"an independent online kurdish website

لە ساڵەکانی هەشتادا حیزبی دێموکرات بۆ بەرگری لە نیشتمان، لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەرگریەکی کەم وێنەی وەک هەمیشە لە خۆی نیشاندا، بە شەهید و بریندارێکی زۆر بە ئیمکاناتێکی کەمەوە شانی وەبەر ئەو قورسایەی خەبات دابوو،


دوکتۆرانی خێرخواز و بێسنوور بە تایبەت فەرانسیەکان هاوکارێکی بە ئەمەگی ئەو شۆڕشە بوون. راکێشانی ئەو دوکتۆرە خێرخواز و بێسنوورانە بۆ مشوور و پسپۆری سکرتێری گشتی ئەوکاتی حیزب “شەهید د.قاسملوو” دەگەڕێتەوە.

دەگەڵ ئەو دوکتۆرە بێسوورانە دوو هەواڵ نووس و  هەواڵ نێری ئوتریشی بە نێوە کانی هاننێس(Hannes Reichman)   وە ئەلێکساندێر  (Alexsander Foggensteiner) هاتن بۆ نێو شۆڕشی گەلی کورد بە رێبەرایەتی حیزبی دێموکرات و کتێبێکی ١٧٠ لاپەڕیان لەسەر خەباتە جۆرا و جۆرەکانی ئەو حیزبە نووسیوە.

لە وڵاتی سوێدیش نووسەرێک بە نێوی ئاننا هێلسکوگ (Anna Hellskog)  ئەو کتێبەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی سوێدی بە نێوی “گڕێپوچکەی گەلی کورد” (Den Kurdiska Knuten) ئەو کتێبە لە زۆربەی کتێبخانەکانی ئوروپا دەست دەکەوێ.

باسێکی بچووک لە بەشێکی ئەو کتێبە کە سەرنجی هەر خوێنەرێک بۆ لای خۆی ڕادەرکێشێ، وردبینی ئەو دوو هەواڵ نووس و هەواڵ نێرەیە، بەراست و رەوانی شیوەی ئەو جۆڵانەوەیان لە ناو کتێبەکەیاندا بە شیکارێکی زانستانە لێک داوەتەوە و گونجاندوویانە.

لە یەکەم لاپەڕی کتێبەکەدا وێنەی پیاوێکی بە ساڵاچوو کە لەسەر خاک وزێدی خۆی لە لایەن کۆماری ئیسلامی دەرکراوە دەبیندرێ، ئەو پیاوە ماندو و شەکەتە لە جیاتی سەرین تفەنگەکەی وەبن سەری خۆی داوە و لەسەر زوێکی ڕەق و تەق ئیسراحەت دەکات.

لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەیدا نووسەر وێنەی بەشێک لە پێشمەرگەکانی ئەوکاتی هێزی ئاوارە کە دەگەڵ فەرمەندەیەکی نیزامی حیزب “محەممەدە ڕەشە” کە بە خۆشیەوە لە ژیاندایە  لە پێشیانە وە دەڕۆن،  دەڵێ:  هێزێکی حیزبی دێموکرات بردیانم بۆ نێو قوڵایی مەڵبەندی پیرانشار، چوینە گوندێک بە ناوی ” نەمنجە “نەمنجێ پیرانان، ئەو هەموو پێشمەرگە لە ناو دێ بڵاو بوونەوە بۆ حەسانەوە، دەگەڵ ئەوەش چوار دەوری دێیەکە پایەگای دوژمنەکەیان بوو، بەڵام پێشمەرگەکان بە فکرێکی ئاسوودە و بێترس  لە ماڵان بڵاو بوونەوە و ئیسراحەتیان دەکرد، ئەو کات خۆشەویستی پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکراتم لە ناو دڵی خەڵکەکەیاندا بۆ دەرکەوت، کە ئەو خەڵکە چاو گوێی پێشمەرگەیە و دەیان پارێزن،  هەروەها  نووسەر ناوی ماڵێک لەو گوندە دێنێ ودەڵێ: دڵفراوانی و میوانداری کوردم زۆر گەورە هاتە بەرچاوی، ئەو ماڵە کەترێک و قەند و چایان دەگەڵ نانێکی ئاسایی بژیوی رۆژانە  هەبوو بەڵام ئەوەندە بە دڵێکی گەورە و دەوڵەمەندانە میوانداریان کردین، دەگەڵ ژیانی ناو ماڵەکەیان یەکی نەدەگرتەوە.

نووسەر لەبەشێکی دیکەی کتێبەکەیدا وێنەی دوکتۆرانی بێسنوور و لاقی دەستکردی نیشانداوە و دەڵێ: ئەو حیزبە بریندارەکانی شەری بەرگری لەکوردستانی ئەوەندە زۆر بوون کە دوکتۆرانی فەرانسەوی لەو پەڕی بێ ئیمکاناتی پزشکیدا  دەست و لاقیان دەبڕینەوە و بە کۆنە لاقی دەستکردەوە یارمەتیان دەدان بۆ ئەوەی هەستنە سەرپێ (١) بە لاقەکانیان دووبارە بڕۆن.

نووسەر لە دواین لاپەڕەی کتێبەکەیدا وێنەی پۆلێکی دیکەی لە پێشمەرگەکانی هێزی ئاوارەی داناوە و کە یەکێکی دیکە لە فەرمەندەکانی نیزامی ئەو کاتی هێزی ئاوارە “شيهید هەمزە بێهنام” دەبیندرێ، هەواڵنێر و نووسەری ئەو کتێبە بە لیباسی پیرۆزی پێشمەرگە خۆشیان لە ناو وێنەی ئەو پۆلە پێشمەرگانەدان.

من خۆم (١) یەکێکم لەو کەم ئەندامانەی ئەو کاتی کە یەکەم لاقی دەستکردیان بۆ هێنام، لاقە دەستکردەکە زۆر گەورە بوو  کە لاقە بڕاوەکەمیان پێچابوو “بانداژیان کردبوو” و  قایشێکیشان دە لاقە ساغەکەم کردبوو  و لە شانی چەپەیان بەستبووم بۆ ئەوەی لەکاتی رۆیشتن لاقە دەستکردکە  بەرنەبێتەوە.

بەبۆنەی کۆچی دوایی یەکێک لەو دوو هەواڵ نێرانە ئەو یادە بچووکەم داناوە و روحی شادبێ.

سلاو لە شەهیدان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی

سەید عەلی هاشمی  ٢٠٢٢/٢/٢

تێبینی: ئەو دوو هەواڵنێرە لە وڵاتی ئوتریشەوە بە هەوڵ و تێکۆشانی پێشمەرگەی کەم ئەندام عەتا نەسیری، ئەوکات بە نێوی نەهێنی “خەبات” لەگەڵ ئەو هەواڵنێرانە لە ئوتریش ڕا هێنا بوونی بۆ کوردستان.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی