"an independent online kurdish website

پیاوێکی ده‌وڵه‌مه‌ند له‌ ته‌واوی خۆشییه‌کانی ژیان به‌هره‌مه‌ند بوو، و ماڵ و سامانێکی زۆری هه‌بوو. چه‌ندین خانوو، ئوتومبێل و هه‌روه‌ها چه‌ندجۆر که‌ره‌سته‌ی گرانبه‌های هه‌بوو، به‌ڵام له‌و ماڵ و سامانه‌ زۆره‌ی که‌ هه‌یبوو هه‌رگیز یارمه‌تیی که‌سی نه‌ده‌دا.


ساڵانێکی زۆر تێ په‌ڕین و کابرا ته‌مه‌نی چووه‌ سه‌رێ و روخساری پیریی لێ وه‌دیار که‌وت، به‌ هۆی پیرییه‌وه‌ نه‌یده‌توانی چاوه‌دێریی ماڵ و سامانه‌که‌ی بکا. بیری له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ هه‌موو سامانه‌که‌ی بفرۆشێ و بیدا به‌ یه‌ک دانه‌ ئه‌ڵماس بۆ ئه‌وه‌ی ماڵ و سامانه‌که‌ی هه‌میش له‌ لای خۆی بێ کاتێکیش ئه‌ڵماسه‌که‌ی کڕی ویستی بیشارێته‌وه‌ هه‌تاکوو که‌س نه‌توانێ لێی بدزێ، هه‌ربۆیه‌ش له‌ حه‌وشه‌ی ماڵه‌که‌ی و له‌ ژێر دارێک چاڵێکی هه‌ڵکه‌ند و ئه‌ڵماسه‌که‌ی له‌وێ دا شارده‌وه‌.

ئه‌و کابرایه‌ هه‌موو شه‌وێک چاڵه‌که‌ی هه‌ڵده‌که‌ندو ئه‌ڵماسه‌که‌ی ده‌رده‌هێنا و له‌ نێو چاڵه‌که‌ی ده‌هاویشته‌وه‌، ئه‌و کاره‌ی هه‌موو شه‌وێ دووپاته‌ ده‌کرده‌وه‌، هه‌تا شه‌وێکیان دزێک هاته‌ ماڵه‌که‌ی و دیتی که‌ ئەو پیاوه‌ شتێک له‌ ژێر زه‌وی دێنێته‌ ده‌ر و چاوی لێ ده‌کا. بۆیه‌ له‌ شوێنێک خۆی حه‌شارداهه‌تا پیاوه‌که‌ چۆوه‌ ژوورێ. دواتر دزه‌که‌ له‌ داره‌که‌ نزیک بۆوه‌ و چاڵه‌که‌ی هه‌ڵکه‌ند، دیتی که‌ ئه‌لماسێکی تێدایه‌ به‌ دیتنی ئه‌ڵماسه‌که‌ زۆر دڵخۆش بوو، گوتی ئێستا ئه‌و ئه‌ڵماسه‌ هی منه‌و له‌مه‌و به‌دوا ده‌توانم به‌ خۆشی بژیم ئه‌و قسه‌یه‌ی کرد و له‌ ماڵی کابرا ها‌ته‌ده‌ر و ڕای کرد.

رۆژی دوایی کاتێک کابرا هاته‌ لای داره‌که‌ دیتی که‌ زه‌وی هه‌ڵکه‌ندراوه‌ و چاڵه‌که‌ هیچی تێدا نه‌ماوه‌.

بڕوای نه‌ده‌کرد، نزیک بۆوه‌ و  زه‌ویی که‌مێکی دی هه‌ڵکه‌ند به‌ڵام ئه‌ڵماسه‌که‌ی نه‌دیته‌وه‌، له‌سه‌ر زه‌وی دانیشت و به‌ ده‌نگی به‌رز هاواری کرد و ده‌ستی کرد به‌ گریان و گوتی: ئه‌ڵماسه‌که‌م ون بووه،‌ ماڵ و سامانه‌که‌م هه‌موو له‌ ده‌ست چوو ئیدی ئه‌من پیاوێکی ده‌وڵه‌مه‌ند نیم.

خزمه‌تکاره‌کانی ته‌له‌فۆنیان بۆ هاوڕێکه‌ی کرد کاتێک هاوڕێکه‌ی گه‌یشته‌ لای و ئه‌و پیاوه‌ی له‌و وه‌زعه‌دا دیت پێی گوت: مه‌گری! و به‌ردێکی له‌سه‌ر زه‌وی هه‌ڵگرت و دای به‌ ده‌ستی و وتی ها ئه‌و به‌رده‌ بگره‌ و به‌ جێی ئه‌ڵماسه‌که‌ له‌ چاڵه‌که‌ی بهاوێ. ئه‌و به‌رده‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ڵماسه‌که‌ی تۆ هیچ جیاوازییه‌کیان نیه‌ کاتێک له‌ بن زه‌وی دا بشاردرێنه‌وه‌.

و: ساپاک

نویتـرین هەواڵ و بابەت


گەڕان
فارسی