بەڵام بە داخەوە وەک زۆر بابەتی تر بەرەبەرە بەرەو لە بیر کردن و نەمان دەچێت.

کەمێک گەڕانەوە بۆ مێژوو لێمان ئاشکرا دەکا کە نێوەرۆک و فەلسەفەی وەیوە باڵێ سەر چاوە کەی هێشتار لە گەڵ ژیانی ڕۆژانەمان دا تێکەڵ وبە بێ گرفت شیاوی ناسینەوەیە.

وایۆ= وا= با= باو بۆران ئەمانە لە یەک ڕەچڵەک وڕیشەیان یەکە.

وایۆ لە ئەساتیرو خوالە پیرۆزەکانی خەڵکی ناوچەکە دا جێ تایبەتی هەبوە. ئەمە لە ئەوێستا و تەنانەت لای ئایینی هێندیەکانیش دا بە ڕوونی ئاماژەی پێ کراوە .(ئەوێستا، یەشتەکان ، ڕام یەشت.)

وایۆ وەک یەزدان یا خوالەی با وبۆران و دەسەڵاتداری نێوان زەوی وئاسمان و خوڵقێنەری هەورە گرمە و برقی ئاسمان ئاماژەی پێ کراوە.وا ـ لە هۆرامان هەنووکە هەر ئەو نێوەرۆک و ئەدا کردنەی بەردەوامەی هەیە. [وا ـ مەی ، وایوە  تنذئامە ـ وای وە ش مەی هەر مەپەرسە!]

لە وتەی ڕۆژانەی کوردستانیان دا هێشتار وشەگەلی وەک : هەی وای (پەنا بۆ خوای با)، وای لە من، وای لە تۆ ، وای !ـ  و… بۆ حاڵەتی تووشی کارەسات هاتن و بەر تەوژمی نەخوازراوی لە نەکاوهاتن کە ئاڵوگۆڕی خێرا بە ئەگەری ترسناک بخوڵقێت گۆ دکرێ.لەم حاڵ وهەوا ترسناکە دا هەموو کاتێک پەنا بۆ وا  واتە خوالەی پیرۆز دەبردرێت.

باڵ ـ  بڵ، ئیزەد یا خوالەی پیرۆزلای بابلیەکان بۆئاوەدانی و سەرچاوە ژێر زەویەکان هاتوە. نێوی ئەم خودا دێرینە لە بەردەنووسی ئانوو بانینی ـ سەرپێڵی زەهاوو بەردەنووسی ئاشووریەکان لە پشتی ئاوایی تەنگیوەر لای پاڵنگان لە هۆرامان هێشتار ماوە.١٧٥٠[ ساڵ پێش زایین کە هێرشیان کردە سەر ناوچەکە].

بڵ ـ لە هۆرامان بۆ سەرچاوەی کانیاوی مەزن لە نزیک ئاوایی هەجیج وەک کانیاوی پیرۆزکە ئاوێکی بەنێوبانگ ودەوڵەمەندی هەیە گۆ دەکرێ.

بڵ لە ناوچەی کامیاران بۆ مەڵبەندێک کە کشتووکالی و بە پیتو بەرەکەتە بە نێوی ” بێڵەوار ” واتە مەسکەنی بڵ ناوبانگی هەیە.

بڵ ـ لە ناوچەی ورمێ بە مەڵبەندێک بە نێوی ” دەشتەبێڵ ” دەناسرێت.

پادشای ئاشوور وەک لە بەردەنووسی تەنگیوەر دا ئاماژەی پێداوە سەرکەوتنە کانی خۆی بە خوا یا ئیزەدەکانی وەک بڵ گرێ دەدا.  

وەیوە باڵێ = بووکە بارانێ = دەبێ لە بنەڕەتدا بە کەمێک ئاڵو گۆڕ لە ئاخاوتن و گۆ کردنی نێوەکان هەر هەمان وایۆ و بڵ بێت کە وەک یەزدان ـ ئیزەدی باو باران بە گوێرەی باوەڕی خەڵکی پەنایان بۆ بردبن. وەک نزا وپاڕانەوە لە کاتی وشکەساڵی و بێ بارانیدا ئەوانیان بە سەری پیاوچاک و پیرانی پاکدڵ وەک دەسەڵاتدار یا شا سوێند دابێت بەڵکووبە بارینی باران فەقیرو هەژاران لە نێعمەتی خۆیان بێ بەری نەکەن .

ئەم نەریتە پاش دەسەڵاتدارەتی ئێسلام بەرە بەرە بە نوێژ کردن و نزای ئایینی نوێ جێ گۆڕکی کردوە ، بەڵام نێوەرۆکی باوەڕ بە خوالە دێرینەکان هێشتار لە دوو توێ نەریتە کۆنەکاندا بە کەمو کوڕی ماوەتەوە.

ویوە باڵێ ، سەروو پیران ، یا شا بوارۆ پەی فەقیران…

سدێق بابایی ٢٦/٤/ ٢٠٢١

تێبینی : نزای بووکە بارانە بە هۆی منداڵان دەبێ سەرچاوەکەی بۆ پاکی و فریشتەئاسا سەر حەساو کردنی منداڵان و ئەگەری گیرایی وقبووڵی نزاکەیان لای خوا یا خوداکان بووبێت.

ـــــــــــــــــــــــــــ

سەرچاوە ، کەلەپووری زارەکی خەڵکی هۆرامان

ئاویستا ، یەشتەکان ڕام یەشت.

ئایین باستانی هندوستان

اساطیر هند وایرانی

   

datafixare

نویترین هەواڵ و بابەت