دۆسته بیانیه‌كانی دوكتۆر قاسملوو، ئه‌ویان به په‌یام هێنه‌ری ئاشتی ناو ده‌هێنا. لایه‌نگرانی، ئه‌و به مامۆستا، ڕێبه‌ر و ڕێگا پێشانده‌ریان ده‌زانن. له كوردستان ئه‌و به سه‌مبولی مافخوازی و پێشه‌نگی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ناوبانگی ده‌ركرد
ڕه‌خنه‌گرانی لۆمه‌ی لێ ده‌كه‌ن كه له چاره‌سه‌ریی هێندێك گرفتی سیاسی‌دا تووشی ئالنگاری بوو. ڕه‌قیبه‌كانی ئیره‌یی پێ ده‌به‌ن. دوژمن ئه‌وی به گه‌وره‌ترین مه‌ترسی بۆ خۆی ده‌زانی. به‌ڵام هه‌موویان له یه‌ك بۆچووندا هاوڕان، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه شوێن په‌نجه و كاریگه‌ریی دوكتۆر قاسملوو له بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا له ترۆپكدایه. ئه‌و كاریگه‌رییه نه ته‌نیا به شه‌هیدبوونی لاواز نه‌بوو به‌ڵكوو هێزێكی نوێ و ئیلهامی هه‌م به حیزبی دێمۆكرات و هه‌م به هه‌موو بزووتنه‌وه‌ی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌خشی و ته‌نانه‌ت سنووره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتیشی تێپه‌ڕاند و وه‌كوو ڕێبه‌رێكی كاریزماتیكی كورد كه‌وته لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو.
یه‌كه‌م جار د. قاسملووم له مانگی پووشپه‌ڕی ساڵی ١٣٦٣ له زانكۆی حیزب، كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا به “فێرگه‌ی سیاسی نیزامی” حیزب ده‌گوترا و له گه‌ڵاله‌ی باشووری كوردستان جێگیر ببوو بینی. ئه‌و بۆ گوتنی وانه‌ی سیاسی بۆ كادره تازه‌كانی حیزب سه‌ردانی كردبووین و بۆ ماوه‌یه‌كی كورت له گه‌ڵمان بوو. هه‌ر ئه‌و ماوه كورته به‌س بوو تا هه‌ست به كاریزما و جێگه و پێگه‌ی د. قاسملوو بكه‌ی و له ده‌وری ئه‌و بۆ دانی هیوا و گه‌شبینی بۆ داهاتوویه‌كی باشتر تێبگه‌ی. بۆ من و هاوپۆله‌كانم كه كورته‌ده‌مێك بوو ببووین به پێشمه‌رگه و ئاواتمان بوو ڕۆژێك ڕێبه‌ره پله‌به‌رزه‌كانی حیزب ببینین، چاوپێكه‌وتن له گه‌ڵ خودی سكرتێری گشتی هه‌یه‌جانێكی دیكه‌ی هه‌بوو. پێمان وابوو پاش ئه‌و دیداره ئیدی هه‌موومان پله‌یه‌كی گرینگی قۆناغی ژیانی سیاسیمان تێپه‌ڕ كردوه و بووین به حیزبی و كادری سیاسی.
به دووری نازانم هه‌ر هه‌مان هه‌ست بۆ كه‌سانی دیكه‌ش كه له شوێن و چوارچێوه و ده‌رفه‌تی جیاوازدا له گه‌ڵ د. قاسملوو ئاشنا بووبن دروست بووبێ، ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ش كه هاوبیری نه‌بوون. دوكتۆر قاسملوو هه‌ڵس و كه‌وتی ئاسایی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌میشه له گه‌ڵ پسپۆریی سیاسی، زانیاریی گشتی، شاره‌زایی له مێژوو، ئابووری، وێژه، كولتوور و ئه‌زموونی به‌ڕێوه‌به‌ری له ئاستی هه‌ره به‌رزدا ئاوێته ده‌كرد و ده‌یتوانی له یه‌كه‌م دیداردا له لای گوێگر و لایه‌نی ئاخاڤتنی خۆی هێژێموونیه‌كی تێكه‌ڵاو له گه‌ڵ ڕێز و خۆشه‌ویستی دروست بكا. ئه‌و هه‌ر وه‌ها كه‌سایه‌تیه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بوو كه زۆر زوو ده‌یتوانی پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به قازانجی حیزب و ئامانجه‌كانی خۆی به‌كار بێنێ. ئه‌و كاریگه‌رییه به‌ر له‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و بێ، ببوو به دیارده و له هه‌موو شوێن و له هه‌موو چوارچێوه‌یه‌كدا باڵی به سه‌ر دان و ستانه‌كانی دوكتۆر قاسملوو له گه‌ڵ ده‌ورووبه‌ره‌كانیدا ده‌كێشا. هۆكاری به‌رده‌وامیی كاریزما و هێژێموونی ئه‌و ئێستا ده‌یان ساڵ پاش تێرۆری له لایه‌ن مرۆڤكوژانی كۆماری ئیسلامیشه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و “دیارده‌یه”. بۆیه به تێپه‌ڕبوونی كات له بیر ناچێته‌وه، ته‌نانه‌ت ساڵ بۆ ساڵ به هێزتر ده‌بێ، په‌ل و پۆ داوێ و ده‌بێته هانده‌رێكی به هێزی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی له كوردستان.
ده‌كرێ له زۆر بواره‌وه كاریگه‌ری و ده‌وری د. قاسملوو له سیاسه‌تی كوردیدا لێك بدرێته‌وه، ڕاڤه و شیكاری بكرێ، به چاوی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه هه‌ڵسه‌نگێندرێ و ئه‌زموونه‌كانی بكرێته وانه بۆ گه‌شاندنه‌وه‌ی خه‌بات. بووژاندنه‌وه‌ی حیزبی دێمۆكرات، ده‌رهێنانی ئه‌و حیزبه له ژێر كاریگه‌ری و سێبه‌ری دوو هێزی خاوه‌ن ئوتۆریته له ساڵه‌كانی ٣٠ و ٤٠ ی هه‌تاوی (٥٠ و ٦٠ی زاینی)؛ یه‌كێكیان هێزێكی ئێرانی و ئه‌وی دیكه‌یان هێزێكی كورد، په‌یداكردنی ده‌یان دۆست و خه‌مخۆر بۆ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی كورد له ئاستی جیهانی و نێوده‌وڵه‌تیدا، له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا مه‌شرووعیه‌ت دان به خه‌باتی چه‌كدارانه‌ی كورد له دژی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی، دامه‌زراندنی پێوه‌ندیی دروست، سه‌ربه‌خۆ و به بێ به‌ستراوه‌یی له گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه به هۆی دژایه‌تیان له گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئاماده‌بوون یارمه‌تی بزووتنه‌وه‌ی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بده‌ن و دیپلۆماسیه‌ك له سه‌ر بنه‌مای پیوانه ئه‌خڵاقیه‌كان به‌شێك له‌و هه‌نگاوه سه‌ركه‌وتوانه بوون كه د. قاسملوو و تیمی به‌ڕێوه‌به‌رانی سیاسی یارمه‌تیده‌ر و هاوكاری ئه‌و ئه‌نجامیان دا. له به‌رامبه‌ریشدا كۆمه‌ڵه پرسێكی سیاسی و نێوخۆیی ڕێكخراو بۆ د. قاسملوو ئالنگاری بوون كه ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر بۆ خۆی ده‌رفه‌تی بوایه، پێداچوونه‌وه‌ی پێدا كردبان و به شێوه‌یه‌كی جیاواز هه‌ڵس و كه‌وتی له گه‌ڵ كردبان. چونكه گۆڕان، فێربوون له ئه‌زموونه‌كانی و پێشكه‌وتنیش له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه بوون كه د. قاسملوو له ماوه‌ی ژیانی كورت به‌ڵام پڕ به‌رهه‌میدا شوێنگریان بوو و ئه‌نجامی ده‌دان. بۆ ئه‌و، كرده‌وه له هه‌وو بواره‌كاندا پیوان بوو، و ئه‌و پیوانه له پرسی به‌ڕێوه‌به‌ری دا گرینگتر و به هه‌یبه‌تتریش خۆی ده‌نواند.
به‌ڕێوه‌بردنی حیزبێك، بزووتنه‌وه‌یه‌ك، كۆمه‌ڵگایه‌ك، وه‌ڵاتێك یا ته‌نانه‌ت ناوه‌ندێك، دایره‌یه‌ك، كارگه‌یه‌ك و كۆگایه‌كی بچو‌وكیش وێڕای پێشه‌نگی به توانا، پێویستی به هونه‌ری به‌شداری پێ كردن، پڕه‌نسیپی دابه‌شكردنی ئه‌رك و ده‌سه‌ڵات و متمانه پێ كردن هه‌یه تا ده‌سه‌ڵات له ده‌ستی یه‌ك كه‌س دا كۆ نه‌بێته‌وه. له‌و سۆنگه‌یه‌وه پرسی به‌ڕێوه‌به‌ریی “كۆ” بۆ د. قاسملوو گرینگ بوو و ئه‌و زۆر هه‌وڵی ده‌دا تا بزووتنه‌وه‌ی كورد له به‌ستراوه‌بوون به یه‌ك كه‌سه‌وه دوور بخاته‌وه و ئه‌و هزره له نێو كۆمه‌ڵگا و حیزبی دێمۆكرات‌دا به جێ بكا كه ده‌وری تاك، چه‌نده‌ش گرینگ بێ بۆ به‌رده‌وامی پێدان به ژیانی سیاسی ڕێكخراوێك نابێ تاكانه و چاره‌نووس ساز بێ. ئه‌و ڕوانگه‌یه تێگه‌یشتن و تێڕوانینێكی زانستیی ڕوو له پێشه‌ڕۆژه كه پرسی به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌خاته چوارچێوه‌یه‌كی هاوچه‌رخ و دێمۆكراتیكدا. بۆیه به‌رده‌وامی پێدان به‌و هزره و پێداگری له سه‌ر ئه‌و ڕوانگه‌یه پڕه‌نسیپێكی سیاسی گرینگه كه ده‌بێ به‌رده‌وام گه‌شه‌ی پێ بدرێ، به سازی بكرێ و بپارێزرێ. واتا ته‌نیا ڕاگه‌یاندنی وه‌فاداری به‌و پڕه‌نسیپه ناتوانێ ئه‌و هێما گرینگه بپارێزێ. ئه‌و هێمایه ده‌بێ به پێی سه‌رده‌م خۆی له گه‌ڵ هه‌موو گۆڕانكارییه‌كاندا بگونجێنێ، خۆی نوێ بكاته‌وه، به خۆیدا بچێته‌وه، خۆی بگۆڕێ و به‌رهه‌می نوێ بخوڵقێنێ.
به پێی پێشكه‌وتنه‌كانی زانست و تێكنۆلۆژیی، ڕه‌هه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به خێرایی گۆڕانیان به سه‌ردا دێ و هه‌ر به‌و پێیه‌ش پێویستی گۆڕان و نوێكاری سه‌ر هه‌ڵده‌دا. مودێلێكی سه‌ركه‌وتووی به‌ڕێوه‌به‌ری، به‌ڕێوه‌به‌رێكی سه‌ركه‌وتوو یا تێئۆرییه‌كی گونجاو كه یه‌ك دوو ده‌یه كارا، به‌رهه‌مدار و خوڵقێنه‌ره، ئه‌گه‌ر خۆی نوێ نه‌كاته‌وه، خۆی نه‌گۆڕێ و گه‌شه نه‌كا، ده‌توانێ ببێته له‌مپه‌ری پێشكه‌وتن و به بێ ئه‌وه‌ی به‌رپرسان بۆ خۆیان پێی لێ بنێن ڕێكخراوه‌كه‌ی تووشی ڕاوه‌ستان یا داگه‌ڕان ده‌كا. بۆیه هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رێكی سه‌ركه‌وتوو له سه‌رده‌می ئێستادا، به بێ له به‌ر چاو گرتنی شێوه‌ی ڕێكخستن، قه‌واره، گه‌وره‌یی و بچووكی و هتد پێویستی به نوێكردنه‌وه، پێداچوونه‌وه، هه‌ڵسه‌نگاندن و داڕشتنه‌وه‌ی نوێ هه‌یه. دوكتۆر قاسملوو جارێكیان له وه‌ڵامی مام جه‌لال دا كه له زمان كاك عه‌بدوللا موهته‌دی و ڕێبه‌رانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كۆمه‌ڵه‌دا پێی گوتبوو “كۆمه‌ڵه‌ی ئێستا بڕوای به هه‌مان تێئۆرییه كه خودی ئه‌و له كتێبی كوردستان و كورد دا وه‌فاداریی خۆی بۆ ده‌ربڕیوه، كه وابوو بۆ چی ئه‌و ڕوانگه سیاسیه‌كانی كۆمه‌ڵه قبووڵ ناكا” گوتبووی، “منیش ئه‌و ده‌م وه‌كوو ئێستای ئه‌وان وابووم”. د. قاسملوو زۆر جار ئه‌و باسه‌ی وه‌كوو نموونه‌یه‌ك بۆ پێویستیی گۆڕانی به‌رده‌وام و وازهێنان له‌و ڕوانگه و تێئۆرییانه‌ی كه له به‌رده‌وامیی ڕه‌وتی مێژوودا بۆ ئامانجه بنه‌ڕه‌تیه‌كانیان ده‌بنه له‌مپه‌ر به كار دێنا، مه‌به‌ستی له‌و قسه‌یه ئه‌وه بوو كه ئێستا گۆڕانم به سه‌ردا هاتووه و به هه‌ڵسه‌نگاندنی تێز و تێئۆرییه‌كانی ڕابردوو، ڕێبازێكی دیكه‌م هه‌ڵبژاردوه.
یه‌كێك له كاراكتێره هه‌ره گرینگه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سه‌ركه‌وتوو كه‌ڵك وه‌رگرتن له تواناییه مرۆڤیه‌كان بۆ گه‌یشتن به ئامانجه هاوبه‌شه‌كانه. ئامانج ده‌بێ به پێی پیوان و پڕه‌نسیپه داڕێژراوه‌كان دیاری بكرێ، ڕاگه‌یه‌ندرێ، بناسێندرێ و به شێوه‌ی تیمی كاری بۆ بكرێ تا ده‌بێته ئامانجی هاوبه‌ش. له‌و پێوه‌ندییه‌دا متمانه‌ی دوولایه‌نه ده‌وری بنچینه‌یی ده‌گێڕێ. بۆیه ده‌بێ له ڕه‌وتی دیاریكردنی ئامانج دا، وێڕای داڕشتنی به‌رنامه بۆ گه‌یشتن به ئامانج، زه‌مینه و ده‌رفه‌ت بۆ به‌شداریی به‌رفراوانی هه‌موو لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كانیش بڕه‌خسێندرێ، جا ئه‌و لایه‌نه له چوارچێوه‌ی خودی ڕێكخراودا ده‌بێ یا له ژینگه‌ی ده‌ورووبه‌ری. ئه‌وه‌ش ئه‌ركی به‌ڕێوه‌به‌ره كه زه‌مینه بۆ ئه‌و كاره خۆش بكا.
پێوه‌ندی له سه‌ر بنه‌مای ڕێزلێنان، ڕاشكاوی، دان پێدانان و هاندان، سپاردنی به‌رپرسایه‌تی، دانی وزه‌ی ئه‌رێنی و به هێزكردنی حه‌زی به‌شداریكردن و له به‌رچاوگرتنی ده‌وری تاكه‌كان له ڕه‌وتی به‌ڕێوه‌به‌ریدا به‌ردی بناغه‌ی سه‌ركه‌وتنی به‌ڕێوه‌به‌ریی هاوچه‌رخن. هه‌ر ئه‌و پیوانانه‌شن كه متمانه‌ی دوو لایه‌نه به هێز ده‌كه‌ن، متمانه به خۆبوون ده‌خوڵقێنن و شه‌پۆلی پێشكه‌وتن و نوێكاری وه‌رێ ده‌خه‌ن. له‌و ڕه‌وته‌دا به‌ڕێوه‌به‌رێك كه بتوانێ ئاریشه و گرفته پڕ ڕه‌هه‌نده‌كان چاره‌سه بكا، له له‌مپه‌ربوونیان كه‌م بكاته‌وه، هێوری دروست بكا و ڕووناكایی بخوڵقێنێ به‌ڕێوه‌به‌رێكی سه‌ركه‌وتووه.
له لایه‌كی دیكه‌وه له به‌ڕێوه‌به‌ریی نوێ‌دا ئه‌وه هه‌میشه تێئۆری “كارایی” و “چالاكبوونی” ڕێكخراو له ڕوانگه‌ی ماكس وێبێره‌وه نیه كه پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتن ده‌خوڵقێنێ. هه‌ر چه‌ند بیرۆكه‌ی برۆكراسی وێبێر كه گرینگی به شێوه‌ی “هره‌می یا سێ كوچكه‌یی” ڕێكخستن به به‌ڕێوه‌به‌رێكی به هێز له تروپكی ڕێكخراودا ده‌دا و پێی وایه كه هه‌موو هه‌ڵس و كه‌وته‌كان ده‌بێ به به‌ڵگه و به پێی پیوان و قه‌راری نووسراوه و له چوارچێوه‌ی دیاریكراودا بن و هه‌میشه میكانیزمی كۆنتڕۆڵ و ڕاپۆرتدان له نێو ڕێكخستن و كاری به‌ڕێوه‌به‌ریدا كارا بێ ئێستاش هه‌ر قورسایی خۆی هه‌یه. كاری ڕێكخراوه‌یی و به‌رێوه‌به‌ریی سه‌رده‌میانه گرینگی به كاری تیمی، تێگه‌یشتن و تێگه‌یاندن، زوڵالی، به‌شداریكردن و پێوه‌ندی دوولایه‌نه ده‌دا و ده‌وری به‌ڕێوه‌به‌ر زیاتر وه‌كوو ڕێكخه‌رێك ده‌نوێنێ كه ده‌بێته وێنای فه‌رهه‌نگی ڕێكخراوه‌یی. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه ئێستا زیاتر گرینگی به كاراكتێری به‌رێوه‌به‌ری و ده‌وری كه‌س و كه‌سانی به‌ڕێوه‌به‌ر ده‌درێ تا شه‌خسی به‌ڕێوه‌به‌ر. ئه‌و كاراكتێرانه گشتگیرن و پێكه‌وه جه‌وهه‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌ركه‌وتوو ده‌خوڵقێنن. له به‌رده‌وامیی فه‌رهه‌نگسازیی ڕێكخراوه‌ییدا كه د. قاسملوو گرینگی زۆری پێ ده‌دا، ئێستا بزووتنه‌وه‌ی كورد و به تایبه‌ت حیزبی دێمۆكرات پێویستی زۆری به‌و مودێله‌ی به‌رێوه‌به‌ری هه‌یه.
بێجگه له ده‌وری به‌ڕێوه‌به‌ر وه‌كوو وێنا و سه‌مبولێكی پێشه‌نگ كه ده‌بێ له هه‌موو بوارێكه‌وه ئیلهامده‌ری ده‌ورووبه‌ری خۆی بێ، یه‌كێكی دیكه له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌ركه‌وتوو ئه‌وه‌یه كه دووره‌دیمه‌نێك بخوڵقێنێ تا ئه‌ندامانی ڕێكخراو یا دایره‌ی ژێر به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌و ئامانجه‌كانی خۆیانی تێدا ببیننه‌وه. ئه‌و دووره‌دیمه‌نه ده‌توانێ وه‌ك ئامانجی دواڕۆژی حیزب له سه‌رده‌می د. قاسملوو دا كۆمه‌ڵگایه‌كی نموونه‌یی بێ كه پێشتر ئه‌و به كۆمه‌ڵگای سۆسیالیستی و دواتریش به سۆسیالیستیی دێمۆكراتیك به ناوی ده‌كرد. یا ده‌توانێ كۆمه‌ڵێك پیوان و نۆرمی دڵخواز بن كه هیوایه‌ك به‌و كه‌سانه‌ی له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كار ده‌كه‌ن ده‌دا تا به‌رده‌وام له هه‌وڵی گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتندا بن. ئه‌و ئامانجه چه‌نده ئوتۆپیك و دووره‌ده‌ست بێ، ئه‌وه‌نده بۆ ڕێكخراو و كه‌سی به‌ڕێوه‌به‌ر سه‌رئێشه و ئاریشه‌خوڵقێنه. به پێچه‌وانه وه‌ها دووره‌دیمه‌نێك چه‌نده مومكین بێته به‌رچاو و له گه‌ڵ ویست و حه‌زه‌كانی ئه‌ندامان و پێڕه‌وانی كه‌سایه‌تی به‌ڕێوه‌به‌ر و ڕێكخراو یا ئه‌و یه‌كینه‌یه‌ی ئه‌و به‌ڕێوه‌ی ده‌با بگونجێ، ئه‌وه‌نده حه‌ز بۆ هه‌روه‌زی گشتی بۆ گه‌یشتن به ئامانج و حه‌زی هاوبه‌ش بۆ دابه‌شكردنی ئه‌رك و دژوارییه‌كان زیاتر ده‌بێ.
متمانه‌ش كاراكتێرێكی دیكه و گرینگی به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌ركه‌وتووه. هه‌ر چه‌ند متمانه به‌رفراوانتر و دوو لایه‌نه‌تر بێ، ئه‌وه‌نده كارئاسانی و ئیمكانی سه‌ركه‌وتنی به‌ڕێوه‌به‌ر زیاتر ده‌بێ. به‌ڵام بۆ وه‌ده‌ستهێنانی متمانه كاری به‌رده‌وام، نه‌پساوه و سیسته‌ماتیك پێویسته كه له ڕێگای گوێ ڕاگرتن، دان و ستانی پڕاوپڕ له ڕێز و به‌رزكردنه‌وه‌ی لایه‌نی به‌رامبه‌ر و به‌شداری پێكردنی زۆربه‌وه به ئه‌نجام ده‌گا. سه‌رچاوه‌ی متمانه، بڕوا به جه‌وهه‌ری نرخداری مرۆڤایه‌تیه كه به دوور له ڕه‌نگ، ڕه‌گه‌ز، زمان، ئاین و هتد ڕێز له كه‌رامه‌تی مرۆڤ ده‌گرێ و له سه ربنه‌مای متمانه هه‌ڵس و كه‌وتی له گه‌ڵ ده‌كا تا ڕێگای خۆشبه‌ختی و ژیانی باشتری بۆ بكاته‌وه.
بۆ وه‌ده‌ست هێنانی متمانه و خوڵقاندنی ژینگه‌یه‌ك كه مرۆڤ تێدا هه‌ست به به نرخ بوونی خۆی بكا و له به‌رامبه‌ر ده‌ورووبه‌رییه‌كانیدا به‌رپرسایه‌تی وه‌ئه‌ستۆ بگرێ هاوته‌ریب له گه‌ڵ پشتیوانی كردن له تواناییه‌كانی هه‌ر تاكێك، ده‌بێ حیساب له سه‌ر هێزی یه‌كگرتووی “كۆ”ش بكرێ. واتا هه‌م تاكه‌كان ببیندرێن و هه‌م هه‌ستی به‌رپرسایه‌تی كۆ به‌رز بكرێته‌وه. له هه‌ر شوێنێكیش كه پێویستی به گۆڕین و چاكسازی بوو له ڕێگای هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌تیانه و ڕوانگه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی چاككه‌ره‌وه‌وه هه‌نگای پێویست بهاوێژرێ. له‌و ڕه‌ته دا ده‌وری ڕوانگه‌ی جیاواز و ته‌نانه‌ت ڕای جیاوازیش زۆر گرینگه، چونكه ده‌بێته هۆی گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتن. به‌ڕێوه‌به‌رێكی سه‌ركه‌وتوو نه ته‌نیا له به‌ر ڕه‌خنه و ڕای جیاواز هه‌ڵ نایه، به‌ڵكوو هێزی لێ وه‌رده‌گرێ، به كاری دێنێ و ئاسته‌نگه نه‌دیاره‌كانی سه‌ر ڕێگای ئامانجی هاوبه‌شی پێ ده‌بینێته‌وه و چاره‌سه‌ریان ده‌كا.
زۆربه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ران و ئه‌و ڕێكخراوانه‌ی كه له حاڵی گه‌شه‌كردنی به‌رده‌وام دان به شێوه‌ی سیسته‌ماتیك گرینگی به ڕه‌خنه‌ی چاككه‌ره‌وه ده‌ده‌ن و بۆ ده‌ستنیشان كردنی لاوازییه‌كان و پلانسازی گۆڕانكاریی نوێ به كاری دێنن. سه‌ركه‌وتووترین ڕوانگه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه ده‌ستنیشانكردنی هێز یا تواناییه‌كان، لاوازییه‌كان، ده‌رفه‌ته‌كان و مه‌ترسی یا هه‌ڕه‌شه‌كانه كه ساڵانێكه وه‌كوو یه‌كێك له مودێله جێكه‌وتوو و ناسراوه‌كانی شرۆڤه‌ی ڕه‌وشی ڕێكخراو یا ده‌زگایه‌كی به‌ڕێوه‌به‌ری به كار دێ و ڕێبه‌ره سه‌ركه‌وتووه‌كان به به‌رده‌وامی كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گرن. ئه‌و مودێله بۆ ده‌ستنیشان كردنی گرینگ‌ترین فاكتۆره نێوخۆیی و ده‌ره‌كیه‌كانی كاریگه‌ر له سه‌ر كار و هه‌بوونی ڕێكخراو یا سیسته‌م به‌كار ده‌برێ و له‌و ڕێگایه‌وه هه‌وڵ ده‌درێ پاش ده‌ستنیشانكردنی لاوازی و هه‌ڕه‌شه‌كان یا له‌مپه‌ره‌كانی سه‌ر ڕێگای گه‌شه كردن، به به‌هێزتر كردنی ده‌رفه‌ت و تواناییه‌كان ڕێگای گه‌یشتن به ئامانج كورتتر و كه‌م هه‌زینه‌تر بكرێ.
به‌ڕێوه‌به‌ری و كاری ڕێكخراوه‌یی له جیهانی مودێرن دا بۆ كارابوون و خێراتر كردنی ڕه‌وتی گه‌یشتنی مرۆڤ به خۆشی یا دڵخۆشی و ڕیفاهه. ئه‌و دڵخۆشیه هاوته‌ریب له گه‌ڵ لایه‌نی ده‌روونی، ژیانێكی خۆش، ئارام و ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروستیش ده‌گرێته‌وه كه ده‌كرێ چه‌مكی خۆشژینی بۆ به كار بهێندرێ. ئه‌ره‌ستوو بۆ ئه‌و خۆشژینیه چه‌مكی یوودایموونیا (Eudaimonia)ی به كار هێناوه و پێی وابوو ئامانجی هه‌موو مرۆڤێك ئه‌ویه به یوودایموون یا به قۆناغێك له ژیان بگا كه خۆشی له ده‌رفه‌ته‌كانی ژیان ببینێ. ئه‌و ده‌رفه‌تانه شێوه‌ی كار، خه‌بات بۆ گه‌یشتن به ئامانجێكی سیاسی، ڕێكخراوه‌یی، تاكه‌كه‌سی، به‌رهه‌م هێنانی زیاتر، خزمه‌تگوزاری باشتر و به كورتی هه‌موو بواره‌كانی ژیانی مرۆڤه‌كان و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیش ده‌گرێته‌وه.
ئه‌گه‌ر د. قاسملوو له گه‌یاندنی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگا و حیزبه‌كه‌ی خۆیدا به ژیانێكی ئاسووده، ئازاد و پڕ له خۆشی و ڕیفاهدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، لانی كه‌م به‌ردی بناغه‌ی ڕێبازێكی دانا كه له‌و پێناوه‌دا تێده‌كۆشێ. بۆیه ئێستا ناو و ڕێبازی ئه‌و له گه‌ڵ چا‌ره‌نووسی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ئاوێته بووه و له گه‌ڵی ده‌ژی، پێش ده‌كه‌وێ، هه‌ڵس و كه‌وت ده‌كا و خۆی ده‌نوێنێ. ئه‌و به كرده‌وه به‌ڕێوه‌به‌ر بوو، له پێناوی ئازادیی گه‌له‌كه‌یدا سه‌ری دانا و پێی وابوو كه “گه‌لێك ئازادی بوێ، ده‌بێ نرخی ئه‌و ئازادییه‌ش بدا”. به كرده‌وه بۆ خۆشی نرخی خه‌بات بۆ ئازادیی دا و ئاساییشه كه هه‌تا هه‌تایه له گه‌ڵ هیواكانی ئازادی و بڕواكانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بۆ ئازادی بژی.
یاد و ناوی د. قاسملوو به‌رز و نه‌مر.