"an independent online kurdish website

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی کتێبی “بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد” ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاونیشتمانییانی بەڕێز!

ئۆگرانی پرسی کورد و کوردستان!

بە دوای بڵاوبوونەوەی کتێبی “بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد” بەتایبەت فایلی دەنگیی ٦٠ لاپەڕەی ئەو کتێبە کە زیاتر پێوەندیی بە ڕووداوەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی و بوونی برایانی پارتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و جووڵانەوەی کورد لەو بەشەی کوردستانەوە هەیە، دژکردەوەیەکی بەرچاوی لە بیروڕای گشتی و لایەنە کوردپەروەرەکانەوە بەدوای خۆیدا هێنا.

سەرەتا پێویستە ئەو ڕاستییە بخەینە ڕوو کە شێواندنی مێژوو و بەلاڕێدابردنی ڕاستیی ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە، لەهەر لایەکەوە بێت نەک یارمەتی بە مێژووی واقعیی ڕووداوەکان ناکات بەڵکوو بە کارێکی ناتەبا لەگەڵ ڕاستیی ڕووداوەکان و زیان گەیاندن بە مێژوو دادەنرێت.

لە هەمانکاتدا سەرهەڵدانی هەر ئاڵۆزییەک یان جیاوازی لە بۆچووندا بە قسەی سووک و زمانی زبر لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر ناکرێت و لەگەڵ نەریتی لەمێژینەی حیزبی دێموکراتیش ناگونجێت.

جیا لەوە پێوەندییەکانی پارتی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکرات لە بڕگە جۆراجۆرەکاندا هەوراز و نشێوی بەخۆیەوە بینیوە و لە هەر بڕگەیەکی زەمەنیشدا هەر لایەک قسەی خۆی لەسەر کردووە و وەرددانەوەی لە ئێستادا لەگەڵ ئەم لاپەڕە نوێیەی کە لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا لە پێوەندیی دۆستانەی دوولایەندا هەڵدراوەتەوە، ناتەبایە.

باسکردن لەم باس و بابەتانەی کە لە کاتی خۆی لە کەشوهەوای نادۆستایەتییەکاندا وتراون و بڵاوکردنەوەی بە شێوەیەکی تایبەتی و ڕەنگە ئامانجدار، بێجگە لە بریندارکردنەوەی هەستی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەمێکی دیکەی لێ ناکەوێتەوە؛ بەتایبەت کە خوێندنەوەکانی بەڕێزیان لەسەر ڕووداوەکان خوێندنەوەیەکی یەکلایەنەیە و هەموو تاوانەکانی خستووەتە ئەستۆی حیزبی دێموکرات و پارتی بێتاوان و بێ هەڵە نیشان دراوە کە لانیکەم ئەم چەشنە قەزاوەتە و تا ئەو ڕادەیە دووركەوتنەوە لە بێ‌لایەنی و مێژووی واقعییەتی ڕووداوەکان لە بەڕێزیان چاوەڕوان نەدەکرا.

بەتایبەت ئەوەی پێوەندیی بە سەربەخۆیی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە هەیە، کە دوکتور قاسملوو پایەدانەری بووە و ئێستاش درێژەی هەیە، بە سەنەد و مەدرەک و شاهیدیی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە هەر دوو بەشی  باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەلمێندراوە و لە بەرچاوی بیروڕای گشتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە.

حیزبی دێموکرات لە ماوەی ٧٦ ساڵ تەمەنی پڕ لە هەوراز و نشێوی لە گۆڕەپانی خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ کەموکۆڕی نەبووە، بەڵام بە شانازییەوە دەڵێین هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت خاڵێکی لاواز لە مێژووی ئەو حیزبە بەتایبەتی لە پێوەندی بەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، دەسنیشان بکات کە زیانی بە جووڵانەوەی کورد لە یەکێک لە پارچەکانی کوردستان گەیاندبێت.

 لێرەدا جێی خۆیەتی ئەو بابەتەش وەبیر بێنینەوە کە حیزبی دێموکرات لەو ماوە زەمەنییەدا کە بەهۆی بارودۆخی نەخوازراو و داسەپاوی سیاسیی بنکە و بارەگاکانی لە باشووری کوردستان بووە، بە هیچ جۆر دەستی لە کاروباری نێوخۆیی ئەو پارچە لە کوردستان وەرنەداوە و هەموو کات بە بەرپرسایەتیی نەتەوەیی خۆی لە بەرامبەر ئەو ڕووداوانەی کە پێوەندییان بە پرسە نەتەوایەتییەکانەوە هەبووە، جووڵاوەتەوە و هاندەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە بۆ بەهاناوەچوون یان پشتگیریکردنی باشووری کوردستان.

ئاشتیخوازی و باوەڕمەندبوونی حیزبی دێموکرات بە چارەسەریی ئاشتییانەی مەسەلەی کورد لە ئێراندا ئەوەندە ڕوونە کە نەک ناکرێت لەو پێوەندییەدا پاکانە بۆ ڕێژیمێکی ماف پێشێلکەر بکرێت، بەڵکوو بە ڕادەیەک بووە کە تۆمەتی سازشکاریی وەپاڵ دراوە.

لە کۆتاییدا باشترە لێکۆڵینەوە و وەرددانەوەی ڕووداوە تاڵەکانی ڕابردوو بە مێژوونووسانی بێلایەن و واقیعبین بسپێرین و پێ لەسەر پێوەندییە دۆستانە و کوردخوازانەکانی دوو لایەن دابگرینەوە.

ئێستا لەو بارودۆخەدا چاوەڕوانیمان لە دۆستان و دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات ئەوەیە کە لەو هەلومەرجە هەستیارەدا بە وشیاری و هەست بە بەرپرسایەتییەوە لەو بابەتە بڕوانن و هەڵسەنگاندنەکان جۆرێک بن کە لە بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوەیی و لە قازانجی تەبایی نێوان هێزە سیاسییەکاندا بشکێتەوە.

ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی

***

هەر لەم بارەوە دەقی راگەیاندراو لە لە لایەن حدک بڵاو کرایەوە 

ڕاگەیەندراوی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەبارەی کتێبی “بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد”

هاونیشتمانانی بەڕێز!

ئۆگرانی پرسی کورد و کوردستان!

بەدوای بڵاوبوونەوەی کتێبی”بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد” بەتایبەت فایلی دەنگیی ٦٠ لاپەڕی ئەو کتێبە کە زیاتر پێوەندیی بە ڕووداوەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی و بوونی برایانی پارتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و جوڵانەوەی کورد لەو بەشەی کوردستانەوە هەیە، دژکردەوەیەکی بەرچاوی لە بیروڕای گشتی و لایەنە کوردپەروەرەکانەوە بەدوای خۆیدا هێنا.

سەرەتا پێویستە ئەو ڕاستییە بخەینە ڕوو کە شێواندنی مێژوو و بەلاڕێدابردنی ڕاستیی ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە لەهەر لایەکەوە بێ نەک یارمەتی بە مێژوویی واقعیی ڕووداوەکان ناکا بەڵکوو بە کارێکی ناتەبا لەگەڵ ڕاستیی ڕووداوەکان و زیان‌گەیاندن بە مێژوو دادەنرێ.

لە هەمانکاتدا سەرهەڵدانی هەر ئاڵۆزییەک یا جیاوازی لە بۆچووندا بە قسەی سووک و زمانی زبر لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر ناکرێ و لەگەڵ نەریتی لەمێژینەی حیزبی دێموکراتیش ناگونجێ.

جیا لەوە پێوەندییەکانی پارتی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکرات لە بڕگە جۆراجۆرەکاندا هەوراز و نشێوی بەخۆیەوە بینیوە و لەهەر بڕگەیەکی زەمانیش‌دا هەرلایەک قسەی خۆی لەسەر کردووە و وەرددانەوەی لە ئێستادا لەگەڵ ئەم لاپەڕە نوێیەی کە لە ٣٠ساڵی ڕابردوودا لە پێوەندیی دۆستانەی دوو لایەندا هەڵدراوەتەوە ناتەبایە.

باسکردن لەم باس و بابەتانەی کە لە کاتی خۆی لە کەشوهەوای نادۆستایەتییەکاندا گوتراون و بڵاوکردنەوەی بە شێوەیەکی تایبەتی و ڕەنگە ئامانجدار، بێجگە لە بریندار کردنەوەی هەستی رۆڵەکانی نەتەوی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەمێکی دیکەی لێ ناکەوێتەوە بە تایبەت کە خوێندنەوەکانی بەڕێزیان لەسەر ڕووداوەکان خوێندنەویەکی یەک‌لایەنە و هەموو تاوانەکانی خستۆتە ئەستۆی حیزبی دێموکرات و پارتی بێ‌تاوان و بێ‌هەڵە نیشان داوە کە لانیکەم ئەم چەشنە قەزاوەتە و تا ئەو ڕادەیە دوور كەوتنەوە لە بێلایەنی و مێژوویی واقعییەتی رووداوەکان لە بەڕێزیان چاوەڕوان نەدەکرا.

بەتایبەت ئەوەی پێوەندیی بە سەربەخۆیی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە هەیە کە دوکتور قاسملوو پایەدانەری بووە و ئێستاش دڕێژەی هەیە بە سەنەد و مەدرەک و شاهیدیی رۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە هەر دوو بەشی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەلمێندراوە و لە بەرچاوی بیروڕای گشتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە.

حیزبی دێموکرات لە ماوەی ٧٦ساڵ تەمەنی پڕ لە هەوراز و نشێوی لە گۆڕەپانی خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ‌کەموکووڕی نەبووە بەڵام بە شانازییەوە دەڵێین هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێ خاڵێکی لاواز لە مێژووی ئەو حیزبە بە تایبەتی لە پێوەندی بەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، دەستنیشان بکا کە زیانی بە جووڵانەوەی کورد لە یەکێک لە پارچەکانی کوردستان گەیاند بێ، لێرەدا جێی خۆیەتی ئەو بابەتەش وەبیر بێنینەوە کە حیزبی دێموکرات لەو ماوە زەمەنییەدا بە هۆی باردۆخی نەخوازراو و داسەپاوی سیاسی، بنکە و بارەگاکانی لە باشووری کوردستان بووە بە هیچ جۆر دەستی لە کاروباری نێوخۆیی ئەو پارچە لە کوردستان وەرنەداوە و هەموو کات بە بەرپرسایەتی نەتەوەیی خۆی لە بەرابەر ئەو رووداوانەی کە پێوەندییان بە پرسە نەتەوایەتییەکانەوە هەبووە، جووڵاوەتەوە و هاندەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە بۆ بە هاناوە چوون یا پشتگیری کردنی باشووری کوردستان.

ئاشتی‌خوازی و باوەڕمەند بوونی حیزبی دێموکرات بە چارەسەریی ئاشتییانەی مەسەلەی کورد لە ئێراندا ئەوەندە ڕوونە کە نەک ناکرێ لەو پێوەندییەدا پاکانە بۆ رێژیمێکی ماف پێشێلکەر بکرێ، بەڵکوو بەڕادەیەک بووە کە تۆمەتی سازشکاری وەپاڵ دراوە.

لە کۆتاییدا باشترە لێکۆڵێنەوە و وەرددانەوەی ڕووداوە تاڵەکانی ڕابردوو بە مێژوونووسانی بێ‌لایەن و واقیع‌بین بسپێرین و پێ لەسەر پێوەندییەکانی دۆستانە و کوردخوازانەی دوو لایەن دابگرینەوە.

ئێستا لەو بارودۆخەدا چاوەڕوانمان لە دۆستان و دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات ئەوەیە کە لەو هەلومەرجە هەستیارەدا بە وشیاری و هەست بە بەرپرسایەتییەوە لەو بابەتە بڕوانن و هەڵسەنگاندنەکان جۆرێک بن کە لە بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوەیی و لە قازانجی تەبایی نێوان هێزە سیاسییەکاندا بشکێتەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسیی

٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی

بابەتی پەیوەندی دار

کتێبی بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد کە باسی حیزبی دێمۆکڕات دەکا

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی