"an independent online kurdish website

مرۆڤەکان لە زاتی خۆیاندا جیاوازن هەرکامبرایم ەیان خاوەنی بیرو باوەڕو بۆچون و حەز و ویست و ئیدە و ئایینی تایبەت بە خۆیانن.

 ئەگەر هەرکامەیان بەپێی حەز و ئیرادە و ئیدە یان ئایینی خۆیان بیانەوێ ژیان بەڕێوە بەرن بێگومان تووشی تێک گیران و کێشە و ناتەبایی و شەڕ و ململانە دەبن و دنیا لەوەش ئـاڵۆزتـر دەبێ کە هەیە ! نمونەکەشیمان لە بەرچاوە ئەگەر خۆی لێ لانەدەین . ئەوە دەردێکە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی تووشی ئەو ئاڵۆزی و قەیرانانە کردوە. بەڵام لـە هەمان کاتدا خاڵی هاوبـەشی بـەهێزمان هەن وەک :هـەمومان مرۆڤین و مرۆڤەکانیش لەو بوارەدا ماف وئەرکی وەک یەکیان هەیە نە کەمترونەزیاتر. ئێمەی کوردیش جیا لە مرۆڤ بونمان هەمومان یەک نیشتمان ، یەک زمان، یەک فەرهەنگ وکلتورو داب نەریتمان هـەیـە و دوژمنەکەشمان یـەکە. بـۆ هەمومان ئازادی و سەربەستی پیویستیەکی حەیاتیە. بـۆیـە دەبێ و ئەگەر بمانەوێێ دەشتوانین لەسەر ئەوخاڵە هاوبەشانە یەک بگرین وکار بۆدابەزاندنیان بکەین. تەنیا دنیای ئازادە ڕێگای دیاریکردنی ئیدەو ئایینمان پێدەدا.

ژیان وئازادی مافی هەمو مرۆڤەکانە. دنیای بە بێی ئازادی ناخۆشترین زیندانە. ژیان لە ژێرچەپۆکەیی وچاولەدەستیدا نـەک هەرسەر شۆڕی بەڵکو پەستترین و تاڵترین ژیانە. لە ڕاستیدا جیاوازی ئامانج هۆی یەک نەگرتوییمانە. ئازادی ڕێگەمان پێدەدا هەر کەس ئیدەو ئایینی خۆی هەبێ ،ئەوە مافی هەمومانـە . هۆی یەک نەگرتنمان ئەوەیە کە تا ئێستا ساغ نەبـوینەوە چیمان دەوێی دەبێ چ بکەین، چ شتێک بـۆ دابـین کردنی داوای گـەل لـە پێشەوەی هەموانـە ؟ ! بـۆ وێـنە : بەشێکمان ئیسلام و ، بـەشێکمان کمونیزم و هـیتر ، بـەمافی گـەل و بە پـێشەنگ دەزانین. خودی ئەوانەش چەندین لکو پۆپیان لێبۆتەوەو هەر کامەیان کۆمەڵێکی لەدەوری خۆی کۆ کردۆتەوە وهەر خۆی بەڕاست دەزانێ! ئەو لەتو کوتانەش ئەوەندە لێک دووروو نامـۆن ، کە نەک هەر ڕکەبـەربەڵکو دوژمنایـەتی یـەکتریش دەکەن و ئـەوەش نـەخۆشیەکی گەورەیـە و لـە کڕۆناش مەترسیدارترە. ئەوەش من نایڵێم هەمومان نەک بەچاوی خۆمان دیتومانە بەڵکو بەشداریشمان تێدا کردوون.

خۆم دینم هەیە و ڕێزیش بۆ هەموو ئیدەو ئایینەکان دادەنێم ، بەڵام باوەڕی قوڵم ئەوەیە کە ئەرکی ستاندنەوەو سەلماندنی مافی نەتوایەتـیـو ڕزگار کردنی وڵات وەدەست هێنانەوەی سەربەخۆیی و ئازادی لە پێشەوەی هەمویانە و هـیچ چەشنە دژایـەتیەکی دەگەڵ دیـن ودێـمـۆکڕاسی نـیەو دژی هـەرچەشنـە زۆرە مـلـیەک و بەزۆرخۆسەپاندنێکە وەک ئەرکو واجب لەبەرانبەرئەوانەدا ڕاوەستاوە.سەپاندنی هەر ئیدەو ئایینێن بە زۆرداری ڕەد کراوەیەو بـەپێوەری شەرع و قانون دەبێ لەناو ببرێێ. بەزۆرسەپاندن زوڵمێکی گەورەیە هەرکەس وحیزب ولە ژێر ناوی هەرئیدەو ئایینێک ئەنجامی بـدا تاوانـە وبەرنگار بـونـەوەی بۆ ئیمانداران بە هێزترین پایەی ئێمانەو بۆخاوەن ئیدەکانیش بەرزترین پلەی تێگەیشتوییونیشانەی بـوێریوهەستێکی پاکی ویژدانیە. بە بڕوای من گەلێکی ئازاد وڵاتێکی ئـاوەدان ، پـەرەپێدانی زانست وسەنعەت شارەگی حەیاتی، نەک هەر گەلێکی ژیر دەستە، بەڵکو ئیهەموو تیرەو تۆرەمەی مرۆڤەکانە. دەبێی ئەوەش بڵێم : پەرە پیدانی هەر ئیدەو ئایینێک تەنیا لە ژێرسێبەری ئازادیدا گونجاوو جوانە. دین و ئیدەی بەزۆر سەپێندراونەک هەر ڕەوا نیە بەڵکو بەتەواوی دژی فەلسەفەی هەبونی مرۆڤ وبەسەربەستی ژیانە .

ئـەوەی لەڕوانگەی منەوە ئەرکێکی نەتەوەیی ، ئیمانی ، زانستی و ئەخلاقی، ویژدانی سەرجەم دانیشتوانی کوردستانە،یەکگرتوییە بۆ وەدەست هێنانی ئازادی بڕیاردانو بەڕێوە بردن. دەبا حاکم وفەرمانڕەوای کوردستان دانیشتوانی ئەوسەر زەویە خۆیان بن . چونکە بۆخۆیان باڵغ و ئاقڵ وئازادن و لە هەموو بێگانەیەک باشتر خۆیان دەناسن ودڵسۆزترن. پێم باشە ڕێبەران و سیاسیەکانی ئێمە ئەوەی بزانن لەلایەن دەسەڵاتە داگیرکەرەکانو تەنانەت نەیارو دژبـەرەکانیشیان چۆن بۆ ئامانجی خۆیان وەک براکوردەکان و موسوڵمانە کوردەکان وئێرانیە ڕەسەنەکان ناومان دەبەن و چۆن ئەگەروەک کورد کوتەنی ( گۆپاڵیان لە خیزی دەرهات ) لەپێشدا لە تەپڵی سەری ئێمەی دەدەن .زۆر جار کتومە گەورەترین عەیبی ئێمە ئەوەیە کە خەڵکمان پێی لە خۆمان گەورەترە ، دەنگی کچە فارسێکمان پێخۆشە، گوێنادەینە گۆرانیەکی کوردی ،یاهەلە یاهەلەی عەڕەبمان بەدڵە،وازلەجەرگەکەم و بەقوربانەکەی خۆمان دێنین !! با دەنگ وئاهەنگی نەتەوەکانیترمان پێخۆشبێ، ئەوە نیشانەی کراوەییمانە ، بەڵام تۆ زمان و فەرهەنگ وکلتوری خۆت لـەبیر بکەی، کوێی خۆشیە! بەداخەوە بەزۆری ئێمە ( نان بە نرخی ڕۆژ دەخۆین ) واتە ئێستا لە کوردستانی نیوە ئازاد دا زمانی بێگانە زۆر لە زمانەکەی خۆمان ڕەواجی زیاترە. لە کوێی دنیایە جگە لەوڵاتە داگیر کەرەکان زمانی دایکی لەدواوەی زمانی بێگانەکانە؟! هەرچۆنێک بێی عەقڵ ، مێژوو ، ئەزمون پێمان دەڵێ :خۆتان بناسن، خۆتان لە کەس بەکەمتر مەزانن ، دەگەڵ بێگانە ئەو جـۆرە پێوەندی بگرنو هەڵسو کەوت بکەن ،کە ئەوان دەگەڵ ئـێوەی دەکەن.زمانەکەتان نەک لەبیر مەبەنەوە بەڵکو فێری بێگانەکانیشی بکەن ، تـا لـێتان تێبگەن چین وچیتان دەوێی. دار لەسەر ڕەگی خۆی شین دەبێ و لکو پۆپ دەرکا ، گەڵاکان هەڵدەوەرن بەڵام ڕێشەو ڕەگەکە هەر دەمێنێتەوە ،ئەگەر شتێکیتری لێی پەیوەند کرابێ زۆر بەهاسانی لێی دەبێتەوە. دڵنیام هەر نەبێ جەبری مێژوو لەو بیرە چەوتانەو ڕیگە هەڵەیانە دەمانگێڕیتەوە. ئەوکات هەر دۆڕاوو لادراو پـەشیمان دەبنەوە. هـیوادارم بـەخۆمـان دا بـچینەوە شتێک نەکەی کە دوایە بڵێین بریا نەمان کردبایە.

براتان مەلا ئیبڕاهیمی مەجید پور ٦ ڕەشەمەی ٢٧٢١ کوردی

 ٢٥ / ٢ / ٢٠٢٢ زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی