"an independent online kurdish website

لە ژیانمدا گەلێک برینی تەشەناکردوو و ناسۆرم چێشتووە، زۆر شەو و ڕۆژان لە قوژبنێک بە زگی برسی و تەنیایی ماویتمەوە، بێکەس و ماڵ بەکۆڵ، بێ دەستەڵات و غەریب و غەوارە تەنانەت لەخۆم،

هیچ کەس نەبووە پەنای بۆ بەرم و ئازار و ژانم ساڕێژ بکاتەوە و کوڵی دڵمی بۆ هەڵڕێژم، باوەشێک نەبوو لەخۆم بگرێ و پڕبەئامێزی ڕێکم کوشی و خۆشەویستییەکی دلۆڤانەی هەبێ، هیچ کەس پەنای نەدام، پێکەنین و خۆشی و سەیران و ڕابواردن و گەڕان هەتا دەنێوکەوتم خەیاڵێک بوو کە هەر شەوانە بە زگی برسی لە خەوما دەمدیت. ڕەنگبێ زۆر کەس ئەمە بە گومانەوە بخوێنێتەوە و بە گەمە و قومار پێدان و گاڵتە و ڕانان و چیرۆک وەرگرن، مرۆڤەکان هەتا ئەزموون نەکەن باوەڕ ناکەن و تێناگەن.

ئەو ڕۆژ سێ چوارپێ(سەگ) لە دەشتی گەرمێن لە دۆخێکی پیس بەهانامەوە هاتن و لەباوەشیان گرتم و بەبەزەوە داڵدەیان دام، ڕوانینم بۆ هەرچی ئاژەڵ و گیاندارە گۆڕا و پلەیان لای من لە زۆر بەناو مرۆڤ بەرزتر بۆوە و هەتا ماوم بە ڕوانینێکی تایبەت و پڕ لە ڕێز دەڕوانمە هەرچی ئاژەڵ و زیندەوەرە.

ئەو نووسراوەیەی سادق هیدایەت کە یەک لە بلیمەتەکانی قەومی فارسە، گەلێک جوان و ناوازەیە. ئەگەرچی سادق هیدایەت بە جۆرێک بە باوکی چیرۆک نووسی ناسراوە بەڵام لەهەمان کاتدا ڕووناکبیرێکی مەزنیش بووە، هەڵبەت بۆ منی کورد بە گۆشەنیگایەکی دیکە جیاوازە، بەو مانایە ئەو تاقمەی هیدایەت و محەممەد عەلی جەماڵزادە و سادقی چووبەک، بوزورگی عەلەوی و … لەگەڵ هەموو خزمەتەکانیان بۆ ناوەندەگەراکان، ئێرانچی بوون و لە نووسراوەکانیاندا خەتیان خوار دەکرد و باوەڕی تەواویان بە “نەتەوەی ئیرانی” و ناسیونالیزمی چەواشەکار و نەبووی ئێرانییەوە هەبوو کە ئەمە بۆ من قبووڵ کراو نەبووە و نییە. جیا لەمە ئەم دەقەی هیدایەت کە دەمێکە خوێندووتمەوە و تەنانەت بۆسەر زۆر زمانی دیکەش وەرگێڕدراویتەوە(بە کوردیشەوە)، هەرنەبێ بۆ جارێکی دیکە با ئەو بیرۆکە پیرۆزە بخاتە مێشکی ئێمەمانان و بە چاوێکی دیکەوە و بە ڕوانینێکی ئاوەڵاترەوە بڕوانینە مافی ئاژەڵان و پرسی پاراستنی گیانلەبەران.

هیوادارم توانیبم خزمەتێکم بە مافی ئاژەڵان کردبێ و ئەو بەشە لەو مرۆڤانەی کەهەتا ئێستاش لە نیشتمانەکەم ڕاوچین و ئاژەڵانی کێوی بەناحەق دەکوژن، لەسەر باوەڕی پاشکەوتوو و بە پاساوی سەقەت و نەشیاو ئازار و ئەشکەنجەی ئاژەڵانی دیکە دەدەن و لێیاندەدەن و بێ ڕێزیان پیدەکەن، واز بێنن و بگەنە ئەو قەناعەتە کە، ئەوانیش وەک ئێمە خولقاون بۆ ژیانێکی سەربەست و ئازاد. لە کۆتاییدا سپاسی کاک بیژەن قارەمانی بەڕێز دەکەم کە زەحمەتی کێشاو و پێشەکییەکی پوخت و پاراوی بۆ نووسی هەروەها وەک هەمیشە دەستی ئەمەگی کاک مراد بەهرامیان دەگوشم بۆ دیزاین، پێداچوونەوە و هەموو زەحمەتەکانی.

پێشکەش بە سەرجەم ژینگەپارێزان و ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی ئاژەڵان لە کوردستان و جیهان.

بۆ داگرتن تکایە ئێرە کلیک بکەن PDF

سەلیم حەقیقی

ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی – زستانی ٢٠٢٢ی زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی