"an independent online kurdish website"

ده‌زگای فه‌رمانده‌یی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە لە شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دژی گەلییەکانی ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوو پێشمەرگەی کوردستان تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوون.

ڕاگه‌یه‌ندراوی ده‌زگای فه‌رمانده‌یی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان

له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی شار و شاخ بە مەبەستی پێوەندی لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی ناوچەکانی بۆکان و مه‌هاباد، سەردانی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد دەکەن.

کاتژمێر ١:٣٠ خولەکی بەیانیی پێنجشەممە ۳۰ بانەمەڕی ۱٤۰۰،  چەکدارە دژی گەلییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سێڕێیانی بورهان لە نێوان ئاواییەکانی بەردەمێش، زگدڕاو و قەرەبڵاغ بۆسە دادەنێنەوە و ته‌قه‌ له‌ تیمه‌كه‌ ده‌كه‌ن کە پێشمەرگەکان بەمەبەستی پارێزگاری لەخۆیان بەگژیان دادێنەوە.

 لە تێکهه‌ڵچوونێکی بەرگریکارانەی کورت ماوەدا چەند چەکداری ڕێژیم دەکوژرێن و بریندار دەبن.

بەداخەوە لە ئاکامی تێکهەڵچوونەکەدا پێشمەرگەی شاخ “ئەنوەر نەسیریی چیانە” ناسراو بە “سمکۆ مەحمەڵ” و پێشمەرگەی شار “هاوڕێ سوهراب خەدیریپوور” ناسراو بە “شاخەوان” خەڵکی شاری مەهاباد شەهید بوون.

 تێکۆشەرانی تری دێموکرات لە بۆسەکە دەرباز بوونه و شوێنی تێکهەڵچوونەکەیان بەجێهێشت.

دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان

٣١ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی

***

وەک بەڕێوەبەرانی سایتی پێشمەرگەکان، سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی هاوڕێیانی پێشمەرگەی حدکا و  رێبەری حدکا و بنەماڵەی شەهیدانی نوێ و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمتان دەزانین.

روحیان شاد بی و رێگایان بەردەوام بێ.

****

****

خاتوو “سیمین شیری” هاوسەری شەهید “سمکۆ مەحمەڵ” لە پەیامێکدا ڕوو خەڵکی کوردستان و هەموو هاوسەنگەرانی شەهید “سمکۆ” بڵاوی کردەوە پتەوتر لە جاران درێژەدەری ڕێبازی هاوسەری شەهیدم سمکۆ مەحمەڵ دەبم و دیسان پەیمان نوێ دەکەمەوە کە هەتا سەر بە ڕێگا و ڕێبازەکەی وەفادار بمێنمەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی خۆشەویست و ئەمەگناسی کوردستانی ڕۆژهەڵات!

هاوسەنگەرانی شەهید سمکۆ!

زیندانییانی سیاسی و سەرجەم بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!

لە مەتەرێزی شەرەف و بەرگریی لە نیشتمان و نەتەوە مافخوراوەکەمەوە، وەکوو هاوسەری شەهید سمکۆ و دایکی دوو جگەرگۆشەی شەهید (پێشەوا و ڕێباز) و هەروەها بنەماڵە هاوسەری شەهیدم، سپاستان دەکەم، لە بەر ئەوەی لەم کاتە دڵهەژێنەدا بە پەیامی هاوخەمییەکانت بەشێک لە قورسایی ئەو خەمە گەورەتان لەسەر شانم کەم کردەوە.

دڵنیاتان دەکەمەوە کە پتەوتر لە جاران درێژەدەری ڕێبازی هاوسەری شەهیدم سمکۆ مەحمەڵ دەبم و دیسان پەیمان نوێ دەکەمەوە کە هەتا سەر بە ڕێگا و ڕێبازەکەی وەفادار بمێنمەوە و هەتا وەدیهاتنی ئامانج و خەونی شەهیدانی کوردستان لە هەر چەشنە فیداکاری و لەخۆبوردووییەک خۆم نەبوێرم.

هەر وەک چۆن شەهید سمکۆ بە یادی پێشەوای کوردان و ڕێبازە ڕاستەقینە و بێگەردەکەی بانگی کوردانەی بە گوێی دوو ڕۆڵەمانی دا، منیش بەڵێن دەدەم کە لە پەروەردەکردن و بەخێوکردنی کوردانە و پێشەوائاساییان هیچ کەمتەرخەمییەک نەکەم و بۆ گەیاندن بە قۆناغێک کە بۆ نیشتمان و نەتەوەکەیان وەکوو باوکیان دڵسۆز و بەسوود بن هەرچی لە دەسەڵاتمدا بێت، بیکەم و قەت ڕێگا بە ماندوویەتی و بێهیوایی نەدەم کە لەم ڕێگا و ڕێبازە پیرۆزە پاشگەز ببمەوە.

لە کۆتاییدا سڵاو لە کوردستان دەکەم، کە جێگای لەدایکبوونی هەزاران ڕۆڵەی شێرئاسا و چاونەترسی وەکوو سمکۆیە!

سڵاو لە ڕێبازی ڕاستەقینەی کوردایەتی و حیزبی دێموکرات دەکەم کە فێری کردم لە کاتی تەنگانە و ناخۆشیدا زیاتر خۆشەویستی نیشتمان لە دڵم گەشە بکات!

سڵاو لە سەرجەم زیندانییانی خۆڕاگری سیاسی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی کورد و کوردستان دەکەم و ئاواتم وەدیهاتنی ئامانجی پیرۆزییانە!

*****

لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا ڕێز لە یاد و قارەمانەتیی نوێترین شەهیدانی کوردستان گیرا

ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٣١ی بانەمەڕ بە بەشداریی “مستەفا هیجری” لێپرسراوی گشتیی حیزبی دیموکرات، ئەندامانی ڕێبەری، کادر، پیشمەرگە و بنەماڵەی سەربەرزی شەهید “سمکۆ مەحمەڵ” و پۆلێک لە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بۆ ڕێزگرتن لە قارەمانەتیی و لەخۆبردوویی نوێترین شەهیدانی حیزبەکەمان گیرا.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی ڕەقیب” و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی حیزب و گەل دەستی پێکرد.

دواتر “کاوە بەهرامی” بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەم بۆنەوە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

ناوبراو لە ئاخاوتنەکەیدا وێڕای ئاماژەدان بە شێوازی پەیوەستبوونی هەر کام لە شەهیدان سمکۆ مەحمەڵ و سۆهراب خەدیری‌پوور بە ڕیزەکانی شۆڕش ئاوڕی لە تایبەتمەندییە بەرزە شۆڕشگێڕانەکانیان دایەوە و باسی لەوە کرد: “ئەوان جارێکی تر سەلماندیان کە پیشمەرگەی شاخ و شار دەسلەملانی یەکتر تا گەیشتن بە سەرکەوتن و ئازادی گەل و نیشتمانەکەمان لە خەبات و تێکۆشان هەدا نادەن و ئەمەی بە ڕەمزی سەرکەوتنی دواجاری گەلەکەمان زانی”.

ناوبراو جەختی کردەوە: “ئێمە وەک هاوڕێ و هاوسەنگەرانی شەهیدان و ڕێبوارانی ڕێگا و ڕێبازەکەیان بەلێن دەدەین کە تا سەر وەفادار بە ڕێبازی پڕ سەروەرییان دەبین و ئەمەش وەک ئەرکێک چاوی لێدەکەین”.

لە بڕگەیەکی تری ڕێوڕەسمەکەدا پەخشانێک لەژێر ناوی “سەرسوڵتان ئامان!” کە تایبەت بۆ یادی نوێترین شەهیدانی حیزب بوو لەلایەن پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکەوە خوێندرایەوە.

دواتر هەر کام لە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهید سمکۆ و هاوڕێیانی پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدانی گەل نوێ کردەوە.

datafixare

نویترین هەواڵ و بابەت