"an independent online kurdish website

لە مانگی جۆزەردانی ساڵی١٣٤٢ی هەتاوی لە گوندی کانیەڕەش، لە ماڵە مام خدری کانیەڕەشی ئۆخژنی شادی و خۆشی کەوتە دڵانەوە، کوڕەکەی هەڵدەپەڕی و دەیگوت : شوکر «خودا» برای داومەتێ و خوشکەکانی سەمایان دەکرد کە برایەکی ژیکەڵەی دیکەیان چاوی بەم دونیایە هەڵهێناوە و دەبێتە پشت و پەنایان .

 بزەی خۆشی کەوتە سەر زاری دایکی و بە نیوە نیگایەکی پڕ لە خۆشەویستی مەلۆتکەی ئازیزی خاوێن دەکردەوە .

مام خدر شوکری دوعای دەکرد و بە ڕەزامەندیەوە چاوی دەبڕیە چاوی هاوسەری و دەیگوت : دەچمە خزمەت مامۆستا تا نێوێکی پیرۆز و خۆشم بۆ هەڵبژێڕێت، مامۆستاش داوای گۆشتی گیسکی قەڵەوی بەهاری لێ کرد و پاش زیافەت مامۆستا بانگی بە گویی دادا و بە عەرەبی فەرمووی کە ئەوە ناوم لێ نا ئەبووبەکر و بە ئومیدی خودا ڕۆڵەیەکی ڕاست بێژو دەست و داوێن پاک دەبێت .

 ئەبووی چکۆڵە پێڕەو بوو ، وردەوردە دەگەڵ بەر‌غەڵ دەڕۆیشت و لە مێرگ ، میرغوزار ، زەنوێر و بژوێن بە ناو باغ دا دەتلایەوە و گەمەی دەکرد.

بەرە بەرە ئەبووی ژیکەڵە ، وریا و قسە خۆش تەمەنی گەیشتە ڕادەی ئەوەی کە بخوێنێ ، مام خدر بە خۆشی و شانازیەوە دەستی گرتوو بە مامۆستای فێرگەی ئەسپارد.

گوتی : تۆخودا با وەک خۆم کوێر نەبێ و خوێندەوار بێ . پۆلەکانی سەرەتایی لە کانیەڕەش و سەدراباد خۆێند، بەڵام دەبووایە بۆ درێژەدانی خۆێندن بچێتە شارە خنجیلانەکەی بۆکان، مامۆستاکانی بە مام خدریان دەگوت: ئەبووبەکر زۆر زیرەکە با درێژە بە خوێندن بدات .

مام خدر بڕیاری دا بە هەر ڕەنج و کۆێرەوەریەک بێت خەرجی خویندنی بۆ دابین بکات و هەر واشی کرد تا چواری نەزەری پێ تەواو کرد. لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بە دوای دەست پێکردنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی حکوومەتی پاشایەتی .

لاوانی بەهەست و ئازادیخوازیش لە کوردستان ڕژانە کوچە و بازاڕ و شەقامەکان .

ئەبوبەکر کانیەڕەشی خوێن گەرم، ئازادیخواز و وریا لە تەواوی ئەو خۆپێشاندانانەدا بەشدار بوو . رژیمی نگریسی پاشایەتی رووخا و کۆتای بە تەمەنی هات . 

خومەینی هاتە سەرکار و لە گەڵ کۆمەڵێک ئاخوند دەسەلاتی  وڵاتێان بە دەستەوە گرت.

لە سەرەتا بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک وەعدەو بەڵێنی  ئازادی حیزب، ڕێکخراوە، گۆڤار، ڕۆژنامە، دابین کردنی کەسپ  وکار، ئازادی زمان و فەرهەنگی بڵاوکردەوە .

بە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئیران حیزبی خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ، واتا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش دەیان ساڵ ژیان و خەباتی نهێنی ، بە ڕاشکاوی هاتە مەیدان و بە دروشمی دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان دەستی بە خەبات و تێکۆشان کرد .

ئەم درۆشمە بوو بە وێردی زمانی هەموو کوردێکی خاوەن هەست .

ئەبووبەکری ڕاستبێژ و خوێن گەرم و چالاک پاش بیرکردنەوە و خوێندنەوەی دروست ، ورد و تێبینی لە سەر بەرنامەی حیزب و سازمانەکانی دیکە بۆی دەردەکەوێ کە بەرنامەی پڕ زەرق و بەرقی ریکخڕاوەکانی دیکە لە گەڵ ئەفکار و بۆچوونی خۆی و بەرژەوەندی نەتەوە ژێر دەستەکەی نا گونجێ ،  بۆیە ڕێگای پرلەشانازی حیزبی پێشەوای زانا و ئازیزی نەتەوەی کورد و کاروان سالاری شەهیدان قازی محەممەد-ی نەمری بە ئاگاییەوە هەڵبژارد  و لە ساڵی ١٣٦٢ لە ڕیزی یەکێتی لاوانی دێموکراتی کوردستان، لقی بۆکان دەست بە تێکۆشان دەکا .

لە گۆڤاری لاوان دەستی بە نوسین کردووە و لە کاری شانۆگەریدا نەخشی بەرچاوی هەبووە .

لەو ماوە کەم دا بەلێوەشاوەیی و شارەزایی شەڕەفمەندی شۆڕەلاوی دێموکڕات ، سرنجی هەڤالانی بەرپرسی حیزبی بۆ لای خۆی راکێشا و هەر لەوێ پلەی کادری وەر دەگرێ .

 گەرچی چەند جار لە لایەن بەرپرسانی خۆیەوە تووشی ناڕەحەتی کرا بەڵام ئەبووبەکری تێگەیشتوو و پێگەیشتووی ناو جەرگەی خەبات بە تێبینی ولێوەشاوەییەوە بێ ئەوەی دڵی کەس ناڕەحەت بکات، بە کردەوە و مەنتق پێی سەلماندن کە ئەوان بە هەڵە چوون.

لە سالی ١٣٦٦ ی ھەتاوی  لە سەرو بەندی  کۆنفرانسی کۆنگرەی ھەشت  نەقڵی کۆمیتەی شارستانی بۆکان دەبێ و بەشداری لەو کونفرانسەدا دەکا.

هەر زستانی ئەو ساڵە بە دوای کۆنفرانس لە هانیگەرمەڵە ، دەبێتە ئەندامی کۆمیتە شارستان،

بە دوای رزگار بوونی کادر و پێشمەرگەکان لە جەریانی کارەساتەکەی حەڵبچە و گەمارۆیان دوای چەند رۆژ  بەرەۆ قەندیل دەگەرێنەوە .

هەر لەو ساڵە دا دڵی پرهەستی نیشتیمان پەروەری ئەبووبەکری بەراستی پێشمەرگە، بە تیری ئەوینێکی پاک و بێگەرد پێکرا و کیژێکی تێگەیشتوو لە بنەماڵەیەکی نیشتمان پەروەر دڵی ئەستاند . ئەو دوو دڵدارە لە ساڵی ١٣٦٧ بەیەک گەیشتن و ژیانێکی ساکار و پڕ لە خۆشەویستیان پێک هێنا و بەختەوەرانە دەژیان و پاش ساڵێک باغی رازاوەی دوو پێشمەرگەی خۆشەویست بە هاتنە دنیای کیژێکی نەشمیلانە رازاوەتر بوو، ئەو تروسکەی هیوایە ، ئەشقی ژین و ژیانی هاوبەشی بە جارێ رووناک کرد و بەو هۆیەوە ناویان نا تروسکە.

 ئەبوو خزری ساڵی ١٣٦٧  کە ئەندامی کۆمیتە شارستان بوو، دەبێتە بەرپرسی تیمی تەشکیلاتی .

ئەو ساڵە بە هۆی فشاری رژیم،  کۆمیتە شارستان و هێز  ناوچە چۆڵ دەکەن و دێنەوە سەرێ ، تەنیا تیمێک کە لە قوڵایی ناوچەدا دەمێنێتەوە تیمەکەی شەهید ئەبوو، شەهید مستەفا و شەهید تاهیر حامیدی دەبن . بە دوای گەرانەوەی هێز و کومیتەی شارستان بۆ قەندیل، بۆ جارێکی دیکە تیمێکی دیکە بە فەرماندەیی شەهید وەستا ئەحمەد ئەرکی چوونەوە و گەرانەوەیان بۆ ناوچە پێ دەدرێ و لەگەڵ تیمی کاک ئەبوو لە ناوچە یەک دەگرنەوە .

ئەو ساڵە دوای جەولەیەکی باش ، بەداخەوە  وەستا ئەحمەد لەگەڵ چەند هاورێی پێشمەرگە لە گوندی قاقڵاوە دەکەونە بۆسەی دوژمن و شەهید دەبێ و دوو پێشمەرگەش بریندار دەبن .

بە دوای ئەم روداوە دڵتەزێنە ئەو تیمە لە گەڵ بریندارەکان دەگەڕێنەوە بۆ سنوور .

ساڵی ١٣٦٨ شەهید ئەبوو دیسان دەبێتەوە ئەندامی کۆمیتە شارستان وەک بەرپرسی تیمی تەشکیلاتی.

ساڵی ١٣٦٩ وەک بەرپرسی تیمی تەشکیلاتی و ئەندامی کۆمیتە شارستان هاوڕێ لەگەڵ شەهید مستەفا دامەنگیر ، شەهید جەلیلی رەحیمیان و سەلاح مەحموودی دەگەڕێنەوە ناوچە و ئەرکەکانیان بە باشی بەڕێوە دەبەن.

کاک ئەبووبەکر بە ھۆی شارەزایی لە کاری تەشکیلاتی دا لە سالی ١٣٦٩ فێرگەی سیاسی نیزامی وەک مامۆستا و شارەزا لەو بوارەدا بۆ دەورەی کادرەکان کەڵکی لێ وەردەگڕێ .

 کاک ئەبوو لە بنکە سابیتەکانی حیزب لە ساڵی ١٣٦٩  نەقشی بەر چاوی ، لە رۆژنامەی دیواری بەیان ، شانۆکان و بۆنەکان دەبێت . بە داخەوە رێورەسمی نەورۆزی  ١٣٧٠ ئاخرین بەرنامەی کاک ئەبوو دەبێت کە بەڕێوەی دەبات.

 پێویستە لێرەدا نەخش و رۆلی لە هاندانی کادر و پێشمەرگەکان بۆ نووسینی بابەت بۆ گۆڤاری لاوان، لە بیر نەکەین . شەهید ئەبوو کانێ رەشەی ساڵی ١٣٧٠ وەک بەرپرسی تیمی تەشکیلاتی شار و بەرپرسی ناوچە دیاری دەکرێ و دوای گەڕانەوەیان لە گەڵ تیمێکی دیکەی تەشکیلاتی کە پێک هاتبوون لە شەهید عومەر سەلیمی ، کاک ئەمیر رەسووڵی و کاک سەلاح مەحموودی، لە مێش٠ قۆپی و دارستانەکانی نیزیک ئاوای قاراوە دەبن .

 ئێوارێ دوای گوڕینەوەی راو بۆچوون کاک ئەبوو و شەهید جەلیل لە تیمەکەی دیکە جیا دەبنەوە . لە رۆژی ١١ی پووشپەڕی ١٣٧٠ کە ئەبووبەکری حەقخواز و حەقبێژ  ، کاک جەلیلی ژیر ، هەست خاوێن و جوان نووس ، بۆ  پێوندی و وریا کردنەوەی کۆمەڵانی خەڵک، بۆ گەیاندنی پەیامی ئازادی و سەربەخۆیی، بۆ راپەڕاندنی ئەرکی پێ ئەسپێردراوی حیزبی لە گۆندی حوسێن مامە لە کادێنی ماڵێک دەمێنەوە . بێ خەبەر لەوی کە هێزی دوژمن بە چاو ساخی جاشە نیشتمان فرۆشەکان بە شۆنەکەیان دەزانێ و دەیانخاتە گەمارۆوە .

کاتێک دۆژمن دەبینی و لە فەلسفەی ژیان و خەباتی  پیشمەرگەی دێموکرات شارەزایە ، تێدەگا خۆ بە دەستەوە دان مەعناو مەفهومێکی نی یە، بۆیە لە زەبوونیان ئاگر لە کادێنەکە بەردەدەن و بەم شێوە دوور لە هەموو یاسا و ڕێسایەکی شەڕ زۆر دڕندانە گیانی پڕ لە ئەوین  و خۆشەویستیان لێ دەستێنن .

شەهیدان ئەبوو و جەلیل  گیانیان دەکەنە قوربانی رێگای سەرفرازی گەلی کورد و تێکەڵ بە کاروانی سەربەرزی شەهیدانی کوردستان دەبن .

 بەرز وبەڕێز بێ یادیان.

تێبینی! ئەو ژیاننامەیە ، بەشێکی کاتی خۆی لە لایەن هاوڕئ مامە قالە دەباغیەوە نوسراوە

مەستوورە سولتانی

رۆژنامەی دیواری بەیان

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی