"an independent online kurdish website

 „ ئێمە بە 3 ڕۆژ زەمین و ئاسمانی سەدەھایەکمان بڕی”.

قۆناغی تیرۆر…

دوای سەرکەوتنی شۆڕش دەرگا بە ڕووی ململانێ سیاسییەکاندا کرایەوە بەتایبەتی لیبەڕاڵ و کۆنپارێزەکان دا… فەرەنسا رووبەرووی ھەڕەشەی ناوەکی و دەرەکی بووە، شۆڕش دەبوو گورجوگۆڵانە بکەوێتە ئامادەکارییەوە…لەم کاتەدا یانەی یاقوبی بە سەرۆکایەتی پارێزەر Robsperr کەوتنە گیانی خەڵک بەناوی دژە شۆڕشەوە و پاکسازکردنی مەسیحێتی و  کوشتنی نزیکەی 16-40 ھەزار کەسی تاوانبار و بێ تاوان. داوا لە پیاوانی ئاینی دەکرا سوێند  بەدەستووری فەڕەنسا بخۆن کەوا دڵسۆزی دەستووری نوێن و وابەستەی دەسەڵاتەکانی رۆما و پاپای کاسۆلیکی ناکەن. ئەمەش کێشەی گەورەی بۆ ئەم دەستەیە دروست کرد، چونکە زۆریان ئامادە نەبوون سوێندی ناوبراو بخۆن. ھاوکات پیاوانی ئاینی خاوەنی زەویوزارێکی زۆر و کەرەسە و شمەکی زۆریشیان ھەبوو. رۆپسبێر دان بەوەدا دەنێ کە بە تیرۆر دوژمنەکانی شۆڕش لەناوەوە لەناو بردووە و لەدەرەوەش دژی دوژمن وەستاونەتەوە. رۆبسپێر و یاکوبینەکان ھەموو شتێ دەکەن بۆ ڕزگارکردنی شۆڕش و گەیشتن بە ئامانج.

 زۆر بەتوندی دژی دژەشۆڕشەکان دەوەستنەوە و ھەرکەسێ بۆنی دژایەتی لێ بکرایە لەناو دەبرا. بە واتایەک دۆخەکە لەسەردەمی پاشا خراپتری لێھات. تیرۆر و تۆقاندن کەوتە ناو خەڵکەوە و سەری ھەڵدا و خەڵک بەوە گەشتن، بۆ مشتێ پارە و ئیمتیاز سیخوڕییان بەسەر یەکترەوە دەکرد. بۆ ئەوەی ملی یەکتر بدەن بە پەڕاندن. لە پەرلەمانیش دادگایەک دامەزرێندرا بۆ ئەوانەی دژایەتی شۆڕش دەکەن و  بە  بە بڕیاری سەیروسەمەرە تەڕو وشکیان پێکەوە دەسووتاند و خەڵکی بێ تاوانیشیان هەر بە مەرگ سزا دەدا. ئیدی « تیرۆر» بووە چەکی سەرەکی بەرگری لە شۆڕش و وڵات و هۆکاری کۆمەڵگە دەگۆڕێ.  رۆبسپێر تاکە ئەقڵ و داینەمۆی ئەو قۆناغەی شۆڕش بوو، پارێزەرێکی گەنجی هەڵکەوتوو بوو.  دواتر رۆبسپێر  بووە دارێژەری سیاسەتی تیرۆر و دەستە دەستە خەڵکان دەبران بۆ ملپەڕاند، بەو ئامێرەی پاشا ملی پێ پەڕێندرا بوو. زیندانەکان پڕبوون لەخەڵکی ناڕازی. ئامێری ناوبراو بۆ ملپەڕاندنی پاشا دروست کرا، کەچی دوایی هاوڵاتی ئاسایشی پێ دەکوژرا،گوایە ئەمە یەکسانییە لە مردن دا.

 ڕۆبسپێر بەوە نەوەستا کەوتە گیانی هەرکەسێ گومانی دژە شۆڕشی لێ بکردایە و تا ئەندامانی کۆنگرەی نەتەوەییش زۆری لێ کوشتن. هەمووی خەتای قەشەکانە دەیانویست ئایین نەهێڵن هەموو تاوانەکان بپێچنە ملی ئایینەوە… رۆبسپێر وەک سەرۆکی یاکوبین و حکومەتیش زۆر دژ بە ئاین بوو. پەرلەمان بڕیاری دا خوا نییە، ئەقڵ و زانینی باڵا هەس و ڕۆحی مرۆڤ  نامرێ. کۆتەڵ و پەیکەری فەیلەسووفەکان خرایە ناو پەرلەمانەوە. ناوی هەرچی شەقامەکانی کەسایەتییتی پیرۆز بوو گۆڕدرا و تەواوی  سیمبۆڵەکانیان تێکشکێندران.دوای ئەوەش رۆژمێر و ساڵنامەی کڵێسا لادەبرێ .

سەرئەنجام کەس بەتەمای ژیانی خۆی نامێنێ، ڕۆبسپێر هەموو ڕۆژێ بە لیستێکی نوێوە دەهاتە پەرلەمان و ڕایدەگەیاند، ناوی نوێم پێیە ، پێویستە کۆمەڵێک بکوژرێ. کوشتن و ملپەڕاندن منداڵیشی گرتەوە. دەسەڵات هێندە خوێناوی و تۆقێنەر و ترسناک بووبوو، هیوای ژیان بۆ کەس نەمابوو. بە تێکڕا  ڕۆژانە نزیکەی 33 کەس و هەر 45 خولەکێک کەسێک گەردنی دەپەڕێندرا. لەدەمێکی کورتدا نزیکەی 17 هەزار کەس ڕووبەڕووی ئەم چارەنووسە بوونەوە. ئەوەی جێی سەرنجە بریتییە لەوەی کەوا : %84 لە دەستەی سێیەم بوون جوتیار و کاسبکار و مامۆستا و ئەندازیار و دکتۆر و پێسەوەر و پارێزەر و ئەوانە. %8,5 لە خانەدانەکان.%6,5 پیاوانی ئایینی. تەنانەی بە دیاریکراوی جووتیاران%25 مڵپەڕێندراوەکان بوون و بەهەموویشی 31 سانکۆلۆتینی ملیان پەڕێندرا. بەوایەکی تر ” شۆڕش خەریکی هاڕینی ڕۆڵەکانی خۆی بووە”. ئەو پرسیارەی لە مێژوودا بە کراوەیی ماوەتە ئایا ئەم سیاسەت و میتۆدەی  یاکوبینەکان ڕاست بووە و توانرا شۆڕشی پێ قوتار بکرێ؟ یاخود مەسەلەکە دەسەڵاتی خوێناوی و بڕەک ئایدۆلۆژی زەبروزەنگ ئامێزە ئەو دۆخەی خوڵقاندووە؟..

  ھەموو ئەندامان ترسیان لێ دەنیشێت ناویان لە لیستەکەدا بێت. لەم کاتەدا فەڕەنسا خۆی کۆ دەکاتەوە بەرانبەر هێزە دەرەکییەکان بجەنگێ و ئەوەی داگیریان کردووە لێیان بسەنێتەوە. فەڕەنسا لەم شەڕانەدا سەرکەوت و دواتر لە بەرگریکارەوە دەبێتە هێرشبەر بۆسەر پاشاکانی ئەوروپا.  کەواتە فەرەنسا ئاهێکی پێدا هاتەوە و لەدەرەوە سەرکەوت و لەناوەوەش، دۆخەکەی دامرکانەوە.دیارە بەکوشتن و ماڵکاوکردنی هەزاران کەس. ئەوەی نابێت لە یادمان بچێ، ئەوەیە کێشەکانی ناوەکی و دەرەکی فەڕەنسا هێندە زۆر دەبن، حکومەت پێ ڕاناگات چارەسەریان بکات. کاتێ بڕیاری دروستکردنی “کۆمیتەی خۆشگوزەرانی و خزمەتکردن” بە سەرۆکایەتی ڕۆبسپێر دەدرێ. کوشتن و بڕینی زیاد دەکات کۆمیتەی ناوبراو هەموو هەوڵێک دەدات لە عۆدەیدا نابێت تەواوی کێشەکان چارەسەر بکات. ناو نووسکردنی گەنجان  بۆ سەربازی،  دیاریکردنی نرخ لەسەر شمەک و کۆمەڵێ گۆڕانکاری و بڕیاری دیکەش دەدەن. لێ ناڕەزایی خەڵک کۆتایی نایەت و ناسەقامگیریی زیاد دەکات. ئەم دۆخە وا لە لایەنگرانی دەسەڵاتی پاشایەتی دەکات جارێکی تر دەسەڵات بگرنەوە دەست.

بەهەرحاڵ فەڕەنسا دوژمنێکی وای نەما. بۆیە Nationalkonvent  ساڵی 1794، بڕیاری دا ڕۆبسپێر بگرێ ملی بپەڕێنێ. ڕۆژێک ڕێگەی نادەن ھیچ بکات و پەلاماری دەدەن و بە هاوکاری لایەنگرانی ھەڵدێ بۆسەرای شار. لەوێ گەمارۆی دەدەن و ھەندێ دەکوژرێن و ھەندێکیان خۆیان خۆیان دەکوژن… سەرئەنجام رۆبسپێر  بە کوژراوی دەدۆزنەوە. پاشان دەردەکەوێت کە هەوڵی خۆکوژی داوە و فیشەکی ناوە بەخۆیەوە و بەسەر مێزەکەیدا لەناو خوێندا ملی لار کردۆتەوە. تومەز پێی دەزانن نەمردووە و بریندارە. ئیدی  دەیگرن و دەیبەنە زیندان و لەوێ دەمێنێتەوە و بەردەوام داکۆکی لە بیروڕاکانی خۆی دەکات. یانەی یاکوبینیش قەدەغەکرا. ناوبراو ئامادە دەکرێ بۆ مەیدانی ملپەڕاندنەکە. ئەو شوێنەی کە خۆی ملی هەزارانی تێدا پەڕاند و لەوێ لە ڕۆژی  28.7.1894  دەکوژرێ. بەم جۆرە دەسەڵاتی گەورەی تیرۆر تەواو دەبێت.

بەکورتی دەکرێت تا ئێرە ناوبنێین قۆناغی دووەمی شۆڕش.

وردە وردە بارودۆخ ئاسایی دەبێتەوە هەڵبژاردنێکی نوێ دەکرێ و ئامادەکاری بۆ دەستوورێکی نوێ دەست پێ دەکات. ساڵنامەی کولتووری کڵێسا دەگۆڕدرێ و دەسەڵاتی ناسراو بەNationalkonvent ڕەزامەندی دەدات بە دروستکردنی حکومەت Direktruim  لە  پێنج کەس دروست دەکرێ.پەرلەمانێک و دوو ئەنجوومەن دروست دەکرێت بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات. ئەم دەسەڵاتە بێ توانا بوون و کۆنتڕۆڵی وڵاتیان پێ نەدەکرا.

لەم کاتەدا   هەوڵی کودەتا بەتایبەت لەلایەن لایەنگرانی پاشایەتییەوە بەردەوام بوو. ترس هەبوو دەسەڵات بگرنەوە دەست.  ڕاپەڕینی خەڵکی هەژار دەست پێ دەکات،حکومەت لەناچاریدا پەنا بۆ سوپا دەبات. گرتن و ڕاوەدوونان و دوورخستنەوە و زیندانیکردن و کوشتن هەر بەردەوام دەبێت. وردە وردە بارودۆخ ئاسایی بووەوە دۆخی ئابووری باش نەبوو، قاتوقڕی بوو،بەم شێوەیە حکومەتی ناوبراو کە بێ توانابوو لە گۆڕینی دۆخەکەدا، ناخۆشەویست بوو. ئەم هەلە وا شکایەوە هێزی سەربازی دەسەڵات بگرێتە دەست و زەبروزەنگ بەکار بهێنێ. بە دوورخستنەوە و زیندانیکردن و جۆرەها مامەڵەی تر، کە لەناوەڕۆکدا شەڕی دەسەڵاتی دەنواند. ڕاپەڕین لەلایەن لایەنگرانی پاشاوە سەری هەڵدا و داوای پاشایەتییان دەکرد بۆ رزگاربوون لەم قەیرانە، ئا لەم ئانوساتە هەستیار و ناسکەدا کەسایەتییەکی نوێ دێتە سەر شانۆی ژیانی سیاسی فەرەنسا و ئەوروپا و جیهان. ناپلیۆن بۆناپارت Napoleon Bonaparte، کە خۆی لایەنگری پاشایەتی بوو،ماوەیەک لەگەڵ یاکوبینەکان بوو. شەڕی نەمسا و میسری کرد بوو. کۆمەڵێ ڕاپەڕینی ناوخۆی دامرکاندەوە ئیدی ئەستێرەی بەختی کەوتە درەوشانەوە. هێگل لەسەرسامیدا دەربارەی ناپلیۆن و وێنە ناوازەکەی بە سواری ئەسپەوە وەک پەیامبەر و هەڵگری مەشخەڵێک دەڵێ:” ڕۆح و ئەقڵی جیهان بە سواری ئەسپەوە”. مەبەستی ئەو وێنەیەی ناپلیۆنە کە بەسواری ئەسپەوەیە.

ناپلیۆن لێرەدا وەک بەرپرسێکی سەربازی کە چەند شەڕێکی لە ئیتالیا بەسەرکەوتوویی ئەنجام دابوو، بەتوندی ڕاپەڕینەکە دادەمرکێنێتەوە. لەم ڕێگایەوە ناپلیۆن توانی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ حکومەت دروست بکات،بۆ خۆیشی لایەنگریی شۆڕش و دەستکەوت و سەرکەوتنەکانی بوو،ماوەیەکیش لایەنگریی یاکوبینەکان بوو. پاشان وەک جەنەڕاڵ کرایە بەرپرسی هێزە ناوخۆییەکان. بەم شێوەیە هەتا دەهات ئەستێرەی زیاتر گەشایەوە..لەتەک هەموو ئەمانەدا هێشتا برسێتی، بێکاری، گەندەڵێ،بەرتیل خورادن …هتد لە ئارادا بوو.  لایەنگرانی پاشاییەتی لەڕێگەی کودەتاوە خەریک بوو دەسەڵات بگرنەوە دەست.

ئیدی دەسەڵات و ئیمپراتۆرێتی ناپلیۆن بۆناپارتNapoleon Bonaparte1799-1814/15 دەست پێ دەکات و کاتێ Abbé Emmanuel Joseph Sieyés  ساڵی 1799 بە بەڕێوبەر ھەڵبژێردرا، ویستی لە ڕێگەی کودەتایەکەوە  ئەو دەستوورە کە لەئارادا بوو و بەزەبروزەنگەوە کاری پێ دەکرا، ھەڵوەشێنێتەوە. بۆ ئەم کارە پێویستی بە پشتیوانی سەربازی بوو. بەناچاری  پەنای بۆ ناپلیۆن برد ئەگەرچی لێشی دەترسا. کاتێ نەخشەی کێشا ڕووبەڕووی ناپلیۆن بێتەوە، بەڵام ناپلیۆن خەونەکەی لێتێکدا و توانی بەھاوکاری براکەی Lucien Bonaparte  دەست بەسەر دۆخەکەدا بگرێ… دەبوو حکومەت و دەستوور بگۆڕدرێ. ناپلیۆنی گەنج مافی دەستووریی ئەوەی نەبوو بێتە پێشەوە،ئەندامانی پەرلەمان ڕازی نەدەبوون. کودەتا چییەکان بە هێز ئەوانەی دژبوون لە پەرلەمان دوورخستەوە سێ کەسیان بۆ بەڕێوەبردنی حکومەتێکی ڕاگووزەر پێکهێنا، ناپلیۆن یەکێ لەوانە بوو. خەڵکی پاریس بەم کودەتاچییانە ڕازی بوون و دوانەکەی تریش بە ناپلیۆن.  ئەوەبوو خێرا حکومەتیKonsul ی دامەزراند بۆ دە ساڵ،پەرلەمانیش هەبوو، لێ خۆی بووە کەسی یەکەم. حکومەتی نوێ ڕاستەوخۆ دەچێتە شەڕی دەوڵەت و دەسەڵاتانی دەرەکیئ وەک : نەمسا و ئینگلیز و ڕووسیاوە. دواتر ئاشت دەبەستێ و دواتر بەلژیکا و لوکسمەبۆرگ و بەشێکی لای چەپی رووباری ڕاین تا شاری ماینزی ئەڵمانی.  بارودوخی ناوخۆ ئارام دەکاتەوە. چاکسازی کۆمەڵایەتی،بەناوەندکردنی بەڕێوەبردن،مۆدێرنەکردنی دادگا، سیاسەت کردن بە دەنگی میللەت، لێبووردنی گشتی بۆ ئەو خانەدانە ئەفسەرانەی هەڵهاتوون دەردەکا بگەڕێنەوە فەڕەنسا. ،مافی هەڵبژاردن بۆ هەموو تاکێک فەراهەم دەکات، هەڵبژاردنێکی نوێ ساز دەدات تا دەنگی بدەنێ بۆ هەتا هەتایە بە کۆنسوڵ هەڵبژێردرێت و جێگریش دوای خۆی دیاری بکات..

بەڵام دواجار لە ھەناوی ئەم پاشاگەردانییەدا سەرکردە تازە هەڵکەوتووە گەنجەکە سەرەتا ئینگلیزەکان دەردەپەڕێنێ و ئینجا بەرەو ڕزگارکردنی شۆڕش و وڵات دێتە مەیدانەوە دۆخەکە کۆنتڕۆڵ دەکات.سەرەتا بەرپرسی سەربازانی پاریس بوو، دژی ھێزە دەرەکییەکان سەرکەوتنی بەدەست ھێنا…

بووە سەرۆکی حکومەت دەسەڵاتی لە 1804 بوو بەدەنگی میللەت خۆی تاجی قەیسەری نا سەری خۆی.. چونکە لەوکاتەدا چ پاشایەک لە فەرەنسا نەمابوو.. تاجی لەسەر بنێت.بە لێوەشاوەیی و زیرەکی و ئازایەتی خۆی ناپلیۆن دۆخەکەی دامرکانەوە ئارامی ھێنایە کایەوە. دوای کۆکردنەوەی ھەموو ئاکامەکانی شۆڕش ساڵی1804 توانرا Code civil بەرھەمبھێندرێ. بەم دەستوورە چەسپاو دەرگای ئاسۆیەکی نوێ بەڕووی فەرەنسادا کرایەوە…Code civil وەک دەستوور و ڕێسایەک بوو بۆ وڵات و کەوتە گەڕ…مافی خاوەندارێتی وەک خۆی مایەوە.. لەگەڵ ئەمانەشدا سەردەمێکی ڕەشیش لە مێژووی حوکمی دیکتاتۆرانەی ناپلیۆندا هەیە، گرتن و ڕاوەدوونا و چاودێری میللەت و قەدەغەکردنی ئازادی چاپەمەنی لە 73بڵاوکراوە،60 قەدەغەکردن. و گومان لەسەر کەسێک هەبوایە دوور دەخرایەوە،لەسێدارە دەدرا… ڕاستییەکی مێژوویی هەیە ،هەموو ئەوەی ناپلیۆنیش ئەنجامی داوە،  بەتەواوکەری  سەرکەوتنی شۆڕش دادەنرێ.ناپلیۆن فەڕەنسا گۆڕی ،خۆی بەنوێنەری خودا دانەدەنا،بەڵکو بە قەیسەری میللەت و هەرچی دەکرد،ڕەوایەتی بۆ دروست دەکرد. ئەوروپای گۆڕی و میللەتانی وشیار کردەوە

بە زۆرەینەی دەنگ هەڵدەبژێردرێ. بەواتایەکی تر گەڕانەوە بۆ سیستەمی پاشایەتی بە ناوەڕۆکێکی ڕیفۆرمخوازانەی شۆڕشگێڕانەی دەستوورییەوە. ناپلیون  لەشکرەکەی خۆشیان دەویست و ئازایەتییەکەشی بووبووە جێی شانازی خەڵک.   ئامانجی تری ناپلیۆن هەموو ئەوروپا جگە لە دورگەی بەریتانیای مەزن، بکەوێتە ژێر دەستی فەڕەنساوە،پاریس بێتە ناوەند و یاسا و ڕێسای فەڕەنسایان تێدا بخرێتە گەڕ. دەستکەوتەکانی شۆڕشیان تێدا بڵاوکرێتەوە،تاوەکو تەواوی ئەوروپا بگۆڕێ. ناپلیۆن لەسەر بنەمای ” سنووری سرووشتی” فەڕەنسا شەڕی دەکرد و ئەم ئەقڵێتەی لا بەرجەستە بوو بوو. ئەو پێی وابوو لە چکاکانی ئالبەوە تا ڕووباری ڕاین، یەکەیەکی جوگرافیاییە و بریتییە لە وڵاتی فەڕەنسا.

بارودۆخی ناوخۆ تەواو ئاسایی بووەوە، ڕاگەیەندرا کەوا شۆڕش کۆتایی پێهات. خەڵک ماندوو بوو، ئەم پیاوە هەڵکەوتووە مشوورەی ژیانی دەخواردن. ڕاستە هەندێ کێشە هەر مانەوە.لێ ئەوەی گرنگ بوو، دەستکەوتەکانی شۆڕش پارێزران و درێژەیان هەبوو. لەم بارەوە دەڵێ:” سەربازەکانی فەڕەنسا دژی میللەتانی ئەوروپا نین، دژی پاشاکانن”..

زۆربەی ئەوروپای گرت و تەنیا لەشەڕی گرتنی رووسیادا بە شەڕی “تاکتیکی سوتماککردنی خاک” ناسراوە شکستی خورادوو و لەشکرەی زیانی گورچبڕی پێگەیشت.  لە 600,000 سەرباز، 30,000 هەزار سەربازی بۆ گەڕایەوە. سەرماو سۆڵە و سیاسەتی خاک سوتاندنی ڕووسەکان پشتی ناپلیۆنی شکاند و لاوازی کرد و دەوڵەتانی ئەوروپا ئەم هەلەیان قۆستەوە و کەوتنە پەلاماردانی فەڕەنسا.  دوا شەڕی مەیدانی ساڵی1813  لە شاری لایپزیک، کە هێزە ئەڵمانی و ئینگلیزی و سویدییەکان ناپلیۆنیان بەزاند و بەدیل گرت و ڕەوانەی دوورگەی Elba ی دەریای ناوەڕاستی نزیک ئیتالیا کرا. هاوپەیمانان برایەکی پاشای گەردپەڕێوراویان کردە پاشای فەڕەنسا. بەڵام ساڵی 1815 توانی لێرە هەڵبێت و بە لەشکرێکی هەزار کەسییەوە بەرەو پاریس بێتەوە دەسەڵات بگرێتەوە دەست.میللەت پێشوازی لێ دەکەن،دوای سێ مانگ دەسەڵات جارێکی تر لەشەڕی بەناوبانگی Woterlu/7.3.1815 کە دەکەوێتە وڵاتی بەلژیکاوە، لەشەڕێکی سەختدا دژ بە پرووسیا و ئینگلیز دەگیرێ و ئەمجارە دووری دەخەنەوە بۆ دوورگەی Sante Helena لەوێ بە نەخۆشی شێرپەنجەی سنگ، و بە دەستبەسەری لە 1821دەمرێ پاش ماوەیەک لە   1841 دەیهێننەوە فەڕەنسا و دەینێژن.

ناپلیۆن زۆر دژی ئینگلیز بوو، سیاسەتێکی گرتبەر بەناوی” گەمارۆی کیشوەر” دەیویست ئابڵوقەی ئابووری بخاتە سەر بەریتانیا.ـ تەنانەت داگیرکردنی میسریشی بۆ ئەوە بوو ڕێ لە گەشتییەکانی بەریتانیا بگرێ ـ و هەرشوێنێکیشی داگیر دەکرد، کەسوکار و نزیکەکانی خۆی لێ دادەنا. ئەنجومەنێکی دروست کرد و شوێنی کۆبوونەوەکانی لە Parisەوە گوستەوە بۆ Sant-Cloud کە بەئاسانی دەیتوانی کۆنترۆلیان بکات. بارودۆخی ناوخۆی ئارام کردەوە و دەسەڵاتێکی ناوەندی ھێنایە کایەوە… شەڕی خوێناوی دژی کاسولیک ڕاگرت و شەڕی لە دژی نەمسا و دەسەڵاتی رۆمانی پیرۆز و ئینگلەند کۆتایی پێھێنا لەڕێی چەند ڕێکەوتنێکەوە. ئامانجی سەرەکی ناپلیۆن دەیویست سنوورە فراوانەکەی فەرەنسا بە یەکگرتوویی بپارێزێ، لە چەپەوە راینی ئەڵمانیا و سەرکەوتن بەسەر ئینگلیزدا و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی لە پاریسەوە حوکمی کیشوەرەکە بکات.

 ئەوە بوو بۆ گەیشتن بەم مەرامە بەشێکی زۆری کەسوکاری خۆی کردە بەرپرسی ناوچە جیاجیاکان.  دواجار خۆیشی لە دوورگەی سانت ھێلان لەژێر دەسەڵاتی ئینگلیزدا بەدەستبەسەری گیانی لەدەست دا

ئاکامەکانی شۆڕش ….

 لەتەک ئەوەدا کەوا ئەم شۆڕشە بە لانک و بەسەرەتای سەرھەڵدان و خەمڵاندنی ھوشیاریی و ھەست و بیری نەتەوەیی دادەنرێ، کۆمەڵێ ئاکامی تریشی لێ کەوتەوە. لەم شۆڕشەدا،ڕۆڵی شۆڕشی پیشەسازی بەکەمی دەردەکەوێت. ئەم شۆڕشە نزیکەی بە 10 ساڵ و بە سێ قۆناغی بەدوای یەکدا گەیشتە دوا ترۆپک. سێ جار دەستووری نوێی تێدا نووسراوە و حکومەتی جۆراوجۆر و بەناوی جۆراوجۆرەوە تێدا دروست بووە. شۆڕشی فەڕەنسا هەر لەناوەوە دومنایەتی نەکراوە،بگرە تەواوی ئەوروپا بە زلهێزەکانی ئەو سەردەمەی نەمسا و بەریتانیا و رووسیا و پرووسیا و ئیسپانیاوە لە دژی بووە،کەچی بە ویستی ئازادیخوازانەی فەڕەنسییە شۆڕشگێڕيکان،شۆڕش گەیەندرایە ئاکامی خۆی. ئەم شۆڕشە لەو دیاردەیە بێبەش نییە،کە کوشتاری ناوخۆی زۆر بووە و لە هەندێ قۆناغدا چەقۆی خستۆتە سەر گەردنی هاوڵاتیانی خۆیی و زۆرێکی شۆڕشگێڕانیشی تێدا بووە بە قوربانی و خەونی تەواوی هەژارانی تێدا نەهاتۆتە دی، لێ ئەوەش لە پرۆسەیەکی دوورودرێژ و گۆڕانێکی بنجی گەورەی سیستەم و دەسەڵات،پێدەچێ بەر حوکمی ناچاریی شٶڕش و هیوای سەرکەوتن بکەوێ. شۆڕش پاشای لەسەر ئەوە نەکوشت کەوا نوێنەری سیستەمی ڕەهایەتی و دەرەبەگییە و گەندەڵ و لێنەهاتووە،بەڵکو لەسەر ئەوە کوشتی کەوا شکستی فەڕەنسای لەبەرانبەر دوژمنان پێخۆش بوو، بەدیوێکی تریشدا خۆی/ ژنەکەی زانیاریی وڵاتیان دایە دوژمنان،کە بە ناپاکی دەخوێندرێتەوە.بەکورتی لەسەر ناپاکی لە گەردنی درا.

شەڕی ناوخۆی فەڕەنسا بۆ پاراستن و سەرخستنی شۆڕش بووە، نەک بۆ هیچ بانگاشە و بیروباوەڕێکی ئایدۆلۆژی. دەبێ ئەوەش بڵێن، لە دروشمەکاندا کەم باس لە دیموکراسی کراوە و تەنانەت سیستەمی کۆماریش،لە ئەجێندای شۆڕشدا نەبووە،هەلومەرجی ڕەوتی شۆڕش سەپاندنی.بەڵام بارتەقای ئەوانە بۆ دروشمە مەزن و نەمرەکانی ئازادی و یەکسانی و برایەتی تێکۆشاون، ئەمانەش کرۆکی ژیانیان تێدا بەرجەستە بووە،بۆ خۆشگوزەرانی مرۆڤ لەسەر ئەم هەسارەیە. دەکرێ لەتەک دەربڕینی ئەم چەند تێبینیەدا ئاماژە بەم چەند خاڵەش بدەین:

١ـ میللەتێک دژی سیستەمی دەسەڵاتی ڕەھایەتی پاشایی خۆی ڕابوو، کە پێشتر لەمێژوودا نموونەی نەبووە. ئەم گۆڕانە سیاسییە، سەرەتای وەچەرخانێکی مەزن بوو.

٢-  ئەم شۆڕشە کاریگەرێتی گەورەی لەسەر وڵاتانی دیکەی دەوروبەر و پاشان جیھان دروست کرد.

٣- مافی مرۆڤ کە شۆڕشی فەرەنسا بە سەنگ و کێش و قوربانییەکانی خۆی بەدەستی ھێنا،ڕەواج و بەهای خۆی هەیە و لە دەستووری بنچینەییدا چەسپێندراو بۆ جیهانیش بووە میرات و خەزێنەیەکی دەوڵەمەندی بەسوود.

٤ـ ھەروەھا مافی ھاوڵاتێتی چەسپا، لەم دەستکەوتە گەورانەوە سروود/ مارسیلیزمی نەتەوەیی فەرەنسا داڕێژرا و دروست بوو.. کاتێ سوپای وڵات دەچووە شەڕ لەبەرەکاندا ئەم سروودەی دەچڕی.
٥-  خەڵکی شارەکان دژی ئۆرگانەکانی دەسەڵات ڕابوون و جوتیارەکان  لە فیوداڵەکان.

٦ ـ لە ڕووی کولتوورییەوە بنەماکانی مرۆڤ ویستی و هومانیزم و لیبەڕاڵ،کە بە “تاڤگەی مۆدێرنە”،ناسراوە جێی دەستوور و دابونەریتی ئایینی گرتەوە و ئەم دوو چەمکە دەوڵەت و ئایین لێک جیاکرانەوە.

٧ـ پرۆسەی بە سیاسیکردنی کۆمەڵگە و بە ئایدۆلۆژیکردنی زمانی سیاسی سەری هەڵدا و هەتا ئیمڕۆش کەموزۆر لە ئاردا ماوە.

 دروشم و کارییەگەرییەکانی شۆڕش…

  بایەخی شۆڕشی فەرەنسی دەگەڕێتەوە بۆ ھەڵتەکاندنی سیستەمی دەق گرتوو و چەسپاوی پاشای ڕەھایەتی ڕزگارکردنی ھەژاران و بەشمەینەتەکان لە برسێتی و ستەم و بێ مافی …

کردنەوەی دەرگایەکی نوێ بەڕووی کۆمەڵگەی جیھان دا دروشمەکانی ئازادی و یەکسانی و برایەتی لەسەر بنەماکانی ھزریی ڕۆشنگەریی ھەڵچوون ئەم شۆڕشە ھەموو ماناکانی گۆڕی و مافی مرۆڤ و دەستوور ھێنرایە کایەوە و میللەت بەشداریی کایەی سیاسی و بڕیاردان لەسەر چارەنووسی دەوڵەت و پێکھێنانی پارتی سیاسی جیاواز سەدە و نیوێک بوو فەرەنسا لەچوارچێوەی دەسەڵات و شێوازێکی چەقبەستووی ڕەھایەتیدا قەتیس مابوو..{{+ سەرەتای شۆڕش دروشمەکان ئازادی و یەکسانی بو، دواتر برایەتیشی بۆ زیاد کرا.+  ھەمو مرۆڤەکان بە سروشت بە ئازادی لەدایکبوون کەس دەستوپێوەندی کەس نییە و ھەموو کەس مافی خۆیەتی+ ھەوڵی ھێنانەدی ئاواتەکانی و بەختەوەرکردنی ژیانی خۆی ھەیە..+ ھەموو مرۆڤەکان یەکسانن و مافی وەک یەکیان ھەیە، کەس لەکەس گەورەتر و بەنرختر نییە…+ ھەر کەس ئەرکی ھاوکاریکردن و ھەرەوەزی لەسەرە و پێویستە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکەی بەشداری بکات}}…

ئاکامگیری.. 

{{ + شۆڕش لەسەردەمی چەقبەستن و قاڵبەستوویی پاشا و دەسەڵاتی ڕەھاییدا بەرپا بوو.+ سەروەری گەل ، ھاتە کایەوە و لە نووسینەوەی بڕیاری چارەنووسی خۆیدا ڕۆڵی گێڕا و یاساش بۆ گوزارشت لە ویستی گشتی خەڵک داڕێژرا.+  شۆڕشی فەڕەنسی فکر و باوەڕی ھێنانەیە نێوەوە.+ ئایین و دەوڵەت/ سیاسەت، لێک جیا کرانەوە.+ شۆڕش بزافی ڕووداوەکان نەبوو، بەڵکوو بزاڤی بیر و بیرۆکەکان بوو، نەخشەڕێگای گەیشتن بە ئامانجێکی دیاری کراو بوو.+ ھەق و ئەقڵ جێی دەسەڵات و ھێزی ستەمکاری گرت.+ دروشمەکان نەمر و چارەنووسسازن و بەھایەکی گەورەی مرۆڤایەتییان ھەیە.+ دروشمەکانی شۆڕش گەردوونین بۆ ھەر مرۆڤ و نەتەوەیەک دەست دەدەن.+  شۆڕش دواتر کێشەی بۆ ناوەوە دروست کرد و خەریکی خۆ خواردنەوە بوو، سەردەمێکی کورت بە تیرۆرکردن پارێزگاری لێ کرا.+ شۆڕش بەس دروشم و بانگاشەی مافی مرۆڤ و نەتەوەکانی نەدەکرد، بەڵکوو دەستێوەردان و داکۆکی و پشتیوانیشی لێیان دەکرد.+ سوپا لە ھی پاشاوە بوو بە ھی میللەت.+ داواکارییەکان ڕەوا و ھی زحرینەی ھەرە زۆری خەڵک بوون.+ دەستەبژێرێکی کارامە سەرکردایەتی شۆڕشیان کرد، سەرباری کوشت و کوشتاری یاقوبییەکان ، یەکێتی وڵاتی پێ پارێزرا بە شەڕ و داگیرکارییەکانی ناپلیۆنیشەوە.+ سوپا ڕۆڵی سەرەکی لە پاراستنی وڵات و شۆڕش لەئاست ناحەزی ناوخۆ و دوژمنی دەرەکیدا گێڕا.+ تاک، ھاوڵاتی نەتەوە و نیشتمان و دەوڵەت بێت، نەک ھی دەستەوتاقم و خزمەتکاری پاشایەک}}.

چەند وتەیەکی لەمەڕ شۆڕشەوە..

++ ” بە دەوڵەتە بێگانەکان بڵێن: ئێمە پەیمانێکی ئایینیمان بەخۆمان داوە، نێتی داگیرکاریمان نییە، ڕێزی یاسا و دەستوورەکان دەگرین ، ھەموو ئەوەی دەمانەوێ یاسایەکی ڕێزلێگیراوە….بە میرە ئەڵمانەکان بڵێن: ئەگەر بەردەوام بن لەسەر دژایەتی فەرەنسا، ئێمە ئاگر و ئاسنیان بۆ ھەڵناگرین، بەڵکوو ئازادی دەبەین بۆیان… وە دەبێت ئەوە باش بزانن ئاکامی بە ئاگابوون و ھوشیاربوونەوەی نەتەوەکان مانای چییە”. دیبلۆماتکارێکی فەرەنسی .

++ “شۆڕشی فەرەنسی پشتیوانی شەڕی نەتەوەیەک بۆ نەتەوە ناکات، بەڵکوو داکۆکی لە ئازادییەکان دەکات و دژی پاشاکانە، واتە..« شەڕ بەسەر پاشاکان دا و ئاشتی بۆ نەتەوەکان» ھەر نەتەوەیەک مافی خۆیەتی بەدەستی خۆی یاساکانی داڕێژێ و مافی خۆیەتی چۆنی دەوێ بیانگۆڕێ… ھەر ھێزێکی بێگانە ئەم مافە لە نەتەوەیەک زەوت بکات، یان ئەوەتا ڕێزی ئەم مافە لای ئەو میللەتە ناگرێ، کە ئەو بەشێکە لێی.. ئەمەش ناپاکی نیشتمانییە و دوژمنایەتی ڕەگەزی مرۆڤایەتییە”..

++” ئامانجمان ئەوەیە ھەر نەتەوەیەک ئەو خاکەی لەسەری دەژی چەندیش تەسک بێت، خۆی سەروەری کاروبارەکانی خۆیەتی لە وڵاتەکەی دا… یەکسانە بە ماف لەگەڵ نەتەوەیەکی گەورەدا… کەس بۆی نییە ھێرش بەرێتە سەر ئازادی”.

++ ” ئەی ئاسمان ! نرخی ئازادی چەند خوێن و فرمێسکی فەرەنسییەکانی دەوێت و تێدەچێت!؟”. “

سەرچاوەکان:
1  ـ الثورة الفرنسیة الاولی، 1799-1789 حسان عمران 2016

2 ـ تاریخ لاحرکات القومیە فی اوروبە. خمس اجزاء.. تعریب, د. نوردالدین حاطوم, ١٩٦٩

بە ئەڵمانی: بینی چەند فیلم و ڤیدیۆیەک لەسەر شۆڕش و ناپلیۆن.

  1. Französische Revolution. Johannes Heißen 2010
  2. Französische Revolution und Napoleon-Die Umgestaltung Europas. Dirk Hoffmann& Sylvia Hoffmann-Mosolf. 2009
  3. Die Französische Revolution. Susanne Lachenicht. 2012
  4. Geschichte Frankreich,Vom Mittelalter bis zur Gegenwart Peter C. Hartmann. 2015
  5. Die Französische Revolution. Hans- Ulrich Thamer. 2004
  6. Die Französische Revolution Hermann Both& A.Gestrichen. 2010
  7. Geschichte Frankreichs Wolfgang Schmale 2000

10.Napoleon Revolutionär und Monarch   eine Biographie   Roger Dufraisse 2000

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی