"an independent online kurdish website

لە کاناڵێکی تەلەویزیۆنیدا، کە تەنیا تایبەت بە زمانی کوردییە و لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردەوە بۆ پاراستن و پەرەدان بە زمانی کوردی(!) کراوەتەوە، چەند پسپۆڕێک خەریکی دەمەتەقە و لێکدانەوەن.

لە دەسپێکدا باس لەو زمان و شێوەزارانە دەکەن کە مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە و بە شێوەیەک لە شێوەکان گرێی دەدەنەوە بە زمانی کوردییەوە. لە درێژەی باسەکەیاندا دەپەرژێنە سەر مژاری کردنەوەی پۆلی فێرکاریی زمانی کوردی لەلایەن چالاکانی نێوخۆ لە خۆرهەڵاتی نیشتمانەوە. لە گەرمیی باسەکەی ئەواندا، پرسیارێک برووسکەئاسا و لەپڕ بیرم بە خۆیەوە خەریک دەکات و بە یەکجاری لە باسەکەیان دامدەبڕێت: ئەگەر ئێستا ڕۆژنامەوانێک بەهەڵکەوت یان بەپێی پلان، ڕێگای بکەوێتە خۆرهەڵاتی کوردستان، چ دەبینێت و چ هەڵسەنگاندنێک بۆ دۆخی ئەو بەشە لە نیشتمان دەکات؟

پاش نەختێک بیرکردنەوە، بەسەرسووڕمانەوە و لەبەر خۆمەوە دەڵێم: چ پرسیارێکی سەخت و دژوارە! لەم چاخی بەرژەوەندیخوازییەدا ڕۆژنامەوان چیی لە خۆرهەڵات داوە؟ ئەگەر وا نەبوایە، خۆرهەڵات لە ژێر باری ئازاردا و لە بێدەنگیی جیهاندا ون نەدەبوو! لە ئیمپراتۆریی چینی مەزن بگەڕێتەوە، ئێران پلەی باڵای لە هەڵواسین و لەسێدارەداندا هەیە و ژمارەی هەرە زۆری ئەو لەداردراوانەش ڕۆڵەی کوردن، کەچی ڕۆژنامەوانێک بە ئەرکی خۆی نەزانی بوێرێ سەرێک بکێشێتە چین یان ئەو ئێرانە وێرانەیە و بزانێ ئەو خەڵکە بۆ دەگیردرێن و هۆی ئەو ئیعدامانەی کوردستان یان وڵاتی چین، چین؟

ئێستا با وای دابنێین ڕۆژنامەوانێک، بەهۆی گێڕانەوەی چیرۆکی چەند کوردێکەوە، خوێنی بەزەیی لە شاڕەگەکانی جەستەیدا دێتە جۆش و سۆز دەدا دڵسۆزی دۆزی کورد بێ و ئەو سۆزەشی بە سەرکێشی لە خۆرهەڵات پتر بسەلمێنێ.

ڕۆژنامەوان نە کۆڵبەرێکە کە لە دیوی نەبینراوی کامێرای کەژخەوێنی هێزەکانی ئێرانەوە خۆی بکات بە خۆرهەڵاتدا و نە ڕێگای پێ دەدرێ بەنافەرمی (!) سەردانی ئەوێ بکات. ئەو دەبێ لە ڕێگای فەرمی و لە تارانەوە (!) بچێتە ژوورەوە. ئێستا من و تۆ نە ئەو ڕۆژنامەوانەین و نە لە نێوخۆی وڵاتیشین کە بتوانین بەڕوونی و دڵنیاییەوە وەڵامی ڕاست و دروستی ئەو پرسیارەی سەرەوە بدەینەوە (هەرچەند دڵنیام خەڵکی ناوخۆش ئەم نووسراوانە دەخوێننەوە). با وای دابنێین کە ڕۆژنامەوانی جێی باس، بە تکا و لاڵە و بە پاڕانەوەی دۆستەکانی لە ناوخۆ و لە دوای ئەوەی کە بەڵێنی لێ وەردەگرن کە لەسەر ئاژاوەی خەڵک! (لە ڕاستیدا ناڕەزایەتییەکانی خەڵک) شتێک نەنووسێت، هێڵاننامە یان «مجەوز»ی بۆ دەردەکەن و لە ترمیناڵی تاران سواری پاسی (تی بی تی) دەبێ و گەشتەکەی بەرەو خۆرهەڵاتی کوردستان دەست پێدەکات. وەک دەزانین، کونجکۆڵی و وردبینی تایبەتمەندیی ڕۆژنامەوانە.  ئەم ڕۆژنامەوانەش لەو تایبەتمەندییانە بێبەش نییە و ناشبێ بێبەش بێ. ئەمیش، وەک هەر ڕۆژنامەوانێکی تر، مرۆڤێکی کونجکۆڵ و وردبینە. پاش بڕینی ڕێگایەکی دوور و درێژ و دوای چەندین ڕۆژ، سەرەنجام دەگاتە سنووری ناوەوەی خۆرهەڵاتی کوردستان. ڕۆژنامەوانەکە نە منم نە تۆ، نەک هەر ئەوە، بگرە هەر وەک گوترا، کوردیش نییە! کەچی وەک کوردێک و وەک کەسێک دەیان ساڵ بێت لەو هەرێمە ژیابێت، دیمەنەکان دەناسێتەوە و هیچ بۆی نامۆ نین. ڕاست ئەو وێنانەن کە بەر لە سەردانی، لەلایەن هاوڕێ و دۆستە کوردەکانییەوە بۆی کێشراون و ئەم بە زەینی خۆی سپاردوون:

خۆرهەڵات، وڵاتێکی دیکەیە و جیاوازترە لەو شوێنانەی لە تارانەوە تا دەگاتە سەر سنوورەکانی، بینیونی. وەسفی ئەم وڵاتە لە بەر چاوە. وڵاتێکی نەڕووخاو بەڵام بێ گەشە و هەڵدان! وڵاتێکی دەوڵەمەند بەڵام سامان بە تاڵان براو. وڵاتێکی بێ ڕەونەق، وڵاتێکی هەژار! هێندە هەژار کە نەکرێ لەگەڵ ئەو شارانەی سەر ڕێ بەراورد بکرێ؛ نە لەگەڵ تاران بەراورد دەکرێ و نە لەتەکی قەزوێن و نە لەگەڵ هەمەداندا. ئەو لەگەڵ وەرگێڕەکەیدا و بە دزیی چاوی دەسەڵاتدارانەوە لەو ماوە کورتەدا لەو شارانەی سەر ڕێگا مابووەوە و کونجکۆڵانە سەردانی دەڤەرە پیشەسازییەکانی کردبوون و فاکتەری بەراوردکاریی خۆرهەڵاتی لەگەڵ ئەو شارانەدا وەدەست هێنابوو. ئەوەی لە یەکەم نیگادا بۆی دەرکەوتبوو، لە گەڕانەوەیدا بۆ وڵاتی خۆی، وەک کاکڵی گەشتەکەی، وەهای دەربڕین:

– کوردستان بەشێک لە ئێران نەدەبوو، ئەگەر خاوەنی نەوت نەبووایە! ئەگەر زێڕ و کانی ژێرزەویی دیکەی لە دڵی خۆیدا نەشاردبایەوە! ئەگەر بۆ ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی قوم و تاران و … دابینکەری هێزی کاری هەرزان نەبووایە! سەرەنجام، کوردستان بە بەشێک لە ئێران دانەدەنرا ئەگەر مەیل و چاوەڕوانیی ئەوەیان لێ نەکردبا لە پرۆسەی «ئاسیمیلاسیۆن»دا بتوێتەوە و بفارسێنرێ.

لە کۆتاییدا نووسیبووی:

پرۆسەی ئاسیمیلاسیۆن بەچڕی بەردەوامە. ئەوەی خەونی ئاسیمیلە و تواندنەوەکەیان دوا دەخات تێکۆشان و لەخۆبردوویی تێکۆشەرانی نێوخۆ و کاریگەریی بەرخۆدانێکە کە لە بەرزایی شاخەکانەوە جاروبار بە شنەی شەماڵ پرچی شار و کاکۆڵی گوند شانە دەکات.

١٧-٠٢-٢٠٢٢

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی