"an independent online kurdish website

یەکیک لەو تاوانانەی هەرگیز لە یادماندا ناسڕێتەوە، تاوانی دەرهێنانی جانازەی بارزانی لە ١ی تەمووزی ١٩٨١دا بوو.

تاوانەکە لە هەموو ڕوویەکەوە تاوانێکی قیزەون و دژی بەها ئەخلاقی و ئایینی و کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتییەکان بوو. مەبەست لەو تاوانە نانەوەی ناکۆکی و شەڕ و کوشتار بوو لەناو گەلێ کورددا. هەرچەند زانیاری جیا جیامان لەسەر تاوانباران و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە قیزەونەوە بۆ دەهات، بەڵام هیچ کات حیزبی دیموکراتمان بە ئەنجامدانی دەرهێنانی جەنازەکە تاوانبار نەکردووە. تەنانەت چەندین جار داوامان لە عەبدولڕەحمان قاسملوو کرد بۆ ئەوەی لە دۆزینەوەی تاوانباران هاوکاریمان بکات و بۆ ئەم مەبەستە چەندین نامە و کەسایەتیمان ناردە لای بۆ ڕێگەگرتن لە تەشنەکردنی ڕووداوەکە و تەقینەوەی بارودۆخەکە. یەکێک لەوانە “مەلا حەسەنی ڕەستگار” بوو.

کاتی خۆی هەوڵمان دا پاسەوان بۆ زیارەتی بارزانی دابنرێت، بەڵام حیزبی دیموکرات ڕێگەیان نەدا و ڕایانگەیاند خۆیان پاسەوانیی لێ‌دەکەن. بەر لە دەرهێنانی جەنازەکە پاسەوانەکان شوێنەکەیان بەجێ هێشتبوو. دوای دەرهێنانی جەنازەکە پرسیارم لە عەبدولڕەحمان قاسملوو کرد کە هۆی چۆلکردنی گۆڕستان لەلایەن پاسەوانەکانەوە بەر لە دەرهێنانی جەنازەکە چی بوو. بەڵام عەبدولڕەحمان قاسملوو بابەتەکەی پشتگوێ خست و بەلایەوە گرنگ نەبوو.

دیسان بۆ ڕێگەگرتن لە ڕوودانی گرژی و شەڕ، داوام لە عەبدولڕەحمان قاسملوو کرد کە پێکەوە سەردانی زێوە بکەین و ئەو، قسە بۆ جەماوەر بکات. داوام لێ‌کرد تەنیا بە جەماوەر ڕابگەیەنێت ئێمەش هاوسۆزین لەگەڵتان و تاوانەکە دژی هەموو کوردە؛ بارزانی بەر لەوەی پەیوەندی بە ئێوەوە هەبێت بە موڵکی خۆمانی دەزانین و داواتان لێ‌دەکەین بابەتەکە بۆ ئێمە بەجێ بهێڵن. داوام لە عەبدولڕەحمان قاسملوو کرد، بە خەڵک بڵێ ئامادەین هاوکاریتان بکەین بۆ دۆزینەوەی تاوانبارەکان، جا لە هەر کەس و لایەنێک بێت، کەچی لە وەڵامدا قاسملوو گوتی: نەخێر ئەمە بوختان و بەخشینەوەی تۆمەتە بە ئێمە و تاوانەکە دەخرێتە سەر شانمان، ئەگەر ئەم تاوانبارکردن و بوختانبەخشینە بەردەوام بێت، بە شەش ملیۆن کورد ڕووبەڕووتان دەبێنەوەوە.

لەبەر ئەوەی زۆر پەرۆشی یەکڕیزی و تەبایی بووم و دەمزانی لە ئەگەری تەقینەوەی بارودۆخەکەدا زیانی گەورە بەر هەموو لایەک دەەوێت، هەموو هەوڵ و تواناکانمم خستە گەڕ لەپێناو ئەوەی دۆخەکە لەدەست دەرنەچێت. بۆیە بە عەبدولڕەحمان قاسملووم ڕاگەیاند، کە دیارە ناوی “سەید ڕەسووڵی بابی گەورە” لەو بابەتەدا دێت، بەبێ ئەوەی تاوانباری بکەین، بەڵام لە بەرژەوەندیدا نییە مادام ناوی ئەو کەسە دێت، بیکەنە فەرماندەی سەربازیی حیزبی دیموکرات لە ناوچەی مەرگەوەڕ. ئەویش لەبەرچاوی پەنابەران کە مورید و دڵسۆزی بارزانین و ئامادەن بۆ هەرشتێک لەپێناو بارزانیدا و بە کەس و هیچ شتێکیش کۆنتڕۆڵ ناکرێن، چونکە خەڵکەکە بەر لە پارتیبوون، موریدی بارزانین، بەڵام دیسان لەبری هاوکاری و هەوڵدان بۆ ئارامکردنەوەی بارودۆخەکە، عەبدولڕەحمان قاسملوو لە وەڵامدا کوتی: ئێمە بڕیار دەدەین، نەک ئەوەی ئەوامرتان جێبەجێ بکەین.

لێرەدا دووپاتی دەکەمەوە، هیچکات هەموو سەرکردایەتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانمان بە دەرهێنانی جەنازەی بارزانی تاوانبار نەکردووە، بەڵام بە ڕەفتاری هەڵە و لەخۆباییبوون لەسەر خۆیان کردە ماڵ. ڕەنگە ئەمە بۆ زۆر کەس جێگەی سەرسووڕمان بێت و من یەکێکم لەوانە، بەڵام ڕاستی تاوانەکە کە دواتر بەپێی زانیاری پشتڕاستکراو بۆمان دەرکەوت کە ئەفسەرێکی بەڕێوەبەرایەتی دەزگای (ئیتلاعات)ی ئێران بە ناوی (میحرابعەلی یونس قودسی) لە ڕێگەی بەرپرسێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پیلانی دەرهێنانی جەنازەی بارزانیی داڕشتووە، کەچی هەتا ئێستاش ئەو بەرپرسەی حیزبی دیموکراتمان بۆ نەناسراوەتەوە. ئەوکات دەزگای ئیتلاعات سەر بە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومونی وەزیران بوو، دواتر بوو بە وەزارەتێکی تایبەت و سەربەخۆ بەناوی وەزارەتی زانیاری(ئیتلاعات).

بەپێویستیشی دەزانم ئاماژە بە هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی خەڵکی شنۆ بدەم لە کاتی دۆزینەوەی جەنازەی پیرۆزی بارزانیدا، چوونکە هەموویان هاواریان بوو کە دەبێ دیسان هەر لە شنۆ بە خاک بسپێردرێتەوە، بەڵام لەژێر گوشار و داواکاریی جەماوەرەکەمان جەنازەکەمان گواستەوە گوندی “هەلەج” و لەوێ بە خاکمان ئەسپاردووە. ڕۆژێکی خەمناک و ناخۆش بوو و لە هەمان کاتدا تاوانێکی گەورە بوو. بەداخەوە بۆ ماوەیەک بووە هۆی سەرهەڵدانی کێشە و گیروگرفت لەنێوان پارتی و حدکادا. دوای ئەم ڕووداوە پێگەی حدکا لەنێو جەماوەر و خەڵکی کوردستان زۆر دابەزی.

هەر لەم کتێبەدا کە دێمە سەر پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بەوردی کێشە و گیروگرفت و هۆکارەکان

ڕوون کراونەتەوە.

 كتێبی مەسعود بارزانی بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوای كورد، بەرگی چوارم

ئامادەکردنی: بڵێسە دێهقان

***

بابەتی پەیوەندی دار

ئەحمەد بانیخێڵانی : هەوڵی فڕاندنی تەرمی بارزانی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی