"an independent online kurdish website

هەموو ساڵـێک لە رۆژی (١٤/ فـێبریـوەری) دا، عـاشـقان بە بۆنـەی رۆژی جـیهـانی (رۆژی خۆشەویستی ـ ڤـاڵانتاین)یەوە، کە رۆژی نوێبوونەوەی خۆشەویستی و ژیانە. پیـرۆزبایی لە یەکـتری دەکەن و گـوڵی سـوور و دیاری پێـشکەش بە یەکـتری دەکـەن.

بەڵام زۆربەی خەڵکی ئەوە نازانن کە هەمان رۆژ، رۆژی (١٤/ فێبریوەری) رۆژێکی جیهانییە بە ناوی (بۆ منـداڵەکەت بخوێنەوە) ئەمەش گوزارشتە لە بەرجەستەکـردنی خۆشەویستیی و گرنگی خوێنـدنەوە بۆ منـداڵان. لـەم رۆژەدا لە زۆر شـوێنی جیهـاندا، خـێزانەکان لەگەڵ منداڵەکانیاندا، هەریەکە بە شێوازێک بەم بۆنەیەوە ئاهـەنگ دەگێڕن و چالاکی خوێنـدنەوە و رۆشنبیری ئەنجام دەدەن و پشتگیریی خۆیان بۆ فـێرکردن و بۆ رۆشنبیریکـرنی منـداڵان و بایـەخی خوێنـدنەوە بۆ منـداڵان دووپـات دەکەنـەوە، وەک: هەڵـبژاردنی پەرتـووکێکی منـداڵان و خوێنـدنەوەی لەناو خـێزانـدا. یان بە کـۆمـەڵی لە یانەیـەکی رۆشـنبـیری یا لە قـوتابخـانەیەکدا پەرتـووکـێک بـۆ منـداڵان دەخـوێننەوە. یا خوێنـدنەوەی چەند پەرتووکێک لە لایەن خـودی منـداڵانەوە، کە باوکانیان یا دایکانیان کـاتێ کە منـداڵ بـوون، حەزیـان بە خوێنـدنەوەی ئـەو پەرتـووکانە بـوو. یا گـەڕان بە پەرتووکخانەکانی پەرتووک فـرۆشتن، بۆ کـڕینی پەرتـووک یا گۆڤارێ تازەی منداڵان، کە وەک دیارییەکی جـوان و یادگارییەکی شیرین لەم رۆژەدا پێشکەش بە منداڵەکانیان دەکـەن. مەبەستیش لە یـادکـردنەوەی ئـەم رۆژە جـیهـانییە، جەخـتکـردنەوەیە لەسەر گرنگی و کاریگەری خوێندنەوە لە گەشەکردن و زاخاودانی هـۆش و هـزری منـداڵان.

خۆزگە ئەم نەریتە جـوانە لە کوردستانی ئێمەشدا دەبوو بە باو. خـێزانانی کوردیشمان لەم رۆژە جیهـانییەدا”بۆ منـداڵەکەت بخوێنەوە” پەرتووک و گۆڤاریان بۆ منداڵەکانیان دەخوێنـدەوە و چـالاکی جـۆراوجـۆری رۆشـنبیرییان ئەنجـام دەدا و پەرتـووکی تازەیان پێـشکەش بە جگەرگۆشەکانیان دەکرد. هـیوای ئەوەش دەخـوازم کە رۆشـنبیریکـردنی منداڵە چاوگەشەکانمان ببێت بە خواست و بە خەمی سەرەکی هەموومان. خوێندنەوەش ببـێـت بە کولتـوورێکی جـوانمـان و خـووی پێـوەبگـرین.

(ویـل رۆجـەرز) دەڵێت:” پێمـوایە هـەموو ئـەو شـتانـەی لـە ژیـانمـدا دەیـانـزانـم.. لە پەرتـووکەوە و فـێریان بـووم”

وەکو دەڵێن:”فـێربوون لە بچووکیدا.. وەک نەخـشی سەر بەرد وایە”هەروەکو چـۆن یارمەتی منداڵانی ساواتان دەدەن، کە گاگـۆڵکێ بکەن و دابنیـشن و پێ بگـرن، تا ئەو کاتەی کە پشت بە هـێز و توانای خۆیان دەبەستن. هەر بەم شێوەیەش دەتوانن فـێری خوێنـدنەوەیان بکەن. بە تایبەتیش دایکان، کە کاتێکی زیاتر لەگـەڵ منـداڵەکانیان دان، رۆڵـێکی سـەرەکی و ئەرێـنی و کاریـگەرییەکی زیـاتریان لە فـێرکردن و لە راهـێنانی منـداڵـەکـانیانـدا هـەیە.

(ئەرسـتۆ) دەڵـێت:”لە لای منـداڵان دایـکان لە باوکـان لە پێـشترن، لەو بـڕوایەدان کە دایـکان مـۆڵکـیانـن”

خوێنـدنەوەش ئارەزوو نییە، بەڵکـو پێـویستیـیەکی گرنـگی ژیـانە و جـێگـرەوەی نیـیە. کـلـیلی دەروازەی فـێربـوون و سەرکـەوتنە. منـداڵان لە رێـگەی خوێنـدنەوە بـۆیان، یا خوێندنەوە لە لایەن خۆیانەوە، هەموو بابەتەکانی قوتابخانە فـێردەبن و وەریان دەگرن.

وەک چۆن ماسوولکەکانیان بە وەرزش و بە راهـێنان بەهـێزدەبن. هەروەهـا هـوش و هـزریشـیان بە خـوێنـدنەوە گەشـە دەکـەن و دەوڵـەمەنـد دەبـن.

 (فرانسۆ ڤۆڵتێر) دەڵـێت:”جەستە بەبێ خۆراک گەشە ناکات. ئەقـڵیش بەبێ خوێندنەوە و بیـرکـردنەوە گەشـە ناکـات”

دانایـەکی فـەرعـۆنی میسریـش دەڵـێت:”رۆڵـەکـەم وەک چـۆن دایـکـت خـۆشـدەوێـت.. وات لێـدەکـەم پەرتـووکـت زیـاتر خـۆشـبوێـت”

لە بـارەی رۆڵی ئەرێـنی دایکـانیـش لە خـوێنـدنەوەدا بـۆ منـداڵـەکانیـان، شاعـیرێـکی ئینگـلـیزی لە هـۆنـراوەیـەکـدا بە نـاوی ( دایـکی خـوێنـەر) دەڵـێـت:

دەشـــێ ســـامـانـێـکی شـــاراوەی راســــــتـیـت هــــەبـێـت

قـوتـوویەک پــڕ لە دوڕ و سەنـووقـێک زێــڕت هــــەبـێـت

بـەڵام هـەرگــــــــیـز لـە مــــن دەوڵـەمـــەنـــــــتـر نـیــــــت

چونکە من دایکێکم هەیە فـێرم دەکات و بۆم دەخوێنێـتەوە

خوێندنـەوە کۆڵـەکەیەکی گرنگە لە کۆڵەکەکـانی رۆشـنبیریی منـداڵان. لەم پێودانگەشە کە (خوێنـەرانی ئەمـڕۆ.. سەرکـردەکانی بەیانین) پێویستە بایـەخ بـەم بابەتە بـدەن. لە منـداڵـییەوە منـداڵەکـانتان هـۆگـر و ئەوینـداری خوێنـدنەوە بـکەین، تا ببن بە هـاوڕێی هـەمیشەی پەرتـووک و گۆڤـارەکانی منـداڵان. پێـویستە ئێـوەی دایـکان و باوکـان ببـن بە نمـوونە و بە پێـشەنـگ لە خـوێنـدنەوەدا تا منـداڵەکـانتـان چـاوتان لـێـبکەن.

پێویسـتە دایـکان و باوکـان لایـەنی کەمـەوە رۆژی پانـزە خـولـەک بـۆ نیـو کـاتژمـێر، پەرتووک و گۆڤاری منداڵان و چـیرۆک و هـۆنـراوە و پەخـشانی ئاسان و گونجاو بۆ منـداڵە ساواکـانیان بخـوێننەوە، یـا ئەو منـداڵانەی فـێری خوێنـدنەوە بـوونە، بە پێی تەمـەنیـان، پەرتـووک و گـۆڤـار بخـەنە بەردەسـتیان با خـۆیـان بیـان خـوێنـنەوە.

بێگـومان باخچـەکـانی منـداڵانیـش، رۆڵـێکی گەورەیـان لە شیرینکـردنی خـوێنـدنەوە و لە ئاشناکـردنی منـداڵان بە پەرتـووک و پەرتووکخانە هـەیە. چـونکە باخچـەی منداڵان دەزگـایـەکی پەروەردەیی گرنگ و هەسـتیارە، لە دوای مـاڵ یەکـەم ژینگەی منـداڵانـە. پێویسـتە دادەکـان، بە دەنگـێکی شـیرین و بە شـێوازێکـی فـانتـازی چـیرۆکی ئاسـان و هـۆنراوەی کورت و ناسک و شـیرین بۆ منداڵانی باخچەکانیان بخوێننەوە، پەرتـووکی رەنگاوڕەنگی وێنەدار بخـەنە بەردەستیان. بیانبەن بۆ بەشی منـداڵان لە پەرتووکخانە گـشتییەکانی شار و شارۆچکەکانیانـدا. تا لە منـداڵـییەوە ئاشـنای پەرتـووک و گۆڤار و پەرتـووکخـانـە ببـن.

زۆربەی زانایانی پەروەردە هـاوڕان، کە خوێندنەوە جوریکە لە نەریتە جـوانەکان، کە پێویستە لە دەروونی منداڵانی بچووکدا بچـێنرێت و رەگ بکات، تا خـووی پێوەبگـرن.

زۆر جار هەندێ لە دایکان و باوکان دەپرسن، نازانین بۆچی منداڵەکانمان ناخوێننەوە؟

پێویستە بەم “ئایا”نە وەڵامی ئەم پرسیارەی ئەو دایک و باوکانە بـدەینەوە: ئایا خۆتان لە ماڵەوە پەرتووک و گۆڤار دەخوێننەوە؟ ئایا لە ماڵەکانتاندا پەرتووکخانەنەتان هەیە؟

ئایا لە ژووری منـداڵەکانتـان یا شـوێنێکی تری ماڵەکانتـان پەرتووکخـانەی منـداڵانتـان هـەیە؟ کە پەرتووک و گۆڤـاری منـداڵانتان لەسەر رەفـتەکانیان دانابن؟ ئایا ژمارەکانی گۆڤـارە مانگانەییـەکانی منـداڵان یا پەرتـووکی منـداڵانی تـازە دەرچـووی چـاپکـراو بۆ منـداڵەکانتان دەکڕن و بە دیـاری پێشکەشیان دەکەن؟ ئایا لەگەڵ خۆتانـدا منـداڵەکانتان دەبەن بۆ بەشی منداڵان لە پەرتووکخانەی گشتیی شارەکەتاندا؟ ئایا دەستی منداڵەکانتان دەگرن و دەیانبەن بۆ پێشانگاکانی پەرتووک کە ساڵانە لە شارەکەتـاندا دەکرێنەوە؟ ئایا دەستی منـداڵەکانتان گرتـوون کە بیانبەن بۆ شوێنەکانی پەرتـووک فـرۆشتن و پێیانتان وتـوون، کام لەم پەرتـووک و گۆڤـارانەتان بە دڵە تا بۆتـان بکـڕین؟ ئەمانە و چەنـدین ئایای تـر؟؟ ئەگـەر وەڵامەکانتـان بە “نەخـێر”ە. دان بەوەدا دەنێن کە کەمتەرخـەمی لە ئێـوەی دایکان و باوکان دایە؟ پێویستە خـۆری رۆشـنبیری لەناو خـێزانـدا گزنگ بدات.

پێمان ناڵـێن چۆن منداڵەکانتان ئەویندار و هۆگری خوێندنەوە و هاوڕێی پەرتووک بن؟. منـداڵانی خـوێنـەر لە ماڵانـێکـدا هـەڵـدەکـەون، کە دایـکان و باوکـانیان، خـۆێنـەربن و هـانـدەری منـداڵـەکـانیانـبن بـۆ خـوێنـدنـەوە، پەرتـووکخـانە لە ژوورەکانیانـدا هـەبن و پـڕبن لە پەرتـووک و لە گـۆڤـاری منـداڵان. مـن پێمـوایە پەرتـووکخانە پێـویستـییەکی هەموو ماڵـێکە، گرنگی و بایـەخی لە چـێشـتخانەی مـاڵ گەر زیـاتر نەبێت کەمتر نییە.

هـەر ماڵـێک پەرتـووک و پەرتـووکخـانەی تێـدا نەبـێـت بە مـاڵی نازانـم. 

رۆژی (١٤/ فێبریوەری) ی هەموو ساڵێک رۆژر (خۆشەویستانی پەرتووکخانە) شە.

لەم رۆژەدا خۆشـەویسـتان و هـەوادارنی پەرتووکخـانە، ئاهـەنگ دەگێـڕن و سەردانی پەرتـووکخانەکان دەکەن و لە ناوپەرتـووکخانەدا وێنەی یادگاری دەگـرن. و پەرتـووک دەخـوێننەوە و پەرتووک دەخـوازن، پەرتووک بە دیـاری پێـشکەش بەیەکـتری دەکەن.

لە ئوسترالیـادا، رۆژی خۆشەویستی پەرتووکخانە، رۆژێکی پشووە، چونکە بۆ یەکەم جـار ئەم رۆژە لەم وڵاتەدا دەستی پێکرد. دوایی گەیشتە وڵاتانی تر و بوو بە رۆژیکی جـیهـانی بە نـاوی رۆژی (خۆشـەویستانی پەرتـووکخـانە). ئـەم رۆژەش لە رۆڵ و لە گرنگـی پەرتـووکخـانە لە ژیـانی خـوێنـەرانـدا، بەرجەستەبـووە.

مێـژوونووسان لەو باوەڕدا، کە زیاتر لە (٢٧٠٠) ساڵ بەر ئێستا، واتا لە دەوروبەری سـەدەی حـەوتەمی پێـش زاینی، یەکـەم پەرتـووکخـانە لە جیهـانـدا، لە سەردەمی شای ئاشوورییـەکان (ئاشـوور پانیـپاڵ) لە شاری (نەینـەوا) ی پایتـەخـتەکەیان، کە سەر بە عـێراقی ئێستایە، دروستکـرا. کە زیاتر لە (٣٠) هـەزار تاتـە قـوڕی سـوورەوەکـراوی لەخۆگرتبوو. بە نووسینی مێخی “مسماری” لە سەریان نووسراون. بە پێی بابەتەکان رێکخـرابوون و ریـزبەنـدی کرابوون. بابەتی ئەدەبـیشیان لەخۆگرتبوون، بەرزتـرینیان داستانی (گەلگامیش)ە. کە بریتییە لە هـۆنراوەیەک کە تەمەنی (٤٠٠٠) هەزار ساڵە.

هەروەهـا رۆژی (١٤/ فێبریوەری)ی هەموو ساڵێک رۆژی(داتاکەت پاک بکەرەوە) یە.

چونکە کۆمپیـوتەر یا داتـا، بـووە بە دەزگایەکی پێویست و گـرنگی ئەم سەردەمە، نەک هەر ماڵێک بەلکو هەر کەسێک بووە بە خاوەنی داتا. پارستن و پاک ڕاگـرتی پێویستە. ئەو بابـەتـانە و ئەو پـرۆفـایـلە کـۆنـانە و ئەو شـتە زیـادانـەی، کە لەسـەری تـۆمـارمان کـردوون و پێـویسـتـیمان پـێـیان نەمـاوە، با ببـێـت بە نـەریتـێکـی ئێـمـەش و لـەم رۆژە جیهـانییەدا بیـان خـەیـنە ســەر مـیمـۆرێ و داویـش بیـان سـڕینـەوە، داتـاکـانـمان پـاک بکـەینەوە. چونکە کەڵکـبوونی بابەتی زیاتر لە توانای مێـشکی داتـاکانمان، کارکـردنیان قـوەرس دەکەن و خاویـان دەکەنـەوە. لەوانەیە لە پـڕێکـدا بـوەستن و لە کـار بکەون و نـووسـینەکانمان و وێنـەکانمـان لە دەسـتـبدەیـن.

رەزا شـوان

نەرویـج: ١٤/ فـێبریـوەری / رەشـەمی/٢٠٢٢

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی