"an independent online kurdish website

به‌ ئاگاداریی بیروڕای گشتی، میدیاکان، و ده‌زگا پێوه‌ندیداره‌کان ده‌گه‌یه‌نین بەداخێکی گرانەوە کاک مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە دەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری هەولێر تێرۆر کرا.

هاوڕێ مووسا باباخانی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی گەلاوێژ لەلایەن دوو تێرۆریستی سەر بە کۆماری ئیسلامی ڕفێندرا و بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، ١٦ی گەلاوێژ تەرمی بێ‌گیانی لە حاڵێکدا ئاسەواری ئەشکەنجەی قورسی پێوە دیار بووە، لە ژوورێکی هۆتێلی “گوڵی سلێمانی” لە شاری هەولێر دۆزرایەوە.

کاک مووسا باباخانی، خەڵکی کرماشان، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٠ هەتاوی بوو و لە ساڵی ١٣٧٨ەوە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی بۆ خەبات و تێکۆشان هەڵبژاردبوو. ئەو پێشمەرگەیەکی بەبیر و باوەڕ و نەسرەوتوو بوو، و توانی هەموو پلەکانی پێشمەرگایەتی یەک لە دوای یەک ببرێ و لە کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب هەڵبژێردرێ.

وێڕای به‌داخبوونمان له‌ شه‌هیدبوونی ئه‌و کادرە بەوه‌جه‌ی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و هاوخه‌میمان له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ و هاوسه‌نگه‌رانی، زانیاریی زیاتر له‌ باره‌ی ڕووداوه‌که‌، هه‌ر وه‌ها وردەکاریی ژیان و تێکۆشانی شه‌هید مووسا باباخانی، نوێترین قوربانیی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، له‌ به‌یاننامه‌کانی داهاتوودا به‌ ئاگاداریی بیروڕای گشتی ده‌گه‌یه‌نین.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

سکرتاریا

١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی

وەک بەڕێوەبەرانی سایتی پێشمەرگەکان، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هاوڕێیانی شەهید موسا دەکەین و خۆمان بە شەریکی غەمیان دەزانین.

روحی شاد بێ.

بەداخەوە ئەندامانی رێبەری  حیزب کوردیەکان بە گشتی زۆر ئاگاداری خۆیان نین و تەنیا سەردانی شارەکان و دەوروبەر دەکەن و دوور نیە ئەم تێرۆرانە بەردەوام بن. 

***

***

پێشمەرگەکان:  رەخنەیەکی دۆستانە لە هاوڕێیانی حدک، ئەوە چەندین کردەوەی تێرۆریستیە کە بە هۆی کەمتەرخەمی بەشی تەشکیلاتی دێتە ئاراوە و زۆر رۆڵەی ئازا و دڵسۆز دەبنە قوربانی، وەک موشەک بارانی کۆیە (قەڵا)، شەوی یەڵدا، تێرۆری شەهید موسا باباخانی.  هەموو جارێک راگەیاندنێک لەم بارەوە بڵاو دەکەنەوە و دەڵێن دواتر رای گشتی ئاگادار دەکەینەوە بەڵام دواتر بێدەنگی هەڵدبژێرن و روداوەکە بۆ رای گشتی روون ناکەنەوە . هی شەهید قادر قادریش دادگای کۆیە کورتەیەکی باس کرد و بڕیارەکەی راگەیاند و خۆیان لەم بارەوە زۆرتر دەزانن بەڵام بێدەنگیان هەڵبژاردوە.  ئەگەر بێتوو زانیاری لە سەر ئەم تێرۆرانە ئاشکرا بکەن دەبێتە هۆی ئەوەی کەسانی تر گیانیان پارێزراو بێ.

ڕاگەیەندراوی ژمارە ٢ له‌باره‌ی تێرۆری هاوڕێ مووسا باباخانی

بۆ ئاگاداریی بیروڕای گشتی و مێدیاکان

 دوای ڕاگەیاندنی هەواڵی تێرۆری کاک مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە دەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری هەولێر، زۆر لە مێدیا و ڕاگەیەنە گشتییه‌کانی کوردستان و ده‌ره‌وه‌ پێوەندی به سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه ده‌گرن و داوای لێدوان لە بەرێوەبەریی حیزب دەکه‌ن.

لێکۆڵینەوە لەو تاوانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە‌لایه‌‌ن دامودەزگا حکوومییە پێوەندیدارەکانی هه‌رێمی کوردستان و ئۆرگانه پێوه‌‌ندیداره‌كانی حیزبی دێموکڕاته‌وه  دەستی پێ کردووە. له‌گه‌ڵ ڕوونبوونه‌وه‌ی زیاتری ئاکامی لێکۆڵینه‌وه له‌و جینایه‌ته له ڕۆژانی داهاتوودا بیروڕای گشتی له‌ چه‌ند و چۆنی تاوانه‌که و هه‌ڵوێستی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

سکرتاریا

١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٠

***

ماوەیەک لە مەوبەر زانکۆ بورھان ئەم ئاگاداریەی بڵاو کردبۆوە

بۆ دەزگا ئاسایشییەکانی ھەولێر

تکایە ئەم ماوەیە زیاتر ئاگاداربن، ئیتلاعاتی ئێران لەسەر داوای سوپای قودس و ئیسماعیل قائانی پیلانی تیرۆرکردنی چەن کەسێکی ماوەی (٤) مانگە داڕشتووە لەنێو شاری ھەولێر، ئەو کەسانەش کەسانی بەئامانجگیراوی ئێرانن، بڕیارە تا (٥٠) ڕۆژی داھاتوو لەھەولێر بەئەنجام بگەیەنرێ.

تیمی تیرۆرکردنەکەش لەلایەن چوار کەسی ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە بەئەنجام دەگەیەنرێت.

ئەمە زانیاری بڕواپێکراو و دزەپێکراوە دڵنیابن لەئەنجام دانی، ئەگەر پێش وەخت پێشی پێ نەگیرێ ئەنجام ئەدرێت.

پێدانی ئەم زانیاریە لەھەستکردنمانە بەبەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ئاسایشی خەڵکی کوردستان و پەنابەرانی سیاسی.

گرنگی پێ بدەن تکایە.

 زانکۆ بورھان

بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەبارەی تێرۆری مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان!

دامودەزگا حکوومەتی و ئیدارییەکانی هەرێمی کوردستان!

کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکان!

هەروەک لە ڕاگەیەندراوە خەبەرییەکانی پێشووی سکرتاریادا به‌ ئاگاداریی بیروڕای گشتی، میدیاکان، و ده‌زگا پێوه‌ندیداره‌کانمان گەیاندبوو: بەداخێکی گرانەوە کاک مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان شەوی پێنجشەممە، ١٤ی گەلاوێژ (٥ی ئاگوستی ٢٠٢١) بە دەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری هەولێر تێرۆر کرا.

کاک مووسا باباخانی، خەڵکی کرماشان، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٠ هەتاوی بوو. ئەو وەک تازەلاوێکی کرماشانیی بەهەست و شۆڕشگێڕی گەلەکەی، لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا بۆ خەبات لە پێناو ئازادی و سەربەستیی نەتەوەکەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی هەڵبژارد و وەک پێشمەرگە و کادرێکی بەوەج لە ماوەی ٢٣ ساڵ تێکۆشانی پێشمەرگانەیدا زۆربەی قۆناغەکانی بڕی و لە کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا.

کاک مووسا باباخانی لە ئۆڕگانەکانی پارێزگاری، تەشکیلات و ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتدا ئەرک و بەرپرسایەتی بووە و لەپێناو بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕ و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات و، کۆکردنەوەی خەڵک و ڕێکخستنیان لە دەوری ئامانجەکانی حیزب بەتایبەت لە ناوچەی کرماشان ماندوویی‌نەناسانە کاری کردووە. هەر ئەو چالاکییە بەرچاو و هەڵسووڕانە دیار و شوێندانەرەی مووسا باباخانی بوو کە ئەوی بۆ دەزگای ئەمنیەتی و تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردبووە ئامانج کە دواجار توانییان خۆی لێ نیزیک بکەنەوە و زەفەری پێ ببەن.

کاک مووسا باباخانی کە هێشتا ٤٠ بەهار لە تەمەنی تێ‌نەپەڕیبوو، یەکێک لە ڕێبەرە لاوەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو کە بە وشیاریی سیاسیی زۆر و ئەرک‌وەخۆگریی کەم‌وێنەوە هەم لە سەنگەری ڕاگەیاندندا و هەم لە بواری کاری پێوەندی و ڕێکخستن بەتایبەت لە ناوچەکانی کرماشان و خوارووی کوردستاندا هەڵدەسووڕا. کاری مێدیایی و مەیدانیی بەرچاوی ئەو کادرە دیارەی ڕێبەریی حیزب کە ئومێدی پاشەڕۆژێکی پڕشنگداری بۆ حیزب و نەتەوەکەی لێ ‌دەکرا، ئەویان کردبووە چەقڵی نێو چاوی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم. بۆیە بەوردی بۆی کەوتنە پیلان و خستیانە داو و شەهیدیان کرد.

بێگومان لەدەست‌دانی کادرێکی وەک مووسا باباخانی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان بە خەسارێکی گەورە دادەنرێ، بەڵام حیزبی دێموکرات لە ساڵانی ڕابردووشدا و لە درێژەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ زەبروەشاندن لە جووڵانەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەردەوام ئامانجی سەرەکی بووە. تەقینەوەی شەوی یەڵدا لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب لە ساڵی ١٣٩٥، تێرۆری فەرماندەی حیزب قادر قادری لە ڕەشەممەی ساڵی ١٣٩٦ کە حەوتووی ڕابردوو ئاکامی پەروەندەکەی لەلایەن لقی ٢ی دادگای تاوانەکانی هەولێرەوە ڕاگەیەندرا، مووشەک‌بارانی قەڵای دێموکرات لە هاوینی ١٣٩٧ و تێرۆر و ئێعدامی کۆمەڵێک تێکۆشەری دیکەی حیزبی دێموکرات لە نێوخۆی وڵات چەند نموونەیەک بۆ بەردەوامیی ڕەفتار و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و کردەوەی تێرۆریستیی ئەم ڕێژیمە دەرحەق بە حیزبی دێموکراتی کوردستانن.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بارودۆخێکدا پەرەی بە کردەوە تێرۆریستییەکانی لە هەرێمی کوردستان، ئورووپا، ئەمریکا و نێوخۆی وڵاتیش داوە کە پتر لە هەموو کاتێک بەرەوڕووی قەیرانی بەڕێوەبەری و ناڕەزایەتییەکانی هەردەم پەرەئەستێن لە نێوخۆی وڵات بۆتەوە. لەبەر ئەوەش کە توانای چارەسەری قەیرانە جۆراوجۆرە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و، وەڵامدانەوە بە ویست و داخوازە ڕەواکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئێرانیان نییە و، لە ڕاپەڕینی جەماوەری ترسیان ڕێ نیشتووە، مانەوەی خۆیان و کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە لە سەرکوتی زیاتر و تێرۆر و تۆقاندندا دەبینن؛ سیاسەتێک کە بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی درێژەی بووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ تێرۆری کاک مووسا باباخانی لە شاری هەولێر، لەکاتێکدا هەوڵی بەرپرسانەی دامودەزگا پێوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هاتنە سەر خەت و بەدواچوون بۆ ئەم ڕووداوە بەرز دەنرخێنی، چاوەڕوانیشە کە وێڕای ئاشکراکردنی دەستەکانی پشتی پەردەی ئەم تێرۆرە، تاوانبارانی ئەم کردەوە تێرۆریستییە بدۆزنەوە و بیاندەنە دەستی عەداڵەت. ئەمەش چاوەڕوانییەکی بەرحەق و ڕەوایە کە بەرپرسایەتیی پاراستنی گیان و ئەمنییەتی تێکۆشەرانی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەوڕووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێ. هاوکات پێویستە هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرنجدان بە شەپۆلی نوێی کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی بەرنامە بۆ پووچەڵ‌کردنەوەی پیلانەکانی ڕێژیم دابنێن.

حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی تێرۆری شەهید مووسا باباخانی سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری، هاوسەنگەرانی و هەموو خەڵکی کوردستان بە تایبەت ناوچەی کرماشان و خوارووی کوردستان دەکا. ڕوحی شەهید مووسا باباخانی، تازەترین قوربانیی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێران شاد و ڕێگای خەبات و تێکۆشانی هەتا گەیشتن بە ئازادی و وەدیهاتنی ئامانجەکانی بەردوام دەبێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

کۆمیتەی ناوەندی

١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠

***

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی