"an independent online kurdish website

فەرەنسا ، دەوڵەتێکی زلھێزی جیھانییە و مێژووی کۆلۆنیالیشی لە جیھان دا بە تایبەت لە ئاسیا و ڕۆژھەڵاتی ناوین و ئەفەریقادا ھەس…دیارە ستەم و ستەمکاری زۆری کردووە….

لەگەڵ ئەم ھەموو ڕاستییانەدا، فەڕەنسا دیوێکی تریشی ھەیە، کە ناکرێ فەرامۆش بکرێ…. لایەنی ئازادیخوازی و داکۆکی  لێکردنی. ئەم خاڵەش فەڕەنسیییەکان بە تەواوی  جیا دەکاتەوە لە ( ئینگلیز و ئەمەریکی و رووس و ئەڵمان). ھەر بۆیە فەرەنسا  لە جیھان دا، ھێشتا سیمبۆلی ئازادیخوازییە…ئاخر فەرەنسییەکان ئازادیخواز و پشتیوانی ئازادیخوازانن…

لە سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسیدا  بیرمەندێ دەڵێ: «ئەی ئاسمان ! نرخی ئازادی چەند خوێن و فرمێسکی فەرەنسییەکانی دەوێت!»…..دیبلۆماتکارێکی فەڕەنسیش ھەر لەو دەمەدا   دەڵێ: « بە ئەڵمانەکان بڵێن: گەر واز لە دژایەتی فەڕەنسا نەھێنن،  ئێمە ئاگر و ئاسنیان بۆ ھەڵناگرین، بەڵکوو ئازادی دەبەین بۆیان»….

+ فەڕەنسا فاکتی ھەرە گردەبڕی سەرکەوتنی شۆڕشی سەربەخۆیی ئەمەریکا بوو لە ساڵی 1776 دا.

+ فەرەنسا وڵاتی گەورەترین و کاریگەرترین شۆڕشی جیھانە لە 1789 دا . بە ھەڵگرتنی دروشمەکانی « ئازادی، یەکسانی، برایەتی» یەوە… ئەوروپای بێدار و وشیار کردەوە و  تەواو گۆڕی و جیھانیشی ھەژاند.

+ بە پێی ڕێکەوتنامەی سایکس – پیکۆ ئینگلیز ی ڕکەبەری فەرەنسا، کاتی خۆی گۆڵی لە فەڕەنسا کردووە و فێڵی لێکردووە، فەڕەنسا دەیەوێ گۆڵ بکاتەوە، چونکە ئینگلیز ڕۆڵی بەرەو لاوازبوون دەچێت…

+ فەرەنساییەکان ھێندە ئازادیخوازن، لەسەردەمی شەڕی رزگاری جەزائیردا زۆر لە ڕۆشنبیران و فەیلەسووفانی فەڕەنسی وەک « جۆن پۆل سارتەر» و ….ھتد دژی وڵاتی خۆیان دەجەنگان بۆ پشتیوانی لە جەزائیر… ئەم نموونەش کەم وێنەیە لە جیھاندا…

+ چەپ و کۆمۆنیستەکانی فەرەنسا، یەکەم دەستە و تاقم بوون سەربەخۆیی و ئازادی خۆیان ڕاگەیاند و لەژێر کاریگەرێتی پارتی کۆمۆنیستی شوورەوی ھاتنە دەرێ و کۆمۆنیزمی ئەوروپاییان دامەزراند..

+ فەرەنسا لە دوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە دۆستایەتییەکی بەھێزی بزاڤە ئازادیخوازەکانی کوردی ھەر چوار پارچەکەی کوردستان کردووە. لە سەردەمی پارتی « خۆیبوون» و بنەماڵەی بەدرخانییەکان/کامەران بەدرخان و تا ئیمڕۆ… کە بڕیاری 688 دیاری میتران و  مادام میتران/ دایکی کورد ، ژنەکەیەتی بۆ  پشتیوانی لە کورد.ڕەوانشادی گەشمردە «قاسملۆ» ڕۆڵی گەورەی لە پەرەپێدانی ئەم  دۆستایەتییەدا گێڕاوە…

+ فەرەنسا  شەڕی تورکیا دەکات و  بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی دەخاتە مەترسییەوە، لەپێناوی داکۆکی لە رۆژئاوای کوردستان…30 ساڵی ڕەبەقیشە  باشووری کوردستان لە جۆرەھا ھەڕەشەو گوڕەشە و دوژمنی دڕندەی وەک« داعش» دەپارێزێ…

+ لە  بڕیاری ڕیفەراندۆمی 2017  کوردستان دا، دەستەیەک لە دەستەبژێری فەرەنسایی ڕاوێژکار و پشتیوانکاری سەربەخۆیی کوردستان بوون…

+ ھاتنی  دوو سەرۆکی فەرەنسا بۆ کوردستان «ئۆلاند» و ئێستای « ماکرۆن»… بەشێکی تری ئەو پرۆژە و ئامانجە بەدیار دەخات… کە فەرەنسامان پێ دەناسێنێ…

+ لە ئێستادا فەرەنسا کەموزۆر و بە ئاشکرا و نھێنی دۆستی کورد و حیزبەکانی ھەر چوار بەشەکەی کوردستانە. دەبێت ئەوە ڕوون بێت، دۆستایەتی کورد، سەرەڕۆیی کردنە بە بەرژەوەندی ئابووری و پەیوەندی دیبلۆماسی، کە زۆر وڵات و لایەن بەلایانەوە بڤەەەەەەەەەیەەەەەەەەە.  کەواتە :

سڵاو …لە فەڕەنسا،

ماکرۆن بەخێر بێت بۆ کوردستان..

دەمێنێتەوە  سەرانی کورد!!،  بەڕێزان: ڕۆڵی ئێوە دەکەوێتە ژێر پرسیاری گەورەوە:

پێویستە لەسەرتان بە ئەقڵ و ئاوەز و بەرنامە و یەکڕیزی ، ئەسپەشێ مێژوو بگرن و سواری بن،  بەرژەوەندی جیھان ھاتۆتە بەردەرگای ماڵی کورد، ئێوەش بچنە نێو ھاوکێشەکەیەوە مێژوویی سەروەریی تۆمار بکەن  و ئەم میللەتە بگەیەننە مەنزڵگای «ئازادی و سەربەخۆیی»  …

دەنا باش بزانن ، گەر وا نەکەن و ئەم دەرفەتە گرنگانەتان لەدەست دەردەچێ و دواجار  قسە پڤ ھەڵدراوەکانتان و میواندارییەکانتان شەرمەزاری مێژووی لێ دەتکێ…..

سڵاو لە یەکێتی و یەکڕیزی کورد، کە بەرھەمھێنی ھێز و سەرکەوتن و  مێژووی شانازی نەتەوەییە.

ھەڵۆ بەرزنجەیی ٢٠٢١/٨/٢٨

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی