"an independent online kurdish website

(ئەگەر زمانی ڕەسەنی من، بناغەی دەوڵەتی تۆ دەهەژێنێت، مانای وایە کە تۆ دەوڵەتەکەت لەسەر خاکی من دروست کردووە.  مووسا عەنتەر).

لە تورکییەوە: محەمەد عزەدەین

بڵاوکراوەی:  دەزگای “فام” بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە

چاپی یەکەم 2021 628  لاپەڕە

ئیسماعیل بێشکچی و سینەم خان جەلادەت بەدرخان پێشەکییان بۆ نووسیووە.

ئەم چەند لاپەڕەیەی دەیخوێنیتەوە، تۆماری چارەنووسی تاکێکی کوردە، لەژێر ستەمی سیستەمی کۆمارێکدا، کە داگیرکەر و فاشیستە.. تا سەر مۆخ دژ بە بوونی نەتەوەیی نووسەر و نەتەوەکەیەتینووسەر لە رۆژگارێکدا چاوی بەم ژیانە کوێرەوەرییەدا ھەڵھێناوە، تازە یەکەم جەنگی جیھانی کۆتایی ھاتووە و کۆماری تازە دروستکراوی تورکیا لە گەمەیەکی نێودەوڵەتیدا قوتکراوەتەوە..ناوبراو ھەر لەژێر زەبری قامچی کۆمارە بێژووە تازە قوتکراوەکەدا ناناڵێنێ، بەڵکوو قورسایی زیاتر لە 400 ساڵی دەوڵەتی عوسمانیشی وا بەکۆڵەوە.

مووسا عەنتەر ناوێکە 72 ساڵ شان بەشانی ئەم ھەلومەرجە و زوڵم و ستەمی بێ بڕانەوە، بەربەرەکانی کردووە و سزا دراوە و دیسانەوە تێ ھەڵچۆتەوە ولە زیندان  ئەشکەنجە دراوە،ورە بەر نادات و  کاتێکیش کۆڵنادات لە مافە ڕەواکانی نەتەوەکەی کونجی زیندان دەبێتە مەنزڵگای ژیانی بەشێکی زۆری تەمەنی تێدا بەسەر دەبات.

مووساعەنتەر..  ھێندە گیراوە و ئازاد کراوە و گیراوەتەوە و ئازادکراوە، نەک ھەر خۆی بگرە ھیچ خوێنەری ناتوانێ بە ئاسانی ئەم ھەموو گیران و ئازادبوونە بو هەژمار بکات.

نووسەر وەک بۆمان دەگێڕێتەوە، بە خۆیشی  نازانێ لە چ گوند و دەڤەرێکی دواکەوتووی نیشتمانێکی داگیرکراو و دابەشکراودا، لەدایک بووە. لێ دەزانێ لە باوەشی خێزانێکی کوردی ئاغازادە چاوی بە ژیان و خۆشەویستی نیشتمان ھەڵھێناوە.لێ لە ژیانی ڕۆژانەدا هەرگیز نێشانی نەداوە،ئاغازادەیە، چونکە باوەڕی کوردایەتی باڵادەستتر بوو لە پێگەی ئابووری.هاوکات ئەمەش بەڵگەیەکی تری کەوا زۆری شێخ و ئاغاکانی کوردستان لەبەرەی نەوەکەیاندا بوون و بەدەستی داگیرکەر و دوژمن لەناوچوون.   خێزانەکەی بەشێکیان لە باکوور و زۆرینەیەکیان بە کێشانی ھێڵێکی سووری نەحلەتی “مام ھێمن” وتەنی: ئەو بستۆکەی دوژمن ناوی نا سنوور!،لە کوردستان پێی دەڵێن سەرخەت و بن خەت.. دەکەونە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانی بندەستی تورک و عەرەب…بە زەحمەت و ڕێکەوتێکی دەرەوەی باوەڕکردن، دەکەوێتە بەر خوێندن، بە زمانی دایک نا، بەڵکو ھی داگیرکەرەکە!. ھەر زوو زیرەکی و لێھاتوویی دەبێتە جێی سەرسامی دەوروبەرەکەی، بۆیەکا لەتەک نابەدڵی و ناڕەزایی زۆری دایکی، ھاندەدرێ بەردەوام بێت لەسەر خوێندن.. سەرکەوتووانە کۆلیجی یاسا لەزانکۆی ئەستەنبووڵ تەواو دەکات.

کاتێ باس لە سیاسەتی تواندنەوە و بەتورک کردن Assimilation دەکات، دەڵێ:”  حکومەتی کەمالیزم وەک سەردەمی سوڵتانەکانی عوسمانی ڕێگەیان بەخوێندن دا، بەڵام ھەرزوو ستراتیژی خۆیان بەستەوە بەوەی سەرەک ھۆزەکان بکەنە تورک بەو ھیوایەی لەم ڕێگایەوە میللەتیش زوو کوردی لەبیر بکەن، بەڵام زۆری پێ نەچوو بۆیان دەرکەوت ستراتیژەکەیان شکستی ھێناوە، بۆیە ساڵی 1935 قوتابخانەکانیان بە فەرمی داخست“. ل41

بیرەوەرییەکانی عەنتەر پانتاییەک  نییە بۆ ھەڵدانەوەی وردەکانی ژیانی خۆی و خێزانەکەی، بەڵکوو دەروازەیەکە بۆ چوونە ژوورەوە و گێڕانەوەی ئەو ئەندێشە و ئازار و تاڵاوەی نەتەوەکەی نۆشی دەکات.. ھەر دوای ھەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەک زوو دەگەیتە وێستگەکانی میحنەت و تراژیدیای ژیانی کورد…بەڵام وەرن ببینن لە سەردەمی ئەشکەوتەوە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان، کە نزیکەی 7 ھەزار ساڵە، چۆن حکوومەتە زاڵمەکان وەک ئەوەی ناویان لە سەگ و پشیلەکانیان نابێ، بەبێ ئەوەی پرسیش بە ئێمە بکەن ناوێکیان لەو شوێنانەی ئێمە ناوە ناوچەکەی ئێمەیان کردە( ئەشکەوتی کۆن(…) لە نیشتمانی من ھەرچی ناوی لادێ ھەبوو بێ ئەوەی پرسێک بە خاوەنەکانیان بکەن حکوومەت کردوونی بە تورکی. تەنیا ناوی گوند نا بگرە شارەکانیش بۆ نموونە ئامەد- دیارباکر، ئەلئازیز- ئەلازغ، دەرسیم- تونجەلی. شامراخ- مازی داغ، ئورفە- شانلی ئورفە، عەنتاب- غازی عەنتاب).ل 22 ل گوندەکەی ناوی ( زیڤینگێ) یە و لەسەر سنووری دەستکردی عێراق و سووریا و چیاکانی توور ئابیدینە. ھەر لێرەدا بڕگە سەرەتاییەکانی یاسای داگیرکاری و کۆلۆنیالیزم بەدەر دەکەون.

ناساندنێکی کورت بۆ گوندەکەیان و خێزانەکەیان دەکات و باس لەدیمەنی پڕ ژانی ئەو خێزانە ئاوارانە دەکات کە دوای سەرنەوتنی شۆڕشی شێخ سەعید بۆ ئەم ناوچەیە ھەڵاتوون و چۆن خزمەتکراون..ھەر لەم پێوەندییەدا تیشکێ دەخاتە سەر چۆنیەتی بەسەر بردنی ژیان و ئەو یاری و  گەمە و داب و نەریتە کۆمەڵایەتییانەی لەو گوندە ئەنجام دراون. باسی گرنگی ئەو گژوکیا و ڕووەکانەی کوردستان دەکات کە لەو سەردەمەدا وەک دەرمان بۆ چارەسەر بەکارھێنراون.. داوا دەکات گەنجانی کورد بایەخی پێ بدەن..

لە شوێنێکی تردا گەواییەکی گەورە دەدات و پێمان دەڵێ: تا چنگی خوێناوی داگیرکاری کەمالیزم نەگەیشتبووە دەڤەرەکەیان ” لە کاتێکدا گەر تەواوی ناوچەکە بە فانۆسیش گەڕابای کەسێکت نەدەدۆزییەوە تورکی بزانێت” ل 36 . لێ جەپەڵترین سیاسەتی توانەوەیان بەڕێوە برد و کورد هەر نەتوایەوە. تۆزێ پاشتر باس لە ھێرش و ئافاتی لەشکری تورکی دەکات کە ھێندە کێوییو وەحشی بوون، کاتێ دەکەوتنە بێستانی شووتی و کاڵەک، نەیاندەزانی کامە پێگەییوە تا بیخۆن، لەناچاریدا ھەموویان بەرشەق دەدا و بڕکەکانیان ھەڵدەکێشا.

سیاسەتێکی تری کۆلۆنیالیستانەی تورک بریتی بووە لە قەدەغەکردنی زمانی کوردی. دوای ئەوە ھەر کەسێک بە کوردی بئاخڤیایە، بەرانبەر بە ھەر وشەیەک لیرەکیان سزا دەدا. ئەمەش جگە لە گەورەیی تاوانەکە، بنۆڕە: چەند ستەمێکی گرانە و تێکشکانی دەروونی دەخوڵقێنێ، لەناوماڵی خۆت و لەسەر خاکی نیشتمانی خۆت بەزمانی زگماگ بدوێی سزا بخۆیت!،لەکاتێکد ئەو لیرەییە بۆ هەر وشویەک  بۆ ئەوسا و ئێستای خەڵکی ھەژارنشین زۆر بووە. نموونەی جۆراوجۆری لەم ڕووەی خستۆتە بەرچاو. کاتێ بەرانبەر بە ھەر سەرپێچییەکی یاسا- لە ڕوانگەی کەمالیزمەوە!- لەشکر ھێرش دێنەتە سەر خەڵکی شار و شارۆچکە و گوندەکان، گەنج و لاوان بەناچاری رووەو شاخ و ناو ئەشکەوتەکان بۆ خۆ حەشاردان ھەڵدێن.. تەماشای دیمەنی دڵتەزێنی وا بکە! چ کارەساتێکە؟!. وەک گورک بکەوێتە نێو ڕانەمەڕەوە..

ئاماژەمان بە زیرەکی ژێھاتی موسا عەنتەر کرد، کە ھەر ئەم خاڵەش کلیلی کاروانی خوێندنی ھەموو قۆناخەکانی بۆ کردەوە.

لە قۆناخی ئامادەییدا دوو کۆڕی گرنگی زانستی دەربارەی ھەستەوەریی تیۆری ھێنری بێرگسۆنی فەرەنسیی و فەلسەفی کانتی ئەڵمانی بەسەرکەوتوویی پێشکەش دەکات و لەنێو مامۆستاکانی دا خۆشەویستی زیاتر بەدەست دێنێ.  لەم میانەشدا گەلێ دۆست و ناسیاو پەیدا دەکات و خۆیشی خۆشەویست و ڕۆحی ھاوکاری و خزمەتکردنی بەرز بووە، بۆیەکا رۆژ بە رۆژ ناوی زیاتر دەدرەوشێتەوە.

دوای سەرنەکەوتنی شۆڕشی سەید ڕەزا، ھاوسەرەکەی «بەسێ» ی ھاوسەری سەرکردایەتی گرووپێکی گەریلایی دەکات.. ناوناوبانگ دەردەکات و رۆژنامەکان لەبارەیەوە دەنووسن . رۆژێ لە قوتابخانە قوتابییە تورکەکان، جوێنی ناشیرینی پێدەدەن، ئەویش ھەمان جوێن بەدایکی ئەتورک زوبەیدە” دەداتەوە. لەسەر ئەمە لای پۆلیس گازندەی لەسەر تۆمار دەکەن بەزەحمەت لەسزادان قوتاری دەبێت.

ئەوجا بە درێژی ئەو دیمەنە خەمبارانەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە لەسەردەمی شۆڕشی ناوبراودا بەسەر خەڵکەکەدا ھاتووە. کاتێ شار و گوندەکانی دەوری دێرسیم گەمارۆ دەدران ، گەورەکان خۆیان حەشار دەدا.. لەشکری تورک منداڵەکانیان بە شیرینی و ھەڕەشە دەخەڵەتان و دەترسان،تا شوێنی گەورەکانیان نیشان بدەن. سیاسەتێکی جینۆسایدە لەوانە کاتێ فەرماندەیەک خەرکی کوشتنی کۆمەڵێ کورد دەبێ: فەرمان دەدات کەچی تر گوللە لەمانەدا خەسار نەکەن و بە کۆمەڵ فرێیان بدەنە ناو ئاوی ڕووباری ( مونزر) ەوە. ئەوانەشی بەربەرەکانیان کردووە بخرێنە ناو ئاوەکەوە بە شووڵکی تەڕ تێیان بەربوون بەو سەرماوسۆڵە گیانیان شەڵاڵی خوێن کردووە. ئەوانەشی بەمەلەکردن ھەوڵی خۆ ڕزگارکردنیان داوە بەھەمان شێوە. ھەروەھا کچێکی دەرسیمی 12-13 سالان بە چەندین ئەفسەر و سەرباز لاقەیان دەکرد…دیمەنی وا مەگەر بەسەر جولەکەدا لە ھۆلۆکۆست دا ھاتبێت. ،ئەگەرچی کچە جوولەکە لاقە نەکراون لەلایەن نازییەکانەوە.

مووسا عەنتەر.. لە دروستکردنی کۆمەڵێ ڕێکخراودا بەشداری دەکات و ھەمیشە قەڵای پشتیوان کوردی ئاوارە و بەلەنگاز و ئەوانەی بۆ خوێندن ناچاربوون بگەنە ئەستەنبووڵ.. تا وای لێ دێت ماڵەکەی دەبێتە ھوتێل و شوێنی حەوانەوەی تەواوی کوردەکانی نەک تەنھا باکوور بگرە باشووریش…

بەندە لە مامۆستا کامیل ژیرم بیستووە لە ساڵی پەنجاکاندا بۆ خوێندن چۆتە ئەستانبووڵ، مووسا عەنتەری ناسیووە و  ھاوکاری کردووە پاشان بیروڕای سیاسییان ئالوگۆڕ کردووە و کوردایەتی زیاتر پێکیەوە گرێ داون.د. حەسەن حەمەعەلیش ھەمان چیرۆک دەگێڕێتەوە..ھەر بۆیە ڕاپۆرتێکی دەزگای ھەواڵگیری تورکیا میت دەڵێ:” ماڵی موسا عەنتەر بووەتە باڵیۆزی کوردستان لە ئەستانبووڵ”. ل 85

کاتی کارکردنی لە ڕێکخراوەکەدا لەگەڵ ھاوڕێکانیدا سوێندێک دەخۆن بەئاڵای کوردستان و تفەنگ“بۆ ئەوەی تا دوا ھەناسە بێ ناپاکی لەیەکتر کار بکەن.. لەژێر ئەم دەقەدا( تا مردن بەرانبەر خۆشەویستی نیشتمانەکەم ڕاستگۆدەبم، لەھیچ دۆخێک دژی ھاوخاکیانم گەلەکۆمەک ناکەم و پاشقولیان تێناگرم و نابمە جاش و خۆفرۆش) . ل94 لە هەقەتە ئەم کارە هەر نیشانەی ژیری نییە، بەڵکوو زادەی بیرێکی پاک و بێگەردی جۆشخواردووی کوردایەتیشە.

خەزووری نووسەر و شاعیر” عەبدولرەحیم ڕەحمی زاپسوو“ە، بۆخۆی کەسایەتی دیار و ڕۆشنبیریی و سیاسی کورد بووە، رۆڵی گرنگی لەسەو سەردەمەدا ھەبووە و لە دامەزرێنەرانی “کۆمەڵەی تەعالی کورد“ە و کاریگەریشی بەسەر مووسا عەنتەرەوە ھەبووە. مووسا عەنتەر لە زمانی خەزووری و کەسایەتییەکانی سەردەمی عوسمانییەوە دەنووسێ:” ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئیمپراتۆریەتێکی تورکی نەبوو، بە شێوەیەک گەر گوتنی ڕاست بێ، تورک بەبەراورد لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە بێ ڕێزترین نەتەوەی ناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوون” .ل١٠١

لەھەمان لاپەڕەدا باس لەو نەتەوە موسڵمانەکان- ئەلبانی، عەرەب و تورک – دەکات کە خێرا ویستوویانە لەدەرەوەی دەوڵەتی عوسمانی دەوڵەت بۆ خۆیان دروست بکەن. تورکە گەنجەکان بەتایبەت.. لەو ناوەدا تەنیا کورد مابۆوە. ئەم گەواھییە دوو بڕگەیە: تورک ئیمراتۆریەکەیان بەھی خۆیان نەزانیوە یان لە قۆناخی سەرەمەرگدا بووە، ویستوویانە بە هەر نرخێک بێت، دەوڵەتێکی بۆخۆیان لێ بپچڕن.. ئەمەش نیشانەی زیتی و هوشیارییە و ئەوی تر بەدەری دەخا کورد  دەستبەتاڵ و بێ پرۆژە بووە..هەر خۆی داوەتە بەردەم شەپۆلی ڕووداوەکان.

مووساعەنتەر .. ھەر لەو تەمەنە زووەوەدا کەسایەتییەکی دیار بووە زۆر نێزیکی تەواوی سیاسی و رۆشنبیرانی سەردەمەکەی و پێشتریش بووە: (خەزووری، عەبدوڵا جەودەت، عەزیز بابا، زیا گۆک ئالب ، خەلیل خەیاڵی، شوکروو بابان و سەعید نووڕسی/  کوردی و گەلێ لەنەوەکانی بەدرخانیەکان و شێخ عەلی رزای کوڕی شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەعشووق ئەفەندی،سەعید ئاڵجی و دکتۆر سەعید قرمزی تۆپراک و  شەرەفەتین ئەلچی و  نووری دەرسیمی و یاشارقایا) و زۆری دیکەش.. دەگێڕێتەوە خەیاڵی ھێندەی متمانە پێ بووە، کۆمەڵێ بەڵگەنامەی پێ دەسپێرێ، لەوانە دیوانێکی حاجی قادری دەستنووس، نووسینێکی زیا ئالپ لەسەر ڕێزمانی کوردی بەخەتی خۆی. ئەمانە و کۆمەڵێ وێنە و کتێبخانەکەی مەخابن کاتێ لە 1972 دا دەگیرێ دەستی بەسەردا دەگیرێ دەفەوتێن.. زۆر مەراق لەم بەسەرھاتە دەخوات، بێ ئاکام دەمێنێتەوە.

عەنتەر لەڕێگای د. محەمەد شوکروو سەکبان کە کەسایەتییەکی دیاری کوردە و دۆستی نووری سەعید بووە، نووری پاشا دەبینێ و ددانی پێدا دەنێ کەوا بە بنەچە کوردە و خەڵکی “سیرت”ە و داوای لێ دەکات کێشەی کورد لە باشوور چارەسەر بکات..نوری پاشاش دەڵێ: داواکارییەکەت ھەرگیز لەبیر ناکەم. کەواتە ھەستێکی کوردانەی ھەر لەدڵدا بووە .

دیارە سەرکەوتنی زۆری ئەتاورک بە اوکاری کورد بووە، وەک عەنتەر دەگێڕێتەوە چەند جارێ ھەوڵی کوشتنی ئەتاتورک دراوە کوردی وەک ” دیاب ئاغا” رزگاری کردووە.. ئەویش لەپاداشتی ھاوکارییەکانی کورد، دوای پەیمانی لۆزان کەوتە گیانی کورد و تەڕووشکی پێکەوە سووتاند و ئەوەی کرد، کە قەڵای بەکەللەی سەری کورد ھەڵچنی و رووباری خوێنی ھەڵسان و راگوێزان و ناوگۆڕین قەدەغەکاری سیاسەتی ترساندن و تۆقاندن و بەتورک کردنی خستە گەڕ. مووسا عەنتەر لە ڕووی سیاسییەوە کۆمەڵێ ڕێکخراوی دامەزراندووە – کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کولتووری ڕۆژھەڵات – و ھاوکات رۆژنامەنووسێکی دیار بووە کۆمەڵێ ڕۆژنامەی دەرکردووە بە کوردی و تورکی( ئیلەری یورد، دیجلە کاینایی، پەیامنێری ڕۆژنامەی جمھوریەت، گۆڤاری شەرق)..

وەک ئاماژەمان پێمدا بەشێک لەکەسوکاری دەکەونە ئەوبەر سنوور، بەشی رۆژئاوای کوردستان، تەنیا جارێ ڕێی دەدەن سەردانی عەشرەتی بکات، لەوێش: جگەرخوێن و عوسمان سەبری، عەبدی ئیبراھیم و حەسەن حاجۆ و قەدری جان دکتۆر نافیز و ھەژار و نووری دەرسیمی و چەندانی تر دەبینێ و دەناسێ..

یەکێ لەوانە بنەماڵەی بەدرخان، مەزیەت عالی بەدرخان کچی ئەمین عالی بەدرخانە.. زۆر یادگاری پەیوەندی نێوان نازم حیکمەت و ماڵی خۆیانی بۆ باس دەکات و تەنانەت چەندین وێنەی باوکی و نازم حیکمەتی دەداتێ، ئەوانیش لە گرتنەکەی1972 سەریان تێدا دەچێت. لەدرێژەی ئەم باسەدا”باس لەو تێکەڵییە خێزانییە دەکات، کەوا کامەران بەدرخانی برا و نازم حیکمەت لەیەک تەمەن دا بوون دایکیان بۆ شیر پێدان منداڵەکانیان گۆڕیوەتەوە، واتە شیربرای یەکترن. ل١٧٣

لێرەدا مووسا باس لەسوودی نازم حیکمەت دەکا بۆ کورد لەو پەیوەندییەدا ، لێ وەک من ئاگادار بم نازم بۆ ھەموو دنیا شیعری وت، کەچی چاوی کوردەکانی برای شیری نەابینێ و ھیچی بۆ ئازارەکانی کورد نەگووتووە. دەبێ ئاماژە بەوە بدەین کەوا بنەماڵەی بەدرخان لە ساڵی ١٨٤٠ ڕاگوێزراونەتە ئیستانبووڵ، تاوەکو دووربن لە کوردایەتی، بەڵام چرای گەش و مەشخەڵی بڵێسەداری ئەو بنەماڵەیە لە ھیچ دەڤەرێک و قوژبنێکی ئەم گۆی زەوییە نەکوژایەوە..تا لەژیاندا بوون لەسەر خزمەت کردن بەردەوام بوون.

بەم جۆرە مووسا عەنتەر لەم کەشوھەوایەدا گەورە دەبێت، بۆیە ڕاپۆرتێکی دادگا دەنووسێ: مووساعەنتەر ماوەیەکە چالاکی نییە، بەڵام کێ ئەو ببینێ کوردایەتی بە مێشکیدا دێ”..ل ١٧٤ ،کەواتە بۆ خۆی وەک کەسایەتی بۆتە سونبوڵێک و پێگەیەکی بەرزی بەدەست هێناوە. نووسەر لاپەڕەیەک دواتر باس لە پەیوەندییەکی تەلەفونی نێوان خۆیی و کامەران بەدرخان لە پاریس دەکات: بەدرخان چیرۆکێکی بۆ دەگێڕێتە پڕ لە پەند و وانە. ل ١٧٥

مووسا عەنتەر قورساییەکی زۆری بیر و چالاکی خۆی بۆ ئەوە تەرخان دەکات ، گەنجی تازە پێگەیشتووی کورد پێ بگەن. ھەر لەم میانەدا باس لەوە دەکات حوسێن قاسملوو و ئەحمەد قاسملوو لە ئیستانبووڵ دەیان خوێند، رۆژێ عەبدوکرەحمان قاسملووی برایانی پێ دەناسێنن. ئەویش لەڕێی کامەران بەدرخانەوە بۆرسێکی خوێندنی بۆ مسۆگەر دەکات، بەم جۆرە دەرگای بەختی قاسملوو دەکرێتەوە، بەردخانیش کارگەرێتی لەسەر قاسملوو دادەنێ. ل ١٨٣.  دواتر لەگەڵ قاسملوو کۆمەڵێ ھەم پەیوەندی بەردەوام دەبێ و ھەمیش کۆمەڵێ نامەی گرنگ لەنێوانیاندا ئاڵوگۆڕ دەکرێ.. بەداخەوە نامەکان لێرەدا بڵاونەکراونەتەوە…

مووسا بەدێژایی ژیانی چەندین جار دەگیرێ و سزا و ئەشکەنجەی قورس دەدرێ، لێ ئەم تێکۆشەرە ڕێبازی کوردایەتی بەرنادات و لەبەردەم داگیرکەردا کۆڵ نادات.

لەسەر رووداوەکانی شەواف و قاسم وتارێ دەنووسێ بەناوی( شەمەڕی کێیە)؟. دەدرێتە دادگا و دادوەر لێی دەپرسێ: تۆ بۆچی بارزانیت خۆش دەوێ و لە عەرەبیش پەست و تووڕەی،(…) موسا پرسیارەکە پێچەوانە دەکاتەوە و لەدادوەر دەپرێ: بۆچی ئێوە ڕقتان لە بارزانی دەبێتەوە و عەرەبتان خۆش دەوێ؟(…) لەبەر چ ھۆکارێک لە بارزانی پەستیت ، منیش لەبەر ھەمان ھۆکار خۆشم دەوێ”. ل٢٣٤

 ئەم هەڵوێستە و داکۆکیکردنی لە شۆڕش و سەرکردانی بەشێکی تری نیشتمانەکەی،بەرهەم و ڕەنگدانەوە هەست و باوەڕی پیرۆزی کوردایەتیی. هەر بۆیە لە یەکێ لەدادگایی کردنەکانیدا لێی دەپرسن : تۆ چیت،دەڵێ: کوردم، ئەی پێسەت چییە،دەڵێ: کوردایەتی.. ئیدی هەڵوێست و جوامێری و ئازایەتی لەوە زیاتر، لەسەر شانۆی ژیانی کێدا بەدی دەکرێ، ئاخر نابێ لەبیرمان بچێ، ئەو بەڕووی تورکدا هەڵشاخاوە، تورکی نەتەوەکانی جەنگیزخان و هۆلاکۆ و ئەتاتورک دا…

مووسا لەم بیرەوەرییانەدا پەردە لەسەر سیاسەتێکی ترسناکی تری دەوڵەتی تورکیا لادەدات.. حکومەتی تورکیا بۆ دژایەتی کورد نەخشەرێگایەک دادەڕێژ، کۆمەڵێ میتۆد بۆ لەناوبردنی باس دەکەن لەوانە: “گەر لە تورکیا ھەزار ڕووناکبیری کورد لەناو ببەین، بەلای کەمەوە کێشەی کورد 30 ساڵ دەچێتە دواوە”. ل ٢٤١ئازار و ئەشکەنجەی زیندانەکانی تورکیا ھێندە سەخت و قورس بوون، زیندانی یان تێیاندا دەمرد یاخود نیوە مردوو دەھاتە دەرێ. دواتر باقی ژیانی بە نوقسانی و نەخۆشی دەباتە سەر. مووسا باس لە گرووپێکی کوردی 50  کەسی زیندانی دەکات، کەچۆن یەکێکیان – ئەمین باتوو– هاوشاری گیان لەدەست دەدات.. ناوبراو لەسەر دیواری ژوورەکەی بەخوێنی خۆی دەنووسێ:” گەر سەرپشک بم لەوەی ، ئایا دەمەوێ ببمە گوڵی باخچەی کۆیلایەتی، یان دڕکێک لە باخچەی ئازادی؟ بە دڵنیایەوە ئەوەی دووەمیان ھەڵدەبژێرم” ل ٢٤٣ گێڕانەوەی ڕووداو بەسەرھات و ژیان بەسەر بردنی نێو زیندان چیرۆکێکی ھێندە تراژیدی خەمناکە، دڵ و ویژدانی دەوێ بەرگەی بگرێ.. بۆ نموونە نانخواردن لەناو زێرابی پیسایی و گواودا..

هەڵۆ بەرزنجەیی ١٥/٢/٢٠٢٢

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی