"an independent online kurdish website"

 زەهاو تەنیا ناوی ناوچەیەکی جوگرافی رووت نییە، سنوورەکانی ئەم ناوچەیە لە قۆناخە مێژووییەکاندا ئاڵوگۆڕی زۆریان بە خۆوە بینیوە،

بەڵام گرینگی ستراتیژی و ژئوپولتیکی و ئابووری و سپایی ناوچەکە وەکوو لووتکە راوەستاوەکانی داڵاهۆ و مایەشت و بەموو هەر وەکوو خۆی ماون. ئەگەر چی دۆخی ستراتیژی ناوچەیەک لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری و سپایی رۆڵی لە سەرکەوتن و دۆڕانەکاندا هەیە و وەکوو چەکێکی بەهێزە بە دەست هەر سپایەکەوە، بەڵام گرینگتر لە دۆخە ستراتیژییەکە لە ململانێ سیاسی و ئابووری و سپاییەکان، ستراتیژی و تاکتیکی شارەزایانی سیاسی و سپاییە بۆ ئەوەی بتوانن ئەم چەکە لە ململانێی و رووبەڕووبوونەوەکاندا بەکار بێنن و ئاکامی باشی لێ وەربگرن.

ئەگەر فەرماندە و سەردار و میر و پاشاکان و شارەزایی سیاسی و سپایی خۆیان بە کار نەهێنن و لەم چەکە بە شێوەی دروست کەڵک وەرنەگرن، وەکوو ئەوەیە چەکێکی بەهێز و کاریگەرت هەبێ و نەزانی بەکاری بێنێ. گرینگی ئەم چەکە لە کتێبی “مێژووی شاری زەهاو و حەلەوان” لە نووسینی بەڕێز “حەمید تەیمووری”دا لە ململانێ ناوچەیی و نێوان ئیمپراتۆرییەکان و کێشە نێوخۆییەکان و ململانێی میرانی دەسەڵاتداری ناوچەکە و داگیرکەران بە وردی و بەڕوونی باس کراوە. ئەگەرچی ناتوانین مێژووی نەتەوەیەک و خاکی نیشتمانێ بە یەک شار و ناوچەی ستراتیژی ببەستینەوە و رۆڵی شار و ناوچەکانی تر لە دروستکردنی مێژووی نەتەوە و نێشتمان لەبەر چاو نەگرین، بەڵام لە قۆناخێکی دیاریکراوی مێژووییدا خاڵێکی دەستپێک بۆ دەستپێکردنی تۆماری شانازییەکانی نەتەوەیەک هەیە و ناوچەی زەهاویش لە مێژووێ بەر لە زایین و پاش زایینیش توانیویە هەمیشە دەستپێکی تۆماری لاپەڕەکانی میژووی نەتەوەیەک بێ و هاوکات شوێنی ململانێی دەیان ئیمپراتوری وەک ئیلام و بابل و ئاشوور و کەلدان، لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەکە لۆلۆ و گۆتی و کاسی و ماد وساسانی و رۆم و… بووە. بۆیە دەتوانین بێژین زەهاو لاپەڕەیەکی زێڕینی مێژووی نیشتمان و نەتەوەی کوردە.

 بەڕێز حەمید تەیمووری لە کتێبی مێژووی شاری زەهاو و حەلەوان، زانیاری زۆر چری خستووەتە بەرچاو و لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا ئاماژەی بە ململانێی ئیمپراتۆرەکان و گرینگی ستراتیژی ناوچەکە کردووە و باسی زیاتری بۆ خوێنەر بەجێ دێڵم. بەشێکی تری کتێبەکە باس لە ریشە و رەچەڵەکی کورد دەکا. نووسەر بۆچوونی زۆر زانا و رۆژهەڵاتناسی رۆژئاوایی، رووسی و عەرەبی و هتد لەم کتێبەدا خستووەتە روو، ئەوەی روون کردووەتەوە کە هێندێک زانا دڵسۆزانە و بێلایەنانە کاری زانستی خۆیان کردووە، بڕێکیش بە ئەنقەست و رەگەزپەرستانە هەوڵی شێواندنی رەچەڵەکی کوردیان داوە و بڕێک لەو زانا و مێژوونووسانەش بۆ مەبەستی سیاسی بە کاریان هێنا و لە راستی لایان داوە.

زەهاو جگە لە رۆڵە ستراتیژییە و سپاییەکەی کە رۆڵێکی گرینگی لە رەوتی رووداوەکانی مێژوو، هەروەها شارستانیەتی مرۆڤایەتی لە ناوچەکە و جیهاندا هەبوو، شوێنی سەرکەوتن و کەوتنەکانی زل هێزەکان بووە. زەهاو هەمیشە کلیلی دەسەڵات و هێزی گەل و نەتەوە و هەر کەسێک بووە کە توانیویەتی دەستی بەسەردا بگرێ. زەهاو چەند تایبەتمەندییەکی هەیە کە لەم کتێبەشدا لە دوو توێی رووداوەکاندا باسی لێوە کراوە و منیش بە کورتی باسی دەکەم.

یەکەم ئەم ناوچەیە خاوەنی قەڵا و سەنگەرێکی سرووشتییە بە زەنجیرەیەک چیای سەخت دەورە دراوە و هەر لە نزیک قەسر و مێهرانەوە هەتا شاخی بەموو و لەوێشەوە بە زەنجیرە چیاکانی شاهۆوە دەبەسترێتەوە، دووەم زەهاو دەروازەی گەرمیان و کوێستانی نیشتمان لەم بەشەیە و زاڵە بەسەر دەشتاییە پڕ پیت و بەرەکەتەکانی ناوچەکە و هەتا بەغداد درێژ دەبێتەوە. یەکێ تر لە گرینگییەکانی سەرچاوەی ئابووری و شاڕێگای بازەرگانی و زەوارە ئێرانییەکانە و،خاوەنی کانگای ژێر زەوی و ئاوی زۆرە. هەر دەوڵەمەندی ناوچەکەش داگیرکەری چاوچنۆک هان دەدا زیاتر لێی بێتە پێشەوە و هەوڵی داگیرکردنی بدات و لەم کتێبەدا باسی زۆر رووداوی لەو چەشنە هاتووە.

لە مێژوونووسیندا رووداوەکان رۆڵی سەرەکی دەگێڕن و گرینگی زۆر بە زەقکردنەوەی رووداوەکان و سەرکەوتن و فیداکاری و دۆڕانەکان دەدرێ، ئەگەرچی رووداوەکان گرینگی زۆریان هەیە و کۆڵەکەی مێژوونووسینن، بەڵام بە تەنیا گێڕانەوەی رووداوەکان ناچنە چوارچێوەی مێژوونووسی زانستییەوە. ئەوەی مێژوونووسین لە گێڕانەوە و بیرەوەری جیا دەکاتەوە، پشکنین و گەڕان بە دوای هۆکار و نهێنییەکانی پشتەوەی رووداوەکان و شرۆڤەی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سپایی سەردەمی رووداوەکانە، نە ئەوەی بە بۆچوونی ئەمڕۆ رووداوەکانی چەند سەدە پێشی نەتەوە و نیشتمانێ لێک بدەینەوە. هەر ئەو کارەی، کە بەڕێز حەمیدی تەیمووری نووسەری کتێبی مێژووی شاری زەهاو و حەلەوان بە پشت بەستن بە چەندین سەرچاوەی باوەڕ پێکراو هەوڵی داوە بە وردی بچێتە بنج و بنەوانی رووداوەکان و زانیاری بەکەڵک لە دوو توێی ئەم کتێبە بۆ خوێنەران کۆبکاتەوە.  ئەوەی رووداوەکانی ئەم ناوچەیە زەق دەکاتەوە، یەکەم جوگرافیا و دۆخی ژئوپولتیکی ناوچەکە و ستراتیژی سیاسی و نیزامی شوێنەکەیە، کە کلیلی چارەسەری کێشەکان وسەرکەوتنەکانی شەڕە لە نێوان داگیرکەران و وڵاتپارێزان، هەروەها هاوپەڕەبوونی لەگەڵ ناوەندیی دەسەڵاتی خەلافەتی ئیسلامی یەکێ تر لە هۆیەکان بووە، کە مەیدان و شەڕگەی ململانێکان بێ و لە کتێبی مێژووی شاری زەهاو و حەلەوان بەڕێز حەمید تەیمووری ئاماژەی بە زۆر لایەنی کردووە. ئەم هەنگاوەی نووسەر جێگەی رێز و پێزانینە و هەر وەکوو خۆیشی ئاماژەی پێ داوە، ئەمە سەرەتایەک و بنا‌غەیەکە بۆ کاری پوختتری داهاتوو لە سەر ناوچەکە و بە دڵنیاییەوە ناتوانێ هەموو زانیارییەکی تێدا بێ و هەموو قوژبنە ناڕوونەکانی رووداوەکان و مێژووی ئەم ناوچەیە لە خۆ بگرێ. کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە، پێش زایینن و پاش زایین هەتا داگیرکردنی لەلایەن عەرەبەکانەوە کەمی نووسین و سەرچاوەیە، کە بەشێکی زۆر کەم بەدەستمان گەیشتووە، دووەم پاش هاتنی ئیسلام شێوازی دەسەڵاتداری لە ناوچەکەدا هێندە ئاڵۆز و پڕ گرێوگۆڵ و لێک ئاڵۆزکاوە، کە دژوارە بتوانین بە ئاسانی زانیارییەکان دەست بخەین، یەکەم زۆربەی مێژووەکان لە لایەن بێگانەوە نووسراون، لە لایەکی تریشەوە بەشێکی زۆری بەڵگەنامەکان لە شەڕ و داگیرکارییەکاندا لە ناوچوونە.  

ئەم کتێبە نرخی مێژوویی خۆی هەیە و دەتوانرێ بە شێوازی تر و سەبر زیاتر کاری لەسەر بکرێتەوە و دەوڵەمەند بکرێ، گرینگ ئەوەیە کارێک کە دەکرێ بتوانین بیکەینە بنەما و کاری پوختتری لەسەر بکەین، نە ئەوەی هەوڵ بدەین جارێکی تر لە سەرەتاوە دەست پێ بکەینەوە. نووسەی ئەم کتێبە بناغەیەکی باشی بۆ ئەم کارە داناوە. رەنگە هەموو زانیارییەکی تێدا نەبێ، بەڵام بنەمایەکی باش و پشت ئەستوور بە سەرچاوەی باوەڕ پێکراو و نووسەری بەتوانایە بەتایبەت شەهید مەلا جەمیل رۆژبەیانی کە شارەزاییەکی یەگجار زۆری لەسەر مێژووی ناوچەکە و کورد هەبوو. کتێبەکەش سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراوە بۆ کەڵک وەرگرتن بۆ نووسینەوەی مێژووی ناوچەکە، کە لە لاپەڕە زێڕینەکانی مێژووی گەل و نیشتمانە و زۆر کەم باسی لێوە کراوە.

دیل زەهاوی

 ٥/٥/٢٠٢١

datafixare

نویترین هەواڵ و بابەت