"an independent online kurdish website

پ نیوز: مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەموو دەسەڵاتەکانی هاوسەرۆکیی لە لاهوور شێخ جەنگیی وەردەگرێتەوە و دەدرێتە بافڵ تاڵەبانی و بڕیارەکەش لە ئەمڕۆوە جێبەجێ دەکرێت.

کێشەکانی دوای ئەوە دەستی پێ کرد کە بافڵ تاڵەبانی بریاری دەرکرد کە بەرپرسی هەردوو دەزگای زانیاری و دژەتیرۆر لە سلێمانی لادەدرێن و بەرپرسی نوێیان بۆ دادەنرێن کە بە دڵی لاهورر نەبوون  دواتر لاهوور نەیتوانی پێش بەم بڕیارە بگرێ و دواتر هەموو مێدیاکانی سەر بە لاهوور دەستیان بە سەردا گیراو و حەتتا وتیان جاسوسیان لە ماڵی مام جەلال گرتووە.  دوور نیە بەم زوانە دادگایی لاهوور و کەسانی سەر بە لاهوور دەست پێ بکات و بەرەی لاهوور کە نەخشی زۆری هەبوو لە شکستی پێشمەرگە لە کەرکوک  لە گەڵ براکەی بە ناوی ئاراس شیخ جەنگی کە پارتی بە خەیانەتی 16ی ئوکتۆبر ناوی دەبات. بەداخەوە ئەم هێرشە دوای رێفڕاندۆم کە بۆ سەربەخۆیی کرا و کەرکوک زۆربەی ناوچە دابڕێندراوەکان کەوتنەوە  دەست حکومەتی عێراق کە عیبادی سەرۆک وەزیران بوو.  لەئەنجامی ئەو هێرشەشدا بە دەیان پێشمەرگە شەهید بوون و بە سەدانیش بریندار بوون.

تێكڕای دەسەڵاتەكان دەدرێنە بافڵ تاڵەبانی

بەگوێرەی بڕیاری كارگێری مەكتەبی سیاسی كە ئیمزای بڕیاردەری بەسەرەوەیە تێكڕای دەسەڵاتەكان درا بەهاوسەرۆك بافل تاڵەبانی. لە بڕیارەكەدا نووسراوە:

ئاماژە بەخاڵی یەكەمی كۆنووسی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی لەرۆژی (2021/7/15) دەربارەی كێشەی هاوسەرۆكان (بافل تاڵەبانی ‌و لاهور شێخ جەنگی)، كە لەلایەن سەرجەم هەڤاڵانەوە پەسەند كرا بڕیاردرا:

1-هاوسەرۆك لاهور شێخ جەنگی تێكڕای دەسەڵاتەكانی دەدات بە هاوسەرۆك بافل تاڵەبانی، تا كاتی تەواوبوونی هەمواركردنەوەی پەیڕەو.

2- ئەم بڕیارە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێ بەجێ دەكرێت.

بابەتی  زۆرتر لەم بارەوە وەگیراو لە میدیاکانی روداو و وێستگا نیوز …. 

روداو:  ئەرک و دەسەڵاتەکانی هاوسەرۆک لە مادەی 37 پەیڕەوی پەسندکراوی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی دیاریکراوە کە لە 13 خاڵ پیکهاتوون و بەمشێوەیەن:

 – بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی بڕیارو سیاسەتەکانی یەکێتی

 – فەرمانی دانانی لێپرسراوی ئۆرگانەکان دەردەکەن

 – پاش هەڵبژاردنیان لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکانی مەکتەب سیاسی بە نۆرە دەبێت

 – بەرپرسن لە رێکخستنی کاروباری دارایی و پەیوەندییەکان و هەر کاروبارێکی دیکە

– لە کۆڕو کۆبوونەوەکانی یەکێتی بە شێوەی نۆرە بەشداری دەکەن

– هاوئاهەنگی نێوان ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و ئەنجوومەنی باڵای سیاسی دەکەن

 – رێککەوتنە سیاسییەکان لە دوای پەسەندکردنی لە لایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەوە پەسەند دەکەن

 – گشتاندنی رێسا پەسەندکراوەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی

 – راپۆرتی سیاسی و رێکخراوەیی بۆ کۆنگرە و کۆبوونەوەی ساڵانە ئامادە دەکەن

 – سکرتارییەتێک بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانەیان پێکدەهێنن

 – مەکتەبی ئیدارەو دارایی گشتی، مەڵبەندی دیراساتی گشتی، ناوەندی کاروباری یاسایی راستەوخۆ بە هاوسەرۆکەوە دەبەسترێنەوە

 – پارێزەری سامان و موڵک و داهاتی یەکێتی دەبن

 – هاوسەرۆک پابەندی پەیڕەوی ناوخۆ و بڕیارەکانی سەرکردایەتی دەبن

****

دەربارەی دۆخی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ‌مەریوان وریا قانیع

ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردودا و لەناوی یەکێتی نیشتیمانی کورستان دا ڕوویدا، لە زمانی سیاسیدا، پێیدەگوترێت ”کودەتای ناو کۆشک”. کودەتای ناو کۆشک کودەتای کەسانێکی ناو کۆشکی حوکمڕانیین کە خودی حوکمڕانەکە لادەبەن و خۆیان دەچنە شوێنەکەی. لەم جۆرە کودەتایانەدا ئەوەی وەک سەرۆک ئامادەیە و کاردەکات لەلایەن ئەو کەسانەوە کە لەگەڵ ئەو سەرۆکەدا کاریانکردوە، لادەبرێت. زۆرجار ژەنەراڵێک ژەنەڕاڵێکی تر، یان جێگرەوەی سەرۆکێک سەرۆکەکە، یان کوڕێک باوکی، یان ھاوڕێ و ھاوخەباتێک، ھاوڕێ و ھاوخەباتێکی تر لادەبات خۆی دەچێتە شوێنەکەی. ئەم جۆرە کودەتایانە زۆربەی جار کودەتای بێخوێنن، ھەندێک جار سەرۆکە لابراوەکە دکوژرێت، ھەندێکجار شاربەدەر دەکرێت، ھەندێک جاری تر زینداندەکرێت. ھەندێکجاریش تا دەمرێت دەسبەسەر دەبێت.

بە دەگمەن نەبێت ئەم جۆرە گۆڕانکارییانە ھیچ شتێکی قابیلی باسکردن و لەسەروەستان ناگۆڕن، درێژە بە ھەمان دونیا و بە ھەمان ھێڵی حوکمڕانیی دەدەن کە پێشتر ھەبووە. ھەندێکجاریش دۆخەکە بەرەو خراپتر دەبن و لە پاڵ کێشە کۆنەکاندا کێشەی نوێ دروستدەکەن. ڕوخسارێکی ناسراو دەڕوات و ڕوخسارێکی تر دەچێتە شوێنەکەی. لە مێژووی ئەم ناوچەیەدا ”کودەتای ناو کۆشک” دەرەنجامێکی پۆزەتیڤی نەبووە، کە سەدام حوسەین ئەحمەد حەسەن بەکری لەناو حیزب و سیستمی حوکمڕانیادا لابرد، دونیایەکی تەواو تۆقێنەرتر و خوێناویتری دروستکرد. کە بن عەلی لە تونس بۆرقێبەی لابرد، سەردەمێکی گەندەڵتر و نابوتتری دروستکرد کە بەھاری عەرەبی کۆتاییھات، کە بن سەلمان لە سعودیە ئەمیرەکانی تری پاشەکشەپێکرد، دونیایەک کێشەی ناوەکیی و دەرەکیی لە سعودیەدا و بۆ سعودیە دروستکرد، بەرچاوترینیان ئەو جەنگە عەبەسییە خوێناوییە لە یەمەن کە ژیانی ملیۆان مرۆڤی وێرانکردوە.

 ”کودەتای ناو کۆشک” کودەتای ناو ”کۆشک”ە. ”کۆشک” بە کۆشکی و” لۆژیکی کۆشک” وەک ”لۆژیکی کۆشک” دەمێنێتەوە و ئەوەی دەگۆڕێت ڕوخساری شازادە کانە، جێگرتنەوەی ئەم شازادەیە بۆ ئەویتریان..

****

مامی بچوک براوەی یاریی کورسییەکەیە، ‌رێبوار كەریم وەلی

عاجباتییە ئەگەر شتێک لەو دنیایە روو بدات”بە دڵی پارتی بێت و دەستی پارتی تێدا نەبێ!”

*لەوش عەجیبتر ئەوەیە کە خەڵک وا بزانێ ئەوەی لەناو یەکێتی رووی داوە ھەمووی لە بن سەری بافڵ تاڵەبانی بێت…

* ھەمووی چەند ھەفتەیەک پێش ئێستا، قوباد تاڵەبانی و تیمی حکومەتی یەکێتی رێستیان بۆ سەرکردایەتیی یەکێتی کێشا، تەنانت کاک قوباد بە توڕەییەوە کۆبوونەوەی بەجێھێشت و دوایی خۆی چوو لە دوکان کۆبوونەوەی پێکردن و دڵنیایی دا کە ئەو بڕیار لەسەر مان و نەمان لەناو حکومەتدا دەدات.

*  لە سەرەتاشەوە ھەموو تەنازول و بگرە و بەردەکە لە پێناوی ئەوە بوو کە پێگەی مامی بچوک لە حکومەتدا پارێزراو بێت.

* مامی بچوک کە ئێستا زۆر لێزانانە ئیدارەی قەیران دەدات و زۆر جار وەک نێوەندگیریش دەردەکەوێ، تا ئەم دەقەیە براوەی ھاوکێشەکەیە؛ دەستێک چاکەتوپانتۆڵی حکومەتیشی پێیە کە لەکوێ پێویست بوو دەتوانێ بیکاتە بەر ھەموو بڕیارەکانی بنەماڵەکەی.

* ئەوە قەراری حکومەتە و تەواو…

*  دەرکەوتنی لەگەڵ بەرپرسەکانی دەزگای دژە تیرۆر و زانیاری(کە تا ئێستا سەرۆکی حکومەت شتی وای نەکردووە) بە ھیچ شێوەیەک عەرزی عەزەڵات نییە! چونکە ھێزە ئەمنییەکان نابێ لە ململانێی سیاسیدا بەکار بھێندرێن!

*  قوباد تاڵەبانی یارییەکی زۆر زیرەکانەی کرد؛ ھەم بۆ پێگەی خۆی و ھەم بۆ پوکاندنەوەی ئەو رەوتە دژە حکومەتەی لە سلێمانی ھەبوو.

*  ئەو خۆی ویستی سەرکردایەتیی دانوستانەکانی بەغدا بکات و بەوەش بۆ پارتی بووە واجیھەیەک کە دۆڕان و بردنەوەی قازانج بوو.

*  بۆ خۆیشی کارتی بەغدای لە دەست ھاوسەرۆک دەرھێنا و گوریسی شۆڕکردنەوەی دەستەڵاتەکانشی بۆ ناو بیری ناکۆکییە بنەماڵەییەکەی یەکێتی لە پارتی وەرگرت…شۆڕی کردەوە..

* قوباد تاڵەبانی پێگەی لە ھەولێر مسۆگەرە. ئەگەر لەو قومارەی ئێستا بافڵ تاڵەبانی کردویەتی واش دەرنەچن کە تێکڕای یەکێتی کۆنتڕۆڵ بکەن، ئۆباڵەکە دەخرێتە ملی براکەی و وەک ململانێیەکی خێزانی وێنای دەکات. لێرەش لە شکست و بردنەوەدا، ھەر قوباد تاڵەبانی براوەیە.

*  کورت و موختەسەر، عەڕابی ئەو وەزعەی ئێستای ناو بەرەبابی تاڵەبانی و برایم ئەحمەد، مامی بچوکە.

***

روداوەکانی پێش لێ ستاندنەوەی دەسەڵات لە لاهوور شیخ جەنگی

بافڵ تاڵەبانی: لەبەرامبەر یاساشکێنان بڕیارە دروستەکەمان دا

رووداو دیجیتاڵ 

بافڵ تاڵەبانی بە فەرمی خۆی وەک سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناساند و لەسەر گۆڕی باوکی (مام جەلال) پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند “داهاتووی یەکێتی پرشنگدارتر دەبێت و هیچ کەس حەددی نییە و زاتی ئەوە ناکات جارێکی دیکە سیخووڕ نەک بخاتە ناو ماڵی مام جەلال، بگرە لەناو کۆمەڵانی خەڵک و دامەزراوەکانی حکومەت رێگەنادرێت ئەم کارە نەشیاوانە بکرێن.”

ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-07-2021، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەکاونتی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک پەیامێکی بە چەند وێنەیەکی خۆی لەسەر ئارامگەی مام جەلال، لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکان لەنێو یەکێتی و دۆخی حیزبەکەی بڵاوکردەوە.

بافڵ تاڵەبانی پەیامەکەی بەناونیشانی “باوکە گیان رێنیشاندەر و رابەری مێژووییمان” بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت “ئەمڕۆ هاتوومەتە حزورت تا لەنزیکەوە خۆم راستییەکانت پێبگەیەنم و دڵنیات بکەمەوە لە پشوودرێژی و دانبەخۆداگرتنم لەبەرامبەر پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و ئەمانەتی خوێنی شەهیدان، رەنج و ماندووبوونی پێشمەرگەی دێرین، تێکۆشەرانی رێگای خەبات و زیندانیانی سیاسی، کەمئەندامانی سەنگەر و قوربانیدانی کۆمەڵانی خەڵک.”

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئاماژەدان بەوەی “بەڕاوێژ لەگەڵ سەرکردە تێکۆشەرەکان و خەمخۆرانی یەکێتی راستەقینە بڕیاری گۆڕانکاریی ریشەییمدا”، گوتووشیەتی “سەرپەرشتیارانی هەموو ئەو دامەزراوە ئەمنی و حزبییانەی ساڵانێک بوو خرابوونە خزمەت بەرژەوەندی هەندێک کەسەوە و بۆ تەسفیاتی حیزبی بەکاردەهێنران و دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و یەکێتییەکەمان دەجووڵانەوە. لەکاتێکدا کارمەندانی ئەو دەزگایانە خەڵکانی تێکۆشەر و دڵسۆزبوون، بەڵام بەمەبەست ئەم کارە دزێوانەیان پێئەنجام دەدرا. دەست خرابووە بینەقاقای کاروکاسبی کاسبکاران و سەرمایەداران. بەپیلان و بەرنامە رێگری لە دامەزراوەکانی حکومەت دەکرا تاوەکو کار و پرۆژەکانیان جێبەجێنەکەن. قاچاخچێتی، سەرانەوەرگرتن، هەڕەشە و سیخوڕیکردن کرا بە بەرنامە.”

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-7-2021 میدیاکانی یەکێتی لە زاری سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بڵاویانکردەوە، “لەنێو ماڵی مام جەلال لە دەباشان سیخووڕگیراوە و دانیناوە بەوەی کاری بۆ ھاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی [لاهوور شێخ جەنگی] کردووە و بەکارھێنراوە بۆ مەرامی تایبەتی و لێدان لەبەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی”.

بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت، دواجار گلەیی و گازندەی کۆمەڵانی خەڵک، نووسەران، رۆژنامەنووسان، رۆشنبیران و مامۆستایانی زانکۆ و دڵسۆزان و ناوەندە دیپلۆماسییەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان “هەمووی بەهەند وەرگیران و بڕیارە دروستەکەمان دا لەبەرامبەر یاساشکێنان.”

دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

باوکە گیان رێنیشاندەر و رابەری مێژووییمان

ئەمڕۆ هاتوومەتە حزورت تا لەنزیکەوە خۆم راستییەکانت پێبگەیەنم و دڵنیات بکەمەوە لە پشوودرێژی و دانبەخۆداگرتنم لەبەرامبەر پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و ئەمانەتی خوێنی شەهیدان، رەنج و ماندووبوونی پێشمەرگەی دێرین، تێکۆشەرانی رێگای خەبات و زیندانیانی سیاسی، کەمئەندامانی سەنگەر و قوربانیدانی کۆمەڵانی خەڵک.

دواجار بەناچاری دوای هەوڵی بەردەوامم و کۆشش لەپێناو یەکێتییەکەمان و پارێزگاری لە رێبازی راست و رەوان و بەڕاوێژ لەگەڵ سەرکردە تێکۆشەرەکان و خەمخۆرانی یەکێتی راستەقینە بڕیاری گۆڕانکاریی ریشەییمدا لە سەرپەرشتیارانی هەموو ئەو دامەزراوە ئەمنی و حزبییانەی ساڵانێک بوو خرابوونە خزمەت بەرژەوەندی هەندێک کەسەوە و بۆ تەسفیاتی حیزبی بەکاردەهێنران و دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و یەکێتییەکەمان دەجووڵانەوە. لەکاتێکدا کارمەندانی ئەو دەزگایانە خەڵکانی تێکۆشەر و دڵسۆزبوون، بەڵام بەمەبەست ئەم کارە دزێوانەیان پێئەنجام دەدرا. دەست خرابووە بینەقاقای کاروکاسبی کاسبکاران و سەرمایەداران. بەپیلان و بەرنامە رێگری لە دامەزراوەکانی حکومەت دەکرا تاوەکو کار و پڕۆژەکانیان جێبەجێنەکەن. قاچاخچێتی، سەرانەوەرگرتن، هەڕەشە و سیخوڕیکردن کرا بە بەرنامە.

دواجار گلەیی و گازندەی کۆمەڵانی خەڵک، نووسەران، رۆژنامەنووسان، رۆشنبیران و مامۆستایانی زانکۆ و دڵسۆزان و ناوەندە دیبلۆماسییەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان هەمووی بەهەند وەرگیران و بڕیارە دروستەکەمان دا لەبەرامبەر یاساشکێنان.

ئەمڕۆ لەسەر مەزارەکەت بەڵێن دەدەین یەکێتی ئەمانەتە و بە گیانمان دەیپارێزین. جەخت دەکەمەوە داهاتووی یەکێتی پرشنگدارتر دەبێت و هیچ کەس حەدی نییە و زاتی ئەوە ناکات جارێکیتر سیخوڕ نەک بخاتە ناو ماڵی مام جەلال بگرە لەناو کۆمەڵانی خەڵک و دامەزراوەکانی حکومەت و رێگەنادرێت ئەم کارە نەشیاوانە بکرێن و دەبێت لەمەودوا دامەزراوە ئەمنییەکان و دەزگای زانیاری لەخزمەت ئاسایشی هەرێم و پاراستنی سەروماڵی خەڵک و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لەبار بێت بۆ کاروکاسبی و ژیانی هەمووان.

بەڵێن بێت… بەڵێن لەئاست گەورەیی یەکێتی و سەروەری خاکی هەرێم بم بۆ پارێزگاریکردن  لەمافەکانی خەڵک و بەرژەوەندی گشتی و یەکێتییەکان و تێکۆشەران و کەسوکاری شەهیدان.

بافڵ تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

**

قوباد تاڵەبانی بۆ دەزگا ئەمنییەکان: خۆتان بەدووربگرن لە دەستوەردانی سیاسی

رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە یاوەریی لیوا چەتۆ ساڵح، بریكاری وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ لە سلێمانی كۆبووەوە و داوای لە دەزگا ئەمنییەکان کرد کە خۆیان لە دەستوەردانی سیاسی بەدووربگرن.

لە كۆبوونەوەكەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی تەممووزی 2021 ئەنجامدراوە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەریەك لە ئەژی ئەمینی وەکو سە‌رۆكی دە‌زگای زانیاری و وەهاب هەڵەبجەیی وە‌كو بە‌ڕێوەبە‌ری دژە‌ تیرۆر بە فەرمی بە بەڕێوەبەرایەتییەكانی وەزارەتی ناوخۆ ناساند و هیوای سەركەوتنی لە ئەركی نوێدا بۆ خواستن.

جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان روونیكردەوە، پێویستە دەزگا ئەمنییەكان هەماهەنگیی زیاتر بكەن و چاوكراوەتربن لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەروماڵی هاووڵاتییان و خۆیان بەدووربگرن لە دەستوەردانی سیاسی و “پەرەی زیاتر بە تواناكانی خۆیان بدەن لەڕووی پیشەییەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی تاوان و دیاردەی دزێو و یاساشكێنی لە كۆمەڵگە”.

قوباد تاڵەبانی بەڵێنی ئەوەی بە بەڕێوەبەرەکان داوە کە پاڵپشتیان دەبێت بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.

**

باڵەخانەی کەناڵەکەی لاهوور شێخ جەنگی درایە کەناڵی گەلی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە 13ی تەممووزی 2021 هێزێکی ئەمنیی سکرتاریەتی جەلال تاڵەبانی دەستی بەسەر کەناڵی ئای پڵەسی لاهوور شێخ جەنگیدا گرت، ئەمڕۆ تابلۆی ناوی کەناڵی گەلی کوردستان لە باڵەخانەکە هەڵواسرا.

بەپێی سەرچاوەیەک لە کەناڵی گەلی کوردستان، باڵەخانە نوێیەکەی ئەو کەناڵەی دەبێتە موڵکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کەناڵی گەلی کوردستانی تێدا جێگیر دەکرێت.

رۆژی 13ی ئەم مانگە لە پەرەسەندنەکانی کێشەی هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هێزێکی ئەمنی چوونە سەر کەناڵی ئای پڵەس و بەشێک لە کەلوپەلەکانیان شکاند و کارمەندەکانیان کردە دەرەوە و بەڕێوەبەری ئەو کەناڵە و ژمارەیەک کارمەندی دیکەیان بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرد.

لە کاردانەوەی ئەو هێرشەدا، کەناڵەکە لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، “هەندێک كەلوپەلیان بردە دەرەوەی دامەزراوەكە و بەشێكی كەلوپەل و دەرگاكانیان شكاند، جگە لەوەی بەشێكی كامێرای چاودێرییان لێكردەوە، كارەبای باڵەخانەیان كوژاندەوە. پاشان، بەڕێوەبەر و كارمەندانی دامەزراوەكەیان ئازادكرد و هێزەكان لە باڵەخانەی دامەزراوەكە جێگیركران. هێزەكان بە دەمامك و پۆشاكی سەربازی و چەكەوە هاتبوون، نزیكەی 50 چەكدار دەبوون”.

دامەزراوەی راگەیاندنی ئای پڵەس، سەركۆنەی ئەو کارە دەکات، وەکو لە راگەیێندراوەکەیاندا هاتووە، “سەرکۆنەی ئەو جۆرە رەفتارەی ئەو گرووپە دەكەین كە بە پۆشاكی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو كردەوەیان بەرامبەر دامەزراوەیەكی میدیایی ئەنجامداوە و ترس و تۆقاندنیان لەنێو دامەزراوەكە بڵاوكردەوە”.

رۆژی 08-07-2021 سەرەتای ناکۆکییەکانی نێو یەکێتی بەروونی دەرکەوتن و بەرپرسی هەردوو دەزگای زانیاری و دژەتیرۆر گۆڕدران، دوای دوو کۆبوونەوەش لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی، هیچ رێککەوتنێک نەکراوە.

کەناڵی ئای پڵەس بڕیاربوو لەچەند مانگی داهاتوودا بکەوێتە کار و نزیکەی 100 کارمەندی هەبوو، باڵەخانەکەی دەکەوێتە گەڕەکی کوردسات، نزیک لە شەقامی شەست مەتری لە سلێمانی.

**

لە سلێمانی هێزێکی ئەمنی هەڵیکوتایە سەر کەناڵەکەی لاهوور شێخ جەنگی

رووداو دیجیتاڵ

لە سلێمانی هێزێکی ئەمنی هەڵیکوتایە سەر کەناڵەکەی لاهوور شێخ جەنگی، هەندێک لە کەلوپەلە رۆژنامەڤانییەکانیشیان شکێنراوە. پەیامنێری رووداو گوتی “سەرجەم کارمەندەکان نێردراونەتەوە بۆ ماڵەوە.”

سەرچاوەیەک لەنێو کەناڵەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە “هێزێکی ئەمنی هێرشیان کردووەتە سەر کەناڵی (ئای پڵەس IPLUS) و بەشێک لە کەلوپەلەکانییان شکاندووە، زیانیان بە باڵەخانەکە گەیاندووە.”

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکە بەشێک لە کەلوپەلەکانیان لەگەڵ خۆیاندا بردوون و دەستیان بەسەر چەند کەیسێک و کەلوپەلی کۆمپیوتەردا گرتووە، هەروەها دەرگای چەند ژوورێکیان شکاندووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو سەرچاوەیە گوتی، “سەرەتا داوایان لە کارمەندەکان کردووە بچنە دەرەوە و ئەوانیش رازی نەبوون.”

کەناڵەکەی لاهوور شێخ جەنگی نووسینگەی سەرەکیی لە سلێمانییە و دەکەوێتە سەر شەقامی 60 مەتری، کەناڵەکە تاوەکو ئێستا دەستی بە پەخش نەکردووە.

یەکێتی: هەرچی بە پارەی یەکێتی دروستکرابێت موڵکی یەکێتییە و دەگەڕێندرێتەوە

سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، “ئەو هێزەی چوونەتە سەر کەناڵەکە سەر بە سکرتارییەتی مام جەلال بوون و داوایان لە کارمەندەکان کردووە کەناڵەکە جێبهێڵن.”

ئەو سەرچاوەی یەکێتی کە نەویست ناوی ئاشکرا بکرێت گوتیشی “کەناڵەکە موڵکی یەکێتییە و دەگەڕێتەوە بۆ یەکێتی، کەناڵەکەش کەناڵێکی حزبییە نەک سەربەخۆ.” ئەو سەرچاوەیە تەئکیدی کردەوە “هەموو ئەو شتانەی بە پارەی یەکێتی دروستکراون موڵکی یەکێتین و دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ یەکێتی.”

بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە کۆبوونەوەی شەوی رابردووی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی دەستیکەوتووە، لاهوور شێخ جەنگی ئاگادارکراوەتەوە کە لە ماوەی 10 رۆژدا دەبێت هەموو ماڵپەڕ و پەیج و کەناڵێک کە سەر بە ئەون بگەڕێندرێنەوە بۆ یەکێتی.

**

بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستە ئەمنییەکان گەیشتنە بارەگای دژەتیرۆر

رووداو دیجیتاڵ

بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بۆ ئاڵۆگۆڕی پۆستەکانی سەرۆکی دەزگای زانیاریی و دژەتیرۆر بە کاروانێکی زۆری ئۆتۆمبێل گەیشتنە بارەگای دژەتیرۆر و بڕیارە پاش کەمێکی دیکە رێوڕەسمەکە دەستپێبکات.

ئاڵوگۆڕەکەش بەمشێوەیە دەبێت، وەهاب هەڵەبجەیی دەبێتە فەرماندەی دەزگای دژە تیرۆر. هەر ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی لە دەباشان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی کرد و ئەژی ئەمینی وەک سەرۆکی نوێی دەزگای زانیاری ناساند.

بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجوومە‌نی وە‌زیرانی هەرێمی کوردستان پاش ئە‌وە‌ی سە‌رۆكی نوێی دە‌زگای زانیاری ناساندووە، “داوای لە‌ لایە‌نە‌ ئە‌منییە‌كان كرد كە‌ ئە‌ركی ئە‌وانە‌ بەر‌دە‌وام بن لە‌ پاراستنی ئارامی و ئە‌و هەماهەنگییەی كە‌ هەیە پتە‌وتر بێت و بە‌ردە‌وامی پێبدە‌ن.”

وەک لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، قوباد تاڵەبانی ئاماژە‌ی بە‌وە‌شداوە كە‌ ئە‌و لایە‌نە‌ ئە‌منییانە‌ “نابێت بە هیچ شێوە‌یە‌ك دە‌ستوە‌ردە‌نە‌ كاروباری سیاسی، بە‌ڵكو دە‌بێت دڵنیایی بە‌ هاووڵاتیان بدە‌ن لە‌ سە‌قامگیریی ئارامی.”

سەرچاوەیەک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند بوو، کە بڕیاری دەستبەکاربوونی هەردوو سەرۆکی نوێی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆر لە سلێمانی جێبەجێکراون و ئەمڕۆ دەستبەکاربوون.

هەر بەپێی سەرچاوەکەی رووداو، ئەو پۆستانەی لە سلێمانی گۆڕانکاریان تێدا دەکرێت هەریەکە لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، ئاسایشی گشتیی سلێمانی، ئاسایشی سلێمانی، فڕۆکەخانەی سلێمانی و دەروازە سنوورییەکانە.

ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، ئاڵوگۆڕی پۆستە ئەمنییەکان لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە دەستیپێکرد و تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت. سەرەتا ئاڵوگۆڕی پۆستی دەزگای دژەتیرۆ و دەزگای زانیاریی کرا کە دوو پۆستی هەستیارن لە سلێمانی. هەروەها لیستێکی دیکەی گۆڕانکارییش بڕیاری لەسەر دراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

**

سه‌رۆكى ده‌زگاى زانیارى و راوێژكارى ده‌زگاكه‌ ئازادکران

رووداو دیجیتاڵ

دوای کەمتر لە 24 کاژێر لە دەستبەسەرکردنیان، سه‌رۆكى ده‌زگاى زانیارى و راوێژكارەکەی لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە ئازادکران.

هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند؛ دواى ئه‌وه‌ى ژماره‌یه‌ك به‌رپرسى ئێستا و پێشوى یه‌كێتى و به‌رپرسانى ئه‌مریكا و ئێران نێوه‌ندگیریان له‌نێوان هه‌ردوو هاوسه‌رۆكی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان كرد دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و ئاسایی بوونه‌وه‌ ده‌چێت و محەممەد تەحسین تاڵەبانی،  سه‌رۆكى ده‌زگاى زانیارى و رەنج شێخ عەلی، راوێژكارى ده‌زگاكه‌ كه‌ له‌شه‌وى رابردووه‌وه‌ لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە ده‌ستبه‌سه‌رکرابوون كه‌مێك پێش ئێستا ئازادکران.

چەند رۆژێکە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەستی بۆ گۆڕینی ژمارەیەک لە بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری یەکێتی بردووە، بەڵام دوێنێ 8ی تەمموزی 2021، لەکاتی هەوڵدان بۆ گۆڕینی سەرۆکی هەردوو دەزگاکە، گرژی لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی دروستبوو و نزیک بووە لە پێکدادان. بڕیارەکان لەلایەن قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی تیمی یەکێتی لە حکومەت دراون.

شەوی رابردوو سلێمانی جوڵەی هەندێک لەو هێزانەی بەخۆوە بینیوە و لە سنووری قەلاچوالان هێزەکانی زۆنی سەوز خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، ئەگەر هەوڵەکانی ژمارەیەک کەسایەتی نێو یەکێتی و دەرەوەی ئەو حیزبە نەبووایە، ئەگەری پێکدادانی سەربازی زۆر نزیک بوو.

بەپێی سەرچاوەکانی (رووداو)، یەکێک لەو پۆستانەی کێشەکانی دوێنێی لێکەوتەوە پۆستی دەزگای زانیاریییە کە سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە، گۆڕانکارییەکان یەکێکیان پەیوەستە بەم پۆستەوە کە لای کەسێک بووە بەناوی شێخ محەممەد تەحسین تاڵەبانی، خوشکەزای لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی کاری بۆ پڕکردنەوەی ئەم پۆستەی بە هاوسۆزێکی خۆی کردووە کە پێشتر نزیکایەتی لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی هەبووە.

ئەژی ئەمین ئەو کەسەیە، کە بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەو پۆستەی پێشنیازکردووە، ئەم کەسە فەرماندەیەکی دیاری نێو دژەتیرۆری یەکێتییە و دوێنی لەکاتی کارکردن بۆ دەستبەکاربوونی کێشەکە دروستبووە.

سەرچاوەیەکی یەکێتی رەتیکردەوە کە دوێنێ هیچ پێکدادانێک لەنێوان هەردوو هێزەکانی هاوسەرۆکان دروست بووبێت و بریندار بووبێت وەک لە هەندێک لەمیدیاکان بڵاوبووەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دان بەوەدا دەنێت: “ژمارەیەک بەرپرسی دەزگا هەستیارەکانی یەکێتی لە شوێنی دیاریکراو لە دۆخی مانەوەی زۆرەملێن و هیچ کەسیش دەستگیرنەکراوە”.

یەکێکی دیکە لە گۆڕانکارییەکان گۆڕینی سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆرە، کە ئێستا پۆلاد شێخ جەنگی برای لاهوور شێخ جەنگی سەرپەرشتی دەکات. سەرچاوەکەی یەکێتی دەڵێت: “ئەگەر ئێستاش سەرۆکی دەزگاکە نەگۆڕدرێت، لە ئایندەدا بە ئەگەری زۆرەوە دەگۆڕدرێت، بە تایبەتی ئەگەر کێشەکانی نێوان ئەو دووانە چارەسەرنەکرێن”

***

گۆڕانکارییەکانی پۆستە ئەمنییەکان لە سلێمانی

ووداو دیجیتاڵ

بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەزگای زانیاری و دەزگای دژەتیرۆر لە سنووری سلێمانی گۆڕانکارییان تێدادەکرێت و ئەوەش گرژیی لەنێوان هەردوو هاوسەرۆکی ئەو حیزبە دروستکردووە.

هۆرڤان رەفعەت پەیامنێری رووداو لە سلێمانی لەبارەی دوایین زانیارییەکان گوتی: گۆڕانکارییەکان لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی سەرۆکی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە بۆ پڕکردنەوەی پۆستە هەستیارە باڵاکانی دەزگا ئەمنییەکانی سنووری سلێمانی و داوایکردووە فەرمانی هەرێمی بۆ گۆرانکارییەکان دەربکرێت.

گۆڕانکارییەکان چین؟

– دەزگای زانیاریی

پەیامنێری رووداو لە سلێمانی لەبارەی گۆڕانکارییەکانەوە دەڵێت؛ یەکێک لەوانە پۆستی دەزگای زانیارییە کە سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە، بەرپرسی پێشووی دەزگاکە بە وەکالەت بووە کە ناوی شێخ محەممەد تەحسین تاڵەبانییە و برای ئاڵا تاڵەبانی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتییە لە پەرلەمانی عێراق .

ماوەی چەند مانگێک دەبێت لەدوای کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پۆستەکە لەلایەن محەممەد تاڵەبانییەوە بەڕێوەدەبرا. بەڵام واژۆی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی لەسەر نەبووە و ئێستا داواکراوە کەسێکی نوێ لەلایەن یەکێتییەوە پیشنیاز بکرێت و لەو پۆستە دابنرێت.

ئەو کەسە نوێیەی کە بۆ سەرپەرشتیی دەزگاکە ناوی دراوەتە ئەنجوومەنی ئاسایش لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پیشنیازکراوە و ناوی ئەژی ئەمینە. فەرماندەیەکی ناسراو و دیارە لەنێو دەزگای دژەتیرۆردا.

– دەزگای دژە تیرۆر

یەکێکی دیکە لە گۆڕانکارییەکان لە دەزگای دژەتیرۆرە کە لە لەلایەن پۆلاد شێخ جەنگی برای لاهوور شێخ جەنگییەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت. بەگوتەی پەیامنێری رووداو ئەفسەرێکی باڵای دەزگای دژەتیرۆر بەناوی وەهاب هەڵەبجەیی، لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە بۆ ئەو پۆستە دانراوە.

هەروەها لە هەردوو دەزگای زانیاریی و دژەتیرۆر چەندین یاریدەدەری سەرۆکی دەزگاکان گۆڕدراون و بەپێی زانیارییەکان هەموو ئەوکەسانەی کە لەو دەزگایانە دانراون کەسانی نزیک لە بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.

ئەگەرچی چەند رۆژە گۆڕانکارییەکان دەستیانپێکردووە بەڵام ناکۆکیی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی لەسەر گۆڕانکارییەکان وایکرد لە نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممەوە گرژیی دروستببێت و لە چەند شوێنێکی سلێمانی هێز بجووڵێندرێت.

بەپێی زانیارییەکان گفتوگۆ لەنێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی لە چەند رۆژی رابردوو هەبووە بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام رۆژی رابردوو چوونی هێزێک بۆ قەڵاچوالان کە دەزگای زانیاریی لەوێیە بەتایبەتی بۆ گۆڕینی محەممەد تاڵەبانی، جۆرێک لە نیگەرانی و گرژیی لەنێو بەرپرسانی باڵای یەکێتی دروستکردووە.

ئەو هێزەی چوونەتە قەڵاچوالان، هێزی ئاڵتوونیی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و هێزێکی لیوا تایبەتەکەی کۆسرەت رەسوول و چەند هێزێکی دیکە بوون، بۆ ئەوەی بتوانن گۆڕانکارییە ئەمنییەکان ئەنجامبدەن.

پەیامنێری رووداو دەڵێت، ئەوەی کە باسی تەقە و رووبەڕووبوونەوە و گرژیی لەنێوان ئەو هێزانە دەکرێت لە قەڵاچوالان راست نییە و هیچ تەقە و رووبەڕووبوونەوەیەک نەبووە.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە رۆژی رابردوو د.بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق گەڕاوەتەوە سلێمانی و شاندێکی تایبەتی ئێران و هەروەها شاندێکی تایبەتی ئەمریکییەکانیش پەیوەندییان بە هاوسەرۆکانی یەکێتییەوە کردووە بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکان بە هێمنی و دوور لە گرژی و تووندوتیژی بکرێن.

**

بەرپرسی هەردوو دەزگای زانیاری و دژەتیرۆر لە سلێمانی لادەدرێن و بەرپرسی نوێیان بۆ دادەنرێن

رووداو دیجیتاڵ

دەزگای زانیاری و دەزگای دژەتیرۆر لە سنووری سلێمانی گۆڕانکارییان تێدادەکرێت و لە سنووری قەڵاچوالانیش جووڵە بە هێز کراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، چەند رۆژێک پێش ئێستا گۆڕانکاری لە هەردوو دەزگای دژەتیرۆر و دەزگای زانیاری لە سنووری سلێمانی لە لایەن بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆش بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەوەیەکی دیکەی تایبەتی هەبووە و تێیدا کەسانی نوێ بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی لە هەردوو دەزگاکەدا پێشنیازکراون.

سەرچاوەیەکیش بە رووداوی راگەیاند، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان محەممەد تاڵەبانی، بەرپرسی دەزگای زانیاری لە قەڵاچوالان لە کارەکەی لابردووە و ئەژی ئەمینی وەک بەرپرسی دەزگاکە دیاریکردووە. چوونی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی بۆ دەزگای زانیاری کاژێر 10:00ـی پێشنیوەڕۆ بووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەکرد، بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، بەرپرسی هێزی دژەتیرۆریش گۆڕدراوە و چەند بەرپرسێکیش دەستگیرکراون، لەوانەش محەممەد تاڵەبانی و خوشکەزایەکی لاهوور شێخ جەنگی.

بە گوتەی سەرچاوەکە، بڕیارەکەی بافڵ تاڵەبانی ناڕەزایی دروستکردووە و بەو هۆیەشەوە جووڵە بە چەند هێزێک کراوە، لەوانەش هێزی کۆماندۆ و دژەتیرۆر.

سەرچاوەکە بە رووداوی گوت، چەند بەرپرسێکی باڵای یەکێتی لە هەوڵی ئەوەدان دۆخەکە هێوربکەنەوە و رێگەنەدەن هیچ کێشەیەک دروستبێت.

هاوکات تیمی یەکێتی لە حکومەت داوایان کردووە فەرمانی هەرێمی بۆ گۆڕینی بەرپرسی دەزگای زانیاری دەربچێت، داواکارییەکەش لەلایەن تیمی یەکێتییەوە دراوەتە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.

سەرچاوەی هەواڵەکان، روداو، وێستگا نیوز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی