"an independent online kurdish website

پێشمەرگەکان: بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە سەر لە بەیانی ڕۆژی شەممە، ١٨ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی (بەرامبەر بە ٨ی ژانوییەی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی) هاوڕێی دڵسۆز و وەفاداری حیزب و گەل کاک کەریم عەبباسی ناسراو بە کەریم شەلماشی ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

وەک سایتی پێشمەرگەکان سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی هاوڕێیانی و بنەماڵەی کاک کەریم دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.

ئەحمەد شێربەگێ: لەیەکەم ڕۆژی شاخ دا کە دیتم پڕشنگی خۆشەویستیی کەریم شەلماشی ناخمی ڕووناک کردو ئارامییەکی ڕەها ڕووی تێکردم کە چ قەلایەکی پتەوی بیروباوەڕ لە ناخی ئەم مرۆڤەدا ڕەگی داکوتاوەو چۆن بۆتە پشتیوانی ڕۆژەسەختەکانی شاخ.

ساڵ هاتنو چوون ومێهرەبانی ونیشتمانخۆشەویستیی کەریم شەلماشیش هەروا ڕووی لە گەشە و باڵا کردن دابوو.

کەریم شەڵماشی ئەوندە جێگای متمانە بوو کە دەتتوانی سەر وماڵتی پێ بسپێری…

یادت بەخێر پێشمەرگە خۆنەویست و مەندو ئارام وبە بیروباوەرەکەی دێمۆکڕات.

سەرەخۆشی لە بنەمالەی بەرێزیان، لە خۆشکە زاکەی کاک سەعدون عەبباسی ولە هەمووهاورێیانی دەکەم وخۆم بە شەریک وبەشداری خەمیان دەزانم…

یادو ناوی هەرمان

هەر لەم بارەوە حدک ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە

کۆچی دوایی نەمر کەریم شەڵماشی

(ڕاگەیاندراوی کۆمیسیۆنی پێشمەرگە بە بۆنەی کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی دڵسۆز و وەفاداری حیزب هاورێ کەریم عەباسی ناسراو بە کەریم شەلماشی)

بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە سەر لە بەیانی ڕۆژی شەممە، ١٨ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی (بەرامبەر بە ٨ی ژانوییەی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی) هاوڕێی دڵسۆز و وەفاداری حیزب و گەل کاک کەریم عەبباسی ناسراو بە کەریم شەلماشی ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

هاورێ کەریم شەلماشی لە ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی لە گوندی شەلماشی ناوچەی سەردەشت لەدایک بوو، لەبەر باردوخی ژیانی بنەماڵەکەی نەیتوانی بچێتە قوتابخانە و لە ڕووناکیی فێربوون و خوێندن بێ بەش بوو؛ بۆیە هەر لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە لەگەڵ بنەماڵەکەی ملی نا بەر کاروکاسبی بۆ بەڕێچوونی ژیانیان.

لە ساڵی ١٣٤٦ی هەتاویدا کە تازەلاوە بوو، هەستی بە زوڵم زۆریی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم و بێبەشیی نەتەوەکەی کرد، بۆیە بەڕەسمی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە کار و تێکۆشانی حیزبیدا زۆر دڵسۆزانە بەشداریی کرد و یارمەتیی تێکۆشەرانی بزوتنەوەی چەکدارانەی ساڵانی ٤٧-١٣٤٦ی دا.

پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا بەڕەسمی بووە پێشمەرگە و وەک پێشمەرگەیەکی لەخۆبردوو و فیداکار و جێگای متمانەی ڕێبەرانی شەهید، لە بنکەکانی دەفتەری سیاسیی حیزب ئەرکی نیشتمانی و پێشمەرگانەی خۆی بە جێ گەیاند. نەمر کەریم شەڵماشی وەک پارێزەری شەهید دوکتور قاسملوو ئەرکی لەسەر شان بوو و بەشی هەرە زۆری تەمەنی پێشمەرگانەی لە سکرتاریا و هێزی پارێزگاری بەو پەڕی بڕوا بەخۆبوون بردە سەرێ و لە هیچ گیانبازی و شەووشەونەخۆنییەک بۆ پاراستنی گیانی ڕێبەرانی شەهید دەریخی نەکرد. هەر ئەوەش بوو کە لەبەر خەمخۆری و دڵسۆزی لەلایەن کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامییەوە پلەی ئیفتخاریی کادری دەرەجە چواری پێ بەخشرا.

نەمر کەریم شەڵماشی لە چەند ساڵی دواییدا بەهۆی بەساڵاچوویی و نەخۆشی تووشی ئازار و نارەحەتیی زۆر بوو، بەڵام هەمیشە بە ڕوح و گیان دڵی لەلای حیزب و تێکۆشەرانی حیزبەکەی بوو، و ئاوات و ئارەزووی هەرەگەورەی سەرکەوتنی خەباتی نەتەوەکەی و ڕزگاری گەلەکەی بوو. بەڵام بەداخەوە مەرگ گەیشتێ و ئیزنی نەدا بە چاوی خۆی ئازادی و سەربەستیی گەلەکەی ببینێ.

کۆمیسیۆنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرینی کورد، نەمر کەریم شەلماشی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێز و تێکۆشەری، خەڵکی گوندی شەلماش و ناوچەی سەردەشت و هەموو ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاریی کورد دەکا.

سڵاو لە خەبات و تێکۆشانی هاوڕێی بەوەج و فیداکاری حیزبەکەمان کاک کەریم عەبباسی ناسراو بە کەریم شەلماشی.

ڕوحی شاد و سەنگەری خەباتی هەمیشە ئاوەدان.

کۆمیسیۆنی پێشمەرگە

١٨/١٠/١٤٠٠ی هەتاوی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی