"an independent online kurdish website

رووداو دیجیتاڵ,  دوو پسپۆڕی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەستنیشانکراون، دەڵێن “بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی لەسێدارەدانی ناڕەوای” گیراوی سیاسی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان، حەیدەر قوربانی دەکەن، کە رۆژی 19 کانوونی یەکەمی 2021 لەسێدارەدرا.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماڵپەڕی خۆی راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی لەلایەن ئێرانەوە “پشتگوێخستی روونی پابەندییەکانییەتی بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ”.

ئەو دوو پسپۆڕەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن، حەیدەر قوربانی لە زیندانی ناوەندیی سنە “بە نهێنی” لەسێدارەدراوە، بەبێ ئەوەی پێشتر خێزان و پارێزەرەکەی ئاگاداربکرێتەوە. ئاماژە بەوەش دەکەن بەرپرسانی زیندانەکە دواتر بە نهێنی تەرمەکەیان ناشتووە.

ئەو دوو پسپۆڕەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بریتین لە جاوید رەحمان، ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، هەروەها مۆریس تیدباڵ بینز، ریپۆرتەری تایبەتی تایبەتمەند بە لەسێدارەدان لە دەرەوەی یاسا و لەسێدارەدانی ناڕەوا.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، حەیدەر قوربانی، لە ئۆکتۆبەری 2016 بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە کوشتنی سێ کەسەوە دەستگیرکراوە، کە پەیوەندییان بە هێزی بەسیجەوە هەبووە، دەگوترێت ئەو سێ کەسە لەلایەن چەند ئەندامێکی گرووپێکی چەکداری ئۆپۆزیسیۆنەوە کوژراون.

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات حەیدەر قوربانی رەتیکردووەتەوە ئەندامی ئەو گرووپە بێت، یان هیچ پەیوەندییەکی بەو کوشتنانەوە هەبێت و دەڵێت: “سەرەڕای ئەوەی دادگەی شۆڕش گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی ئەو بێ چەک بووە، بەڵام هێشتا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاندووە بە تاوانی ‘بەغی’ کە یاخیبوونی چەکدارییە، ئەوەش دوای دادگاییەکی نادادپەروەرانە و دەنگۆی ئەشکەنجەدانی”.

لەوبارەیەوە، پسۆڕەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن: “زۆر بەداخین بۆ ئەوەی سەرەڕای چەندینجار دەستێوەردانمان لە کەیسی بەڕێز قوربانیدا، بەڵام بەرپرسان بڕیاریاندا بەردەوامبن لە پڕۆسەی لەسێدارەدانی”.

پسپۆڕەکانی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکەن ترسی ئەوەیان هەیە “ئەم لەسێدارەدانە ناڕەوایە بۆ بڵاوکردنەوەی ترس کرابێت. بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامیی خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەرامبەر بە دەسەڵاتداران -لە ئێران-“.

ریپۆرتەرە تایبەتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم کارەی ئێران وەکو “ئاماژەیەکی دیکەی روونی پشتگوێخستنی پابەندییەکانی بەرامبەر بە یاسای نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ، هەروەها میکانیزمە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ” لەقەڵەمداوە.

ئەوان دەڵێن: “داوا لە حکومەت [ئێران] دەکەین سەپاندن و جێبەجێکردنی لەسێدارەدان رابگرێت”.

پێشتر، ئەو پسپۆڕە سەربەخۆیانە نیگەرانی خۆیان بەرامبەر بە حکومەتی ئێران دەربڕیبوو لەبارەی “سزای لەسێدارەدان، دەنگۆی ئەشکەنجەدان و پێشێلکردنی دادگاییەکی دادپەروەرانە” بۆ حەیدەر قوربانی.

ریپۆرتەرانی تایبەت و پسپۆڕانی سەربەخۆ لەلایەن ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەستنیشان دەکرێن، کە ناوەندەکەی لە جنێڤە. ئەرکیان هەڵسەنگاندن و ئامادەکردنی راپۆرتە لەبارەی رووداوی دیاریکراوی پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤەوە، یان رەوشی وڵاتەکە بە گشتی. ئەو پۆستانە فەخرین و پسپۆڕەکان پارەیان پێنادرێت بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە.

بابەتی پەیوەندی دار

کەسایەتییەک لە پرسەی حەیدەر قوربانی: خودا بە کورد دروستی کردووین ئەی بۆ دەمانکوژن؟

رووداو دیجیتاڵ

پرسەی زیندانییەکی کوردی لەسێدارە دراو لە رۆژهەڵاتی کوردستان بووە کۆڕی گریان و ماتەمین بۆ “هەژاریی و بندەستیی کورد”.کەسایەتییەکی خەڵکی ناوچەی کامێران گوتارێکی پێشکێشکرد و بەدەم گریانەوە باسی لەوەکرد کە “هیچ گەلێک لە جیهان نییە هێندەی کورد ستەمی لێبکرێت و بەش خوراو بێت”. ئەو دەڵێت، ئەگر کوردبوون تاوانە “خوا وا دروستی کردووین، بۆ دەمانکوژن”.

لە ڤیدیۆیەکدا کە تۆڕی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە و دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، محەممەد میرزا رەحمانی کەسایەتییەکی خەڵکی کامێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە رێوڕەسمی پرسەی حەیدەر قوربانی، زیندانیی سیاسیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە سەر لەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 19-12-2021 لە زیندانی سنە لە سێدارەدرا، گوتارێک پێشکێش دەکات و لە بەشێکیدا باسی ئەو “زوڵم و ستەمانە دەکات کە لە گەلی کورد دەکرێن”.

ئەو هاونیشتمانییە لە دەستپێکی قسەکانیدا دەڵێت: “میللەتی کورد هەر هەبووە، پێکەوەژیانمان، حورمەت و رێزگرتنمان، ئەو هەموو شتەمان هەبووە، بەڵام هیچ حیسابێکمان بۆ ناکەن.. خوا دەفەرمێت ئێوەمان خەلق کردووە بە جیاوازیی زمانیشەوە، یەکێک لەوانەی کە بەشی منی داوە، کوردبوونی منە”.

لە قسەکانیدا محەممەد میرزا رەحمانی چیرۆکێک باس دەکات و دەڵێت: “برادەرێک لە عێراقدا ( باشووری کوردستان) دەیگێڕایەوە دەیگوت، عێراقییەکان و عەرەبەکان هاتن، سەربازەکانی سەدام هاتن و ئێمەیان گرت و پرسیان ئێوە بۆچی کوردن؟ لێمانیاندا، گوتمان ئێمە گوناهمان چییە؟ گوتیان ئێوە کوردن”.

محەممەد میرزا رەحمانی بە گریانەوە دەڵێت “دەی خوایە گیان تۆ ئێمەت بە کورد خەلق کرد، خودایە گیان بۆ مافمان نییە؟ هەموو شتێکمان هەیە، ئاومان هەیە، هەوامان هەیە ئاڵامان هەیە، وڵاتمان هەیە. تەنیا گوناهمان ئەوەیە خوا ئێمەی بە کورد خەڵق کردووە، خوایە بگەیە بە هاوارمان”.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو هاونیشتمانییە باس لەوە دەکات کە هیچ گەلێک هێندەی کورد ستەمی لێنەکراوە و روو لە دانیشتووانی پرسەکە دەکات و دەڵێت: “مادام ئێمە خۆمان یەکدی نەپارێزین، کەس نامانپارێزێت. هەموو گۆی زەوی گەڕەکێکە لەناودەستماندایە، دەی بڕوانە چ گەلێک هەیە هێندەی کورد زوڵمی لێبکرێت؟ کێ بەوشێوەیە مافی دەخورێت؟”.

محەممەد میرزا رەحمانی باس لە ئاشتیخوازیی کورد دەکات و دەڵێت: “ئێمە رێز و حورمەتمان هەیە بۆ هەموو گەلانی دیکە، عەشیرەتەکان، دینەکان، مەزهەبەکان، بەڵام توخوا با ئەوانیش رێز و حورمەتێک دابنێن بۆ ئێمە. ئێمە بێکەسین لەم گۆی زەوییە ئێمە بێبەشین، ماڵەکەی خۆشمان لێمان حەرامە”.

لە کۆتایی قسەکانیدا محەممەد میرزا رەحمانی داوا دەکات، کورد ئاگای لەخۆی بێت، ئەو دەڵێت” نەبینە هۆکاری نائومێدی یەکدی، نەبینە هۆکاری ئەوەی منداڵەکانمان هەتیو بن، براکوژی نەکەین”. محەممەد میرزا رەحمانی بە گریانەوە باس لەوە دەکات کە “کوردبوونمان خودا پێی داوین، ئەی بۆ وامان لێدەکەن؟ تاوانمان چییە؟ هیچ تاوانێکمان نییە. بە درێژایی مێژوو کورد ستەمی لە هیچ گەلێکی دیکە کردووە؟ بەڵام ئەوان بەناوی ئایینەوە کانییەکانمان پڕ دەکەنەوە و دارەکانمان دەبڕن و ناوی دەنێن ئەنفال کە سوورەتێکی قورئانە”.

حەیدەر قوربانی تەمەن 48 ساڵ ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بوو. باوکی پێشمەرگە بووە و ساڵی 1980 گیانی لەدەستداوە.

حەیدەر قوربانی پێش دەستبەسەرکردنی، لە شاری کامێران دووکاندار بوو. چوار مانگ پێش ئێستا سەتان کەس لە دانیشتووانی کامێران و هەورامان لە نامەیەکدا بۆ رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران رایانگەیاند، حەیدەر بێ تاوان سزادراوە و داوایانکرد بڕیاری لەسێدارانەکەی هەڵبوەشێندرێتەوە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی