"an independent online kurdish website

 سێ پەپـوولەی بچکـۆلە و جـوان و رەنگ جیـاواز، سوور و سـپی و سـەوز، بـوون بە هـاوڕێ. دڵسۆزی یەکتری. لە وەرزی بەهاردا، هەموو رۆژێک، لە گوڵزارێکی گەورەی گـوڵ هـەمـەڕەنگـدا، بە یەکـتری دەگەیشـتن. لەبـەر هـەتـاوی گەرمـدا لەسـەر ئـەم گـوڵ و ئەو گـوڵـدا دەنیشـتنەوە، تێـر شـیلەی هـەڵاڵـەیـان دەمـژی.

ئینجـا دەستـیان دەگـرت و تێـر سەمـایان دەکـرد، چـاوشـارکێ و یـاری خۆشـیان دەکـرد. ئێوارانـیش دەگەڕانـەوە بۆ ماڵـەکـانیان.

رۆژێک لە دوای نیوەڕۆدا، کە پەپـوولە بچکۆلانەکان لەناو گوڵزارەکەدا یارییان دەکرد، هەورێکی تاریک بەری ئاسمانی گرت، دەستی بە باران باریـن کرد. پەپـوولەکان فریای ئەوە نەکـەوتن کە بگـەڕێنەوە بۆ ماڵەکـانیان. چـوون بۆ لای گوڵـەکان، کە تا بارانـەکە لێـدەکاتەوە داڵـدەیـان بـدەن و تەڕنـەبـن.

پەپـوولەکان: گـوڵاڵە سـوورە گیـان، پەڕەکـانت بـۆمـان دەکـەیتەوە بێـینـە ژوورەوە، تا بارانـەکە لێـدەکـاتەوە؟

گـوڵاڵە سوورە: پەپـوولە سوورەکە، تۆ دەتـوانیـت بێیـتە ژوورەوە، چونکە رەنگەکەت لە رەنـگی منـە. بەڵام سـپی و سـەوزەکە نـابێـت بێـنـە ژوورەوە.

پەپـوولە سوورەکە: گـەر رێ بە هـاوڕی سـپی و سـەوزەکەم نەدەیـت بێـنە ژوورەوە، منیـش نایـەمە ژوورەوە. لەبـەر بارانـەکـەدا دەبیـن.

بارانـەکە بە خـوڕتـر بـاری، پەپـوولە دامـاوەکان زیـاتر تەڕبـوون. فـڕین و چـوون بۆ لای گـۆڵە هـێرۆیـەکی باڵابـەرزی سـپی.

پەپـوولەکان: گـوڵە هـێرۆی دلـۆڤـان، کەمـێک خـۆت دەکـەیتـەوە، بـێیـنە ژوورەوە تا بارانـەکە دەوەسـتێـت.

گـوڵە هـێرۆ: جـێگای پەپـوولە سپـیـیەکە دەکـەمەوە، چونـکە رەنـگەکەی لە رەنگی منـە. بەڵام پێـویسـتە پەپـوولە سـوور و سـەوزەکە لە دەرەوەدا بمـێنـنەوە.

پەپـوولە سپـییەکە: گەر پێشـوازی لە هـاوڕێ سـوور و سـەوزەکەم نەکـەیت. منیش نایـەمە ژوورەوە، لەبـەر بارانـەکەدا لەگـەڵیانـدا دەمـێنمەوە، پێـمخـۆشـە کە تەڕبین، نەک لە یەکـتری دابـڕێـین.

پەپـوولە بچکۆلەکـان فـڕین و دوورکەوتنـەوە، چـوون بـۆ لای گـوڵە گـەزیـزەیـەکی سـەوزی مەیـلەو سـوور، تا جـێـگایان بـکاتـەوە.

پەپـوولەکان: گوڵە گەزیـزەی جـوان و بـۆنخـۆش، جێگامان دەکەیتەوە بێـینە ژوورەوە تا بارانـەکە لـێـدەکـاتەوە؟

گوڵە گەزیـزە: جـێگای پەپـوولە سـەوزەکە دەکـەمـەوە، تـا رادەیـەک رەنـگەکـەی لە رەنگی مـن دەچـێـت. بەڵام پەپـوولە سپی و سوورەکە، دەبێـت لە دەرەوەدا بمـێننەوە.

پەپـوولە سەوزەکە: من بەبێ هـاوڕێکانم نایەمە ژوورە، تەڕبوونم پێ باشترە، لەوەی لە هـاوڕێـکانـم جـیـابـبمەوە.

پەپـوولەکان فـڕین و دوورکەوتنەوە. سەرەڕای تەڕبوونیان، پشتی یەکـترییان بەرنەدا.

خۆر کە لە پشتی پەڵە هەورێکەوە بوو، گوێی لە هەموو قسەکانی پەپوولە بچکـۆلەکان و گـوڵـەکان بـوو. لە دڵسـوزی و خۆشـەویستی هـاوڕێتییان تێگەیـشـت. بۆیـە لە نێـوان هەورەکەوە، بە زەردەخەنەیەکی ناسکەوە، دەموچاوی دەرخست و پاڵی بە هەورەکەوە نا و دووری خستەوە و بارانەکەی وەستانـد. تیشکەکانی بۆ گوڵـزارەکە نارد. بە پەلـکە زێـڕینـەی حـەوت رەنگـیش ئاسمانی رازانـدەوە.

پەپـوولە بچکـۆلەکان گـەرم بـوونەوە و باڵەکـانیان وشکبـوونەوە، خەمیان رەوییـەوە.

شادی و خۆشی کەوتە دڵیـانەوە. دەسـتـیان بە یاری و چاوشارکێ و سەما کـرد. پێـش خۆرئـاوابـوونیـش، گەڕانـەوە بۆ ماڵـەکـانی خۆیـان.

(*) بە کەمێک دەستکارییەوە، ئـەم چـیرۆکەم لە ئینگـلیزییەوە وەرگـێڕاوە بۆ کوردی.

چـیرۆکێکی فـۆلکلۆرییە. ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و چەنـد ولاتێکی تر، دەیـدەنە پـاڵی خۆیان.

ئەو مەبەستەی لەم چیرۆکەدایە، مەبەستێکی رەوشتییە، هـاوڕێتی راستەقـینە دەخاتە روو، بە تایبـەتیـش لە کـاتی تەنـگانـەدا.

نەرویـج: ٢٠٢٢

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی