"an independent online kurdish website

رووداو دیجیتاڵ: زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی خۆی بە گرتووخانەی سنە ناساند و پێش خۆڕادەستکردنی قسەی بۆ ئەو کەسانە کرد کە لەبەردەم دادگەی سنە کۆببوونەوە و گوتی:

 ئەو پاڵپشتییەی لەو کراوە دڵگەرمتری دەکات لە بەردەوامیدان بە چالاکییەکانی. هەروەها گوتی: ئەو کەسەی کە بەند دەکرێت و دەخرێتە زیندان باوەڕمەندتر دەبێت بە کارەکانی و بیروباوەڕەکانی.

زارا محەممەدی ئێستا ناوێکە کە تێکەڵ بووە بە زمانی دایک. پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە تەنیا بە تۆمەتی ئەوەی ویستوویەتی هاوزمانەکانی فێری زمانی دایکیان بکات. هۆکارێک کە لە دەستووری ئێراندا رێگەپێدراوە و دانی پێدا نراوە.

بەڕێوەبەرایەتیی دادی پارێزگای سنە داوایکردبوو، زارا محەممەدی رۆژی شەممە 8-1-2022 خۆی بە گرتووخانەی ژنانی سنە بناسێنێت. سەرلەبەیانی ئەمڕۆ زارا محەممەدی لەگەڵ ژمارەیەک لە هاونیشتمانیانی سنە چووە بەردەم گرتووخانەکە و تۆڕی میدیایی رووداو راستەوخۆ گواستیەوە.

زارا محەممەدی پێش چوونەژوورەوە گوتی: “ئەو پاڵپشتییە نەک تەنیا بۆ من، بەڵکو پشتگەرمییە بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە کۆمەڵگەدا تێکۆشان دەکەن و دەزانن خەڵکەکەیان بە ئەمەگن. بەو رێز و خۆشەویستییەی کە نواندتان دڵنیا بن، چرکە بە چرکەی ئەو کاتگەلەی کە لە زیندانم باوەڕمەندتر دەبم”. زارا هەروەها شیعرێکی مامۆستا قانعی گوتەوە کە دەڵێت “قوڕ بەسەر ئەو دووژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە”.

زارا محەممەدی لە درێژەی قسەکانیدا جەختیکردەوە لە بیروباوەرەکەی و بەردەوامبوون لەسەری و گوتی: “من بەردەوام گوتوومە، ئەو کەسەی کە بەند دەکرێت و دەخرێتە زیندان، کە دەچێتە ئەوێ، بە دڵنیاییەوە سەت لە سەت دڵنیاتر دەبێتەوە کە چی کردووە و باوەڕمەندتر دەبێت بە کارەکانی و بیروباوەڕەکانی”.

زارا محەممەدی سوپاسی ئەو هاونیشتمانیانەی کرد کە بۆ ماڵئاوایی لێکردنی چووبوونە پێش گرتووخانەی سنە و گوتی: “سوپاس بۆ گشتتان، سپاس لە بوونتان. هیوادارم گشتمان پێکەوە بتوانین هەوڵبدەین”. ئەو ژنە چالاکڤانەی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد کە “کاتێک لەگەڵ وڵاتانی دیکە قسە دەکەین پێکەنینیان دێت و بە گاڵتەوە دەڵێن ئێوە هێشتا شەڕ بۆ زمانی دایکیتان دەکەن. ئەوان خەریکە کاکێشانی دیکە بەدەست دێنن، ئێمە هێشتا خەریکین لەسەر زمانی دایکیمان شەڕ دەکەین. ئەمە بنەڕەتیترین مافمانە، یەکێک لە بنەڕەتیترین مافەکانمانە”.

زارا محەممەدی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: “ئێمە وەک ئەنجوومەنی نۆژین هەوڵی دەستەبەرکردنی ئەو مافە دەدەین و هیوادارین ئەمە لە مێژوودا جۆرێک تۆمار بکرێ کە داهاتوو بەرەکەی ببینێت و بە ئاکام بگات. دیسانەوە سوپاستان دەکەم و دووبارە دەڵێم، قوڕ بەسەر ئەو دووژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە”.

هاوژینی زارا محەممەدی: بە هیچ شێوەیەک لە مافەکانی زارا لەنێو زینداندا پاشەکشێ ناکەین

سەیوان ئیبراهیمی، هاوژینی زارا محەممەدی لەکاتی ماڵئاوایی لە هاوژینەکەی گوتی: “دڵنیام وەکو ئێمە ئەم پرسە بۆ هەر تاکێک وەکو ئێمە گرنگ بووە، وەکو تاک بە تاکی ئەندامانی ئەنجوومەنی نۆژین، وەکو تاک بە تاکی ئەندامانی بنەماڵە، بۆ تەواوی کوردستان گرنگ بووە”.

سەیوان ئیبراهیمی پەیمانیدا تاوەکو دوایین چرکە لەگەڵ زارا بمێنێتەوە و پاڵپشتیی بکات و گوتی: “ئێستاش کە زارا بەم شێوازە لە دادگاییکردنێکی بێ بەڵگە ئەو حوکمە ناڕەوایەی بەسەردا دەسەپێندرێت، ئێمە وەک بنەماڵە وەکو نۆژین و وەکو کوردستان پەیمان نوێ دەکەینەوە تاوەکو دوایین چرکە لەگەڵ زارا دەبین، بە هیچ شێوەیەک لە مافەکانی زارا لەنێو زینداندا و بە هیچ شێوازێک لە خواستەکانی زارا پاشەکشە ناکەین”.

سۆما پوور محەممەدی: ئەوە زارا نییە دەچێتە زیندان، ئەوە مافە نەتەوەییەکانی ئێمەیە بەند دەکرێت

هەروەها سۆما پوورمحەممەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی نۆژین قسەیکرد و گوتی: “زارا محەممەدی یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ئەنجوومەنی نۆژین لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا بە خۆبەخشانە و دلێرانە رۆژ بە رۆژ و چرکە بە چرکە لە پێناو ئامانجەکانیدا هەنگاوی ناوە”.

سۆما پوورمحەممەدی گوتی: “ئەمڕۆ کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی بڵێین زارا بە هیچ شێوەیەک تەنیا نییە، ئەو یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەنجوومەنی نۆژینە کە ماوەی 11 ساڵە بە گیان و بەدڵ لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانی تێکۆشاوە، لە پێناو گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکانی تێکۆشاوە”.

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی نۆژین جەختیکردەوە لەوەی کەئەو پرسە پرسی تەنیا تاکێکی وەکو زارا نییە بەڵکو پرسی باوەڕێکە، گوتی “ئەنجوومەنی نۆژین هەر لە یەکەم رۆژەکانیەوە، کە ئەو کێشە سەری هەڵدا و ئەو پرسە دروستبوو، زارا و هاوڕێکانی دەستبەسەرکران، خۆی بە خاوەنداری ئەو پرسە زانی، بە دڵنیاییەوە گشتمان دەزانین ئەم پرسە پرسی تەنیا تاکێکی وەکو زارا نییە، پرسی باوەڕێکە، پرسی ئەنجوومەنی نۆژین و نەتەوەیەکە کە سەرەتاییترین مافەکانیەتی”.

سۆما پوورمحەممەدی باسی لەوەکرد کە “ئێمە ئەمڕۆ تێکۆشان بۆ مافگەلێک دەکەین، کە سەرەتاییترین مافە، رەنگە نەتەوەکانی دیکە ئیمڕۆ پێبکەنن، بەهۆی ئەوەی ئێمە خەریکین داوای مافێک دەکەین کە لە دونیادا مافێکی زۆر سادەیە”.

سۆما پوورمحەممەدی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی “ئەوە زارا نییە دەچێتە زیندان، ئەوە مافە نەتەوەییەکانی ئێمەیە دەچێتە زیندان، ئەوە باوەڕەکانی ئێمەیە، ئەوە تێکۆشانەکانی ئێمە، ئەوە نەتەوەی کوردە، ئەوە زمانە کە خەریکە لە بەینی ببەن. بەڵام خەیاڵیان خاوە، بە دڵنیاییەوە 11 ساڵ تێکۆشان بە هیچ شێوازێک نە دەهێڵین بە فیڕۆ بچێت و تا گەیشتن بە لووتکەی ئاواتەکانمان زەحمەتکێشەکانی ئەو نەتەوەیە، ئەوانەی کە گیانیان بەختکردووە، لە تێکۆشان بەردەوام دەبین. جاران لەسەر شەقامەکان و ئاواییەکان و شارەکان سەرهەڵدان دەکرا، بەڵام ئەمڕۆ لەنێو زیندان بەرخودان دەکەین”.

زارا محەممەدی کێیە؟

-ساڵی 1990 لە گوندی سەراوڵەی دێولان لە پارێزگای سنە لەدایکبووە

– ماستەری جوگرافیای سیاسی هەیە لە زانکۆی سنە

– ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی کولتووری نۆژینە

– 10 ساڵە لە سنە و گوندەکانی وانەی زمانی کوردی دەڵێتەوە

– مانگی گوڵانی 2019 لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکرا

– لە دادگەی شۆڕشی سنە بە 10 ساڵ بەندکران سزادرا

– لە دادگەی پێداچوونەوە سزاکەی بۆ 5 ساڵ بەندکران کەمکرایەوە

ڤیدیۆ روداو

سەرچاوە روداو

ڤیدیۆی تر لەم بارەوە 

لە زیندان دا باوەڕمەندتر دەبم بە بیروباوەڕ و کارەکانم

ڕوونکردنەوەکانی زارا محەمەدی و پارێزەرەکەی سەبارەت بە حوکمی ٥ ساڵ زیندان بۆ ناوبراو

فەریدە مودەرەسی، کۆمەڵناسی کورد لە سەر سزای زیندانی زرا محەممەدی

قانع ـ کونجی به‌ندیخانه‌

***

وەرگیراوە لە لاپەڕەی  فەیسبووکی کاک ئەرەسەلان یارئەحمەدی

کاوە شێخ عەبدوڵڵا: ئەم کارە بەرهەمی هونەرمەندی لاوی سلێمانی (شاد محەمەد)ـە.

ڕەنگە بۆ زۆربەتان ڕوون نەبێ، ئەو منداڵانەی لە تابلۆکەدا دەرچوون، لە کتێبی پۆلی یەکی سەرەتاییدا دەمانخوێند لە ساڵانی نەوەدەکاندا.

منداڵەکان دادەیان بانگ دەکرد چونکە دۆی دادە ڕژابوو. ئێستا شاد ڕۆحێکی هونەریی بەبەردا کردووەتەوەو منداڵەکان دادە بانگ دەکەن نەک بۆ دۆی ڕژاو، بەڵکو بۆ ئازادبوونی دادەی بوێر کە لەسەر مافی ئاسایی و خوایی میللەتەکەی پێنج ساڵ خراوەتە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران!

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی