"an independent online kurdish website

مێژوو بـە چەمکێک دەکوترێ کە بە کەوو، بێژینگ و تـەنانـەت بـە هـێڵەگیش دابیژرابێ. چەو و زیزانە و دەنکە لاوازەکانیشی لێگیرا بێ . ئاوێنەی بـاڵا نـوێنی ڕوداوە راستەقـیـنـەکانـە وەک خۆیان کە نابێ نە لێی زیاد و نە لێی کەم کرا بێ.

 وەبیر هێنەرەوەی ڕابردویە بۆ فیر بون و لەبەر چاو گرتنی راستیەکان و گەیانـدنیان بە بەرەی ئەوڕۆ و سبەی. بـاس لـە چۆنـیەتی روداوەکان و هـۆی سەر هەڵدانیان و چارەسەر کردنەکانیان، بە تایبەت ئەوانەی پێوەندیان بە ژیانی کۆمەڵگاوە هەیە. مێژوو نوسینەوەی ڕوداوەکانە وەک خۆی بە بێ کەم و زیادی. ئەوە پوختەکەیەتی. بیرەوەری ئەو شتە تایبەتیانـەن کە خۆت دیتوتـن و یـان بیستوتـن یـان کردوتـن . مێژوو دەبێ بە سەداقەتەوە بنوسرێ و دەقا و دەق وەک چۆن ڕویان داوە بکوترێ جا چ بە قازانجی خۆت یان حیزبەکەت یان گەلەکەت بێ، یان بـە زیـانی ئـەوان کرا بێ. کەسایەتیەکان و نەخش و کارتێکەریان نیشان دەدا چ دوژمن یان دۆستی تۆ بێ. چوکترین لە بیرکردنی ڕاستەقینەکان لـە مـێـژوو دا خەیـانـەتـە لـە پێشدا دەگەڵ خـۆت چـونـکـە درۆت کـردوە. دوایـە بـە گـەل، چـونـکـە بـەراوەژووت تێگەیاندوە، بە نەوەی نوێ چونکە ڕێـنـوێـنی هـەڵـەت کردون و لـە هـەمـوو ئـەو خەسارانە دا مێژوو نووس تاوانباری ئەسڵیە چونکە ئەو هەموو خەتایەی کردوە. بەکورتی مێژو سەبت کردنی کار و کردار و گوفتارە بـۆ هەتایە و مرۆڤەکان چاوی لێدەکەن، دەخوێننە وە وەک بەڵگە حیسابی لەسەر دەکەن .

ڕاستە مێژوش خۆی جۆرێک بیرەوەریە، بەڵام بێگومان جیاوازی زەقیان دەگەڵ یەک هەیە. مێژوو دەبێ بە تەواوی مانای وشە لە ڕوی زانست و بە بێ وەبەرچاو گرتنی هیچ تێبینی و مایە دانانێک و ڕازیکردن یان پشـتیوانی کردن لـە کەس یان کەسانێک نوسرا بێ . بـەڵام بـیرەوەری شەخسیە و دەکرێ بـەلای خۆت دا یان بە لای ئەوەی خۆشت ویستوە داتشکانـد بێ . ڕەنگە توشی تاک پەرستی یان دژایەتی یان دەمارگرژی هاتبی و مەسەلەکەت بەو لاو ئەملادا بادابێ. من خۆم دیتومە، خوێندومەتەوە کەسی وا هەبووە شتێکی وەک بـەسەرهاتی خۆی نـوسیوە، کە نەتێیدا بووە و نە ئێستاش دەزانێ راستی ڕوداوەکە چۆن بووە!! لەبەر ئەو هۆیانە و زۆریتریش ئەوانـەی مـێـژوو دەنـوسن دەبـێ شارەزای نـوسینی مـیـژوو بـن، ڕوداوەکانیان بە بەڵگە بـۆ سەلـمـێندرا بێ. دەبـێ بـوێـر و ئەمـیـندار بـن. دەبـێ پارێزەری کەرامەتی کەسەکان بن. ناکرێ ڕێویەک بکەیتە قارەمان و قارەمانێک بکەی بە ڕێوی! نابێ هەرچی وەک من و تۆ قەڵەمی بەدەستەوە گرت ببێتە مێژوو نووس. دەبێ کار بەکارزان بسپێردرێ، ئەگینا کۆمەڵگا بەرەو هەڵدێر دەبردرێ.

مرۆی خاوەن شەڕافەت و ویژدان دەبێ ڕاست بـێژ بێ، توانای قبوڵکردنی ڕاستی هەبێ ئەگەر تـالێش بێ. دەبێ غـیرەتی کوتنی هەبێ ئەگەر بە زیانی خۆشی بێ چوونکە ڕاست بێژ نەبێ درۆزنە و درۆزنیش هـەرچی خۆی بـەرز بکاتەوە هـەر نـزمە. ئـەگەر تـوانـای قـبوڵی ڕاستیەکانی نـەبێ دەبـێـتە مـرۆیـەکی ترسنۆک و لەبەرانبەر راستیەکاندا خۆڕاناگرێ و ڕادەکا و بەناڕەوا بەلای خۆیان دادەخا. ئەگەر نەتوانێ تاڵێ بچێژێ هەرگیز تامی شیرنی نازانێ. مـن هـێندێک کتێبی بیرەوەریم خوێندونـەوە زۆر جوان نـوسراون و شتی زۆر بـایخداریـشیان تێدایە بـەڵام بەڕای مـن مـێژو نـیـن چونکە لـە هـێندیکیانـدا بـابەتەکە بە قازانجی نوسەرەکە دەستی تێوەردراوە. هێندێک شت دەنوسرێ نوسەرەکە هەر بیستویەتی لـە بـاری ڕاستی و دروستی لـێـکۆڵـێـنەوەی لـە سەر نـەکرا وە. مـێـژوو دەبێ ڕاستەقینەیەکی حاشا هەڵنەگر بێ. لـە بیرەوەریـدا زۆرجار نـوسەرەکە دانی بە هەڵەکەیدا نەهێناوە. لێرەدا خراپ تـەعبیری نـەکەنەوە و وا بـزانـن مـن بڕوام بە بیرەوەریان نیە، نەخێر خۆشم بیروەری خومم نوسیوە، زۆربەی بیرەوەریەکان بەکەڵکن مێژوناسیش دەبێی کەڵیان لیوەرگری. بەڵام باوەڕی خۆم وایە بیرەوەری دەبێ لـە نـاو بـازنـەی مـێژوو نـوسین دەربـهـێندرێ چـونکە مـێـژوو زانـستێکی تایبەتیە. بیرەوەری نوسیش دەبێ لە خۆ گەورەکردن و خەڵک چـووک کردنـەوە بەتەواوی خۆ بپارێزێ. دەبێ ڕیزی خەڵکیتر وەک خـۆی بـگرێ و تـەنـانـەت هەڵە و خەتاکانیشی بێ ڕون کردنەوە و بەڵگە بـەگونـاح و تـاوان لەسەر نووسێ و حوکمی بەسەردا نەدا. بەڵکو بە شێوەیەکی لێزانانە و بە دڵسۆزیەوە بیانخاتە ڕوو بە مەبستی ئەوە خاوەکانیان دوپاتیان نەکەوە و خەڵکانیتریش نەیان کەنە بەڵگەی تاوانێک و خۆشیان ببنە قازی کە هیچ لەو عیلمە نـازانـن حوکمی خائـیـن و جاش و دوژمنی بەسەردا دەر بکەن.

ئێمە دەبێی قبوڵمان بێ مرۆڤین ، حەزو ویستی جۆراو جۆرو گەورەو بچوکمان هەیە. دڵی فراوان و تەنگە بەریشمان هەیە ، بەزۆری زو هەڵدەچین وپەشمانیش دەبێنەوە. بیری بەخشین وتـۆڵـەشمان لـە سەردایـە ،کە هەمـووی ئـەوانـە لە جێی خۆیان دا دەیانەوێی بەسەرمان دا زاڵ بـن بـەدوای خۆیانمان دا ڕەکێش بکەن. بەڵام گەلانی تێگەیشتو بەتایبەتی شۆڕشگێرانی گەلەکەمـان ، دەبێی بـە جـوانی لەوە تێبگەن بۆیە شانازی شوڕشگێڕیان بەرکەوتـوە ،چـونکە دەتـوانـن کارێک بکەن کە بەهەمووکەس ناکڕێی، دەتوانن نرخێک لە ڕێگای ڕزگاری گەلدا بدەن کە هەموو کەس پێی نادرێی. دەبێی بتوانن پۆست ودەسەڵات و تەنانەت حیزبیش بـە قـوربـانی گەل بکەن. لـەوەش گریـنگتر دەبـێی بـڕوایـان بـەوە هـەبێی کورد دوژمنی کوردنیە بەڵکو ڕکەبەری سیاسیە، چونکە حێساب دەگەڵ دوژمن لەسەر ژیان وکەڕامەت وماف و ئازادی نیشتمان وگەلە. بـەڵام دەگەڵ کورد ئـەو جۆرە حیسابەمان نیە. تەنانەت جاش خۆفرۆشیش یان دەبەخشرێن یان دادگایی دەکرێن و بەپێی یاسای گەلی سەزای خۆیان پێدەدرێی. بەڵام داگیرکەربەهیچ کلۆجەیەک لە زێدەکەماندا ڕێگە نادەین و ڵاتەکەمانی پێنابەخشین . میژوی راستەقینەو پاک ئەوەیە ڕاستیەکانمان وەک خۆیان پێی بڵێ نەک بـە ویست و حەزی کەسانیک کە بەشێوەیەک لەشێوەکان پلەیەک لە پلەکانی لە خەبـات دا دەست کەوتبێی یـان داگیری کردبێی ! گومانـم لەوەش دانیە کە لە کورانی خەبات دا جاریوایە تەڕو ویشک پێکەوە دەسوتـێـن ،کـەسـانی واهـەن هـەلـپەرستن لـەدەرفـەت کـەڵک وەردەگرن بەناوی مێژوو شتەکان دەنوسن نەک وەک خۆیان بەڵکو وەک خۆیان دەیانەوێی .ئـەوە هـەم خراپـەو هـەم چەواشە کردنی مـێژویە وهـەم زیان وەبەر کۆمەڵگاو نـەوەی نـوێی دەکەوێی. هەمـو حیزبێکی سیاسی بـەشی خۆیان چاکەو خراپەیان هەیە هیچیان فرشتەنین ، بـەڵام هـونەرو مەزنی حـیزب یـان کەسەکـە لەوەدایە کە بە ئەنقەست دژی گەل کاری نەکردبێی وتـرسی لە کوتنی ڕاستیش نەبێ. هیوادارم ئەوانەی خوێنەرن وشت دەخوێننەوە هەروا لە گۆترە هـوڕوایان بۆ نەکێشن و چەپڵەیان بـۆ لێنەدەن تـۆزێک خۆمانـدو کەن و سەرنـجی ئـەملاو ئەولاش بدەن .ڕاستە لە دنیای ئێستا دا دەرفەت و دەرەتانی هەمو جۆرەبابەتێک هەیـە ، بنوسرێی و بکوتـرێی و لـێپرسینەوەش نـیە! بـەڵام دەبـێی ویـژدان هەم چاوەدێرو هەم حاکم بێی وبڕیارلە سەر ڕاست و نـاڕاستەکان بـدا و لـە کۆنـەوە کوتراوە : ( ویژدان تاکە دادگایەکە پیویستی بە قازی نیە) دەبێی خۆمان هەست بە بەرپرسایەتی ویژدانی بکەین و دەست و زمان درێـژی بـۆ سەر کەڕامـەت و کەسایەتیەکان نەکەین.

 براتان مەلا برایمی مەجید پور ١٦ ڕێبەندانی ٢٧٢١ ی کوردی

   ٥ / ٢ / ٢٠٢١ زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی