"an independent online kurdish website

شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ی ئێران، ئاکامی مێژووی ئەو ئاڵوگۆرە ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، فەرهەنگی، فکری و سەنعەتییانەیە، کە وڵاتی ئێران لە چەرخی بیستەمدا و بەتایبەت پاش شەڕی دووهەمی جیهانی بەتاقیی کردوونەتەوە و بە نێویاندا تێپەڕیوە.

 شەڕی سارد ڕێگای بۆ زۆربەی ئەو ئاڵوگۆڕانە خۆش کرد و زەمینەی سەرهەڵدان و شكڵگرتنی ئەو بیر و ئیدە و ئەکتەرانەی پێکهێنا کە دەبوو دەوڵەت و کۆمەڵگای ئێران مۆدێڕنیزە بکەن. سەرەڕای بەشداریی بەردەوامی مێژوونوسە ئێرانییەکان لە ڕەوتەکەدا، ئێران نەیتوانی، بەوجۆرە کە چاوەڕوانیی لێ دەکرا، لە هەموو فاکتۆر و پێکهاتە مێژوویی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی خۆی بە شیوەیەکی هەموو لایەنە کەڵک وەرگرێ. بە گشتی دەبێ بڵێین کە حەشیمەتی فارس و ئێران لەجیاتی یەکتر بەکار هاتوون. هۆیەکی گرنگی ئەو وەزعە ئەوەیە کە ئێران هەم وەک ئیدە و بیرۆکەیەک و هەم وەک کیانێک دەناسرێ کە لەسەر بناخەی زمان و فەرهەنگی فارسی دامەزراوە و هەر ئەوانەش بۆ پاراستن و مانەوەی بڕیاردەرن. ١ بەو حاڵەش، ئەوە بە هیج جۆر پاکانە بۆ بەشداری نەکردنی پێکهاتەکانی دیکەی ئێران لەو لێکۆڵینەوانەدا، کە لەسەر شۆڕشی ئێران ئەنجام دراون ناکا. ئەو پێکهاتانەی کە بەبێ ئەوان ئیدەی ئێران نە دەیتوانی هەبێ و نە دەوامیش بێنێ. ٢

لەبەر ڕووناکاییی ئەو باسەی سەرەوەدا، بەشی یەکەمی ئەو وتارە وەک هۆکارە ڕاستەوخۆ و دەستبەجێکانی سەرهەڵدانی شۆڕش، ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانی نێو کۆمەڵگای کوردی لە دەیەکانی پێش شۆڕشدا، دەخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. هەروەها، بە پێجەوانەی تێگەیشتنی باو، ئەمەش نیشان دەدا، کە تێکۆشان و چالاکییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان لەو دەورەیەدا، نەخەوتوون. بەشی دووهەمی وتارەکە بزووتنەوەی خودموختاریخوازی کورد، کە لەئاکامی گۆڕانکارییە گرنگە سیاسییەکاندا سەری هەڵدا، لێکدەداتەوە. دەبێ بگوترێ کە نەبوونی لێکۆڵینەوەی پێویست، سەرەڕای دەوڵەمەندیی سەرچاوەکان، بۆتە هۆی ئەوە کە تووشی هەڵەی واقعی بین و لێکۆڵینەوەی کەمیشمان لەسەرئەو قۆناخە لەبەردەست دابن. ٣ ئەو وتارە لە ڕێگای هەڵسەنگاندنی پڕۆسە مێژوویییەکانەوە، هەردوو لایەنی مەسەلەکە پیکەوە دەبەستێتەوە. گەلێک تیئوریی جۆراوجۆر، ڕەخنەی کولتووری و لێکۆڵینەوەی مێژوویی، شکڵیان بە چوارچێوە و مانای وتارەکە داوە. ئەمە ئەو دەستە لە تیئورییەکانی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان، کە بە پێچەوانەی تیئورییەکانی نوێسازی، کە لە ئاسیا و ئەفریقا، دوای شەڕی دووهەمی جیهانی، وەک پرۆژەی نەتەوەسازی هاتنە کایەوە، دەگرێتەوە. ٤ جیا لەوە لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە ناسیۆنالیسم، هاوچەشنسازی، ئەسیمیلاسیۆن و دەوڵەت-میللەت، هەروەها مێژووی هاوچەرخی ئێران، بناخەیەکی پتەو بۆ لێکۆڵێنەوەی ئەو ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و فەرهەنگییانە بەدەستەوە دەدەن کە لەماوەی پاش شەڕی دووهەمی جیهانیدا پێکهاتوون. ٥ سەرەڕای ئەوانەش، بۆ تێگەێشتن لەو ئاڵوگۆڕە فەرهەنگییانە کە لەو ماوەیەدا لە ئێراندا هاتوونەتە پێش، بەتایبەتی لە پەیوەندی دەگەڵ بە مێدیایی کردنی کولتووردا، وەک یون تۆماس دەڵێ، لێکۆڵینەوەی کولتوورییش گرینگ و پڕ بایەخن. مەبەست هاتنە کایە و بڵاوبوونەوەی ڕاگەیەنە گشتییەکانی وەک ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، لە دەیەکانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠ی زایینیدایە. لەسەردەمی شۆڕشی سپیدا ئاڵوگۆڕ لە موناسەباتی دەسەڵات و بارودۆخی کۆمەڵایەتیدا پێکهات. وەک پییەر بۆرودۆ دەڵێ: کولتوور وەک چوارچیوەیەکی سیمبۆلێک، بناخەی بۆ هێژمۆنیی فەرهەنگ و زمانی فارسی دامەزراند. ٧ هێژمۆنی تەنیا هەر ئەوە نییە کە ئیدە زاڵەکان دڵخوازانە قەبووڵ بکەین، وەک ئەنتۆنیۆ گرامێشی دەڵێ. بەڵکوو وەک ڕایمۆند ویلیامس ڕوونی دەکاتەوە، بریتییە لە ”سیستەمێکی بەرین و کاریگەر لە نرخ و مانا و بایەخە زاڵ و کاریگەرەکان”. ئەمە فەرهەنگی ڕوو لە گەشەی کوردی سەرکوت کرد و ژینگەی ئەوی لە چوارچێوەی کۆنەکولتورێکدا تەنگەبەرکردەوە. ٨ ئەوەش ئەو بارودۆخەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە لەودەمەوە تا ئێستا کولتوری مۆدێڕنی کوردی تێیدا بەسەردەبا. دەبێ بگوترێ کە لە ماوەی بەڕۆژئاوایی بوون و مۆدێڕنیزەبوونی ئێراندا، گەلێک ڕوانگەی ڕەخنەگرانەی کولتووری هاتوونەتە گۆڕێ. وەک تیئورییەکان ی نەیتیڤیزم وبوومی گەرایی، ٩ ئەو تیئورییانەی بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە گۆڕانکارییە کولتورییەکان  شی دەکەنەوە،١٠ تیئورییە کۆمەڵایەتییەکان،١١. جگەلەوە گەلێک ڕوانگەی کولتووریی دیکەش سەریان هەڵداوە، وەک ئەو ڕوانگانەی کە لە لایەن کەسایەتییە فەرهەنگی و ئەدەبییەکانی وەک سوارەی ئیلخانی زادەوە، نوێنەرایەتی دەکران.

 دەبێ بگوترێ کە لێکۆڵینەوەکانی پەیوەندیدار بە جنسیەت واتە جێندەریش، وەک فاکتۆرێکی کاریگەر لەسەر ئاڵوگۆرە کۆمەڵایەتییەکان، ڕۆڵی خۆیان لە ئاڕاستەکردنی ئەو شیکردنەوە مێژوویییەدا هەیە. ١٢ سەرەنجام، لە هەڵسەنگاندنی پڕۆسەیەکی مێژووییدا، ناکرێ بەتەنیا هەر سەرنج بدەینە هۆکارەکان. ئاخر ئاکامەکانیش هەر بەو ئەندازەیە پێویستە سەرنجیان بدرێتێ. ١٣ لە پەیوەندی دەگەڵ ئێراندا، ئاکامەکانی شۆرش لەسەر وەزعی کوردەکان، بۆ تێگەیشتن لەو پڕۆسە مێژوویییەی کە بوو بەهۆی سەرهەڵدانی شۆڕش، زۆر گرنگ و پڕ بایەخن. هۆیەکانی سەرهەڵدانی شۆرش، لەگەڵ ئاکامەکانی تا ڕادەیەکی زۆر لێک نزیکن. ڕاست لەبەر ئەوەشە کە زۆر جار لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ئاکامەکانی شۆڕش ئەنجام دراوە. هەرچەند، ئەزموونی پێکهاتەی حەشیمەتی غەیرە فارسی ئێران لەو لێکۆلێنەوانەدا، لەبەرچاونەگیراوە. نەک خودی شۆڕش، بەڵکوو هەمیشە ئەوە ئاکامەکانی شۆڕش بوون، کە مێژوونووسەکانیان توشی دڕدۆنگی وسەرلێشێواوی کردوون. سروشت وچۆنیەتیی ئەو ڕێژیمەی کە بەدوای شۆرشدا دێتە سەرکار، تاڕادەیەکی زۆر ئەوەش دیاری دەکات کە شۆڕشەکە چۆن دێتە بەرچاو. جا ئەوە چ شۆڕشی فەرانسە بێ، چ هی ڕووسیە یا شۆڕشی ئێران، هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ. بۆیە گۆشەنیگا یا پێڕسپێکتیڤی کوردی، شوێنەواری خۆی لەسەر پێناسەی شۆڕش دادەنێ و زۆر لایەنی دیکەی ئەو پڕۆسە مێژوویییە دەخاتە بەر ڕووناکایی. لە ڕاستیدا ئەوە ئامانجی سەرەکیی ئەو وتارەیە.

لەو لێکۆڵینەوەیەدا، لە گەلێک گۆڤار و ژۆڕنال، کە ساڵەکانی نێوان ١٩٢٥ تا ١٩٧٨ بڵاو کراونەتەوە، هەروەها لە گەلێک ڕۆژنامەی ئێرانیی سەردەمی شۆڕش و ساڵەکانی دواتر، بە مەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ و هەمەلایەنە، وەک سەرچاوەی وەرگرتنی زانیاریی دروست و پێویست کەڵک وەگیراوە. هەرچەند لێکۆڵینەەوەکە پشت بە زۆر گێڕانەوەی شەفاهی و ئاماری ڕەسمی و غەیرە ڕەسمیش دەبەستێ، بەڵام بۆئەوەی مەیدان بۆ هەڵسەنگاندنی لەحزە و ڕووداوە گرنگەکان ئاواڵابێ ونەکەوێتە داوی تەعەسوب و لایەنگریەوە، خۆی لەباسی وردەکارییەکانی دەورانی شۆڕش و ساڵەکانی پاش شۆرش، بە دوور ڕادەگرێ.

ڕیشە و هۆیەکانی سەرهەڵدانی سۆڕش

هۆیەکانی شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ی ئێران، بەدرێژی لەئەدەبیاتی ئەکادمیکدا خراونەتە بەرباس. لەو لێکۆڵینەوانەدا لە ڕیگای جۆراوجۆرەوە هۆکارە بنەڕەتی و فەوری و مام ناوەندییەکانی شۆرش شی کراونەتەوە. ١٤ گرنگترینی ئەو بابەتانەی لەو پەیوەندییەدا خراونەتە بەرباس بریتین لە تاقیکردنەوەی یەک لایەنە و ناتەواوی مۆدێڕنیتە، شکستی ئیدەئاڵەکانی شۆڕشی مەشروتەی ساڵی ١٩٠٦، دەست تێوەردانی هێزە دەرەکییەکان لە کاروباری نێوخۆی ئێران، ئیستعمار و داگیرکردن و بەتاڵان بردنی سەرچاوە سروشتییەکانی وڵات لەلایەن بێگانەکانەوە، ئیستبداد و سەرەڕۆییی دەوڵەتی مۆدێڕن، کۆدیتای ڕێکخراوی سیا بە دژی دوکتۆر موسەدیق لە ساڵی ١٩٥٣دا کە بە شێوەیەکی دێموکڕاتیک وەک سەرۆکوەزیر هەڵبژیردرابوو، هەروەها بردنە پێشی خێرای مۆدێڕنیزە کردن و بە غەربی کردنی ئێران لە دەورانی شۆڕشی سپی، لە نێوان ساڵەکانی هەردوو دەیەی ١٩٦٠ و ١٩٧٠ی زایینیدا. لەبەر ئەو هۆیانە ڕێژیمی پاشایەتی کە بەڕۆژئاوایی کردنی ئێرانی لەبەرنامە دابوو، مەشروعییەتی لە دەست دا. ئەمەش مەیدانی بۆ هاتنە کایەی ململانێی ساسی خۆش کرد کە سەرەنجام بوو بە هۆی سەرکەوتنی ئیسلامی سیاسی. لە ڕاستیدا هۆکارە بنەڕەتییەکانی شۆڕش دەگەڕێنەوە بۆ ئەو باروودۆخەی کە ئێران لە ساڵەکانی پێش شۆڕشدا بە نێویدا تێدەپەڕی. شتێکی دوور لە ڕاستیمان نەگوتوە ئەگەر بڵێین ئێران هەر ئەودەم لەباری ئابووری و کۆمەڵایەتی وفەرهەنگییەوە، شۆڕشی تێدا پێکهاتبوو. بە قەرزوەرگرتن لە ڕ. کۆسێلیک، دەکرێ بڵێین ئێستا پێویستی بە شۆڕشێکی سیاسی هەبوو کە ئامانجەکەی بریتی بوو لە ڕزگاریی کۆمەڵایەتی. ١٥ لەڕاستیدا شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران هەروەک ئێرواند ئابڕاهامیان دەڵێ، ئاکامی پەرەسەندنێکی ناهاوسەنگ و مۆدێلێک لە پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و نوێسازی بوو، کە لە سەرەوەڕا بۆ خوارێ داسەپێنرابوو. هەربۆیە، لە قۆناخی شۆڕشی سپیدا، دەبینین کە هەندێک هێز و لایەنی سیاسیی نوێ، لەوانە ئۆپۆزسێۆنی ئیسلامی، پێ دەنێنە مەیدانی تێکۆشانی سیاسی کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئێراندا، ڕووخانی نیزامی پاشایەتی و دامەزراندنی حکوومەتێكی ئیسلامی، وەک ئامانجی سیاسیی خۆیان دیاری دەکەن. ١٦

لە ڕاستیدا، شۆڕشی سیاسیی ساڵی ١٩٧٩ی ئێران، وەک دیاردەیەکی فرە ڕووخسار، کە ئیسلامی سیاسی دەستی باڵای تێدا هەبوو، هاتە کایەوە. هەر ئەوەش سروشت و چۆنیەتیی دەوڵەت و ئەو حکوومەتەی دیاری کرد، کە پاش سەرکەوتنی شۆڕش دامەزرا. یانی ئیستبداد و سەرەڕۆییی دینی. سەرکەوتنی فراکسیۆنی ئیسلامی، نە ڕووداوێكی مێژوویی و نە ئاکامی سیاسەتی زلهێزەکان بوو کە گوایە یەک شەوە کەسێكی نەناسراویان، بە ناو و ناوبانگ گەیاند. ئاخر خومەینی لە ئێرانی پێش شۆڕشدا، لانیکەم بە بەراورد لەگەڵ لینین لە ڕووسیەی پێش شۆڕشی ئۆکتۆبەردا، باشتر ناسرابوو. ١٧ بە گوێرەی بیرەوەرییەکانی سەفیرەکانیان و هەروەها گەلێک بەڵگەنامەی دیکە، ئەمریکا، بریتانیا و ڕووسیە، پێشبینیی هیچ جۆرە ئاڵوگۆڕیکی سیاسیی گەورەیان لە ئێراندا نەکردووە. ئەوە لە حاڵێکدا بووە کە نیشانەکان ئەوەیان دەرخستوە کە ئاڵوگۆڕ بەرێوەیە. کەچی ئەوان شتێکی ئاوایان بە خەیاڵدا نەهاتووە. ١٨بەوحاڵەش ناتوانین بڵێین کە شۆڕش تەنیا ئاکامی ڕاستەخۆ و بێ ئەملاولای مۆدێڕنیزاسێۆن واتە نوێسازی بوو. بێ گومان گەلێک ئیحتیمالات و فاکتۆرو ڕووداوی دەرەکیی دیکەش هەن کە لە گۆڕانکارییە مێژوویییەکاندا، ڕۆڵ و کاریگەریی خۆیانیان هەیە. بۆیە لە پەیوەندی دەگەڵ ئەو کەیسەدا، بە قەرزوەرگرتن لە گرامشی، “دەورەی فەرهەنگی پێشوو”، کە بوو بەهۆی ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی مەزهەبی، هێژمۆنی سیاسی و فەرهەنگیی خۆی بسەپێنێ، بایەخێکی زۆری هەیە. ١٩

ئاخر ڕێژیمی پاشایەتی واتە حکوومەتی محمەد ڕەزاشا، بە شێوەیەکی زۆر توند و سەرەڕۆیانە، لە ماوەی نێوان ساڵەکانی ١٩٤١ ت ١٩٧٩دا، هێزە چەپ و سێکۆلارەکانی سەرکوت دەکردن. بەچەشنێک کە ئاسەوارێک لەوان نەمابوو. دەبێ بڵێین کە لێرەدا ناروونیەک هەیە کە ئەو لێكۆڵینەوەیە لەبەردایە بیخاتە بەرباس. لەو شی کرنەوە پڕ بایەخانەدا کە سەبارەت بەو پڕۆسە مێژوویییەی کە باسمان کرد ئەنجام دراون، باسێک لە ئەزموونی گەلانی دیکەی ئێران لە شۆڕش و نوێسازیدا نەکراوە. لەوەش زیاتر ئەوان ئەو بۆچوونانەیان بەهێز کردوون کە مەسەلەی میللی و ئیتنیکی لە ئێراندا، پەیوەندییەکی زۆر نزیکی دەگەڵ توندوتیژیدا هەیە. ٢٠ سەبارەت بە وەزعی سیاسیی هەرێمی کوردستان، دوا کتێبی عەبباس مەینەت لە ژێر ناونیشانی ئێران: مێژووی هاوچەرخ، بە هێنانە بەرباسی ڕووداوکان لە کوردستانی دەورەی شۆڕشدا، لێکۆڵینەوەیەکی جیاواز بەدەستەوە دەدا. ٢١ بەو حاڵەش سەرەڕای ئەو لێکدانەوە بەکەڵکەی کە کتیبەکە دەیخاتە بەردەست، کوردستان لە سەردەمی شۆڕشدا جێگای شایستەی خۆی لەو هەڵسەنگاندنە پڕبایەخەی مێژووی مۆدێڕن و هاوچەرخی ئێراندا، پێ نادرێت. ٢٢ باسەکە چونکە ڕوانگەیەکی فارسی محوەر بەسەریدا زاڵە، زاراوەکانی ئێران و کۆمەڵگای فارس لەجیاتی یەکتر بەکاردێنێ. ئەوە لە کاتیکدایە کە ڕووداوەکان بە شێوەیەکی ئاسایی و بە دوای یەکدا دووپات دەکاتەوە. بە ڕوونی دەردەکەوێ، کە بەهۆی ئەو ڕەوشە میتۆدۆلۆژییەی کە زاڵە، گەلێک سەرچاوەی سەرەتایی سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی کوردستان، کە هەمووشیان بە فارسی لەبەر دەستدان، وەک پێویست ناکەونە بەر سەرنجی ئەو کەسانەی کە لێکۆڵینەوەی ئەکادمیک دەکەن.

مۆدێڕنیزە بوونی کوردستان

مۆدێڕنیتە لە ئیراندا لە شێوەی پڕۆسەیەکی دوولایەنەی مۆدێڕنیزەکردن و هاوچەشنسازیدا چۆتە پێش. هەر لەسەرەتای چەرخی بیستەمەوە تا ئەمڕۆ، کارکرد و دیالێکتیکی نێوان ئەو دوولایەنەی پڕۆسەکە، شکڵیان بە ئێرانی نوێ وهاوچەرخ داوە. ٢٣ لەهەمان کاتدا، ئەو پاکێجە ئیدئۆلۆژیکییەی مۆدێڕنیتە لەگەڵ هەڵاواردنێکی سەرکوتکەرانەی کوردەکان (کە خاوەنی زمان، خاک و نیاکانی هاوبەشن)، لە پڕۆسەی بردنەپێشی میللەتسازیدا، ئاوێتە کراوە. ئەوەش بۆتە هۆی سەرهەڵدانی کوردایەتی. بزووتنەوەیەک کە بۆ وەدستهێنانی مافە فەرهەنگی و سیاسییەکانی کوردەکان خەبات دەکا. ٢٤ ئەو پڕۆسەیە لەسەر بناخەی سەرلەنۆێ خۆسازکردنەوەی میللی وگەڕانەوە بۆ میژوودامەزراوە و بۆ نموونە لە شیعر ومێژوونوسیدا، ڕەنگی داوەتەوە. ٢٥

پڕۆژەی نوێسازی، ئاوێتەبوونی کۆمەڵگای کوردی لە ئێرانی نوێدا خێراترکرد. کەچی سیاسەتی هاوچەشنسازی، مەوقعییەت و شوێنی ئەوی، وەک وردە فەرهەنگ دیاری کرد. ئەو پڕۆسێسانە، بە ئاشکرا لەو گۆڕانکارییانەدا کە بە درێژاییی چەرخی بیستەم، بەسەر نەزم و سیستەمی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای کوردستاندا هاتوون، وەبەرچاودەکەن. لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، دێ نشینی و ئابووریی دێ نشینی، تایبەتمەندیی هەرە ئاشکرای هەرێمی کوردستان بوون. ٢٦ ئەو سیستەمە لەسەر بناخەی موناسەباتێکی سەرکوتکەرانە و زاڵمانەی ئابووری بنیات نرابوو، کە لەوێدا لەلایەک، چینی ئاغا وخاوەن مڵک، لەگەڵ سەرۆک عەشیرەتەکان، دەسەڵاتی ئابووری و سیاسییان بە دەستەوە بوو و ژیانێکی ئەعیانییان بەسەردەبرد، لە لایەکی دیکەشەوە، وەرزێران و باقی چین و توێژە زەحمەتکێشەکان، دەچەوسانەوە. ٢٧ هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا هەر ئەو پەیوەندییە ئابووری/کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییانە، شکڵی سیستەمی جنسیەتیی نێو کۆمەڵگاشیان، کە لەوێدا ژنان لە ژێر دەسەڵات و ڕکێفی پیاواندا بوون، دەستنیشان دەکرد.

سەرەڕای هەموو ئەوانەش، لە ماوەیەکی نە زۆر درێژخایەندا، مۆدێڕنیزاسیۆن واتە نوێسازی بە شێوەیەکی بنەڕەتی و ڕادیکاڵ، شوێنەواری خۆی لەسەر ئەو بارودۆخە دانا. بۆنموونە ڕەوتی شارنشینی، بەخێرایی پەرەی ئەستاند، دامودەزگا مۆدێڕنەکان دامەزران، ئاڵوگۆڕ بەسەر پەیوەندیە ئابوورییەکاندا هات، گۆڕانکاری لە سترەکتۆری پەیوەندییە چینایەتی و جنسیەتییەکاندا ڕوویدا. ڕوویەکی دیکەی ئەو پڕۆسە دوولایەنەی مۆدێڕنیتە لە ئێراندا، بریتی بوو لەو گۆڕانکارییە فکری و ڕووناکبیرییەی کە بوو بە هۆی ئەوەی ڕەوتی ڕۆشەنبیریی کوردی شكڵ بگرێ. لەو بوارەدا بە شێوەیەکی هەموو لایەنە، ئەو باس و بابەتانە شی دەکرێنەوە. نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێ کە ئەو گۆڕانکارییانە لە سەردەمێکدا هاتوونە پێش، کە گەلێک ئاڵوگۆڕی سیاسی و هەردوو شەڕەکانی یەکەم و دووهەمی جیهانی، بەو هەموو ئاوارەیی و کارەسات و سەختی و مەینەتبەشییانەوە کە لەگەڵ خۆیانیاندا هینابوون، ڕوویان داوە. ٢٨

شۆڕشی مەشروتە کوردەکانی دەگەڵ ئیدە و بیرۆکەکانی وەک قانوون، مەجلیس و مەسەلەی نوێنەرایەتیی سیاسی ئاشنا و دەرگیر کرد. ٢٩ ئەوەش گەلێک کەسی تەشویق کرد تا بۆ بڵاوکردنەوەی خوێندن وفێربوونی مۆدێڕن و دامەزراندنی ڕێکخراوی فەرهەنگی و سیاسی هەنگاو باوێن. ٣٠ ئەنتڕۆپۆلۆژی و “خەڵک ناسی”ی مێژوونوسیی کوردەکان لەو دەورەیەدا ناتەواوە. ئەوان هاتوون بە زیان و لەسەر حیسابی مێژووی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای کورد، لایەنگری و تەعەسوبیان بەرانبەر بە مێژووی خێڵ و عەشیرەت لەخۆیان نیشان داوە. ٣١ دەکرێ تا ڕادەیەک لەوە تێبگەین. چونکە ئەودەم زۆربەی خەڵک لەژێر دەسەڵاتی خێڵ و عەشیرەتەکاندا، کە خاوەنی قەڵەمڕەی تایبەتی، هێزی نیزامی و سەرچاوە ئابوورییەکان بوون، دەژیان. ٣٢ بەو حاڵەش سەرتاسەری کۆمەڵگای کوردی، بە کۆچەری و نیشتەجێوە، بە گوندنشین و شارنشینەوە، بە ڕێگای جۆراو جۆردا، سەرلەنوێ فۆڕم و شکڵی تازەیان بەخۆیان دا. بەجۆرێک کە کۆمەڵگای غەیرە عەشیرەتی و ناخێڵەکی، بەخێرایی پەرەی ئەستاند. لەلایەکی دیکەشەوە لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەییشدا گەلێک ڕووداوی گەورە ڕوویاندا. وەک لەبەریەک هەڵوەشانی ئیمپراتۆرییەکان و دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوە جیاجیاکان لەسەر بناخەی ئیتنیستیت لەڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، شۆڕشی ئۆکتۆبەر، گەلێک ڕاپەڕین و شۆڕشی دیکەی ناوچەیی وزۆر گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی دیکە. هەموو ئەوانە دەرفەتیان بۆ هاتنە کایەی فۆڕم و شێوەی نوێی تێکۆشان و چالاکیی فکری و سیاسی و ڕووناکبیری پێکهێنا. ئەوە بە شێوەیەکی بەرین، لە ڕۆژنامە و گۆڤار و چاپەمەنی و شیعر و ئەدەبیات و مێژوونوسیی کوردەکان، لەو دەوڵەتانەدا کە ئەوان لە نێوانیاندا دابەش کراون، ڕەنگی داوەتەوە.

شەڕی دووهەمی جیهانی لە ساڵی ١٩٣٩دا دەرفەتێكی لەباری بۆ فەرهەنگی کوردی ڕەخساند تا دووبارە زیندوو بێتەوە. گەلێک ڕێکخراوی سیاسی سەرلەنوێ تێکۆشانی خۆیان دەست پێ کردەوە. شایانی باسە کە لە سەردەمی حکوومەتی ڕەزاشادا، لە نێوان ساڵەکانی ١٩٢٥ تا ١٩٤١دا، هەرچەشنە چالاکییەکی سیاسی و فەرهەنگیی کوردی قەدەغە بوو و بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرا. ٣٣ ئەم چالاکییە سیاسی و فەرهەنگییە، بە باشترین شێوە، لە دامەزران و تێکۆشانی کۆمەڵەی ژ- ک واتە ڕێکخراوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورددا خۆی نیشان دا. کۆمەڵەی ژ. ک لە ماوەی نێوان ساڵەکانی ١٩٤٠ تا ١٩٤٦دا چالاکی و تێکۆشانی سیاسیی هەبوو. لەو ماوەیەدا کۆمەڵەی ژ. ک گۆڤاری نیشتیمانی وەک زمانحاڵی خۆی چاپ و بڵاو دەکردەوە. بە دامەزرانی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦دا، ئەو کرانەوە سیاسی و فەرهەنگییەی کە لەسەرێ باسمان کرد، گەیشتە پلەی هەرەبەرزی خۆی. پێکهاتنی ئەو وەزعە پێش هەر شتێکی دیکە، بەهۆی لاوازبوونی دەسەڵاتی دەوڵەتی مەرکەزییەوە هاتبووە گۆڕێ. حزوور و نفوزی سیاسیی دەوڵەتی ڕووسیە وداگیرکردنی بەشێک لە خاكی ئێران لە لایەن ئەو وڵاتەوە، شوێنەواری خۆی لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان دانا و لاوازبوونی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندیی خێراتر کرد. ئەگەر لە ڕوانگەیەکی مێژوویییەوە تەماشا بکەین بۆمان دەردەکەوێ کە لاوازبوونی دەسەڵاتی مەرکەزی، هەمیشە بۆتە هۆی خوڵقاندنی فەزا و دەرفەتی لەبار بۆ سەرهەڵدانی بزووتنەوە ئۆتۆنۆمیخوازەکان. نەسلە خوێندەوار و شارنشینەکان، ڕۆڵێکی بەرچاویان لە بەرێوەبردنی کاروباری کۆماری کوردستاندا هەبوو. ئەو هێزە کۆمەڵایەتییە نوێیە، بە بڕبڕەی پشتی کۆمەڵەی ژ. ک لەقەڵەم دەدرا. دەبێ بگوترێ کە هەر لەو ساڵەدا کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد، بە شێوەیەکی غەیرە ڕەسمی گۆڕا و بوو بە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان. هەرچەند عەشیرەتە بە هێزەکان لە ڕێبەرایەتی و هێزی چەکداری کۆماردا، نەخشێکی بەرچاویان هەبوو و هەرئەوەش وەک یەکێک لە هۆکارە گرینگەکانی تێکچوونی کۆمار بەحیساب دێ، چ وەک بێرۆکە و چ وەک پلاتفۆرمی سیاسی، کۆماری کوردستان ناکرێ بە تەنیا وەک بەرهەمی سیاسەتێکی خێڵەکی و عەشیرەتی دابنرێ. ئاخر قازی محەممەد، ئەندامی پێشوی کۆمەڵەی ژ. ک بەهۆی ئەوەی کە پیاوێکی خوێندەوار و خاوەن پێگەیەکی بەرز و قازیی شاری مهاباد بوو، هەروەها سەر بە بنەماڵەیەکی گەورە و شارنشین بوو، وەک سەرکۆمار دیاری کرا.

تێکچوونی کۆمار، لە مێژووی هاوچەرخی کورددا بە کارەسات و لەحزەیەکی چارەنوسساز دادەنرێ. بەڵام دەبێ بگوترێ کە نەوەکانی دواتر، سەرەڕای هەموو ئەو کەندوکۆسپ و هەوراز و هەڵدێرانەی سەر ڕێیان، بێ وچان ئامانج و ئیدەئاڵەکانی کۆماری کوردستانیان، بەرەوپێش بردوون. ٣٤ لەوماوەیەدا دەوڵەتی ناوەندییش، پاش تێپەرێن بە قەیرانی دێموکراسیدا، خۆی سەرلەنوێ ڕێکخستەوە. بەجۆریک کە پاش کودیتای ١٩٥٣، ئیستبداد وسەرەڕۆییی پاشایەتی بە شێوەیەکی زۆر توند، دامەزرایەوە. ٣٥ هەروەها دەبێ ئەوەش بڵێین کە بەرنامەکانی ڕێفۆرمی ئەرزی و شۆڕشی سپی، کە لە نێوان ساڵەکانی ١٩٦٣ تا ١٩٧٨دا بەرێوەچوون، نفوز و دەسەڵاتی سیاسیی خێڵ و عەشیرەتەکانیان کەم کردەوە و لە گوندەکانیشدا، دەسەڵاتی دەوڵەت جێگای دەسەڵاتی ئابووری و کۆمەڵایەتیی چینی خاوەن مڵکەکانی گرتەوە. دەوڵەت قەت ئەوەی نەدەشاردەوە کە ڕێفۆڕمی ئەرزی، لە ڕاستیدا دەرفەتێکی لەباری بۆ خاوەن مڵکەکانی پێشوو خولقاندووە کە بتوانن لە بوارەکانی بازرگانی و پیشەسازی و سەنعەتیدا سەرمایەگۆزاری بکەن و لەو ڕێگایەوە یارمەتی بە بە هێزبوونی ڕەوتی گەشەسەندنی پێشەسازی و بەسەنعەتی بوونی وڵات بکەن. ٣٦ هەرچەند گەشەسەندنی ئابووری، لە سەردەمی محمەدڕەزاشادا، نەبوو بەهۆی پێکهاتنی ئاڵوگۆڕێکی قووڵ و بەرچاو لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵام بناخەکانی  دامەزراوە مۆدێڕنەکانی وەک خزمەتگۆزارییەکانی پەروەردەو فێرکردن وتەندروستی و لەشساخیی لەو ناوچەیەدا بنیات نا.

لە دەیەکانی دواتردا گەلێک ئاڵوگۆڕێ بەرچاو هاتنە کایەوە. بەتایبەتی لە دوو دەیەی دواییی دەستەلاتداریەتیی پاشایەتیدا، کۆمەڵگای کوردی گۆڕانکاریی قووڵی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بە خۆوە دیتن. شارنشینی بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەند و شارەکانیش بەرەو گەشەی زۆرتر چوون. لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا، سەردەمی شۆڕشی سپی بەوە دەناسرێتەوە کە لەو دەوەرەیەدا، ڕەوتی مۆدێڕنیزاسێۆن خێراتر دەبێ. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوە کە تا کۆتایییەکانی ساڵەکانی دەیەی ١٩٧٠، گۆڕانکاریی قووڵی  ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگی بەسەر سترەکتور و ساختاری کۆمەڵگای ئێراندا بێ. ٣٧ لەسەر بناخەی ئەو هەوڵانەی کە پێشتر بۆ مۆدێڕنیزە کردن و نوێکردنەوەی ئیران درابوون، لە ساڵی ١٩٥٣ بەدواوە، گەلێک پڕۆژەی ئابووری و زانستی و پێشکەوتوو، کە ڕێکخراوە نوێیەکانی وەک سازمانی بەرنامە و بودجە سەرپەرشتییان دەکردن، جێبەجێ کران. بەو حاڵەش لە پەیوەندیی دەگەڵ ناوچەی کوردستاندا، ئەو دەورەیە بە وەختی کۆتایی هاتنی بەرنامە ئابوورییە ئازاد ودیسانتڕالیزکراوەکان و بە سەردەمی هەوڵدان بۆ وڵام دانەوە بە دواکەوتنی ئابووریی و ناپەرەسەندووییی ناوچەی کوردستان دادەنرێ. تەنانەت ئێستاش مەسەلەی پەرەسەندن، بە یەکێک لەو باس و بابەتە گەرم و ئەکتوێڵانە دەزانرێ کە لە ناوەندە زانستی و ئەکادیمییەکانی کوردستانی ئێراندا لە گۆڕیدان. ڕێکخراوی بەرنامە و بودجە، کە ئەبولحەسەنی ئیبتیهاج سەرپەرشتیی دەکرد، هەمیشە ئەو پێشنیار و ئیبتکارانەی ڕەد دەکردنەوە کە لە لایەن ئۆستانە جیاجیاکانی وڵاتەوە پێی دەگەیشتن. لە ڕاستیدا ئەو ڕێکخراوە سەمبولی سانتڕالیزمی ئیداری و دەسەڵات و ئۆتۆریتەی دەوڵەتی مەرکەزی بوو. هەر بۆیەش لە هەوڵی بردنەپێش و بەئاکام گەیاندنی ئەو بەرنامە ئابووریانەدا بوو کە لە دەورانی شۆڕشی سپیدا دەست بە جێبەجێ کردنیان کرابوو. ٣٨ لە ڕاستیدا جێبەجێ بوونی بەرنامەی دووهەمی پەرەسەندن کە لە ماوەی نێوان ساڵەکانی ١٩٥٦ تا١٩٦٢دا جێبەجێ کرا، بە سەرکەوتنی سانتڕالیزاسێۆن بەسەر ئەو بەرنامە ئابووری و کۆمەڵایەتییانەدا بە حیساب دێت کە دەبوایە بە شێوەیەکی ناموتەمەرکز و دیسانتڕالیزە پیادە کرابان. مەیل بە سانتڕالیزەکردن، دەورانی ئیبتیهاجی درێژ کردەوە. ئەمەش بوو بەهۆی ئەوە کە ناوبراو بەرنامە ئابووری و ڕوانگە و ستڕاتیژییە جۆراوجۆرەکان، بۆخزمەت کردن بە دەوڵەتێکی ناوەندگەرای تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر مۆدێلی فەرانسەوی، بەرێتە پێشێ. ٣٩ ئەوەی بە شێوەیەکی سەرەکی لەو بارودۆخەدا قازانجی پێ دەگەیشت محمەد ڕەزا شا بوو. ناوبراو توانی بەقازانجی خۆی لە چوونەسەری مارپێچ ئاسای داهاتی نەوت لە سەرەتای دەیەی ١٩٧٠دا، کەڵک وەرگرێ. بەڕێوە بردنی جەژنی ٢٥٠٠ ساڵەی شاهەنشاهی لە لایەن ناوبراوەوە لە ساڵی ١٩٧١دا، نیشانەیەکی زەقی ئەو ئەبلەخەرجی و بەفیڕۆدانە پڕ لە زەرق و بەرقە بێ سنوورە بوو کە ئەو گوزەرانی تێدا دەکرد.

محمەد ڕەزا شا، کە گەڵاڵەی بنیاتنانی شارستانیەتێکی گەورەی بەدەستەوە بوو، خەونی بەوەوە دەدی کە ئێران بکاتە یەکێک لە پێشکەوتووترین و دەوڵەمەندترین کۆمەڵگاکانی دونیا. بەو پێیە دەتوانین بڵێێن ئەو بەرنامە و ڕێفۆرمە ئابووری و کۆمەڵایەتییانەی، کە لە ناوچە دوور دەست و حاشیەیییەکاندا، بەڕێوە دەچوون، ڕەنگدانەوەیەک لەو ڕەوتە سەرەکییە بوون کە لە ئاستی ئێراندا لەگۆڕێدا بوو. ڕەوتێک کە ئەو ناوچە دوورەپەرێزانەی کردبووە کلکە و پایانەی پڕۆژەی پەرەسەندنی ئابووریی ناوچە زۆرتر مەرکەزییەکان. چینی مڵکداری کورد، نەیتوانی چاوەڕوانییەکانی دەوڵەت وەدی بێنێ و خۆی هەڵکێشێتە ئاستی بۆرژوازیی سەنعەتی و بازرگانی. بەو جۆرە لە حاڵەتی خەوێکی قووڵدا مایەوە تا جارێکی تر لە ساڵێ ١٩٧٩دا، دیسان وەخەبەر هاتەوە. لە ڕاستیدا ڕادەی پەرەسەندنی سەنعەتی و پێشەسازی لە ناوچەی کوردستاندا، لە دروست بوونی چەند کارخانەی تەنباکۆ وهەندێک ئاشی مۆدێڕن بەولاوە تێنەپەڕی. ٤١ شایانی باسە کە پووڵ و تێکنۆلۆژیی پێویست بۆ بردنەپێشی پەرەسەندنێکی هاوئاهەنگ و هەموولایەنە لە ئوستان و ویلایەتە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا، لەبەردەستدا بوو. بەڵام تا دەهات تەکیەی زۆرتر دەخرایە سەر ئەو سانتڕالیزاسیۆن و تەمەرکوزگەرایییەی کە لە بەرنامە ئابوورییەکانی حکوومەتدا، وەک پلانی ڕەسمیی دەوڵەت، گەڵاڵە کرابوون. لە لایەکی دیکەشەوە، تێبینییە سیاسییەکان، ڕەفتارە میللیتاریستی و نیزامییەکانی دەوڵەت و نیشان نەدانی هیچ چەشنە تۆڵێرانس (تەحەممول)ێک بەرانبەر بە پرسە ئیتنیکی و قەومییەکان، بە نۆرەی خۆیان کاریگەرییان لەسەر گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان هەبوو. ئەگەر پەرەسەندنی شارنشینی و ئاڵوگۆڕە دێمۆگرافییەکان، هۆکاری دابەشکردنی تەقسیماتی ئیداریی حکوومەتی ئێران بوون، لە ناوچەی کوردستاندا، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئێران، بەرەدەوام تێبینی و هۆکارە سیاسییەکانیش بۆ دابەشکرنێکی لەوچەشنە وەبەرچاو دەگیران. هەموو ئەو فاکتۆرە جۆراوجۆرانە، زەمینەیان بۆ ڕێژیمی دواتر خۆش کرد. بەو مانەیە کە پاش شۆڕش، ئوستانی کوردستان، هەرگیز نوێنەرایەتیی سنوورە جوگرافی و فەرهەنگییەکانی کوردستانی نەدەکرد، هەر لەبەر ئەوەش پێناسەی دیکە پێویست بوون. بەو حاڵەش کاریگەری و شووێنەوارەکانی سەردەمی شۆڕشی سپی لەسەر کۆمەڵگای کوردستان، شۆڕشگێرانە و قووڵ و بەرچاون. دەتوانین لە زۆر بارەوە بەڵگە بێنینەوە کە ئەو وەزعەی کۆمەڵگای کوردستانی لە کۆتایییەکانی دەیەی ١٩٧٠دا تێدابوو، ئاکامی شۆڕشی سپی بوو. شارنشینی، کۆچی خەڵک لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان، گەشەسەندنی ئابووری، دامەزرانی بنکەو بنیاتە مۆدێڕنەکان و بەرێوەچوونی ژمارەیەکی زۆر لەو پڕۆژانەی کە وەک پڕۆژەی بنەڕەتی و ژێرخان دادەنرێن، لەباری ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە، ناوچەی کوردستانیان تا ڕادەیەکی زۆر کردبووە کۆمەڵگایەکی شارستانی و پێکەوە گرێدراوتر.

لەباری کۆمەڵایەتیەوە، لەو دەورەیەدا، لە ئاکامی خوێندن وفێربوونی مۆدێڕن و گۆڕانکارییە فەرهەنگییەکاندا، نەوەیەکی تازە پێی نایە مەیدانی ژیان. زانستگاکان وەک ناوەندی نوێی ڕۆشنبیری، بوون بە مەکۆی باس و لێکدانەوەی تیئورییەکانی شۆڕش و شوێنی شكڵگرتنی هەستە و شانەی حیزبە کوردییەکان. ڕوونە کە دەرکەوتنی ژنان وەک هێزێکی کۆمەڵایەتیی ڕوو لە گەشە، خوێندەوار و رێکخراو، ڕاستییەک کە لە بەشداریی ژنان لە شۆڕشدا خۆی نیشاندا، تەنها بەو هۆیەوە ئیمکانی بۆ ڕەخسابوو. ئەوەش بوو بە هۆی ئەوەی ئاڵوگۆڕی قووڵ لە پێوەندییەکانی نیوان ژن و پیا و و ئەو سیستەمە جنسیەتییەدا کە لە گۆڕێدا بوو پێک بێ و مۆدێڕنیزەی بکات. لە ماوەی نێوان ساڵەکانی ١٩٤١ تا ١٩٤٦دا، لە سەرتاسەری ئوستانی کوردستاندا، تەنیا پەنجا ناوەندی مۆدێڕنی خوێندن و فێربوون هەبوون کە چواردە دانەیان لە شاری سنە، واتە ناوەندی ئۆستانی کوردستاندا بوون. کەچی لە ساڵی ١٩٧٤دا، بە تەنیا هەر لە شاری سنەدا، شەست و دوو ناوەندی خوێندن و فێربوون هەبوون کە بیست وحەوت دانە لەوان لە لایەن ژنانەوە سەرپەرشتی دەکران. لە ساڵی ١٩٧١ هەشتاو دوو مامۆستای ژن لە قوتابخانە سەرەتایییەکانی شاری سنەدا، دەرسیان گوتووەتەوە. ٤٢ شارەکانی دیکەی کوردستانیش، بە هەمان پڕۆسەدا تێپەڕین. ئەوەش دەرفەتی کارکرنی بۆ ژنان لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن، لەشساخی و خزمەتگۆزارییەکانی دیکەدا خوڵقاند. ژنانی سەر بە چین و توێژە دەستکورت و کەمتر موڕەففەهەکانیش، هەلی ئەوەیان بۆ هەڵکەوت کە لە بازاڕدا کار بکەن. لەوەش زیاتر بەهۆی دەستڕاگەیشتنی ژنان بە ئیمکاناتی پزیشکی و دەوا و دەرمانی پێویست بۆ پێشگیری، کە لە لایەن حکوومەتەوە بە شێوەی یارانە دابەش دەکرا، بە گشتی هەلومەرجی ژیانی ژنانی شارنشین تاڕادەیەکی زۆر بەرەو باشی ڕۆیشت.

خوێندن و فێربوونی نوێ و خزمەتگوزارییە لەشساخی و دەرمانییەکان، گەیشتنە گوندەکانیش. بەو حاڵەش، لەبەر ئەوەی شۆڕشی سپی نەیتوانیبوو بەرنامە و ئامانجەکانی خۆی لە دێیەکاندا وەک پێویست پیادە بکا، نەشیتوانی ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئەو ناوچانە، کە هێشتاش هەر لە هەلومەجی کۆتایییەکانی دەیەی ١٩٧٠دا دەژیان، باشتربکات.٤٣ هەر لەو بارودۆخەدا، گەلیک کەس و لایەن و ئەجێنتی دیکەی غەیرە دەوڵەتییش، لە نێو نەوەی تازە خویندەواردا، کە لایەنگری ئاڵوگۆڕ بوون، لە بڵاوکردنەوەی دامەزراوە مۆدێڕنەکان و پێکهێنانی ئاڵوگۆڕەکاندا، بەشدارییان کردووە. پڕۆگرامەکانی لەنێوبردنی نەخوێندەواری و بڵاوکردنەوەی تەندروستی و لەشساخی، کە لە ئەسڵە ڕاگەیەنراوەکانی شۆڕشی شپی بوون، بۆ چوونەپێشی خۆیان، پشتیان بە شوور و شەوق وعەزمی نەوەی نوێ، کە خاوەنی بیروباوەڕی پێشکەوتنخوازانە بوون، بەستبوو. بردنە پێشی پێگەی کۆمەڵایەتیی ژنان، مانای ئەوە بوو کە دەبێ گەلێک کەندوکۆسپی گەورە تەخت بکرێن. بۆیە تەنانەت لە کاتێکدا کە ڕەفتارەکانی دەوڵەت بە ڕەسمی لە خزمەت قازانج و بەرژەوەندییەکانی ژناندا بوون، کارێکی لەو چەشنە پێویستی بە هەوڵ وتێکۆشانێکی زۆر، لە لایەن خودی ژنانیشەوە هەبوو. ٤٤ عەزیز عەبدولمەلیک مەعریفەت موعتەمدی، کە مامۆستایەکی کوردی خەڵکی سنە بوو، بەهۆی دەرس گوتنەوە و دروستکردنی مەدرەسە بۆکچان، وەک زۆر کەسی دیکەی پێشڕەو، لە هاوچەرخەکانی خۆی لە ئێراندا، شانازییەکی گەورەی بە نسیبی خۆی کرد.٤٥

ئەو هەر لەو کاتەدا کە ناچاربوو چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگای پیاوسالار لەبەرچاو بگرێ، دەبوایە هەوڵ و کۆششەکانی خۆشی بۆ لاوازکردنی پەیوەندییەکانی زاڵ بەسەر موناسەباتی مەوجودی نێوان ژنان و پیاواندا بەرێتە پێش. لەخۆڕا نەبوو کە یەکێک لە قوتابخانە تازە دروستکراوەکانی ناو نا نامووس. هەوڵ و تێکۆشانی لەو چەشنە، لە لایەن تاکەکانەوە، بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی ژنان، بایەخێکی زۆر و گرنگیان هەبوو. ڕاستییەکەی ئەوەیەکە پڕۆگرام و یاساکانی بنەماڵە، پەروەردە و فێرکرن و لەشساخی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی دیکە، کە شانازیی پێوە دەکردن، ئاکامی دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشانی ژنان و ئەو بزووتنەوە جۆراوجۆرانەی دیکە بوون کە بۆ بڕەوپێدانی خوێندن و خزمەتگوزارییە تەندروستی و لەشساخییەکان لە ئارادابوون. ٤٦

 هەروەها نوێسازی (مۆدێڕنیزاسێۆن)، بە شێوەیەکی بەرچاو شوێنەواری لەسەر پەیوەندییە چینایەتییەکانی کۆمەڵگای کوردستانیش دانا. ئەو ساختارە ئابووری-کۆمەڵایەتییەی کە لەسەر ئەساسی موناسەباتێکی سەرکوتکەرانە و زاڵمانە لە نێوان چینە خاوەن مڵکەکان و جوتیاران و وەرزێراندا لە گۆڕێدا بوو، لەبەرانبەر پەیوەندییە سەرمایەدارییەکاندا، کەوتە پاشەکشە و داڕمان. سامی زوبەیدە، بە هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانەی نەخشی چینە کۆمەڵایەتییەکان، وەک ئەکتەری سیاسی لە شۆرشی ئێراندا، شوێن ومەقعیەتی هەموو چینەکان، هەرلە بۆرژوازیی گەورەی خاوەن دەسەڵاتی ئابوورییەوە بگرە تا چین و توێژە هەژارەکان، کە بە پەیوەندییان لەگەڵ چەپ پێناسە دەکرێن، لێکۆڵینەوەیەکی بەرین وپڕبایەخ بەدەستەوە دەدا.٤٦ بەوحآڵەش دواکەوتوویی و پەرەنەستاندووییی کوردستان نەیهێشت کە پەیوەندییە چینایەتییەکان، بەجۆرێک گەشەبکەن کە ببنە هۆی پێگەیشتنی بۆرژوازییەکی بەستراوە یا پێ گرتن و دروست بوونی بۆرژوازیی نیشتیمانی. لە جیاتی ئەوە، بۆرژوازیی بازاڕ و ئەو سەرمایەدارانەی لە بواری بیناسازیدا سەرمایەگوزارییان دەکرد، دەستی باڵایان پەیداکرد. لەگەڵ ئەوەشدا، بە چوونەسەری ڕادەی پسپۆڕان و کارمەندانی بەشەکانی پەروەردە و فێرکردن و تەندروستی و لەشساخی و ئیدارە دەوڵەتییەکانی دیکە، چینی نێوەنجی لە کوردستاندا سەری هەڵدا. ئەوەش لە گەشەسەندنی بەرینی ئەوەی بە شێوەیەکی کلاسیک پێی دەڵێن وردەبۆرژوا و پەیدا بوونی ئینتلیجێنسیا واتە چین یا توێژی ڕۆشنبیر و خوێندەواری کوردستاندا، بە شێوەیەکی گشتی خۆی نیشان دا. ساختاری ژیانی وەرزێرەکان، بەهۆی ڕێفۆڕمی ئەرزی، بێ زەوی بوون و کۆچکردن بۆ شارەکان، گۆڕانی قووڵی بەسەرداهات. بەو جۆرە وەرزێر و جوتیارەکانی پێشوو بوون بە چینێكی کریکار کە تا دەهات پتر گەشەی دەکرد و ژمارەی زۆرتر دەبوو. ئەوانە بریتی بوون، لە کرێکارانی ناوبەناو وەک فڕۆشیارانی نێوبازار، کۆڵبەرەکانی نێو عەمبار و بازارەکان، کرێکارانی بەندەرگاکان، کریکارانی نیمچەشارەزای بەشی خانووبەرە و بیناسازی، کرێکارانی وەرزی، منداڵانی کار، توێژە هەژار و زەحمەتکێشەکانی پەڕاوێزنشینی شارەکان وهەروەها لۆمپێن پڕۆلیتاریا. ئاکامی ئەوەش بوو بە هۆی ئەوە کە جیاوازییەکی گەورە لە بارەی داهات و دەرامەتەوە لە نێوان چین و توێژە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست بێت. بەوجۆرە ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییانە بوون بە هۆ ئەوەی کە پایەکانی کۆمەڵگای کوردستان بکەونە لەرزەوە.

لەباری فەرهەنگییەوە، کۆمەڵگای کوردستان، بە قووڵی کەوتە بەر کاریگەریی ئەو مۆدێڕنیزەبوونە فەرهەنگییەی کە لە ئێران ڕووی دەدا. پەرەگرتنی ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی گشتی وەک ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، دەکەوتە نێو دڵی ئەو گۆڕانکارییانەوە. خوێندن و فێربوونی مۆدێڕن بە خێرایی لە حاڵی گەشەکردندا بوو. بەو حاڵەش نەخوێندەواری و لاوازیی دامەزراوە بنەڕەتییە پێویستەکان، هێشتاش وەک کۆسپی سەررێگای چوونەپێشی خوێندن و پەروەردەی نوێ لەقەڵەم دەدران. لە ساڵی ١٩٦٣دا، لە سەرجەمی حەشیمەتی ٢٠ تا ٢١ ملیۆنیی ئێران، هەشتا لەسەدیان هێشتاش نەخوێندەواربوون.٤٨ هەرچەند بە بەیانی بۆردۆ، مۆدێڕنیزاسێۆن، سەرمایەی فەرهەنگی (کولتوور کەپیتەڵ)، بە شێوەیەکی زۆر ناهاوسەنگ دابەش کردبوو، بەو حاڵەش، پەیوەندییە کولتوری و بیروبۆچوونە کۆمەڵایەتییەکان، لە ژێر کاریگەریی دامەزراوە کولتووری و پەروەردەیییەکاندا، کە هەموویان دەوڵەتی و فارسی میحوەڕ بوون، گۆڕانکارییان بەسەرداهات.٤٩ بە گوێرەی ئامارە ڕەسمییەکامی ڕێکخراوی بەرنامە و بودجە، لەساڵی ١٩٧٣دا لەو ناوچەیە کە لەلایەن دەوڵەتەوە بە ئوستانی کوردستان دەناسرا، هەشت سینەما دامەزراون. هەروەها هەشت کتێبخانەی نوێ هەبوون کە پتر لە ٢٢٠٠٠ نوسخە کتێبیان تێدا بووە. دیارە هەزاران کتێبی دیکەش هەبوون کە بە شێوەی غەیرە قانوونی و ژێر زەمینی کەڵکیان لێ وەردەگیرا. کەچی لەهەمان ساڵدا لەتاران ١٣ کتێبخانەی نوێ هەبوون، کە پتر لە ١٧١٠٠٠ نوسخە کتێبیان تێدا بووە.٥٠ بەتایبەتی بەرهەمهێنانی فیلمی فارسی بەخێرایی گەشەی کرد. بۆ نموونە فیلمی گەنجی قاروون، لە ساڵی ١٩٦٥دا توانی دووملیۆن بینەر بۆ لای خۆی ڕاکێشی و پتر لە حەوت ملیۆن و نیو دۆڵار داهاتی هەبێت. ٥١

لەلایەکی دیکەوە هیچ ڕۆژنامە و گۆڤارێکی کوردی بڵاو نەدەکرایەوە. گۆڕانکارییە ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی کۆمەڵگای کوردستان بە چەشنێکی دیار لە چاپەمەنییەکاندا نەدەکەوتنە بەرچاو. لە ساڵی ١٩٧٢دا، لە ناوەندی ئوستانی کوردستاندا تەنیا یەک ناوەندی تیئاتر و شانۆی هونەری هەبوو کە لەو ساڵەدا ٣٥٠٠٠ کەس سەردانی کردبوو. ئەو ژمارەیە بۆساڵی دوایی تا ئاستی ١٥٠٠٠ کەس هاتبووە خوار. ئەو ڕەوتە لە سەرتاسەری وڵاتدا هەروا بوو. تەشویق و تەئیدی دەوڵەتی بۆ کاروباری هونەری بەگشتی و بەتایبەتی بۆ شانۆی کوردی لەگۆڕێدا نەبوو. لاوان و مێرمنداڵان هان دەدران کە لە بەرهەمەکانی بنکەیەکی تازە دامەزراو بەناوی کانونی پەروەردەکرنی منداڵان و لاوان، کە ئیدە و ڕوانگە حکوومەتییەکانی بڵاو دەکردنەوە، کەڵک وەرگرن. ئەو ڕەفتارە پڕ لە کەمتەرخەمییە، ئەو سیاسەتی پشتگوێ خستنە، سەبارەت بە موزیکی کوردییش هەر بەرێوەدەچوو. بەو حاڵەش موزیک وەک سەنگەری هەرە گەورەی بردنەپێشی کوردایەتی مایەوە. لەوەش زیاتر وەک لایەنی هەرە سەرکەوتووی کولتوری کوردی خۆی نیشان دا کە تەنانەت جێگای خۆی لە نێو کولتوری سەرەکی واتە فارسیشدا کردبووەوە. لە لایەکی دیکەوە، فەرهەنگ و کولتوری کوردی، لە کاروتێکۆشانی خۆیدا، تادەهات پتر لە ڕاگەیەنە گشتییە نوێییەکان کەڵکی وەردەگرت. ئەمە لە ڕادیۆی کوردیی ئێراندا، کە تازە دامەزرابوو، خۆی نیشان دەدا. بەڕیوەبەرانی ئەو ڕادیۆیە چەند سەعاتی دیاریکراوی بەرنامەکانی خۆیانیان بۆ بڕەوپێدانی فەرهەنگ و ناسنامەی کوردی بەکار دەهێنا. لە ساڵی ١٩٦٨ەوە، شاعیری ناسراوی کورد، سوارەی ئێلخانی زادە (١٩٣٧-١٩٧٦)، بەرێوەبەرایەتیی بەشی کوردیی ڕادیۆ تارانی بە ئەستۆوە گرت. ئەو هەر لەو کاتەدا کە نوێنەراتیی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردیی دەکرد، فەرهەنگ و ئەدەبی بەرگری و موخالەفەتیشی لە نێوخۆوە دەبردە پێش. تەنانەت هەندێک جار ناچاردەبوو ئەو سنوورانەش، کە لە لایەن دەوڵەتەوە بۆی دیاری کرابوون، ببەزێنێ. ٥٣ دەبێ بگوترێ کە ئەودەم سەرتاسەری ئێران بەو فەرهەنگ و ئەدەبیاتی بەربەرەکانێیە دەورە درابوو.٥٤

ئەوە لە کاتێکدا بوو کە چالاکی و تێکۆشانی سیاسییش بەردەوام بوو. لەوماوەیەدا ناوچەی کوردستان چەند ڕاپەڕینی بەخۆوە دیتن. پاش شۆڕشی ١٩٥٨ی عێراق، جووڵانەوەی کورد لە عێراق، دەرفەتێکی دیکەی بۆ زیندووبوونەوە و خۆڕێکخستنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە ئیران پێکهێنا. پاش گیران و زیندانی کردنی چالاکانی سیاسی لە ساڵی ١٩٥٠دا، ژمارەیەکی زۆر لە تێکۆشەرانی سیاسیی کوردی ئێرانی، ڕایان کردە کوردستانی عێڕاق. هەروەها بزووتنەوەیەک بە پشتیوانی و ڕێبەرایەتیی ڕێکخراوی خوێندکارانی کورد لەتاران، بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوە و بنیاتنانەوەی حیزبی دێموکڕات، ئەو حیزبەی کە کۆماری کوردستانی دامەزراند بوو، پێکهات. لە ئاخروئۆخری دەیەی ١٩٦٠دا، بزووتنەوەیەک لە کوردستانی عێراقەوە، پەلوپۆی خۆی بۆ کوردستانی ئێران هاویشت. ئامانجی ئەو جووڵانەوەیە بریتی بوو لە زیندووکردنەوەی شانە و ڕێکخراوە حیزبییەکان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و ئاگاهیی سیاسی. ئەندامانی چەکداری ئەو بزووتنەوەیە کە تا ڕادەیەکی زۆر خاوەنی هیچ بەرنامە و پلانێک بۆ خەباتی چەکداری نەبوون، لە لایەن ئەرتەشەوە تاقیب و سەرکوت کران. هەموو ئەو کەسانە کوژران، یان گیران وپاشان لە مەیدانی پادگان و ناوەندە نیزامییەکانی دیکەدا، لەداردران.٥٥ بەمجۆرە دەوڵەت تێدەکۆشا جووڵانەوەی ساڵەکانی ٤٦-٤٧ی هەتاوی، واتە ئەو ڕاپەرینە کە لە ماوەی نێوان ساڵەکانی ١٩٦٧ تا ١٩٦٨ی زاینیدا ڕوویدا، وەک هەوڵێک بۆ خەباتی چەکدارانە بناسێ، لەو ڕێگایەوە پاکانە بۆ ئەو سەرکوت و زەبروزەنگە سیاسی وفەرهەنگییە بکا کە لەبەرانبەر کوردەکاندا بەڕێوەی دەبرد.٥٦ سەرەڕای ئەوەی کە ئەودەم بیرۆکەی خەباتی چەکداری لایەنگرییەکی زۆری لەنێو خەڵکدا لێ دەکرا، مێژووی زارەکی، بیرەوەری و یادداشتە جۆراوجۆرەکان و گەلێک بەڵگەنامەی دیکە، ئەوە نیشان دەدەن کە لە ڕاستیدا هیچ پلانێک بۆ بەڕێوەبردنی خەباتی چەکدارانە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەیەک یا ڕووخاندنی ڕێژیم، لەگۆڕێدا نەبووە. محەممەدی خزری، یەکێک لە تێکۆشەرانی ئەودەم کە گیانی بەدەربردووە، دەگێرێتەوە کە ڕوانگەی ئیدئۆلۆژیکی ئەو بزووتنەوەیە لە ژێر کاریگەریی ئامانج و ئیدئاڵەکانی چەپدا بووە. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لە پاش ڕووخانی کۆمارەوە، بزووتنەوە فەرهەنگی و سیاسییەکان، چ ئاشکرا و چ نهێنی، هەرگیز مەیدانەکەیان چۆڵ نەکردووە. جا ئەو بزووتنەوانە چ لە شکڵی جووڵانەوی جوتیاری یا درێژەی تیكۆشانی سیاسی و فەرهەنگیدا بووبن، هیچ لەمەسەلە ناگۆڕێ.٥٨ بۆ نەوەکانی داهاتوو کە مێژوو دەخوڵقێنن، ئەوە ڕاست ئەو هەلومەرجەیە کە مارکس گوتەنی “وەک میرات لەڕابردوو بەجێماوە”.

لەباری فکریشەوە، لەو بارودۆخە سیاسییەدا، تیئۆرییەکانی جیهانی سێهەم ونفوزی ڕوو لە گەشەی تیئوریی مارکسیزم، دەرفەتیان بۆ لێکدانەوەی گۆڕانکاری و ئاڵوگۆرە کۆمەڵایەتییەکان، لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەی سۆسیالیستییەوە، هێنابووە کایەوە.٥٩ جیاوازییە ئیدئۆلۆژییەکان تا دەهات بەرینتر دەبوونەوە. یەکێكی تر لە تێکۆشەرانی ناوداری کورد، بەناوی ئەحمەد موفتیزادە، بانگەشەی بۆ شێوەیەکی دیکە لە کوردایەتی دەکرد کە زۆرتربە ئاراستەیەکی ئایینیدا دەچووە پێش. لەلایەکی دیکەوە، بە پێچەوانەی ڕێکخراوی چریکە فیدایییەکانی گەلی ئێران، کە خەباتی چەکدارانەی هەم بە تاکتیک و هەم بە ستڕاتیژی دەزانی٦٠، ڕێکخراوێکی دیکەی چەپ بە ڕەخنە گرتن لە خەباتی چەکداری و تێکۆشان بۆ شۆڕشێكی بەرینی کۆمەڵایەتی، دامەزرانی خۆی ڕاگەیاند.٦١ دەتوانین بڵێین کە ئەو مۆدێلە لە کوردایەتی، نوێنەرایەتیی وەتەنییەت یا بوومیگەرایی یانی نەیتیڤیزمی کوردیی دەکرد. هەرچەند ئەو بوومیگەرایییە بە بەراورد دەگەڵ ئەوەی کە لەسەرتاسەری ئێراندا هەبوو، زۆر بەرچاو نەبوو. هەستە سەرەتایییەکانی، ئەو ڕێکخراوە چەپە، کە دواتر بە ناوی ڕێکخراوی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران/کۆمەڵە ناسرا، لەو ژینگە و باروودۆخە کۆمەڵایەتییەدا، سەریان هەڵدا. ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە خۆیان لە حیزبی دێموكراتی ڕێفۆرمخواز، بە دوور ڕادەگرت.

 دیالێكتیکی گۆڕانکارییە فکری و کولتورییەکان، بەرگری و زۆرلێکردن، بەردەوام شكڵ بە فەرهەنگ و ئەو فەزایە دەدەن کە کولتوری تێدایە. بۆ نموونە سنوردانانی ئەدەبی و زمانەوانی، دژکردەوەی سیاسی و فەرهەنگیی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەوەش بە نۆەری خۆی شوێنەوار و کاریگەریی لەسەر ئەو ڕێگایانە هەبوو کە پەیوەندییە زمانی و کولتورییەکانیان پێناسە دەکرد. سیستەمی خوێندنی نوێ، بۆ بڵاوکردنەوەی خوێندەواری لە ماوەیکی ئاوا کورتدا، کەڵکی لە زمانی فارسی وەک ئامرازێک وەرگرت. ئەوەش مانای ئەوە بوو کە تاک و کۆمەڵگا غەیرە فارسەکان، لە گۆشەنیگا و مەنشووری کولتورێكی دیکەوە لە دونیا تێبگەن. بردنە سەری ئاستی فارسی، لە پێشدا وەک زمانی میللی و پاشانیش وەک زمانی ڕەسمیی ئێران، بە تەنیا هەر بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە بە شێوەیەکی سیتماتیک پشتیوانیی دەوڵەتی هاوچەشنخوازی لە پشت بوو. پەرەپێدان و بردنەپێشی ئەدەبیاتی فارسی بۆ ماوەی چەند دەیە، لە ڕیگای ژمارەیەکی زۆر ڕۆژنامە و گۆڤاری ئەدەبی وەک ئایندە، ئیرانشەهر، تەعلیم و تەربیەت و دواتر ئامووزش و پەروەرش و سوخەن وهەروەها کەسایەتییە بەناوبانگە ئەدەبییەکانی وەک سەعید نەفیسی، کە بە ئوستادی ئەدەبیاتی نوێی فارسی دەزانرێت، زەمینەی بۆ ئەوە خۆش کرد تا زمان و ئەدەبیاتی فارسی هێژمۆنی خۆی وەک زمانی ڕەسمی بسەپێنێ. یا بە واتایەکی تر باڵادەستیی بەسەر فەرهەنگ و کولتوورە غەیرە فارسییەکاندا وەدەست بێنی. هەر ئەو پڕۆسەیەش شوێن و پێگەی زمان و ئەدەبیاتەکانی دیکەی غەیرە فارسی کردە ناوچەیی و لۆکاڵ، واتە خستوونیەتە ئاستێکی خوارەوەتر.٦٢ لەو ڕەوتەدا بەربەرکانێی کوردەکان، فاکتۆرێکی بڕیاردەر بوو. ئاخر زمانی فارسی نەیدەتوانی ببێتە زمانی میللی، لە کاتێکدا بە ئاشکرا زمانی دیکەش هەبوون کە ناوچەکانی دیکەی ئێرانیان پێناسە دەکرد. لە ڕاستیدا مەبەست لە پێناسە و دیاریکردنی زمانی فارسی لەسەرەتای چەرخی بیسەتەمدا، وەک زمانی میللی، ئەوەبوو کە یەکیەتیی سیاسیی ئێران دابین و دەستەبەربکات. هەر بەو جۆرەش مەبەست لە دیاری کردنی فارسی وەک زمانی ڕەسمی، ئەوە بوو کە ببێتە ئەڵترناتیو لە بەرانبەر فرەزمانی لە ئیراندا. هەندێک ڕووناکبیری فارس ئیدیعا دەکەن، بە مەبەستی ڕاوەستان و بەربەرەکانێ لەبەرانبەر پەلاماری فەرهەنگیی ڕؤژئاوادا و هەروەها لە پێناو پاراستنی کولتوری ئێرانیدا (فارسی؟)، پێویستە فەرهەنگ و کولتوورەکانی دیکەی ئێران، وەک بەشێک لە ناسنامە و هەویەتی ئێرانی بپارێزرێن. جا با پێگە و شوێنیشیان لە خوارەوەی زمانی فارسییەوە بێ کە بە زمانی میللی دادەنرێ.٦٣

ئەو چاوگێڕانە گشتییەی سەرەوە، قووڵاییی ئەو ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتی و گۆڕانکارییانەمان بۆ دەردەخا کە کۆمەڵگای کوردی لە دەیەکانی پێش شۆرشی ساڵی ١٩٧٩ی زایینیدا بە نێویدا تێپەریوە. لێرە دەگەڵ کۆمەڵگایەک بەرەوڕووین کە لێوانلێوە لە چاوەڕوانی و داخوازی. سەرکوتی فەرهەنگ و ناسنامە و هەویەتی کوردی، لە ڕێگای سنوردار کردن و تەنگەبەرکردنەوەی مەیدانی مۆدێڕنیتەی کولتوری کوردی، لەلایەن دیکتاتۆڕیی شاوە، بوو بە کۆسپێکی گەورە، شتێک کە میراپیسی ناوی دەنێ مۆدێڕنیتەی دێموكڕاتیک.٦٤ ساواک، دەزگای هەوڵگریی ئیران، بە شێوەیەکی بەردەوام تێکۆشەرانی کوردی ڕەوانەی زیندان دەکرد، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە ژمارەیەکی زۆریش لەوان لە دەرەوە، لە ئاوارەیی و تەبعیددا، لە ڕێگای دەرکردنی ڕۆژنامە و دامەزراندن و بڵاوکردنەوەی پڕۆگرامی ڕادیۆیی، دڕێژەیان بە کار و چالاکییەکانی خۆیان دەدا.٦٥ بەو ڕابردووەوە، کوردەکانی ئێران، لە پێناوی وەدەستهێنانی ئازادی و حەقی بەشداری لە کاروباری سیاسی و بەمەبەستی بەشداری و شەریکایەتی لە دەسەڵات و سەرچاوەکانی دیکەدا، چوونە نێو ئەو شۆڕشە سیاسییەی کە لە ساڵی ١٩٧٩دا ڕووی دا. لە هەموو ئەو خۆپێشاندان و ڕێپێوان ڕاپەڕینە جەماوەرییانەدا، کە بوون بە هۆی ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی، بەشدارییان کرد. لەگەڵ ئەوەشدا، بە مەبەستی جێگیرکرن و بەهێزکردنی دەسکەوتە سیاسی و فەرهەنگییەکانی خۆیان، دەستیان دایە هەوڵدان بۆ بردنە پێشی ئەزمونێکی دێموكراتیکی تایبەت.

ئاکامەکانی شۆڕش

شۆڕشەکان، پێش ئەوەی کە (دەستبەجێ دەگەڵ حوکمی ئیجبار ڕوو بەڕووبن) بە پەیامێکی خەیاڵی و ئۆتۆپیایییەوە دەست پێ دەکەن.٦٦ ئەو گوتەیەی  Fred Halliday، بەتەواوی پڕ بە پێستی ئەو دەورانەیە کە شۆڕشی ئێرانی پێدا تێپەڕی.

“ئۆتۆپیا”ی کوردیش، هەر بەو جۆرە زوو خۆی لە بەرانبەر واقعیەتی ئەو ململانێ و کێبەركێ توندەدا دیتەوە کە لەسەر بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێراندا لەگۆڕێدا بوو. هەرچەند قۆناخی پاش سەرکەوتنی شۆڕش لە میژووی کوردستانی ئیراندا، بەو توندوتیژییە دەوڵەتییە دەناسرێتەوە کە ناوبەناو حکوومەت بەڕیوەی دەبرد، بەوحاڵەش وەک سەردەمی گەشانەوە و سەرهەڵدانەوە و زیندوبوونەوەی سیاسی و فەرهەنگی دێتە ئەژمار. هەروەک لە درێژەی ئەو وتارەدا باس دەکرێ، کوردستان لەسەردەمی شۆڕشدا، بە نێو هەندێک ساتی چارەنوسسازی ئەوتۆدا تێپەڕی، کە بە شێوەیەکی قووڵ شوێنەواری خۆیان لەسەر مێژووی ئێران لە قۆناخی پاش سەرکەوتنی شۆڕشدا دانا.

 ئێران لە هاوینی ١٩٧٨دا، لە ئاکامی فشارە نێوخۆیی و دەرەکییەکاندا کە ببونە هۆی لاوازیی ئۆتۆریتەی دەوڵەت، بەرەو کرانەوەی سیاسیی زۆرتر ڕۆیشت. ئەو گرنگی و بایەخەی کە مەسەلەی مافی مرۆڤ بە تازەیی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا پەیدای کردبوو، کە لە بنەڕەتڕا ڕووی لە یەکیەتیی سۆڤیەت و هاوپەیمانەکانی بوو، ئۆپۆزسیۆنی لیبڕاڵی ئێرانی هان دا کە بە ئاشکرا ڕەخنە لە دەوڵەت بگرێ و دەرفەتی ئەوەشی بۆ هێزە شۆڕشگێرەکانی پێشوو، کە تا ڕادەیەک خەوتبوون، خوڵقاند کە بە شێوەیەکی کارا و کاریگەرتر چالاکی لە خۆیان نیشان بدەن. کەسایەتییە لیىراڵە بەناوبانگەکان، لە نوسراوەکانی خۆیاندا، هەلومەرجی ئەودەم شی دەکەنەوە و سەبارەت بە هاتنە کایەی وەزعێک کە وڵات بەرەو شۆڕش دەبا، پێشوەخت ئاگاداری دەدەن. کەریم سنجابی، داریووش فرووهەر و شاپووربەختیار کە لەڕێبەرانی ئۆپۆزسیۆنی لیبڕاڵ بوون، لە نامەیەکی سەرئاواڵەدا بۆ شا دەڵێن:

لەو بڕگە زەمانییەدا کە ئەو نامەیەی تێدا دەنووسین، وڵات لەسەر لێوی هەڵدێراندایە، هەموو هەوڵەکان بە بنبەست گەیشتوون، پێداوێستییە گشتییەکان بە چەشنێکی بەرچاو (. . . ) لەسەریەک کەڵەکە بوون و ئەوەش بۆتە هۆی پێکهاتنی کەموکووڕی(. . . ) گەشەکردنی سەنعەتە نیشتیمانی وسەرچاوە ئینسانییەکان لە قەیراندایە و لەسەر بناخەیەکی لەرزۆک وەستاوە. (. . . ) نەوت ئەو نیعمەتە گەورەی خوا، بە شێوەیەکی زۆر خراپ و نابەجێ کەڵکی لێوەردەگیرێ. ئەو پڕۆژە و بەرنامانەی بە مەبەستی ڕێفۆڕم لە ژێر ناوی شۆڕشی سپیدا، ڕاگەیەنرابوون، جێبەجێ نەکراون. لە هەمووی خراپتر مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە فەردی و کۆمەڵایەتییەکان لەبەرچاو ناگیردرێن. قانوونی ئەساسی پێشێل دەکرێ، سەرکوت و تیرۆڕێکی توند لەگۆڕێدایە، گەندەڵی ڕۆژبەڕۆژ پەرە دەگرێ، داڕمانی ڕۆژ لە ڕۆژ زۆرتر و هەروەها ڕیاکاریش، هەموو ئەوانە پێکەوە، مۆڕاڵ و ڕووحیەی میللییان بە ئاستی هەرەخواری خۆی گەیاندوە. ٦٧

بەوجۆرە لیىڕاڵەکان ڕایانگەیاند کە “تەنها ڕێگا بۆ ڕزگاری و هاتنەدەر لەو گیروگرفتانە کە داهاتووی ئێران دەخەنە بەر هەڕەشەوە، بریتییە لە وەلانانی دەسەڵات و حاکمیەتی سەرەڕۆیانە”٦٨ ڕەنگە زۆر بن ئەوانەی گلەیی لە شا بکەن کە بۆ گوێی بەو وشیارکردنەوانە نەدا، یا لەو بارەیەوە کاتێک وەخۆ کەوت کە ئیدی درەنگ بووبوو. ئەو وەزعە، هەروەک لەو نامەیەی سەرەوەشدا ئیشارەی پێ کرابوو، ئاکامی چەوت بەرێوەبەری و ئیدارەی خراپی بەرنامەی نوێسازی و مۆدێڕنیزاسیۆن لە لایەن شاوە بوو.٦٩ بەو حاڵەش ڕەنگە جێبەجێ کردنی ئەو داخوازانەش کە لە لایەن لێىراڵەکانەوە بۆ هاتنەدەر لەو زەلکاوە، خسترابوونە بەردەمی شا، هەر بووبا بە هۆی کۆتایی هاتن بەو ئیستبداد و سەرەڕۆیییەی کە بە سروشتی ڕێژیم لە قەڵەم دەدرا. بەو جۆرە، هەلومەرجی شۆڕشگێرانە تادەهات پتر دەهاتە کایەوە و ڕەخنە و چالاکی و ڕووداوە ئەدەبییەکانیش بەرەوە پێشەوەیان دەبرد. لە لایەکی دیکەشەوە وەدرەنگ کەوتنی پێکهێنانی ڕێفۆڕم و چاکسازییش، تادەهات ئاکار و ڕەفتارە شۆڕشگێڕییەکانی پتر تەشویق دەکردن. لە وەها بارودۆخێکدا خومەینی بە شێوازێکی ڕاشکاوانەتر قسەی دەکردن. وەدەرنانی ناوبراو لە عێراقەوە بۆ فەڕانسە، سەرنجی بیرورای گشتیی ڕاکێشا. بڵاوکردنەوەی بەرنامەی جۆراوجۆر بە فارسی لە دەرەوە ڕا، یەکێک لە هۆکارە کاریگەرەکانی شكڵگرتنی بیروڕای گشتی لە نێوخۆی ئێراندا بوو. بەڵام ئەوە بەتەنیا نەیدەتوانی خەڵک بۆ کردەوەی سەربەخۆ و دژکردەوە نیشاندان بەرانبەر بە ڕووداوکان لە ئێراندا هان بدا. لە وەزعێکی ئاوادا، مانگرتن و خۆپێشاندانەکان بەردەوام لە زیادبووندا بوون. هەروەها کۆمەڵێک هێز و دەستە و تاقم پێکهاتن. بەو چەشنە شۆڕشێکی سیاسی بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی حكومەتی وەڕێ کەوتبوو. لە پایزی ساڵی١٩٧٨دا ژمارەی مانگرتن و خۆپێشاندان و کۆبوونەوە جەماوەرییەکان، تەنانەت لە کوردستانیشدا، تا دەهات زۆرتر دەبوو. هەر بەو جۆرەش هەوڵ و تێکۆشان بۆ دروستکردن و دامەزراندنی ڕێکخراوە دێموکراتییەکان تا دەهات پتر و زۆرتر دەبوون .٧٠ ئازادیی زیندانییە سیاسییەکان بوو بە هاندەر و مایەی گوڕوتین بەخشین بۆ ئەنجامدانی چالاکیی شۆڕشگێڕانە و هەروەها یارمەتی بە ڕێکخستنەوە و زیندووکرنەوەی ڕێکخراوە سیاسییەکان کرد. تا ژانویەی ساڵی ١٩٧٩ کوردستان توانیبووی سەرنجی خومەینی وەک پێویست بۆلای خۆی ڕاکێشێ. ئەوە لەبەر ئەو گرنگی و بایەخە بوو کە کێشەی کورد بە ڕواڵەت دەیتوانی بۆ حکوومەتی پاش شۆڕش هەیبێ.٧١ بە دەست پێ کردنی کار و تێکۆشانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، کۆمەڵگای کوردی گۆڕانکارییەکی زۆری بەخۆوە دیت. لە پەیوەندی دەگەڵ ئەنجامدانی چالاکی و کردەوەی شۆڕشگێرانەدا، هاوئاهەنگی و هاوپەیوەندی لەگەڵ باقیی ناوچەکانی دیکەی ئێراندا پێکهات. بەوحاڵەش مەیلی ئیسلامیی شۆڕش کە بە دامەزرانی شووڕای ڕێبەرایەتیی ئینقلاب باشتر خۆی نیشان دا، هێشتا لە ناوچەی کوردستان نەیتوانیبوو جێ پێیەکی پتەو بۆخۆی وەدەست بێنێ. حیزب و ڕێکخراوە شۆڕشگێرەکانی کوردستان، لە بەیاننامە و لێدوانەکانی خۆیاندا، باسێکیان لە بیرۆکە و ئیدەکانی شۆڕشی ئیسلامی نەدەکرد. بە واتایەکی تر لەوێ ئەو جۆرە بیرۆکەیە پێشوازییەکی ئەوتۆی لێ نەدەکرا. یان تەنیا بە هەندێک شەرت و مەرجەوە قبووڵ دەکرا. ئەوە تەنیا ئەحمەدی موفتیزادە بوو کە لە سنەدا لایەنگرانی خۆی لە پێناو دامەزراندنی چەشنێک لە ئۆتۆنۆمییەکی ئیسلامی لە کوردستاندا ڕێکدەخست و بانگەشەشی بۆ ئەوە دەکرد. بەوجۆرە دەیەویست تێکەڵاوێک (Hybrid) لە داخوازە سەرەکییەکانی کورد و ئەو ڕەوت و مەیلە ئیسلامییەدا دروست بکات، کە لە شوێنەکانی دیکەی ئێراندا لە گۆڕێدا بوو.٧٢

سەرکەوتنی شۆرش لە فیۆریەی ساڵی ١٩٧٩دا، کێشەی کوردی بردە قۆناخێکی نوێ. ئەکتەرە سیاسییەکانی نێوگۆرەپانەکە، بە شیوەیەکی ئاشکراتر لە ڕابردوو درێژەیان بە ڕۆڵی خۆیان دا.٧٣ شۆڕاکانی شارەکان پێکهاتن و کۆمەڵگای مەدەنی، بەرین بۆوە. لە زۆربەی شارەکانی کوردستان، بە پشتیوانیی هێزە چەپەکان، جەمعیەتی دیفاع لە ئازادی و ئینقلاب دامەزرا. ئەو ڕێکخراوەیە توانی بەشێكی زۆر و بەرچاوی خەڵک، بەتایبەتی لاوان، لە ڕیزەکانی خۆیدا کۆکاتەوە و ڕێکیان بخات. ئەوانە لە هەموو شارەکاندا، نەخشێکی بەرچاویان لە بەرێوەبردنی کاروباری ئیداری و ڕێکخستنی خۆپێشاندان و کۆبونەوە جەماوەرییەکان و دابینکردنی ئەمنیەت و ئاسایشدا هەبوو. لە هاوینی ١٩٧٩دا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە ناوچەکانی باکووری کوردستانی ئیران و هەروەها ڕێکخراوی چریکە فیدایییەکانی خەڵک دەگەڵ جەمعیەت، لە ناوچەکانی ناوەند و باشووری کوردستان، بەرەنگاری ئەو خاوەن مڵک و دەرەبەگە دواکەوتووانە بوونەوە، کە بەکەڵک وەرگرتن لە وەزعی تازە، دەیانەویست بەزۆر دەست بەسەر زەوییە لەدەستچووەکانیاندا بگرنەوە و توانیان تێکیان بشكێنن.٧٤ جگە لە یەکیەتییەکانی جوتیاران، سەندیکا و ڕێکخراوەکانی دیکەی کرێکاران و ژنان لە هەموو شوێنەکان دامەزران و دەستیان کرد بە کار و تێکۆشان. بە هۆی نزیکایەتییەکی ئیدئۆلۆژیک کە لە نێوان ئەندامانی ئەو رێکخراوانەدا هەبوو، هاوئاهەنگی و هاڕمۆنییەکی باشیش لە نێوان ڕێکخراوەکاندا دەبینرا. لەوەش زیاتر گەلێک ئەکتەری دیکەی بە نفوزیش هەبوون. وەک کەسایەتییە ئایینییە بەناوبانگەکان. بۆ نموونە شێخ عیزەدینی حوسەینی، ئەحمەد موفتیزادە و هەروەها ئیمام جومعەکان. بڕوای حیزبی توودە و ڕێکخراوی فیدایییەکانی گەلی ئێران بە “خومەینی وەک هێزێكی دژی ئیمپڕیالیست” چارەنوسی ئەوانی دیاری کرد. سەرەنجام فیدایییەکان بەسەر دوو باڵ واتە فراکسیۆنی جیاوازدا دابەش بوون. زۆرایەتی “دژی ئیمپڕیالیست” بوونی ڕێژیمی قبووڵ کرد، کەمایەتیش لەو جۆرە بیروبۆچوونە دوورکەوتەوە. بەڵام سەبارەت بە کوردەکان، بە تەعەهود و پشتیوانیی خۆیان لە پرەنسیپی مافی دیاریکردنی چارەنووس، وەفادارمانەوە. لە ڕەوتی چوونەپێشی خەبات بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتدا، پاش سەرکەوتنی شۆڕش لە مانگی فێوریەدا، مەهدی بازرگان، یەکیک لەئەندامە قەدیمییەکانی جەبهەی میللی، بە پەسندی خومەینی، دەوڵەتێکی کاتیی دامەزراند. لە هەمانکاتدا، کوردەکان دەرفەتێکی بێ وێنەیان بۆ وەدەستهێنانی پلەیەک لە خودموختاری بۆ ڕەخسا. ناوەندی بزووتنەوەی خودموختاریخوازی زۆرتر دەکەوتە ناوچەی ناوەندی کوردستان کە لە ڕۆژئاوای ئێراندا هەڵدەکەوێ. بەوشێوەیە بارودۆخێکی لەبار بۆ دامەزران و کار و تێکۆشانی حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی کورد و باقیی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی پێکهات. ئەوەش وەک بەرهەمی پڕۆژەی نوێسازی، کەهاوکات بوو لەگەڵ داڕشتنەوەی بەردەوامی تەقسیماتی ئیداری لە ئێران و کوردستاندا، بە حیساب دێ.٧٥ هەرچۆنێک بێت دەتوانین بڵێین کە ناوچەی ناوەند، وەک مەرکەزی جووڵانەوەی کورد بۆ وەدەسهێنانی ئۆتۆنۆمی پێناسە دەکرا. بزووتنەوەی خودموختاریخوازی، لە ڕێگای نوێنەرایەتیی هاوبەشی سیاسی و فۆڕموولە وداڕشتنی داخوازەکانەوە دەچووە پێش. تا مانگی مارس، لیستێک کە بریتی بوون لە هەشت داخوازی، لەلایەن نوێنەرانی شۆڕای شار، ڕێبەرانی حیزبە سیاسییەکان و کەسایەتییە بەرچاوکانی دیکەوە، لە مهاباد ئامادەکرا و درایە حکوومەتی نوێ.٧٦ ئەو داخوازانەی لەو لیستەدا هاتبوونە گۆڕێ بریتی بوون لە دەستەبەرکردنی خودموختاری بۆ کوردستان لە چوارچیوەی ئێراندا، داخوازیی ئیدارەکردنی پادگانە نیزامییەکان لە لایەن شۆڕاکانی شار و ڕاگەیشتنی زۆرتر بە وەزعی ئابووریی کوردستان. هەر لەو سەروبەندەدا نوێنەرانی شۆڕای شارەکان و ئیمام جومعەکان، وڵامی ئەو بەیاننامەیەیان دایەوە کە سەبارەت بە بەڕێوەچونی ڕێفڕاندۆم لەمەڕ کۆماری ئیسلامیەوە ئاراستەیان کرابوو. ئەوان داوایان کردبوو کە لە داڕشتنی قانوونی ئەساسیی داهاتوودا، پێویستە نوێنەرانی ڕۆحانییەتی سوننە، سەهمی وەک یەکیان لەگەڵ ڕۆحانییەتی شیعەدا هەبێت. تا لە داڕشتنی قانوونەکاندا مافی کەمایەتییە میللی و مەزهەبییەکان دابین بکرێ و لە ڕێگای داڕشتن و پەرەسەندنی سیاسەتێکی ئابووریی هاوسەنگەوە کۆتایی بە جیاوازییە چینایەتییەکان و ئەو جیاوازییانە بهێنرێ کە لە نێوان ناوچە جۆراوجۆرەکاندا بەرچاودەکەون.٧٧ بە داخەوە هیچ وڵامێکی دروست بەو داخوازانە نەدرایەوە، تا ئەو کاتەی کە هەڵگیرسانی شەڕ و پێکدادانی بەردەام لە نێوان هێز و لایەنە کوردییەکان و خەڵکی مەدەنی لەلایەک و، هێزە ئەمنیەتییەکانی دەوڵەتی تازە لەلایەکی دیکەوە، دەوڵەتی کاتیی ناچارکرد مل بۆ وتووێژ ڕاکێشێ.

لە هەلومەرجی شۆڕشدا، ململانێ و خەبات لەسەر بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی، خەبات و ململانێی نێوان دیسکۆرسە جۆراوجۆرەکانیش دەگەڵ خۆی دێنێ. پێ بە پێی چوونەپێشی شۆڕش و ڕووداوەکان، ناکۆکییە سیاسییەکانیش لەسەر ئەو داخوازییە فەرهەنگی و سیاسییانە کە کوردەکان هێنابوویاننە گۆڕێ، ڕوونتر و زەقترخۆیان نیشان دەدا. پاش سەرکەوتنی شۆڕش، بەهۆی ئەوەی کە ڕێژیمی تازە، کوردەکانی بەوە تاوانبار دەکرد کە لە هەوڵی وەدەستهێنانی سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە ئێراندان، ئەو ناکۆکییانە گۆڕان بۆ ڕەفتار و هەڵوێستی دوژمنکارانە.٧٨ کۆنتڕۆڵ و دەستبەسەرداگرتنی پادگانی مهاباد، لەلایەن حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانەوە، هەفتەیەک پاش ڕاپەرێنی مانگی فێورییە، وەزعەکەی ئاڵۆز و دژوارتر کرد. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە فڕۆکە جەنگییەکان، بە ئاسمانی ناوچەکانی باکووری کوردستاندا، دەستیان بە فڕین و مانۆڕ لێدان کرد.٧٩ سەرچاوەکانی ئەوکات ئەوە نیشان دەدەن کە دامودەزگاکانی ڕێژیمی تازە و دارودەستەکانی سەر بە رێژیمی پێشوو، هاوکات و پێکەوە، شەڕێکی توندی ڕەوانی بەدژی کوردەکان وەرێ دەخەن. وەک ئەوەی کە هەر لە بنەڕەتڕا هیچ شۆڕش و ئاڵوگۆڕێک ڕووی نەدابێت. کوردەکان دەبوایە بەردەوام ئەو تۆمەتانە ڕەد بکەنەوە و حاشا لەوە بکەن کە گوایە ئەوان خەریکی جیابوونەوە و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیین.٨٠ ئەوە ترسێکی لە ڕادەبەدەری لە نێو زۆرایەتیی حەشیمەتی فارسدا، سەبارەت بە مەسەلەی جوداییخوازی، لە پەیوەندی دەگەڵ کوردەکاندا لێ کەتەوە.

ئەو شەڕە ڕەوانییە، ئەو بێ متمانەیییە و ئەو تۆمەت و تاونبارکردنەی کە لەسەرەوە باسمان کرد، لە شەڕی سنەدا کە لە حافیزەی بەکۆمەڵی کوردەکاندا، بە ناوی نەورۆزی خوێناوی ناسراوە، گەیشتە پلەی هەرە بەرزی خۆی. چەند ڕۆژ پێش نەورۆز، واتە پێش ساڵی نوێی ئێرانی -کوردی، شاری سنە کە ناوەندی پارێزگاشە، بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ کەوتە نێو شەڕەوە.٨١ ئەو توندوتیژییە بەهۆی شەڕی نێوان کۆمیتەکانی سەفدەری، نوێنەری خومەینی لە کوردستان و موفتی زادە، لە مانگی مارسدا، هاتە کایەوە. دەگوترا کە سەفدەری دەیەویست دەستی وەچەک و تەقەمەنیی نێو پادگان و گەنم و دانەوێڵەی نیو سیلۆکان ڕابگا.٨٢ زۆر دەستە و تاقم و گرووپی دیکەش لەو شەڕ و بەربەرکانێیەدا، بە وەڕێخستنی ڕێپێوان بۆ بەر پادگان بەشدارییان کرد. ئاخر ئەرتەش بە ئاشكرا هیچ پشتیوانییەکی لە خەڵک نەکرد. بەو حاڵەش دەتوانین بڵێین ئەو شەڕە بە هۆی شەڕی ڕەوانی و ناکۆکیی نێوان ئەوانەوە ڕوویدا کە دەکەوتنە دەرەوەی چوارچێوەی بزووتنەوەی خودموختاریخوازیی کوردستانەوە. کەیهان، کە ڕاپۆرتی کۆتایی هاتنی شەڕی سنەی چاپ کردوە، ئەو مەسەلەیە پشتڕاست دەکاتەوە و خەبەری ئەوەشی بڵاو کردۆتەوە کە هەردووک کۆمیتە هەڵوەشاوە ڕاگەیەنراون.٨٣ هەر لەو کاتەدا شۆڕای شار کە تازە بە شێوەیەکی کاتی پێکهاتبوو، لە بانگەوازێکدا، داوای لە خومەینی و بازرگان، سەرۆک وەزیری دەوڵەتی کاتی کردبوو، کە دەستوور بدەن تا ئەرتەش تۆپبارانی شار ڕابگرێ. هەر لەو بانگەوازەدا “پشتیوانیی گەلی کورد لە شۆڕش و ڕێبەرایەتیی ئیمام خومەینی”یان تەئید و پشتڕاست کردبۆوە.٨٤ سەرەنجام ئەو شەڕ و توندوتیژییە، لە ئاکامی وتووێژی نێوان نوێنەرانی کورد و ئایەتوڵڵا تاڵەقانیدا، کە سەرپەرشتیی دەستەی نوێنەرایەتیی دەوڵەتی دەکرد، کۆتایی هات. لە هەمان وەختدا، شۆڕایەکی کاتیش بۆ ئیدارە و بەرێوەبردنی کاروباری شار، تا کاتی هەڵبژاردنی شۆڕای داهاتوو، دیاری کرا.٨٥ نزیکەی ٢٣٠٠٠ کەس کە حەقی دەنگدانیان هەبوو، ٢٢ کەسیان وەک شۆڕای شاری سنە هەڵبژارد. دەبێ بگوترێ کە لەنێو ئەندامانی شۆڕادا ژنانیش وەبەرچاو دەکەوتن. هەیئەتێکی یەکگرتووتر و گەورەتری کورد، بە ناوی دەستەی نوێنەرایەتیی گەلی کورد، داخوازەکانی خەڵکی کوردستانی لە بیست و شەش ماددەدا فۆڕموولە کرد. لە هەمان کاتدا موفتیزادەش تا دەهات پتر لە ڕێبازی بزووتنەوەی گەلی کورد بۆ خودموختاری دوور دەکەوتەوە و لایدەدا.٨٧ پێشاندانی وێنەیەک لە کوردستان وەک ناوچەی شەڕ، زەقکردنەوەی هەڕەشەی “دژی شۆڕش” هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و لێکدانەوەی نەرێنی و مەنفی سەبارەت بە کوردستان لە ڕاگەیەنە گشتییەکاندا، بوون بە هۆی بەهێزکردنی ئەو تێگەێشتنە لە دیسکۆڕسی ناسیۆنالیزم کە هێنانە گۆڕی هەرچەشنە داخوازێک بۆ لەبەرچاوگرتنی مافە ئیتنیکی و سیاسییەکانی، بە جوداییخوازی لە قەڵەم دەدا. پەیوەندیی ناجێگیر دەگەڵ حکوومەت بەهۆی شەڕێكی کورتخایەن کە لەشاری کورد_تورک نشینی نەغەدەدا ڕووی دا، هێندەی دیکەش بەرەو ئاڵۆزی وخراپتر بوون ڕۆیشت. بە وتەی کەریمی حیسامی، حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانیش، تا ڕادەیەک بەرپرسایەتیی هەڵگیرسانی ئەو شەڕەی لەسەر شانە. بەو جۆرە هەڕەشەی هێرش و پەلاماری نیزامی ئەو ڕێکەوتن و سازانەیان خستنە ژێرسێبەری خۆیان، کە لە ئاکامی وتووێژدا، وەدەستهاتبوون.٨٨

بە پێچەوانەی ئەو تەبلیغاتە بەهێزەی کە لە لایەن دەوڵەت و ڕاگەیەنە گشتییەکانی لایەنگری حکوومەتەوە بڵاودەکرایەوە، کوردستان ناوچەیەکی جەنگی (a war zone) نەبوو. ئاستی بەشداریی خەڵک لە کاروباری سیاسیدا زۆر لەسەرێ بوو.

 لەباری فەرهەنگییەوە زیندووبوونەوە و بووژانەوەیەکی بەرچاو لە ئارادابوو. چوونەسەری ڕادەی ڕۆژنامە و گۆڤار و چاپەمەنییەکان، بەشداریی بەرینی خەڵک لە كۆڕ و کۆبوونەوە و میتینگەکان و هەروەها ژمارەی زۆری ئەو پێشانگا و شانۆیانەی بەڕێوە دەچوون، نیشانەی ئەو ڕاستییەن. لەباری ئەدەبییەوە، لەسەرتاسەری ئێراندا، لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە، ئاڵوگۆڕێکی گەورە خۆی نیشاندەدا.٨٩ لەو ماوەیەدا پتر لە دووهەزار کتێب، کە لە لایەن نوسەرانی ئاڵمانی، ڕووسی، ئیتالی وبریتانی و ئەمریکایییەوە، بەرهەم هاتبوون، تەرجومە و بڵاو کرانەوە. بۆ نموونە ٦٠ کتێب لە دۆستۆیۆڤسکی، ٤٠ کتێب لە تۆلستۆی و ٢٥ بەرهەمی چیخۆف.٩٠ گەلێک کار و بەرهەمی دیکە لە نوسەرانی وەک ڤیکتۆرهۆگۆ، ئێمیل زۆلا، جاک لەندەن، ڕۆمەین ڕۆلاند و ماکسیم گۆرکی وەرگێردران.٩١ هەر لەو سەردەمەدا بەرهەمەکانی گرامشی و کتێبی بەناوبانگی پائۆلۆ فرێر واتە پێداگۆگی چەوساوەکان تەرجومەکران، کە شوێنەواریان لەسەر ئەو تێما و لێکۆڵینەوە جۆراوجۆرانە دانا، کە لە دوو دەیەی دواتردا لە پەیوەندی دەگەڵ کولتووری ڕۆژئاواییدا ئەنجام دران.٩٢ لە کوردستاندا، مامۆستایان و کەسانی شارەزا لە بواری پەروەردە و فێرکردندا، شوێنەوارێکی بەرچاویان لەسەر پڕۆسەی خوێندن و فێربوون دانا. گەلێک دەورە و کۆرسی تایبەت بۆ فێربوونی زمانی کوردی کرانەوە. هەروەها بەهۆی لەبەردەستدا نەبوونی کتێبە دەرسییە پێویست و دڵخوازەکان، خوێندکاران ناچار دەبوون کە لەسەر بابەتە نوێیەکان کار و لێکۆڵینەوە بکەن. باس و بابەتەکانی وەک کۆیلەتی و ئاپارتاید، لە شیعرەکانی ئەحمەد شاملو و شاعیر و نوسەرانی دیکەدا ڕەنگیان دەدایەوە. لە ئاکامی دابارینی ئەو هەموو زانیارییانەدا، ئاستی وشیاریی سیاسیی خەڵک، سەبارەت بە ڕووداوە ساسییەکانی چین، ئەمریکای لاتین، شەڕەکانی یەکەم ودووهەمی جیهانی وسەردەمی ڕۆشنگەری، بەخێرایی و بە چەشنێکی نەدیتراو چووە سەرێ. وەزعێک پێکهاتبوو، کە سیما و کەسایەتییە ناسراوەکانی دونیا، ببونە جێگای باس و خواسی نێو بنەماڵەکان و ئاشنا بۆیان. وا دەهاتە بەرچاو کە ئەو دیوارە ئەستوورەی بەرنامەی نوێسازیی پاشایەتی، بۆ پێشگیری و کۆنترۆڵکردنی وەزعێکی ئاوا دایسەپاند بوو، بە توندی لەحاڵی درزبردن و داڕماندایە.  توندڕەوەکانی نێو حکوومەت لە تاران، لە هەوڵدا بوون کوردستان وەک ناوچەی شەڕ بناسێنن و شەڕی بەسەردا بسەپێن، تا لەو ڕێگایەوە جارێکی دیکە سەرلەنوێ ئەو دیوارە ڕووخاوە سازکەنەوە.

لە کوردستاندا ئازادیی بەشداری لە کاروباری سیاسیدا دەستەبەر کرابوو. کۆمەڵانی خەڵک لەسەر داخوازی و بانگەوازی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە جۆراوجۆرەکان، ئەو ڕێفڕاندۆمەیان بایکۆت کرد کە بۆ دەنگدان بە کۆماری ئیسلامی وەڕێخرابوو.٩٣ لەباری ئیدارییەوە دەوڵەت کاروباری پەروەردە و فیرکردن، خزمەتگوزارییە لەشساخی و بیهداشتییەکان و کاروباری وەزارەتخانەکانی دیکەی هەربە ئەستۆوە بوو. بانکەکان بە بێ هیچ گیروگرفتێك کاروباری خۆیانیان بەڕێوەدەبرد. لەباری نیزامییەوە، حکوومەت لەلایەن ئەرتەشەوە کە لە پادگان، لە دەرەوەی شارەکاندا بوو، هەروەها هێزەکانی پۆلیسی بوومی و مەحەللییەوە، کە لە شارەکاندا بوون، نوێنەرایەتی دەکرا. شایانی باسە کە دواتر لە مانگی گەلاوێژدا، هێزەکانی سپای پاسداران، لە باشووری کوردستان، واتە لە شارەکانی پاوە ومەریواندا جێگیربوون. ئەوەش ناسەقامگیریی بارودۆخی ناوچەی بەدوای خۆیداهێنا. خەڵکی شاری مەریوان، بە مەبەستی دوورخستنەوەی شەڕ لە شارەکەیان، شاریان بەجێ هێشت. هەربۆیە توندو تیژی و پێکدادانیک ڕووی نەدا.٩٤ لەو پەیوەندییەدا، لە نێوان نوێنەرانی کورد و چەمران، وەزیری بەرگری و فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکان، وتووێژێک لە مەریوان بەرێوەچوو. ناوبراو لەو وتوێژانەدا، هەڵوێستێکی زۆر سەخت و دوور لە سازان و ڕێککەوتنی (Uncompromising) لەخۆی نیشان دا.٩٥ لە کۆتاییدا، ئەرتەش و سپای پاسداران، مەریوانیان بەجێهێشت وخەڵکەکە گەڕانەوە سەر ماڵ وحاڵ و جێ و ڕێی خۆیان. بەو شێوەیە ئیتر دەستەی نوێنەرایەتیی کورد جێگای دەسەڵات و ئۆتۆریتەی حکوومەتی ناوەندەیی گرتەوە. ئاخر ئەوان لەسەر بردنە پێشی ڕیسالەت و داخوازیی خۆیان بۆ دەستەبەرکردنی ئۆتۆنۆمییەکی فەرهەنگیی سنووردار، هەر سوور بوون.٩٦ گەلێک ئەکتەری سیاسی و شایستەی دیکەش، کە بە درێژاییی دەیەکانی پێشوو دروست بووبوون، لەمەیداندا دەبینران. شێخ عیزەدین حوسەینی، بەهۆی لایەنگری لە مۆدێلێک لە کوردایەتیی سیکۆلار و هەڵوێستی شێلگیر بە دژی ڕێبەرانی شۆڕشی ئیسلامی، ببوو بە کەسایەتییەکی بەنرخ و خۆشەویستی نێو دەستەی نوێنەرایەتی. لە لایەکی دیکەوە، ئەحمەد موفتیزادە، نوێنەرایەتیی کوردایەتییەکی تێکەڵاو لەگەڵ مەزهەبی دەکرد. چەکەرە کردنی ئەو بیرۆکەیە بۆ سەردەمی دەستپێکردنی ڕەوتی بە ڕۆژئاوایی بوونی (westernizing) دەورانی مۆدڕنیزاسیۆن و ئەو کۆنتێکستە، کە ئیسلامی سیاسی لە نێویدا گەشەی کردبوو، دەگەڕێتەوە. هەڵوێستی موساڵەحەخوزانەی (conciliatory) ناوبراو بەرانبەر بە دەوڵەت و دوورکەوتنەوەی لە نوێنەرانی بزووتنەوەی میللی و دێموكراتیک، بەرەبەرە ئەویان دوورە پەرێز خستەوە.٩٧

سەرەڕای ئەوەش فەزای سیاسی تا دەهات پتر لە نێوان، ڕێتۆریکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەدا دابەش دەبوو. لە سەردەمی شۆڕشدا، کۆمەڵە لە ماوەیەکی کورتدا لە هەستەیەکی بچکۆلەوە بوو بە هێزێکی کۆمەڵایەتیی بەرچاو. بە پێچەوانەی ڕیوایەتی ڕەسمیی خودی کۆمەڵە، بە جەماوەری بوونی ئەو رێکخراوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تەشکیلاتەی کە لە نێو چین و توێژە خوێندەوار و شارنشینەکاندا، پێکی هێنا و سەرەنجام هەرئەوانەش بوونە بڕبڕەی پشت و بەدەنەی ئەسڵیی ئەو ڕێکخراوەیە. بەم جۆرە، کۆمەڵە بوو بە ئەڵتڕناتێوێکی گونجاو بەرانبەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. ئاخر ئەو کات یەکێک لە خۆشەویستترینی ئەو ڕێکخراوە سیاسییانە بوو، کە تا ئەودەم، مێژووی هاوچەرخی کوردستان بە خۆیەوە دیتبوون. سەیر ئەوەبوو کە ئەو هەڵدان و گەشەکردنە لە کاتێکدا بوو کە کۆمەڵە نە بەرنامە و پڕۆگرامێکی هەبوو، نە بڵاوکراوەیەکیشی هەبوو کە بە ڕێکوپێکی بڵاو بێتەوە. ئامانج و ئیدەئاڵە جیهانییەکانی، لایەنگرانی ئەویان هان دەدا تا لە شارە جۆراوجۆرەکاندا، بە ئیلهام وەرگرتن لەو بایەخە بەرزانە، بۆ چارەسەریی گیروگرفت و کەموکوڕییەکان تێکۆشن. ئەو وەزعە درێژەی هەبوو تا کۆمەڵە بوو بە ڕێکخراوێکی زۆرتر خاوەن چوارچێوە و تەشکیلاتیكی پێناسەکراو. بەو هۆیانەوە لەو کاتەدا کۆمەڵە زۆرتر وەک بزووتنەوەیەک پێناسە دەکرا، تا وەک ڕێکخراوێكی خاوەن چوارچێوەی ڕوون و دیاریکراو. فوئاد مستەفا سوڵتانی (١٩٤٨-١٩٧٩)، کە یەکێک لە ڕێبەرانی کۆمەڵە بوو، کەسێک کە بەهۆی دووربینیی سیاسیی خۆی، نەیهێشت مەریوان ببێتە حەمامی خوێن، پاش ئازادی لە زیندانی ساواک لە پایزی ساڵی ١٩٧٨دا، بوو بە ڕێبەرێکی لێوەشاوە.٩٨ مەرگی ئەو کە لە ئاکامی پێکدادانێکی تەسادوفی دەگەڵ کاروانێکی نیزامیدا، ڕوویدا، بوو بە هۆی ئەوەی کە خۆشەویستیی کۆمەڵە لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا بە چەشنێکی بەرچاو بەرێتەسەرێ. لە ئاکامدا کۆمەڵە توانی خەڵکێکی زۆر لە کرێکاران، ژنان و توێژەکانی خوارەوی چینی نێونجی بۆ لای خۆی ڕاکێشێ.٩٩ لە ڕووی جوغرافییەوە تێکۆشانی کۆمەڵە، تەنانەت حیزبی دێموکڕاتیش، بەتەنیا لە کوردستاندا، بەرتەسک نەدە بۆوە. زۆر کەسی غەیرە کورد لە نێو ڕێبەرایەتی و ئەندامانی کۆمەڵەدا دەبینران. ڕوانگەی مارکسیستی سەبارەت بە مەسەلەی جنسیەت، کە فرێدرێک ئێنگلس، وەک بەشێک لە خەباتی چینایەتی، لە گوتارە بەناوبانگەکەیدا، بەناوی سەرچاوەی خێزان، خاوەنداریەتیی تایبەتی و دەوڵەت، فۆڕمۆڵەی کردووە، بوو بە چرای ڕێنیشاندەری کۆمەڵە تا جێگایەکی تایبەت لە تەشکیلاتی خۆیدا، بۆ ژنان وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی، تەرخان بکات.١٠٠ بەشداریی بێ وێنەی ژنان پاش سەرکەوتنی شۆڕش لە بزووتنەوەی کوردستاندا، هاوکاتە لەگەڵ هاتنە مەیدانی ڕێکخراوێک کە خاوەنی وشیاریی جنسیەتی و ڕوانگەیەکی بەرین و هەمەلایەنە سەبارەت بە بەشداریی ژنان لە کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتیدایە.١٠١

کۆمەڵە لە کوردستاندا نوێنەرایەتیی چەپی دەکرد، بەڵام بە پێچەوانەی زۆربەی ڕێکخراوە چەپەکان، نەکەوتە داوی ئیدیعای دژی ئیمپڕیالیست بوونی ڕێژیم. ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی کە شەڕی ئێران و عێڕاق مەحکوم بکا و بە کێشەی نێوان بۆرژوازیی ئەو دوو وڵاتەی لەسەر قازانج و بەرژەوەندییە سیاسی وئابوورییەکانیان، لە قەڵەم بدات.١٠٢ هەروەها دژایەتیی یەکیەتیی سۆڤیەتی دەکرد و بە هێزێکێ سۆسیال_ئیمپڕیالیستی پێناسە دەکرد. هەر لەو کاتەشدا، وەفاداریی خۆی بەرانبەر بە مارکسیزم- لینینیزم دەردەبڕی و مائۆئیزمیشی ستایش و پەسند دەکرد. وەک عەباس وەلی دەڵێ کۆمەڵە لەباری تیئورییەوە خاوەنی بناخەیەکی بەهێز و پتەو نەبوو. هەوڵی دەدا هەم ناسیۆنالیزمی کورد وهەم سۆسیالیزمی مارکسیستی پێکەوە بەرێتە پێشێ.١٠٣ بەوحاڵەش پێویستە ئەوە بڵێین کە کۆمەڵەش کەڵکی لەو سەرچاوە فکری و تیئوریکییە هاوبەشانە وەردەگرت، کە هێزە چەپەکانی دیکەی سەرانسەری ئێران بەکاریان دەهێنان. هەربۆیەش سەرلێشێواویی(ambiguty)  کۆمەڵە لە باری تیئورییەوە، هەرتایبەت بەو نەبوو. لەوەش زیاتر، ڕوانگە ئیدئۆلۆژیکییەکانی کۆمەڵە، بە شێوەیەکی حەتمی، کردەوەکانی کۆمەڵەیان دیاری نەدەکرد. مەیل و ئاڕاستەی مائۆئیستیی کۆمەڵە، تا ڕادەیەکی زۆر لەلایەن لێكۆڵەرەکانەوە، گەورە کراوەتەوە. ئەگەرچی ڕەوایات و گێرانەوەی ڕووداوە میژوویییەکانی کوردستان لە دوای شۆڕش، بە شێوەیەکی ئاسایی زۆرتر ڕۆڵی کۆمەڵە زەق نیشان دەدەن، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕۆڵی ئەکتەرە سیاسییەکانی دیکەش ڕوون دەکەنەوە. هەرچەند کۆمەڵە ستایشی ڕاپەڕێنی ساڵەکانی دەیەی ١٩٦٠ی دەکرد، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو ڕێکخراوەیە، بە بەرهەمی دەورانێکی تازە لە ڕیتۆریکی سیاسیی خەباتی چینایەتی، لە هەلومەرجێکی تازەی ئابووری –کۆمەڵایەتی و کۆنتێکستیكی نوێی فکریدا، بە حیساب دێت. ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی کە سەرەنجام ئەو ڕێکخراوەیە لە ڕێباز و سوننەت و نەریتە سیاسییەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران دوور کەوێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، لە ساڵی١٩٧٠، لەهەلومەرجێکی ئارام و لەبارتردا، لە کوردستانی عێراق، لە سەر بناخەی ڕێکخراوەکانی پێشوی، بەمەبەستی پڕکردنەوەی ئەو بۆشایی و پاشەکشەیەی کە پاش تێکشکانی جوڵانەوەی دەیەی ١٩٦٠، لە کار و تێکۆشانی ئەو حیزبەدا هاتبووە پێش، سەرلەنوێ خۆی ڕێکخستبۆوە.١٠٤ عەبدولرەحمان قاسملوو، سەمبول و تەجەسومی ئەو ئیدامەکاری و بەردەوامییە لە خەبات و تێکۆشانی ئەو حیزبەدا بوو. کۆمیتەیەکی کاتی بۆ ڕێبەری کردنی حیزب لە بەغدا دیاری دەکرێ.١٠٥ لە زۆر بارەوە ئەوە بە دەستپێکێکی تازە دەژمێردرێ. لە ماوەی سالەکانی دەیەی ١٩٧٠دا، حیزبی دێموکرات تێکۆشا دەرس لە ئەزموون و تاقیکرنەوەکانی ڕابردوو وەرگرێ. لانی کەم لەباری تەشکیلاتییەوە خۆی لە حیزبی توودە، کە زەمانێک وەک پشتیوان دادەنرا، دوور خستەوە. بەم جۆرە عەبدولڕەحمان قاسملوو، وەک کەسایەتییەکی بەرچاو خۆی نیشان دا و لە ساڵی ١٩٧٥ وە تا کاتی تیڕۆرکرانی لە ساڵی ١٩٨٩دا، پۆستی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی بە ئەستۆوە بوو.١٠٦ ناوبراو لە ساڵی ١٩٣٠دا، لە بنەماڵەیەکی فیئۆداڵ لە ورمێ، چاوی بە دونیا هەڵێنا. ئەو هەر لەتەمەنی لاوییەوە کێشرایە نێو تێکۆشانی سیاسی. لە ڕێکخراوی لاوانی سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی توودەدا دەستی بە کار و چالاکی کرد. ئەودەم حیزبی دێموکرات تا ڕادەیەکی زۆر وەک شاخەی حیزبی توودە لە کوردستان سەیر دەکرا.١٠٧ ناوبراو بە پشتیوانیی حیزبی توودە چووە ئورووپا و پاشان بە بۆرسیەی خوێندنی دوکتۆرا ڕۆیشتە چیکۆسڵۆڤاکیا. هەروەک لە تێزی دوکتۆراکەی ڕا دەردەکەوێ، ئەودەم لایەنگرێکی شێلگیری کۆمۆنیزم بوە.١٠٨ ئەو ئاشنایەتی و شارەزایییەکی زۆری لەسەر پەیوەندییە نێونەتەوەیییەکانی حیزبە سۆسیالیستەکانی هەردوو بەشی ئورووپای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا پەیدا کرد. لەوبارەیەوە ئەو لە نێو دۆست و دوژمنەکانیدا لە ئێران کەسێکی دەگمەن بوو. هەر بۆیە چ لەسەردەمی شۆڕش و چ لە ساڵەکانی پاش سەرکەوتنی شۆڕشدا، وەک کەسایەتییەکی نێونەتەوەیی ناسرا و درەوشایەوە. کەسایەتییەکی دیکەی ئەو قۆناخە بریتییە لە کەریم حیسامی (١٩٢٦-٢٠٠١). ناوبراو بەرپرسی تەشکیلات و دەزگای ئینتشاراتی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران بوو. بۆ ساڵانێکی زۆر بەشی کوردیی ڕادیۆی پەیکی ئێرانی لە پڕاگ بەرێوە دەبرد. هەروەها ئەو لە بواری ڕاکێشانی سەرنجی بیرورای گشتیی نێونەتەوەیی بۆ لای جینایەتەکانی لەشکری شا لە کۆتاییی دەیەی ١٩٦٠دا، هەڵسووڕ و چالاک بوو.١٠٩ سەرەڕای ئەو فشار و پاڵەپەستۆیەی کە بەردەوام حیزبی توودە دەیخستە سەر حیزبی دێموکرات، لەماوەی ساڵەکانی دەیەی ١٩٧٠دا، حیزبی دێموکرات لە باری ڕێکخراوەیییەوە لە حیزبی توودە دوورکەوتەوە و خۆی وەک حیزبێکی سەربەخۆ نیشان دا. لەباری ئیدئۆلۆژییەوە، هەربەو خێرایییە، ئیمکانی پچڕانی هەموو پەیوەندییەکان لە گۆڕێدا نەبوو. ئاخر هەر لە سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانییەوە، حیزبی توودە، لەباری ئیدئۆلۆژیک و فکرییەوە، بۆ هەموو هێزە چەپەکان و ڕێکخراوە دێموکراتییەکانی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە سەرچاوە دەزانرا و لە سەر شكڵ پێدانی بیروڕای ئیدئۆلۆژیکی کەسایەتییەکان، شوێنەواری قووڵی هەبوو. دەبێ بگوترێ کە بە تێپەڕینی کات، خۆ پیناسەکردنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە کۆمۆنیزم و ڕوانگەی مارکسیستی وچینی کرێکار، بەرە بەرە بێرەنگ بووەوە. لایەنگریی قاسملووش لە کۆمۆنیزم تەواو بوو. سەرەنجام سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک، کە تێکەڵاوێك لە دێموکراسی و سۆسیالیزم بوو، وەک مۆدێلی دڵخوازی قاسملوو، کەوتە نێو جەرگەی سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.١١٠ لە باری ستڕاتێژییەوە، وەک کەریمی حیسامی دەگێریتەوە، ئەوە ئیرەجی ئەسکەندەری، سکرتێری ئەودەمی حیزبی توودە بووە، کە لە کۆبوونەوەیەکدا لە ساڵی ١٩٧٠دا، پێشنیار بە دوکتۆر قاسملوو دەکات کە لەجیاتی داخوازی ئێرانێکی فیدڕاڵ، دروشمی سەرەکیی حیزب بکرێتە دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان.١١١ لە سەردەمی بزووتنەوەی خودموختاریخوازیدا، ئەو دروشمە، لەبەر ئەوەی ڕوون و سادە بوو، بە چەشنێکی بەرین کەوتە سەر زار و زمانان و بوو بە دروشمێکی جەماوەری. سەرەڕای ئەوەش، وا دێتە بەر چاو کە هۆی سەرەکیی دوورکەوتنەوەی حیزبی دێموکڕات لە توودە، بێ متمانەییی حیزبی دیموکرات بە حیزبی توودە سەبارەت بە مەسەلەی کەمایەتییە ئیتنیکییەکانی ئێران و هەڵوێستی ناڕوونی ئەو حیزبە لەسەر ئەو مەسەلەیە بووبێ.١١٢ پێگەی جەماوەریی حیزبی دێموکڕات زۆر بەرین و فرەچەشن بوو. هەر بۆیە کاروکردەوەی ئەندام و لایەنگرانی ئەو حیزبە، لە ڕەوتی چوونەپێشی بزووتنەوەی ئۆتۆنۆمیخوازیدا، پێشبینی نەدەکرا. بۆ نموونە لە ڕووداوەکانی نەغەدەدا، ئەوە دەرکەوت. پەرەسەندنی هێز و خۆشەویستیی کۆمەڵە بۆ حیزبی دێموکرات، کە کادرەکانی کۆمەڵە بە حیزبێکی کۆنیان لەقەڵەم دەدا، بوو بە مایەی تەعەجوب و سەر سوڕمان. سەرەنجام پێکەوە ژیانی ئەو دووحیزبە بەرەو دژواری ڕۆیشت.

ڕۆژی ١٩ی ئۆگەست، ئایەتوڵڵا خومەینی، فەرمانی بە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کرد بەرەو کوردسان بڕۆن. ئەو حوکمە وەزعی سیاسیی کوردستانی تێکدا، بارودۆخێکی نوێی هێنایە کایەوە و بێ متمانەییی کوردەکان بە ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی زیاتر کرد. خومەینی لە فەرمانی خۆیدا ڕوو لە هێزە چەکدارەکان (بەهێزی دەریاییشەوە، سەرەڕای ئەوەی کە کوردستان ناکەوێتە سەردەریا) ڕادەگەیەنێ کە:

 هەواڵ گەیوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان دەوری ئەرتەش و پادگانی داوە، ئەگەر لە ماوەی نیوسەعاتدا کۆمەگ و یارمەتییان پێ نەگا، چەکیان دەکەن، هەروەها لە سنە، حیزبی دێموکڕات ژنانی ئێمەی لە مزگەوتێدا بە بارمتە گرتووە. بە توندی دەستوور بە هەموو هیزە چەکدارەکان دەکەم کە لەشکری پێویست بۆ سنە بنێرن و یاخی بووەکان سەرکوت بکەن.١١٣

حوکمەکە، لەو توندوتیژی و هەڵوێستە توندانەوە، کە لە پێشوودا هەستی بێ متمانەیییان بەهێزکردبوو، سەرچاوەی دەگرت. دەستپێکردنی شەڕ، بە هێرش و پەلاماری ئەرتەش و هێزەکانی دیکەی حکوومەت بۆسەر خەڵکی مەدەنی و بێ دیفاع، ئاکامی ئەو شایعە و چاووڕاوە بوو کە حکوومەت وەڕێی خستبوو. جیا لەوەش هەروەک وتمان، گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، فکری و سیاسییەکانی مانگەکانی پێشوو، بە پێچەوانەی ئامانج و مەبەستەکانی ڕێژیمی تازە، دەچوونە پێش. بەو جۆرە ململانێ و شەڕی نێوان بەرژەوەندی و دیسکۆڕسەکان، بە دەستێوەردانی نیزامی، لە ئاخروئۆخری مانگی ئۆگەستدا، گەیشتە پلەی هەرە بەرزی خۆی. ڕووداوێکی دیکەی گرنگ کە پێش فەرمانی خومەینی، ڕووی دابوو، شەڕی پاوە بوو. تەشەنەکردنی کێشەکان لە هەفتەکانی پێشووتردا، بوو بە مایەی سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادان لەو شارەدا.١١٤ ڕۆژی ٢٠ی ئۆگەست، ڕؤژنامەی ئیتلاعات ڕایگەیاند کە سادق خەڵخاڵی، نوێنەری خومەینی بۆ جێبەجێکردنی حوکمی خومەینی لە کوردستان چووە پاوە و دەستبەجێ ٩ کەس لە پسپۆڕەکانی بواری پزیشکی و لەشساخیی لەو شارەدا ئیعدام کرد.١١٥ یەکیک لەو کەسانە، دوکتۆر ئەبولقاسم ڕەشوەند سەرداری، ٢٧ ساڵە، خەڵکی تاران، بوو. لە نامەیەکدا کە بەشێک لە پێرسۆنێلی پزیشکی، لە پەیوەندی دەگەڵ مەحکووم کردنی ئیعدامی ناوبراودا بڵاویان کردبۆوە، گوتبوویان کە ناوبراو سێ ڕۆژ بەر لە سەرهەڵدانی توندوتیژییەکان بە هۆکاری بەشەردۆستانە، وەک پێشتریش لە زۆر مەناسەبەتی دیکەدا ئەوکارەی کردبوو، چووبووە پاوە.١١٦ پاش ئەو حوکمە، کارمەندەکانی نەخۆشخانەکانی سەقز و مهابادیش، بە چوونی قازیی ئیعدامکەر، بۆ ئەوشارانە، لەگەڵ هەمان مەترسی بەرەو ڕووبوون.١١٧. بەوجۆرە لە ژمارەیەکی زۆر لە شارەکاندا، ئیعدامی سەرەڕۆیانەی لەو چەشنە، بەدژی کەسانی “دژی شۆڕش” بەڕێوە چوو.١١٨ خەڵخاڵی بەهۆی ئەو چەشنە ئیعدامانەوە ناوبانگی دەرکرد. حوسەین بروجەردی، ئەندامی پێشووی سپای پاسداران، کە لە کۆتایییەکانی مانگی ئۆگەستدا، لەکاتی داگیرکردنی سەقزدا لەوێ حزووری هەبووە دەڵێ:

   لەکاتی گیرانەوەی سەقزدا، هەندێک کەسی خەڵکی شار کە گیرابوون، هێنرابوونە پادگان. خەڵخاڵی بە هێلیکۆپتێر هات و دابەزی. دوو گونییە دەستبەندی دەگەڵ خۆی هێنابوون. گومان لێکراوەکانیان هێنانە بەردەم خاڵخاڵی. حوکمی ئیعدامی ٢٢کەس لەوانی دەرکرد. لە نێو ئەواندا کەسێک هەبوو کە پێشتر وەک دیلمانج تەرجومەی بۆ ئێمە کردبوو، گوتم من ئەو کەسە دەناسم. ئەوە وەرگێڕە و یارمەتیی ئێمەی داوە. خەڵخاڵی لێی پرسی کە چ بیروباوڕێکی سیاسیی هەیە، ئەو جوابی دایەوە وتی کە پەیڕەوی نە لە حوسەینی و نە لە خومەینی ناکات. هەروەها وتی ئەو دژی دیکتاتۆرییە. گوتی چۆن دژی دیکتاتۆریی شا بووم، هەر ئاواش دژی دیکتاتۆریی حوسەینی و خومەینیم. خەڵخاڵی حوکمی ئیعدامی بۆ دەرکرد.١١٩

لەوەش زیاتر، ڕۆژی٢ی سێپتامبری ١٩٧٩، لە گوندی قاڕنێ، لە نزیک شنۆ، قەتڵوعام ڕوویدا. ئەو کۆمەڵکوژییە بە هاندان و دنەدانی حەسەنی، ئیمام جومعەی ورمێ، ڕوویدا کە ڕۆڵی ماشێنی شایعەسازی و چاووڕاو بڵاوکردنەوەی دەگێڕا.١٢٠ لەو جۆرە جنایەتانە، لە مانگەکانی دواتردا، لە زۆر دێهاتی دیکەی وەک گوندی قەڵاتان، لە ٢٦ی مارسی ١٩٨٠دا، دووپات بوونەوە.١٢١ ئەو هێرش و پەلامارانە بۆ سەر گوندەکانی قاڕنێ و قەڵاتان، بوون بە هۆی ئەوەی لە مانگەکانی دواتردا، لە ناوچەکانی دەوروبەی شنۆدا، ئاڵۆزییەکی زۆر تەشەنە بکا و بێ متمانەیی پەرە بستێنێ. هەر لەسەرەتای بەهارەوە، هەندێک لەو ئاغا و خاوەن مڵکانەی کە وەخۆ کەوتبوونەوە تا زەوییە لەدەستچووەکانیان وەدەست بێننەوە، لەگەڵ هەندێک دارودەستەی دیکە، بە پشتیوانیی حەسەنی و ژەنەڕاڵ زاهیری، ڕۆڵێکی بەرچاویان لە تەشەنەپێدانی کێشەکان و ئاژاوە نانەوەدا گێڕا. زاهیری کە فەرماندەی لەشکری ٢٦ی ئێران بوو، لە پاشماوەکانی ڕێژیمی پیشوو بەحیساب دەهات و لە بڵاوکردنەوەی درۆ و بوختان و شایعە بە دژی کورداندا، نەخشێکی چالاکی دەگێڕا. سەرەڕای ئەوەی کە بەڕواڵەت خۆی وەک لایەنگری شۆڕش نیشان دەدا، بە تەجەسومی وەحدەتی نێوان ڕێژیمی پێشوو و ڕێژیمی تازە، لە دژایەتییان دەگەڵ کوردەکاندا، دادەنرا. دەبێ بگوترێ کە لە نێو ئەرتەش، تەنانەت لە ڕیزەکانی سەرەوەشدا زۆر کەسی بەرپرس دەبینران، بەڵام ڕوانگە و بۆچوونی مامناوەندیی (moderaition) ئەوان لە لایەن ڕێژیمەوە لەبەرچاو نەدەگیرا.١٢٢ بەوحاڵەش ئەو ناسەقامگیرییە سیاسییە کە لەو ماوەیەدا لە ئارادابوو، زۆری نە کێشا.

ڕاوەستانی هێرش و پەلاماری ڕێژیم بۆ سەر کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ گەلێک هۆکار. لە لایەک کوردەکان بەربەرەکانێیان کرد و لەلایەکی دیکەشەوە لە پایزێدا مانگرتن، هەموو شارەکانی ئێرانی گرتەوە. لەوەش زیاتر، دەستبەسەرداگرتنی سەفارەتی ئەمریکا لەمانگی نۆڤێمبەردا، کە بووە هۆی توندتربوونی ململانێ لەسەر دەسەڵاتی سیاسی لە نێوان لیبراڵەکان و توندڕەوەکاندا، وەزعی سیاسیی ئێرانی بەرەو ئاڵۆزی و نائارامییەکی زۆرتر برد.١٢٣ سەرەنجام حکوومەت مەیلی زۆرتری بۆ وڵامدانەوە بە “داخوازە ڕەواکانی هاووڵاتیانی کورد” لەخۆی نیشان دا و “هەیئەتێکی تایبەتی” بۆ سەردانی کوردستان دیاری کرد و دەستووری بە واحیدەکانی سپای پاسداران دا کە لەو ناوچەیە بکشێنەوە.١٢٤خومەینیش “پەیامێکی گرنگی بۆ خەڵکی کوردستان” بڵاوکردوە. لەو پەیامەدا ڕایگەیاند کە مافی کوردەکان بۆ بەرێوەبردنی کاروبارە ناوچەیی و نێوخۆیییەکانی خۆیان دابین و دەستبەر دەکرێت.١٢٥ لەبەر ئەوەی کە توندڕەوکان دەبوایە بەرانبەر هەڕەشە ئیحتیمالییەکانی دەرەوە ڕاوەستن، ناچاربوون کە فشار و پاڵەپەستۆ لەسەر موخالیفەکانی خۆیان لە نێوخۆدا کەم کەنەوە. پاش ماوەیەکی کەم بەدوای دەرچونی ئەو فەرمانەدا، ئەزموونی دێموکراسیی کوردەکان سەرلەنوێ دەستی پێ کردوە. ماوەی نێوان پایزی ساڵی ١٩٧٩ تا بەهاری ١٩٨٠، بە سەردەمی گەشەکردنی بەشداری لە کاروباری سیاسی و زیادبوونی چالاکی و تێکۆشانی فەرهەنگی، دەناسرێتەوە. بەهۆی ململانێی نێوان ڕوانگە و سیاسەتەکانیانەوە، فەزای سیاسی تا دەهات لە نێوان حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەدا پتر دابەش دەبوو. کێشەی نێوانیان لەسەر ڕێبەرایەتیی بزووتنەوە تەشەنەی کرد. کۆمەڵە تاقمێکی ئیسلامیی توندڕەوی تازە دامەزراوی بەناوی سپای ڕزگاری، کە لە ناوچە دێهاتییەکانی باشووردا خەریکی پیادەکردنی شەریعەت بوون، چەک کرد. سەرەڕای هێندێک ڕەخنە، ئەو کردەوەیەی کۆمەڵە، پشتیوانیی خەڵکی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.١٢٦ لەهەمان کاتدا دواکەوتنی حقوقی کارمەندەکان وئابلۆقەی ئابووریش هەروا بەردەوام بوو.١٢٧بەوحاڵەش، بە بەراورد دەگەڵ ڕابردوو، ئەو دەورەیە بە ئازادترین و سەقامگرتووترین دەورە لە مێژووی کورددا دادەنرێ. لە سەرتاسەری ئێرانەوە خەڵک دەڕژانە شارەکانی کوردستا تا بە چاوی خۆیان ڕەونەق و گەشەی ئەزموونی ئاشتی ودێموکراسی ببینن. هاوپەیوەندی و هاوکارییەکی بەرین، کە بە سەخاوەتەوە پێی لەسەردادەگیرا، لەگەڵ گەلانی دیکە پێکهاتبوو. ئەو ڕووحیە پڕ لە هاوکاری و هاوپەیوەندییە کە لە نێو کوردەکاندا پێکهاتبوو، ئیلهامی لە کارەساتێکی خەمهێنەر وەردەگرت کە پێشتر ڕووی دابوو. بەهاری ١٩٧٩، نۆ کەس لە پێرسونلێ پزشکی، بە مەبەستی یارمەتیدانی خەڵکی شەڕلێدراوی تورکمەن سەحرا لە باکوری ئێران، شاری سنەیان بەجێهێشت. بەداخەوە لەو مەئموریەتەدا، لە ئاکامی پێکدادانی ماشێنەکەیاندا، هەر نۆ کەسیان گیانیان لەدەست دا.١٢٨ لە نێو ئەو تیمە پزشکییەدا، سێ ژن بە ناوەکانی فەریدە زەکەریایی، فایزە قوتبی و گوڵڕێز قوبادی دەبینران، کە نوێنەرایەتیی ئەو هێزە کۆمەڵایەتییە نوێیەیان دەکرد کە لە ئێران و کوردستاندا، پێی نابووە مەیدان. لە ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنی ئەواندا، سەد هەزار کەس ئامادە بوون.١٢٩

تا بەهاری ١٩٨٠، هێزە ڕادیکاڵە ئیسلامییەکان لە تاران، بەکەڵک وەرگرتن لە قەیرانی داگیرکردنی سەفارەتی ئەمریکا، توانیان دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی بەسەر هەموو ناوچەکانی ئێراندا بسەپێننەوە. بەم جۆرە کوردستان میلیتاریزە کرا و کۆتایی بە سەردەمی خودموختاری و خۆبەرێوەبەریی دێموکڕاتیک هات.

لەکۆتاییدا، بەشداریی ئاشکرای خەڵک لە کاروباری سیاسیدا، بەرەبەرە جێی خۆی دا بە خەبات و تێکۆشانی ژێرزەمینی. خەباتی چەکدارانە و پێشمەرگانە بوو بە شێوە خەباتێکی جێگای سەرنج و بەرچاو. لەوەش زیاتر، لێرە بەدواوە خەباتی چەکداری، ئیدی بوو بە شێوەی سەرەکیی خەبات. ئەزموونی کۆمەڵگای مەدەنی، بە زەبری هێز سەرکوت کرا و دەورانی تۆقاندن و تیڕۆر و زەبر و زەنگی حکوومەت دەستی پێ کردەوە.

 لە ڕوانگەی حکوومەتەوە نەدەتوانرا دێموکراسی لە کوردستاندا تەحەممول بکرێ، لە کاتێکدا لە باقیی ناوچەکانی دیکەی ئێراندا، پڕۆسەی ئیسلامیزەکردنی دەوڵەت وکۆمەڵگا، کە شۆڕشێکی فەرهەنگیشی بەدوادا هات، دەستی پێ کردبوو.١٣٠ ئەم پڕۆسەیە کە ئیسلامیزەکردنی دەزگای قەزایی و دادگوستەری، پەروەردە و فێرکردن، مێدیا و سەرەنجام بوارەکانی ژیانی فەرهەنگی و ئابووریشی دەگرتەوە، لە ئاکامی سەرکوتکردنی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەت هێزە سێکۆلارو چەپەکاندا، خێرایییەکی زۆرتری بەخۆوەگرت.١٣١ لە بەهارێدا، شۆڕشێکی فەرهەنگی، بە ڕێبەرایەتیی بەنیسەدر، سەرکۆماری ئەودەمی ڕێژیم و فەرماندەی هێزە چەکدارەکان، بە دەرکردنی فەرمانێک بەدژی کوردەکان و بۆ داخستنی زانستگاکان، دەستی پێ کرد.١٣٢ بەپێی وتەکانی بەنیسەدر: مەبەست لە شۆڕشی فەرهەنگی ئەوەیە کە ئەگەر ئەوان (کوردەکان) ئاگادار کردنەوەکانی ئێمە بە جددی وەرنەگرن ودرێژە بە دوژمنایەتیی خۆیان دەگەڵ میللەت بدەن، سەرکۆماری ئەو خەڵکە دەتوانێ داوا لە سی و شەش ملیۆن ئێرانی بکات کە لە کوردستان ئامادەبن و بەرگری لە وەحدەت و یەکپارچەییی وڵات و ئازادی و ئیستقلالی حکوومەتی ئیسلامی بکەن و بە دوژمنانی نێوخۆیی و دەرەکی نیشان بدەن کە پیلانەکانی ئەوان ناتوانن عەزمی میللەت تێک بشکێنن. . . . ئەمڕۆ ڕۆژی حاکمیەتی دەوڵەتە. بۆیە وەزیرەکان یا ئەوانەی بەرپرسن دەبێ بزانن کە حوکم و دەستوورەکانی ئەوان لە کارخانەکان، کێڵگەکان و مەدرەسەکاندا پێویستە جێبەجێ بکرێن. بەجۆرێک کە ئەگەر لە هەر کلاسێکی دەرس گوتنەوەدا، ئیرادەی ئەوخەڵکە نەڕواتە پێش، ئێمە داوا لە خەڵک دەکەین لەو شوێنە ئامادەبن.١٣٣

لە کاتێکدا کە پەلاماری هێزەکانی حکوومەت بۆ گرتنەوەی شارەکانی کوردستان بەردەوام بوو، شۆڕشی فەرهەنگیی بەنیسەدریش، کە ئیلهام و مەشرووعیەتی خۆی لە پەیامی نەورۆزیی خومەینی لە مارسی ١٩٨٠وەردەگرت، بوو بەمایەی توندوتیژی لە نێو زانکۆکانی پایتەخت و شارە گەورەکانی دیکەدا.١٣٤ جێگای سەرنجە کە هەواڵ و ڕاپۆرتی پەیوەندیدار بە شەڕی زانستگاکان لە سەرانسەری ئێران وهەروەها شەڕی کوردستان، بە شێوەیەکی هاوکات، لە چاپەمەنی و ڕاگەیەنەکاندا، بڵاوکراوەتەوە.١٣٥

بە ڕواڵەت بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی، چەند ڕۆژ پێشتر، شۆڕای ئینقلاب، حوکمی داخرانی زانکۆکانی دەرکردبوو. لەو حوکمەدا پێ لەسەر”پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی قووڵ لە سیستەمی پەروەردە و فێرکردن، بە قازانجی بایەخ و جەوهەرە بنەڕەتییەکانی ئیسلامی شۆڕشگێر” کە وەدیهێنانیان بە “بەرپرسایەتیی هەموو هێزە ئیسلامییە شۆڕشگێڕەکان” دەزانرێ، داگیرابوو.١٣٦ بەبەهانەی پێشگیری کردن لە بێ قانوونی، بەنیسەدر، فەرمانی دابووکە “لەو لەحزەیەوە پێرسۆنێلی ئەڕتەش، تا ئەوکاتە کە ناوچەکە[کوردستان] لە یاخی بووەکان پاک دەبێتەوە، حەقیان نییە پۆتینەکانیان لە پێ دەربێین”١٣٧ ئەو قسانەی بەنیسەدر، بوون بە مایەی بەدناوییەک بۆ ناوبراو لە نێو کوردەکان لە ئێراندا و هەرواش دەمێننەوە. کەچی لە هەمان کاتدا نە کوردەکان و نە زانستگاکان نەیاندەویست، بێ خەبات وبەربەرکانێ تەسلیم بن. خەبات و بەربەرەکانێ شتێک نییە کە هەمیشە لە پێشدا بەرنامە و پلانی بۆ دابنرێ. هەروەهان نابێ بە بەراورد کردن لەگەڵ ڕابردوودا هەڵسەنگێنرێ و قەزاوەتی لەسەربکرێ. بەو حاڵەش خەبات و بەربەرەکانێی قارەمانانەی خەڵکی شارەکانی کوردستان، لەو بەربەرەکانێ و گیانبازییەدا ڕەنگی دایەوە، کە لە یادەوەریی دەستەجەمعیی کورداندا، بە شەڕی بیست و چوار ڕۆژەی سنە ناسروە. وا دەهاتە بەرچاو کە بۆ بەرگری لەو ئەزموونە دیموکراتیکەی کە لە سەرەوە باسمان کرد، تەنانەت ئەگەر بۆ ساتێکیش بێ، سەرەڕای هەموو زیان و تەلەفاتە ئینسانییەکان، خەبات وبەربەرەکانێ، بە کارێکی پڕ بایەخ دادەنرێ.

میلیتاریزەکردنی کوردستان و گرتنەوەی شارەکان، بوو بە مایەی هەڵگیرسانی شەڕێکی چەکدارانەی درێژخایەن و توند، کە لە سەرتاسەری ساڵەکانی دەیەی ١٩٨٠دا درێژەی هەبوو. لە١٩٨٠ بە دواوە، میللیتاریزە کرانی کوردستان ئاکامی زۆری لێ کەوتنەوە، وەک: ئیعدامی بەردەوام، کە خەبەرەکانیان لە ڕۆژنامەکاندا بڵاو دەکرانەوە، زیندانی درێژخایەن، ئەشکەنجە، وەرگرتنی ئیعتڕافاتی ئیجباری لە کەسانی دەستبەسەرکراو، تەبعید و دوور خستنەوەی ئەو کەسانەی کە بەچالاک لەقەڵەم دەدران بۆناوچە ناوەندییەکانی ئێران و تەنانەت بنەماڵەکانیشیان.١٣٨ سەیر نییە کە لەو هەلومەرجەدا، خەباتی چەکداری دەبێتە شێوەی هەرە سەرنجڕاکێشی خەبات و بەربەرەکانێ. بەوجۆرە شۆڕشی فەرهەنگی بۆ جارێکی دیکەش حاکمییەتی تیڕۆر و تۆقاندنی خەڵخاڵیی داسەپاندەوە. سەیر ئەوەیە کە بەنیسەدر، بۆخۆی بوو بە قوربانیی ئەو تیڕۆر و زەبروزەنگەی کە لە بەهاری ١٩٨٠ وە یارمەتی بە بڵاوبوونەوەی کردبوو. ناوبراو ساڵی دواتر ڕایکردە فەڕانسە و لەوێ داوای لە کوردەکان کرد کە پێکەوە بۆ وەڕیخستنی شۆڕشێکی نوێ بە دژی ڕێژیم، هاوپەیمانییەک پێک بێنن. بەو جۆرە دەورانی تۆقاندن و سەرکوت وتیڕۆر، کە لەوێدا زیندانیانی سیاسی بە کۆمەڵ و ڕۆژانە بە چەشنێکی دڕندانە ئیعدام دەکران، درێژەی کێشا.١٣٩

هەروەها کۆتاییی کۆمەڵگای مەدەنی بە هۆی میللیتاریزە بوون، شوێنەواری لەسەر ئەو ئاڵوگۆڕانەش دانا کە بەسەر چۆنیەتیی کار و تێکۆشانی هێزە سیاسییەکاندا هات. حیزبە سەرەکییەکان، کە ڕۆژبەڕۆژ لەباری نیزامییەوە بەهێز دەبوون، بەرەبەرە ئەوانی دیکەی وەک عزەدینی حوسەینییان وەلانا و خۆیان لە بەرانبەر ئەکتەرە سیاسییە سەرکییەکانی کورددا دۆزییەوە. هەیئەتی نوێنەرایەتی لێک هەڵوەشا. تەنانەت موفتیزادە متمانەی ڕێژیمیشی لەدەستدا و کەوتە زیندان. سەرەڕای نیەتپاکیی هەندێک کەسایەتیی لیىڕاڵ کە کە هێشتاش لە حکوومەتدا، خزمەتیان دەکرد، هەرلە فیۆریەی ١٩٧٩ بەدواوە، نیشانەکان ئەوەیان دەردەخست کە هێزە ڕادیکاڵەکان، هەڵوێستیكی توندیان لە بەرانبەر بزووتنەوەی خودموختاریخوازی و هەڵوێستی ناڕوونی دەوڵەتی کاتیدا، هەیە. چارەنوسی موفتیزادە، عەزم و نیەتی ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی نیشان دا کە تەنانەت ئامادەییی ئەوەی تێدا نییە کە خودموختاریی ئیسلامیش بۆ کوردستان لەبەرچاوبگرێ.١٤٠ سەرەڕای ئەوەش دەبێ بڵێین کە ئەزموونی دێموکڕاسی و خەبات و بەربەرەکانێ بەرانبەر سەرکوت و زەبروزەنگ و میلیتاریزاسیۆن، مەسەلەی کوردی بۆ هەمیشە لە ئێراندا، جێگیر کرد.

ئاکام

لێکۆڵینەوەی ڕیشە و ئاکامەکانی شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ لە گۆشەنیگای کوردەوە سێ خاڵی گرینگ ڕوون دەکاتەوە. یەکەم، لێکۆلینەوەکە بە باسکردن لەو ئاڵوگۆرە کۆمەڵایەتییە قووڵانەی کە لە کۆمەڵگای کوردستان، لە سەردەمی حکوومەتی محەممەد ڕەزاشادا، پێکهاتبوون، بایەخ و گرنگیی گۆڕانکارییەکانی دەیەکانی پێشوو، بۆ بەشداری کردنی کوردەکان لە شۆڕشدا دەستنیشان دەکا. بەشداریی خەڵک لە کاروباری سیاسیدا، سەرهەڵدانی هێزە کۆمەڵایەتییە تازەکان، هاتنە مەیدانی هێزە سیاسییە نوێیەکان، وەک نیشانەی ئەو گۆڕانکارییە ئابووری-کۆمەڵایەتی و فکریانە دادەنرێن، کە ئەو دەورەیان پێ دەناسرێتەوە. ئەو شۆڕشە سیاسییە، ئاکامی حەتمیی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی و کولتوری و تێکنۆلۆژییەکانی ساڵەکانی پێشوو نەبوو. بەڵام ئەو ئیستبداد و سەرەڕۆیییەی کە پاش کودیتای ١٩٥٣هاتە سەرکار، بەردەوام مەیدانی بەشداریی سیاسیی چین و توێژە خوێندەوارەکانی، کە بەدوای ئامراز و دەرفەتی خۆ بەیانکردندا دەگەڕان، بەرتەسکتر دەکردەوە.

دووهەم، ئەکتەرە سەرەکییەکان و بەرنامە و داخوازەکانیان، کە لە بزووتنەوەی خودموختاریخوازیی دوای شۆڕشدا، دەوریان گێڕا، بەرهەمی قۆناخەکانی پێشتر بوون. بزووتنەوەی ئۆتۆنۆمی، ڕووداوێکی تاقانەی ئەوتۆ نەبوو کە بەتەنیا هەر پەیوەندیی بە کوردەکان، وەک کەمایەتییەکی میللی وئیتنیکییەوە هەبێت. ڕاست بە پێچەوانەوە، نەک هەر ڕیشەی لە گۆڕانکاری و ڕووداوە مێژویییەکانی پێشوودا هەبوو، بەڵکووو پەیوەندیی دوولایەنەی ئەو لەگەڵ ڕەوتی شۆرش، بە شێوەیەکی کاریگەر شوێنەواری خۆی لەسەر شكڵ و بیچمی ئێرانی پاش شۆڕش، لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستانیشدا، دانا. لەوەش زیاتر، ڕێژیمی تازە، مانەوەی خۆی لە فەزایەکی پڕ لە سەرکوت و زەبروزەنگدا، درێژە پێدا، کە لەوێدا هەر دیاردەیەکی دێموکڕاتیک، نائاسایی دەهاتە بەرچاو. ئەوە سەرکوتی ئەزموونی دێموکراتیکی کوردستان و شۆڕشی فەرهەنگی بوون، کە گەشانەوەی فەرهەنگی و فکری وبزووتنەوە هاوچەشنەکانی دیکەی وەک ئەوانیان لە سەرانسەری ئیراندا بۆ دوایە گێڕایەوە و مانەوەیەکی لەو جۆرەیان بۆ ڕێژیم دەستەبەرکرد. مانای ئەو قسانە ئەوەیە کە پڕۆسەی دێموكراتیزاسیۆن لە ئێراندا، تەنیا لە ڕێگای تەعەهود نیشاندان بە فرەچەشنی (diversity) و دابین و دەستەبەرکردنی ئەودا دێتە دی. ئەسڵێک کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ بنەماکانی ڕێژیمی تازەدا ناگونجێ. ئاخر لەگۆڕێدابوونی ئەزموونی دێموکڕاتیکی کوردستان، بۆ چوونەپێشی دێموکراسی لە ئێراندا گرنگ بوو. هەر بەو جۆرە لەنێوچوونیشی بۆ هاتنەسەرکاری دیکتاتۆری لە ئێراندا پێویست بوو.

لەکۆتاییدا کە زۆریش گرنگە دەتوانین، باسە مێژوویییەکان، سەبارەت بە هۆکار و ئاکامەکانی شۆڕش، لە ڕیگای سەرنجدان بەو پڕۆسەی مێژوویییەوە کە ئەزموونە مێژوویییەکانی ژمارەیەکی زۆر لە گەلان بگرێتەخۆی، بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی مێژوونوسی (historiography) لە پەیوەندی دەگەڵ ڕیشە و ئەکامەکانی شۆڕشدا، سەرلەنوێ پێناسە بکەینەوە. لێکۆڵینەوەکانی پەیوەندیدار بە پڕۆسە و ڕەوتە مێژوویییەکان، چوارچێوەکانی گوتارسازی و دیسکۆرسەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە دستەڵاتەوە، دەگەڵ ململانێ (challenge) بەرەوڕوو دەکەن. ڕاست بە ڕۆحیەی خوڵقاندنی ململانێی زۆرتری ئەکادیمیک سەبارەت بە ڵیکۆڵینەوە مێژوویییەکانی پەیوەندیدار بە پڕۆسەی مێژووەوەیە کە ئەو لێکۆلینەوانە لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە، بەردەوام بە پێویست دادەنرێن. دەستنیشانکردنی ئاکامەکانی ئەو قۆناخە مێژوویییە، ئەوە دەردەخا کە سروشتی ئەو حکوومەتەی دێتە سەر کار، شوێنەوارێکی قووڵ لەسەر ڕوانگەی سیاسی و لێکدانەوەکانی پەیوەندیدار بە شۆڕشەوە دادەنێ. ئەوە کە سەرهەڵدانی شۆڕشی ئێران و ڕووخانی خێرای دەسەڵاتێکی گەورە، هەر وا سەرنج و حەزی لیکۆڵەرەوەکان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ، هیچ لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە، کە لە زۆربەی کاتەکاندا، ئەوە ئاکامی دواییی حکوومەتی ئیسلامییە، کە زۆرتر وەک کاتالیزاتۆر، بۆ بڵاوکردنەوەی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتری کتێبە دریژە مێژوویییەکان، نەخشی هەیە. هەر لەبەر ئەوەشە کە ڕوانگە و پێرسپێکتیڤی کوردی، بۆ تێگەیشتنی ئێمە لە هۆکار وئاکامەکانی شۆڕش، زۆر گرینگ و پڕ بایەخن.

سەرچاوەکان

See A. Amanat, Iran: A Modern History (New Haven, London: Yale University Press, 2017), pp. 1–29; E. Yarshater, Hekmate Tamadoni [Civilisational Wisdom: Ehsan Yarshater’s Selected Works] (Toronto: Iran Namag, 2016).

A case in point regarding this is Hamid Dabashi’s ‘cosmopolitan’ approach to Iran, and his concept of ‘cultural modernity’, which are absolutely devoid of any non-Persian factors. H. Dabashi, Iran: A People Interrupted (New York: New Press, 2007), p. 59 and p. 135.

  1. M. Gunter, The Kurds: A Modern History (Princeton: Markus Wiener Publisher, 2016), Ch. 5; D. McDowall, A Modern History of the Kurds (London: I. B. Tauris, 1996), Ch. 13. Abbas Vali has recently published a study on the course of Kurdish nationalism since the Kurdistan Republic of 1946. Despite useful analysis, the book chooses not to engage with social change and transformation and the political situation during the Revolution in depth. See A. Vali, The Forgotten Years of Kurdish Nationalism in Iran (Switzerland: Palgrave, 2019).

See I. Papp e, The Modern Middle East (New York: Routledge, 2005), pp. 1–13; Z. Lockman, The Contending Vision of the Middle East: The History and Politics of Orientalism, 2nd ed. (USA: Cambridge University Press, 2010), pp. 134–38; A. Escobar, Encountering Development: The Making and Unmaking of the Third World (Princeton: Princeton University Press, 1995); R. Bendix, Tradition and Modern Reconsidered in Reinhard Bendix (ed. ), Embattled Reason (Piscataway, NJ: Transaction, Inc. , 1988).

In addition to well-known studies on nationalism, for example, by Benedict Anderson (2006), Anthony Smith (1991), Ernest Gellner (1997), and Eric Hobsbawm (1983), new perspectives on the subject include R. Brubaker, Nationalism Reframed: Nationhood and the National Question in the New Europe (Cambridge: Cambridge University Press, 1996); and A. Wimmer and N. G. Schiller, ’Methodological Nationalism, the Social Sciences, and the Study of Migration: An Essay in Historical Epistemology’, The International Migration Review Vol. 37, No. 3 (2003), which provide a critique of methodological nationalism in social sciences. On modern nation-state and homogenisation see A. Wimmer, Nationalist Exclusion and Ethnic Conflict: Shadows of Modernity (Cambridge: Cambridge University Press, 2002); H. Rae, State Identities and the Homogenisation of Peoples (Cambridge: Cambridge University Press, 2002).

  1. Thompson, Ideology and Modern Culture: Critical Social Theory in the Era of Mass Communication (UK: Polity Press, 1990), p. 11.

See P. Bourdieu, Language and Symbolic Power (Cambridge: Polity Press, 1991), Ch. 7.

See R. Williams, From Base and Superstructure in Marxist Cultural Theory in Kiernan Ryan (ed. ), New Historicism and Cultural Materialism: A Reader (London: Arnold, 1996), p. 23 and pp. 40–41. Bourdieu’s concept of cultural capital is also useful for understanding its intensifying production and unequal distribution if the era in question. For this see P. Bourdieu, The Forms of Capital in John G. Richardson (ed. ), Handbook of Theory and Research for the Sociology of Education (London: Greenwood Press, 1986).

On nativism in Iran, see A. Mirsepassi, Political Islam, Iran, and the Enlightenment (Cambridge: Cambridge University Press, 2011); M. Boroujerdi, Iranian Intellectuals and the West: The Tormented Triumph of Nativism (Syracuse: Syracuse University Press, 1996).

See R. Barahani, Tarikhe Mozakkar [Masculine History] (Tehran: Nashre Awwal, 1984).

See A. Behrangi (ed. ), Majmu’e Assare Samad Behrangi [An Anthology] (Tabriz: Behrangi, 1382 [2005]).

See R. Connell, Gender: In World Perspective (Cambridge: Polity, 2009); J. W. Scott, Gender: A Useful Category of Historical Analysis in Sue Morgan (ed. ), The Feminist History Reader (New York: Routledge, 2006).

See R. J. Evans, In Defence of History (London: Granta Book, 1997), pp. 135–36; J. Tosh, The Pursuit of History, 4th ed. (Harlow: Pearson, 2006), pp. 149–50.

  1. Abrahamian, Iran Between Two Revolutions (Princeton: Princeton University Press, 1982); A. Amanat, Iran: A Modern History (New Haven, London: Yale University Press, 2017); S. A. Arjomand, The Turban for the Crown: The Islamic Revolution in Iran (Oxford: Oxford University Press, 1988); N. R. Keddie, Modern Iran: Roots and Results of Revolution (New Haven: Yale University Press, 2003).

Koselleck, Historical Criteria of the Modern Concept of Revolution in Futures Past: On the Semantics of Historical Time (Cambridge, Mass. : MIT Press, 1985), p. 10.

See Arjomand, The Turban for the Crown, Ch. 5; I. -A. Sahabi, Nim Qarn Khaterah va Tajrubeh [Half a Century Memoirs and Experiences], Vol. 1 (Tehran: Farhange Saba Publication, 2009); S. Zubaida, Islam, the People and the State: Political Ideas and Movements in the Middle East (New York: I. B. Tauris, 2009), Ch. 2.

See R. Service, Lenin: A Biography (London: Pan Books, 2000), pp. 9–10 and 277–8.

Parsons, The Pride and The Fall: Iran 1974-1979 (London: Cape, 1984); W. H. Sullivan, Mission to Iran (USA: W. W. Norton and Company, 1981). For a recent analysis of US policy in Iran, see C. Emery, US Foreign Policy and the Iranian Revolution: The Cold War Dynamics of Engagement and Strategic Alliance (Basingstoke, Hampshire: Palgrave Macmillan, 2013).

Forgacs (ed. ), The Gramsci Reader: Selected Writings 1916-1935 (New York: New York University Press, 2000).

  1. Abrahamian, ’The Crowd in the Iranian Revolution’, Radical History Review Vol. , No. 105 (2009), p. 31.

See Amanat, Iran, Ch. 15.

Cabi, ’Abbas Amanat, Iran: A Modern History’, Kurdish Studies Journal Vol 7, No. 1 (2019), pp. 106–10.

This has been discussed in detail in M. Cabi, ’The Impact of The Modernisation of Iran on Kurdish Society: Modernity, Modernisation and Social Change (1920-1979)’ (PhD thesis, University of St Andrews, 2019).

. Unlike the vague and static term ‘Kurdish nationalism’, Kurdayeti is employed here in order to simultaneously recognise political and cultural rights, and to criticise the ideology of nationalism as such.

On modern Kurdish poetry see F. Ghaderi, ’The Emergence of Modern Kurdish Poetry’ (PhD thesis, University of Exeter, 2015); A. Vali (ed. ), Essays on the Origins of Kurdish Nationalism (California: Mazda Publishers, 2003). For modern historiography cf. M. Mardukh, Mezhui Kurd wa Kurdistan [The History of Kurd and Kurdistan] (Hawler: Rozhhalat Press, 2011); H. Huzni, Sarjami Barhami Hussein Huzni [Collected Works], ed. Badran Ahmad habib, 2 vols. (Kurdistan: Aras, 2011); M. A. Zaki, Khulasayah-i t arikh-i Kurd u Kurdistan [A Brief History of Kurd and Kurdistan] (Baghdad: Dar ul-salam, 1931)

See K. Mofid, Development Planning in Iran: from Monarchy to Islamic Republic (England: MENS Press, 1987); J. Bharier, Economic Development in Iran 1900-1970 (Oxford: Oxford University Press, 1971)

See E. Aubin, Iran Emrouz 1907-1908 [Iran Today] (Iran: Zawarm 1985); K. Hesami, Le Bireweriekanim [From My Memoirs], Vol. 1 (Uppsala: Jina Nu Forlaget, 1986), p. 83.

See R. Helmi, Yaddasht [Notes] (Iraq: Roshinbiri Lawan, 1988); M. A. Sheikholeslami-Hemin, Tarik w Roon [Dark and Light] (n. p: n. p, 1970); Mofid, Development Planning in Iran.

See Kaveh, Year 1 (1916), No. 29 and 30, pp. 8–9.

On modern schools see R. A. Sharzayi (ed. ), Asnade Baharestan: Gozideye Asnadi az Waqaye’ Mashroote dar Kordestan wa Kermanshahan [Baharestan Documents: Reports On the Constitutional Events in Kurdistan and Kermansha], Vol. 1 (Tehran: Library of Islamic Consultative Assembly, 2007). An item of correspondence from the Kurdish region of May 1911 (document 49) addressed to the Majlis complains about the ‘bad intentions’ of some powerful individuals, and demands the reopening of Ma‘refat (educational) school which had been functioning for the previous three years. For more on such organisation, see Mardukh, Mezhui Kurd, p. 483.

See L. I. Meho and K. L. Maglaughlin, Kurdish Culture and Society: an Annotated Bibliograph (Westport: Greenwood Press, 2001); M. V. Bruinessen, Agha, Shaikh and State: The Social and Political History of Kurdistan (London: Zed Books, 1992).

See W. Eagleton, The Kurdish Republic of 1946 (London: Oxford University Press, 1963).

See Sheikholeslami-Hemin, Tarik w Run; A. Sharafkandi-Hazhar, Cheshti Mijawir [A Mosque Servant’s Stew] (Iraq: Kitebi Mehregan, 2007). On the reign of Reza Shah see S. Cronin (ed. ), The Making of Modern Iran: State and Society Under Reza Shah, 1921-1941 (London: Routledge, 2003).

During the next two decades, many faced forced exile or prolonged periods of incarceration; political activity went underground. At the end of the 1950s, more than 500 activists were rounded up by Iran’s security forces. For more on this see M. Khezri, Laparayek la Tekoshan w Julanaway Salakani 42-47 Hezbi Dimukrati Kurdistan [A Page from the Struggle and Movement of the Democratic Party of Kurdistan (1963-68)] (Sweden: n. p. , 2003), pp. 13 and 26.

See F. Azimi, Iran: The Crisis of Democracy, 1941-1953 (London: I. B. Tauris, 1989); E. Abrahamian, The Coup: 1953, The CIA, And the Roots of Modern U. S. -Iranian Relations (New York: The New Press, 2015).

Iranian Government Document, Financing Land Reform, (1967), 1.

. R. Afkhami, The Life and Times of the Shah (California: University of California Press, 2006); A. M. Ansari, ‘The Myth of the White Revolution’ in Ali M. Ansari (ed. ), Politics of Modern Iran (London: Routledge, 2001); Abrahamian, Iran Between Two Revolutions; Amanat, Iran.

See A. Ebtehaj, Khaterate Abulhasane Ebtehaj [Ebtehaj’s Memoirs], Vol. 1 (London: Paka Print, 1991), pp. 375–76.

See Afkhami, The Shah

  1. Pahlavi, Be Sooye Tamadone Bozorg [Towards A Great Civilisation] (Tehran: Pahalvi Library, 1977), p. 4.

See J. Amuzegar, Iran: An Economic Profile (Washington D. C. : Middle East Institue, 1977).

For these statistics see A. H. Sajjadi, Pishineye Amuzesh wa Parvaresh dar Kurdistan (1320-1357) [The History of Education in Kurdistan (1941-1957)], Vol. 2 & 3 (Sanandaj: Kurdistan Publications, 2004), pp. 343 and 346.

See A. K. S. Lambton, Landlord and Peasant in Persia (London: I. B. Tauris, 1991); B. Mo’meni, Mas’alaye Arzi wa Jange Tabaqati dar Iran [The Land Question and Class Struggle in Iran] (Tehran: Payvand, 1979); A. H. Danesh, ’Land Reform, State Policy, And Social Change In Iran’, Urban Anthropology and Studies of Cultural Systems and World Economic Development Vol. 21, No. 2 (1992); S. Ra’naiy, ’Barresiye Ejraiye Eslahate Arzi wa Payamadhaye an dar Ostane Kordestan’ [Land Reform in the Kurdistan Province and Its Consequences] (PhD thesis, University of Shahid Beheshti, 2017).

See M. Afkhami, Zanan, Dowlat va jame’e dar Iran: 1941-1978 [Women, State, and Society in Iran] (Maryland: Foundation for Iranian Studies, 2003).

See Amuzesh va Parvaresh, Vol. 37, Nos. 7 and 8 (1346 [1967]), p. 116.

See M. A. Faghih, ’BEHDAR I’, [maintaining health] in Encyclopaedia Iranica, IV/1, 100-04, available online at http://www.iranicaonline.org/articles/behdari, accessed on 30 December 2012; A. Moarefi, ’BEHD ASTBARA-YE HAMA’, [Health for All] in Encyclopaedia Iranica, http://www.iranicaonline.org/articles/behdast-bara-ye-hama, accessed 2 August 2017.

Zubaida, Islam, the People and the State, pp. 64–82.

See Amuzesh va Parvaresh, Vol. 33, No. 1, Esfand 1341 [Feb. -Mar. 1963], p. 10.

For the definition and meaning of cultural capital see Bourdieu, The Forms of Capital.

Plan and Budget Organisation, Statistical Yearbook of Iran 1352 [March 1973 – March 1974], (Iran: Statistical Centre of Iran, 1975), 141–45.

Amanat, Iran, p. 684. For foreign and domestic movies and TV series see also H. Nafisi, Cinema As A Political Instrument in Ali M. Ansari (ed. ), Politics of Modern Iran (New York: Routledge, 2011).

Plan and Budget Organisation, Statistical Yearbook of Iran 1352 [March 1973–March 1974]

See S. Ilkhanizada, Shangaswar: Sarjam Barhamakani Swara Ilkhanizada [The Charming Rider: Siwara’s Collected Work] (Slemani: Khazalnoos, 2014).

See Amanat, Iran, pp. 663–700

See Khezri, Laparayek; S. i. K. Kwestani, Awerrek la Basarhati Khom [Looking Back on My Life] (1996), Available at http://said.kurdland.com in PDF format, accessed on 23 May 2018.

Shorresh and Raparin (uprising) are semantic renderings of ‘revolution’ in Kurdish.

Khezri, Laparayek, p. 129.

On the uprising see A. Hassanpour, ’Raparini Verzerani Mukriyan 1952-1953’, [The Mukriyan Peasant Uprising], Derwaze, Kurdish Journal of Social and Human Sciences Vol. , No. 1 (2017).

On Third-Worldist ideologies see V. Prashad, The Darker Nations: A People’s History of the Third World (London: The New Press, 2007).

Ahmadzadeh, Mobareze Mosalahane: Ham Estrategy va ham Taktik [Armed Struggle As Both Strategy And Tactic] (1970), Available at http://www.iran-archive.com/sites/default/files/sanad/cherikha_ta_1357-mobarezeh_ masud.pdf, accessed 25 September 2019.

See B. Sa’idi, Penj Sal Lagal Abdulla Muhtadi [Five Years with Abdulla Mohtadi] (Sulaymaniya: n. p. , 2010); B. Sa’idi, Khabat Baraw Sarkawtin: Didarek Lagal Ebrahim ’Alizada [Struggle Towards Victory: A Meeting with Ebrahim Alizadeh] (Kurdistan: Komala Central Committee Publication, 2012).

It should be noted that, especially since the 1920s, all such journals were also engaged in a process of linguistic simplification and purification, and promoted the Persian language as the national and official language of Iran.

Barahani, Tarikhe Mozakkar, p. 106.

Mirsepassi, Political Islam, Iran, and the Enlightenment.

Hesami, Khaterate Karim Hesami [Karim Hesami’s Memoirs] (Sweden: Arzan, 2011).

Halliday, Revolution and World Politics: The Rise and Fall of the Sixth Great Power (London: Macmillan Press, 1999), p. 12.

Quoted in Amanat, Iran, p. 706.

Ibid.

See Ansari, The Myth of the White Revolution.

Bluri and M. Hassankhali, Sharri Nawrozi Khwenawi Sina 1358 [The Bloody Nawroz War in Sina] (n. p. : n. p. , 2004.

See Keyhan, 16 January 1979.

See A. Muftizadeh, Hokumat-e Eslami [Islamic Government] (Sanandaj: Shuray-e Modiryat-e Maktab-e Qoran, 1979). These lectures are published by the Managing Council of the Quranic School (publisher) online, available at file:///C:/Users/Marouf/Documents/Moftizada/ .

Komala and the KDIP officially declared their existence in February. See Keyhan,9Esfand 57 [28 February 1979]; Printed in Keyhan, 30Dey 1357 [20 January 1979], p. 2. A KDIP announcement responded to widespread rumours of conspiracy and foreign invasion via Kurdistan, and of the area’s secession from Iran, by emphasising on achieving Kurdish rights ‘only within a free Iran’. Komala’s public declaration was prompted by the death of one of its founders Muhammad Hussain Karimi. He was fatally wounded while leading an unarmed crowd which marched on Saqqez’s Police Station on the evening of 12 February.

Keyhan, 9 May 1979, p. 7.

Another factor was religious loyalty. Particularly in the southern areas, the Kurdish movement did not attract the commitment of the Shi ( a Kurds at least on a large scale. For a study on this, see G. M. Tezc€ur and P. Asadzade, ’Ethnic Nationalism Versus Religious Loyalty: The Case of Kurds in Iran’, Nations and Nationalism Vol. 25, No. 2 (2019).

Bluri and Hassan Khali, The Nawroz, p. 8.

See Ettela’at and Keyhan, 19 March 1979.

See Keyhan, 27 February 1979, p. 8.

See Keyhan, 28 February 1979, p. 3.

Ettela’at and Keyhan since January 1979 throughout the year.

A list of civilian casualties is provided in Bluri and Hassan Khali, The Nawroz, pp. 97-100. Kurdish political parties and prominent figures condemned the violence in Sina. See ibid. , pp. 85-92; Etella’at, 28Esfand 1357 [19 March 1979].

Bluri and Hassan Khali, The Nawroz, p. 11.

See Keyhan, 26 March, p. 6. The special envoys of the government included the Home Secretary, Ebrahim Yunesi, and Sayyed Jawadi. See Keyhan,6Farvardin 1358 [26 March 1979].

Keyhan, 20 March 1979, in Bluri and Hassan Khali, The Nawroz, p. 14.

See also Ettela’at, 29 March 1357 [20 March 1979], in ibid. , p. 19.

Bluri and Hassankhali, Sharri Nawroz, p. 96

These demands included autonomy within Iran, federalism, a national assembly, and a demand for a labour law including a minimum wage.

For the war in Naqada see Keyhan, 1-4 Ordibehesht 1358 [21-24 April 1979], and see Hesami, Khaterat, pp. 162-69.

  1. ’Abedini, Sad Sal Dastan Newisi dar Iran [One Hundred Years of Story-Writing in Iran] (Tehran: Nashre Cheshme, 1998), p. 765.

, p. 770.

, p. 68.

See P. Freire, Amuzeshe Stamdidegan [The Pedagogy of the Oppressed], trans. Ahmad Bireshk and Seifolla Dad (Tehran: Sepehr, 1979).

Keyhan, 27 March 1979, p. 3.

See Keyhan 22 July 1979.

See Chamran’s interview in Keyhan, 19 November 1979.

See Keyhan 26 March 1979, p. 1.

There are as yet no noteworthy studies on Hussaini. For the life of Muftizada see A. Ezzatyar, The Last Mufti of Iranian Kurdistan: Ethnic and Religious Implications in the Greater Middle East (New York: Palgrave, 2016); and for a critique of The Last Mufti, see forthcoming article M. Cabi, ‘The Last Mufti of Iranian Kurdistan and Its Revision of Kurdish History’, Journal of Ethnic and Cultural Studies 2019, Vol. 6, No. 3, pp. 1–12.

Sazeman-e Ettelaat Va Amniyat-e Keshvar or the Organisation for Security and Intelligence.

MustafaSultani et al. , Kak Foad Mostafa Soltani (Polen, Stettin: Print Group, 2017).

See F. Engels, The Origins of the Family, Private Property and the State (London: Penguin Books, 2010).

See G. Qubadi, Shaqayeqha bar Sanglakh: Zendegi wa Zamaneye Yek Zane Kord az Kordestane Iran [Poppies on Rocks: The Life and Times of a Kurdish Woman from Iran] (2015).

See Komala, Toteeie Jangafruzaneie Heiate Hakemeie Ertejaee Iran wa Eraq [The Conspiracy of the Reactionary Rulers of Iran and Iraq for War], (1980).

See Vali, Forgotten Years, Ch. 7.

Hesami, Khaterat, p. 129.

, p. 126.

On the earlier days of Ghassemlou, see Vali, Forgotten Years, pp. 50–60.

See G. Blurian, Alakok (in Persian) (Tehran: Farhange Rasa, 1384 [2005]).

  1. R. Ghassemlou, Kurdistan and the Kurds (Czechoslovakia: Academy of Sciences, 1965), p. 255.

Hesami, Khaterat, pp. 121–23.

  1. R. Ghassemlou, Kurta Basek la sar Sosializm [A Brief Discussion on Socialism] (1983).

Hesami, Khaterat, p. 127.

, p. 126.

Keyhan, 19 August 1979.

See Jamiyate Azadi, Haqayeqi az Towtehe from Paveh ta Mahabad [Some Truths on the Conspiracy from Paveh to Mahabad], (1979); and Ettela’at, 12 August 1979, quoted in the former, p. 5.

Ettela’at, 21 August 1979, quoted in ibid. , p. 17.

Jamyiate Azadi, Haqayeqi az Towtehe, p. 20. This source includes the names of all of those executed by Khalkhali in Pava and other cities. Also see ibid. , pp. 18–19; and Ettela’at, 23 September 1979 for more information.

See ibid. , pp. 22-24; and Keyhan and Ettela’at.

Amanat, Iran, pp. 779–81; Arjomand, The Turban for the Crown, p. 143.

Borujerdi, Poshte Pardehaye Enqelab: Eterafate Yek Pasdar [Behind the Curtains of the Revolution: Confessions of a Pasdar] (Germany: Farhange Iran, 2002), pp. 258–60.

See ibid. , p. 276; Hesami, Khaterat, p. 178; Ketab-e Jom‘e, No. 20, 1979, p. 4. ; Borujerdi, Poshte Pardehaye Enqelab.

See Komala, Khabarnama [Newsletter], No. 118 (22 March 1980).

See Haqayeqi az Towtehe, p. 8.

On the situation in Kurdistan, see Bluri and Hassankhali, Sharri Nawroz.

See ‘The first announcement of the government’s special envoy to Kurdistan’, inKeyhan, 30 October 1979.

See Keyhan, 18 November 1979.

See Komala, Khale Selahe Rezgari [On Disarming Rezgari], (1980).

Keyhan, 2 September 1979.

See Keyhan, 31 March 1979.

Ibid.

Arjomand, The Turban for the Crown, p. 143.

See D. Menashri, Iran: A Decade of War and Revolution (New York: Holmes & Meier Publishers, 1990), pp. 192–98.

‘Banisadr announces the principles of the Cultural Revolution’, Keyhan, 2 Ordibehesht 1359 [22 April 1980].

Keyhan, 22 April 1980, second print, p. 1.

S See Keyhan, 20 April 1980. ee Keyhan, 22 April 1980, second print, p. 10.

See Keyhan, 20 April 1980.

Keyhan, 20 April, p. 3.

Keyhan, 3 April 1980, p. 7.

Dozens of families, whose members had joined peshmarga units, were sent into exile from different Kurdish cities to other parts of Iran. For example, 27 families were banished from the city of Saqqez to the outskirts of Fulad Shahr in the vicinity of Isfahan in March 1981. The families were kept in a makeshift camp for four years. See M. Cabi, Dashti Dareh [The Dareh Fields] (Sulaimaniya: Kurdistan, 2013).

See Amanat, Iran, pp. 862–63.

See Ezzatyar, The Last Muft

بۆ داگرتن بە شێوەی فایلی PDF, کلیک لێرە بکە

وەگیراو لە گۆڤاری تیشک

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی