"an independent online kurdish website"

هێزی بێستوو لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران کە سەر بە کۆمیتە شارستانی کرماشان و ناوچەکانی دەوروبەری شاری کامێران بوو، لە ناوچەی خۆی دێهاتی بە دەستەوە نەمابوو و یەک دوو ساڵ بوو بە شێوەی پارتیزانی خەباتی خۆی دەست پێکردبوو، 

هێزی بێستوو لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران کە سەر بە کۆمیتە شارستانی کرماشان و ناوچەکانی دەوروبەری شاری کامێران بوو، لە ناوچەی خۆی دێهاتی بە دەستەوە نەمابوو و یەک دوو ساڵ بوو بە شێوەی پارتیزانی خەباتی خۆی دەست پێکردبوو، دیارە یەکەم هێزیش بوو لەو حیزبەدا کە چووە قۆناغی شەڕی پارتیزانییەوە، ئەوەیش نە بە خواست و دڵخوازی خۆی. بەڵکوو بە مەجبووری و باردۆخەکە وای دەویست. لەبەر ئەوەش نەیدەتوانی وەرزە ساردەکان بەو شێوە درێژە بە خەبات بدا و هاوکاتیش هێزەکە دەبوو پشوویەکی وەبەر بهاتبایە، ناچار دەبوو لە وەرزی پاییز و زستاندا لە یەکێک لە ناوچە ئازادەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدا بحسێتەوە و پشوویەکی وەبەر بێ.

زستانی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی یەکێک لەو ساڵانە بوو کە هەموو هێزی بێستوون کە لە کۆتایەکانی ٥٩ عەمەلیاتی خۆیدا بوو بە بۆنەی تۆڵەی ٥٩ لاوی مەهابادییەوە، ناوچەی دێواندەریان بۆ حەسانەوە هەڵبژاردبوو، بەشێک لە هێزەکە لە ئاواییەک بە ناوی دۆزەغەرە و بەشێکیتریشی لە ئاوایی نەرگسەڵە مابووەوە. بنکەی ناوەندی ئاژوانیش لە ئاوایی نەرگسەڵە بوو. ئێمە سێ کادری دەرمانی کە تازە دەورەمان لە نەخۆشخانەی ٢ی رێبەندان لە ئاوایی حاجی عەبدول تەواو ببوو دابەش کرابووین بەسەر سێ لکەکەی هێزی بێستووندا. شەهید سەلاح ئەمانی بۆ لکی شەهیدان، نەمر سەلاح مەنبەری بۆ لکی شەهید نادر و منیش بۆ لکی شەهید حەممەشەریف.

ئەو کاتەی نوێنەرانی هێزەکانی پێشمەرگە دەچوون بۆ دەفتەری سیاسی بۆ بەشداری کردن لە کونگرەی شەشەم، ئێمە سێ کەسی لە هێزی بێستوونیشەوە لەگەڵیان چووبووین بۆ دەورەی دەرمانی و ئێمەیان لە حاجی عەبدول لە ناوچەی سەرشیوی سەقز بە مەبەستی دەورەی دەرمانی بەجێ هێشت، نوێنەری هێزەکان چوون بۆ کونگرە و هەر بۆیە یەکێک لەوانە کە وەک نوێنەر چووبوو کاک عەبدوڵا بارامی بوو. ژن و منداڵەکەی لە ئاوایی حاجی عەبدول لە لای کاک کاوەی بارامی برای بەجێ هێشتبوو هەتاکوو بگەڕاێتەوە. لەوسەرەوە کە گەڕانەوە لەگەڵ هاوسەرەکەی هەر یەکەو بە سواری ئەسپێک و هاسەرەکەی ماکوانی کوڕی لە بەرکەی خۆ دانابوو، لە پشت بنکەکەی ئێمەوە هاتنە نێو ئاوایی نەرگسەڵە، سەرەتا هاتنە بەر بنەکەکەی ئێمە و من و پێشمەرگەیەکیتریش لەگەڵیان چووین بۆ ئاژوان و دوای تاوێک گەڕاینەوە.

ئەوەی کە من لێرەدا باسی خاکی بوون و خەڵک دۆستی و هاوڕێ خۆشەویستی کاک عەبدوڵا بکەم، نە دەتوانم و نەک ئامانجی ئەم گێڕانەوەش ئەوەیە. تەنیا ئەوەندە دەتوانم بڵێم کە بە هەڵسوکەوت و کرداری کارێکی بە مرۆڤ دەکرد کە زوو بچێتە دڵەوە و لەگەڵ هاوڕێ پێشمەرگەکانی دەبوو بە دۆست. یەکێک لەو کادرانە بوو کە لە ئاژوان هاوڕێیانی خۆی و پێشمەرگەی هێزەکانیتریش لێی رازبوون. پێشمەرگەیەکی خاکی و دڵسۆز بوو. زۆر بێدەنگ، بەردوامیش خەریکی موتاڵا و خوێندنەوە بوو.

پێشمەرگەی هێزی بێستوون هێشتا خۆی بۆ چوونەوە بۆ ناوچەی کامێران و کرماشان ئامادە نەکردبوو کە رژیم هێرشێکی بەربڵاوی بۆ سەر ئەو ئاواییانە دەست پێکرد و شەڕ لە ئاوایی کۆڵ کە زۆر لەو شوێنانەی ئێمە دوور نەبوو بە توندی دەستی پێ کردبوو و بەردەوام بوو. ئەوەندەی لە شەڕە جنێوی نێو سەنگەرەکاندا دەردەکەوت جاشیان لە زۆربەی ناوچەکانەوە هێنابوو بۆ ئەو شەڕە بەتایبەتی جاشی جوانڕۆیی و یەک دوو قەرناسە بەدەستیان هەبوو کە چەندین پێشمەرگەیان شەهید کردبوو دەم و ددانی یەک دوو پێشمەرگەشیان لەق و پۆق کردبوو. یەکێکیان بەردوام بە جنێوی دەدان کە لە جنێوەکدانیدا دەردەکەوت خەڵكی شاری جوانڕۆیی و دەوربەری بێ، هەڕەشەی ئەوەی دەکرد کە پێشمەرگە پیاون بەقەد ٥ قەرانییەک خۆیانی بۆ دەرخەن تاکوو لێاندا! پێشمەرگە بە تووندی بەرپرچیان دەدانەوە و کوژراوێکی زۆریان لەسەر بەفری دوروبەری دێ لێ کەوتبوون و بریندارەکانی ئێمەش بەردەوام دەهات و زیادی دەکرد. ناوەندی ئاژوانیش کە تەنیا چەند کیلومیترێک لە بەرەی شەڕەکەوە دوور بوو دەبوو بیرێکی بۆ شوێنێکی دیکە و ئەمنتر بکردایەتەوە، هاوکات دەبوو بیرێک بۆ ئەو هەموو بریندارە بکاتەوە.

ماوەیەک پێش هەڵگرسانە شەڕەکە لە ماڵێکدا، ژوورێکیان بۆ پێشمەرگەیەکی بریندار گرتبوو کە خۆی لە لاقی خۆی دابوو منیش خزمەتم دەکرد. پێشمەرگەکان لەبەر ئەوەی لەو ماڵە زۆر هێلکەیان کڕیبوو، ناوی کابرای خانەخوێکەی بریندارەکەیان نابووە سەی هێلکە. منیش بە رۆژدا دەرمانم دەکرد و برینەکەم بۆ دەگۆڕی و دەپێچا.

ئێواری رۆژی ٢٧ی مانگی ٣ی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لە ئاژوانەوە بانگیان کردین و منیش چووم. ئەوانەی لە بیرمن کاک عەلی مێهرپەروە و کاک عەبدوڵا بارامی بوون. کاک عەبدوڵا دوای ئەوەی کە باسی باردۆخ و وەزعی ئاژوان و بەرەی شەڕەکەی بۆ کردین رووی لە من کرد و وتی دەبێ لەگەڵ ئەو بریندارانە بڕۆی بۆ نەخۆشخانە، چوونکە رژیم بەردوام هێرش دەکا و بە تەمای گرتنی ئێرەیەشە. بەیانی بریندارەکانی تریش دێنن و دەبێ لێرە بڕۆن، دوایەش خەرجی رێگای پێداین و ماڵئاواییمان لە یەکتری کرد.

رۆژی دوایی ١٧ پێشمەرگەی بریندار و یەک دوو پێشمەرگەی ساغ بەڕێ کەوتین. دیارە چەند کەس لە بریندارەکان کە یەکێکیان شەهید خەلیلە سوور کاک فایەق بوو کە ئێستا لە سوێدە، بوون، سەرەڕای برینداربوونیان هێشتا چەک و تەقەمەنی خۆیان پێبوو و ئەگەر تووشی شەڕ بواییەن دەیانتوانی شەڕ بکەن. بۆ ئێوارە گەیشتینە ئاواییەک بە ناوی تۆراغتەپە. بڕیارمان دا شەو لەوێ بین و بەیانی تاکوو هەوا تاریک دەکا لەوێ بمێنینەوە و شەو لە جادە بپەڕینەوە. ئاگادار کراینەوە کە چەند پێشمەرگەی کۆمەڵەش بە بریندارێکەوە کە حاڵی زۆر ناخۆشە و برینەکەی سەختە لە نێو ئاوایی لە ماڵێکیتردان. تاوێکی پێچوو خەریکی نانخواردن بووین کە کادرە دەرمانییەکەیان هات بۆ لامان (تازەش شەڕی نێوان حیزب و کۆمەڵە بۆ دووهەمین جار راوەستابوو و هێشتا برینەکانی ئەو شەڕە ساڕێژ نەبووبوون و لێک تووڕە بووین، بەتایبەتی کە هێشتا مانگێک بە سەر ئەو شەڕەدا تێنەدەپەڕی کە هێزی بێستوون ١٧ کەسی لە دۆزەغەرە لەوان کوشتبوو) داوای لە من کرد کە ئەگەر هەمانە سرۆمێکی پێ بدەم چوونکە دەرمانی پێ نەماوە و بریندارەکەشی زۆر لە مەترسیدایە. منیش سرۆمێک لە باشەکانم پێدا کە لە رێکخراوە خەیرخوازەکانی فەرانسەوە بە ئێمە گەیشتبوو، لەگەڵ دەرمانیتر پێمدا و رۆیشت.

رۆژی دواتر واتە رۆژی ٢٨ لای ئێوارە ئێمە بەڕێکەوتین و بە شێوەیەکی ئیتفاقی لەگەڵ پێشمەرگەکانی کۆمەڵە تەنیا چەند کەس بوون و بێسیمچی‌یەکیشیان لەگەڵ بوو، بووین بە هاوسەفەر و پێکەوە لە رێگای نێوان سەقز و مەریوان پەڕینەوە ئەوبەر و لەوێ لێک جیابووینەوە ئێمە بەرەو حاجی عەبدول و ئەوانیش بەرەو شوێنێکی نادیاری خۆیان کە ئێمە نەماندەزانی کوێیە.

شەوی ٢٩ی مانگی ٢، ئەو کاتەی کە ئێمە لە جادە پەڕیبووینەوە و بەرەو نەخۆشخانە چووبووین، رژیم هێرشەکەی هێندەیتر بەربڵاوتر و تووندتر کردبوو بە جۆرێک کە هاتبووە سەر ئاوایی نەرگسەڵە کە بنکەی ناوەندی ئاژوانی لێ بوو. چەند پێشمەرگە شەهید دەبن کە یەکێکیان بەداخەوە کاک عەبدوڵای بارامی بوو. ئەو کاتە وەک ئیستا نەبوو هەموو ئیمکاناتێک هەبێ، ئێمە ئاگامان لەوێ نەبوو کە چ قەوماوە!

کە نزیک ئاوایی حاجی عەبدول بووینەوە بۆمان دەرکەوت کە نەخۆشخانە دوای تەواو بوونی دەورەکەی ئێمە لەو ئاواییە نەماوە و گواستراوەتەوە بۆ بناری کێوێک لە پشت ئاوایی هەرمێدۆڵ.

لە کێوەکەی رووبەرووی ئاواییەوە گوێمان لێ بوو کە مزگەوتی دێ قورئانی خستبووە سەر بڵنگۆ و تاکوو لای ئێمە دەنگی دەهات. کات کاتی نوێژ نەبوو، بۆیە زانیمان کە شتێک قەوماوە بەڵام چیە ئێمە ئاگامان لێی نیە. زۆرمان مابوو بگەینە نەخۆشخانە کە کاک کاوە بارامی تاقەتی نەگرتبوو تاکوو ئێمە دەگەینە لای و هات بە پیریمانەوە، بە پێی شناسایی قەدیم کە لە دەورەکەشدا بەرپرسی ئێمە ببوو، رووی لە من کرد و ئەوحواڵی شەڕەکەی نەرگسەڵەی لێ پرسیم. هێندێكم بۆ گێڕایەوە، دوایە وتی ئەی خەبەری کاکەم؟ کەی دیت؟ وتم دوو شەو پێش ئەوەی بێین، چوونکە ئەو خەرجی سەفەرەکەشی پێداین. وتی نە پێم خۆشبوو بزانم ئیمڕۆ چ خەبەر بووە، چوونکە هەواڵیان هێناوە کە کاکەم شەهید بووە! ئێمە زۆر زۆرمان پێ ناخۆش بوو، بەتایبەتی ئەوانەی کە لە نزیکەوە کاک عەبدوڵایان دەیانناسی، بێجگە لەمانەش ئێمە لە شەڕێکی نەخوازراو و نابەرامبەردا کە دەکرا ئەو زەرەرە نەدەین، یەکێک لە ئەندامانی رێبەرایەتی خۆمان لە دەست دابوو. زۆر زۆر تووڕە و ماندوو چووینە نەخۆشخانە. ئەوە منیش وا هاتبووم کە دەبوو هەرچێ زووتر بگەڕێمەوە بۆ هێزی بێستوون چوونکە ئەوانیش دەچوونەوە بۆ ناوچەی کامێران و کرماشان، ئەگەریش نەگەیشتایەم پێیان، ئەوا بە جێ دەمام تاکوو کەسیتر دەگەڕایەوە بۆ ئەو ناوچەیە یان دەبوو لەگەڵ پیشمەرگەی هێزی دیکە کە لەوان نزیکتر بوو بچووبایەمەوە.

کاکە کاوە داوای کرد کە من نەگەڕێمەوە و لە نەخۆشخانە بمێنمەوە بۆ یارمەتیدانی ئەوان کە تەنیا چەند کادر لەوێ مابوونەوە و ئەو هەموو بریندارانەیان هەبوو، منیش وتم ئەگەر زەحمەت بکێشی بە هێزی عەزیز یوسفی بڵێی بۆ ئەوەی هێز ئاگادار بکەنەوە من دەتوانم بمێنمەوە. ئەو کات بنکەی بەرپرسانی کۆمیتە شارستانی عەزیز یوسفی لە هەرمێدۆڵ بوو و هێشتا بە دەستگای مۆرس کاریان دەکرد.

من مامەوە و هێز گەڕابوەوە بۆ ناوچە بەڵام هێشتا دڵم لە لای هێز بوو و زۆر زۆر لەوە نارەحەت بووم کە نەگەڕابوومەوە بۆ ناوچەی خۆمان و لە رادەبەدەریش بیرم دەکردن. بەڵام بێ سوود بوو.

دوای ماوەیەکی زۆر کە گەڕامەوە بۆ هێز لە ئاوای نەرگسەڵە لاماندا، ناوەندی ئاژوان هاتبوو بۆ پشت ئاوایی لە شوێنێکی زۆر خۆش بە قەدپاڵی کێوێکی زۆر سەرسەوزەوە چادریان هەڵدابوو و لەوێ دەژیان. شەو لەوێ بووین و رۆژی دواتر چووینەوە بۆ دێ. من لە بیری خۆمدا یەکەم ماڵ کە دەبوو بچم و سەریان لێدەم ماڵی دوکاندارە هەژارەکەی دێ بوو کە چەندین جار منداڵەکانیان نەخۆش بوو هاتبوون منیان بردبوو دەرزیان لێدەم و حەبیان بدەمێ و هەر بۆیە منیان زۆر خۆش گەرەکە بوو، جاروبارەش ئەگەر چێشتێکی هەژارانەیان بوایە بانگی منیان دەکرد و پێکەوە دەمانخوارد، بە کوردی لەگەڵیان ببووم بە رەفیق و ئاشنا. بەڵام کە چووم و بینیم ماڵ ئاسەواریشی نەمابوو! کەلاوەکۆنەیەک لەوێ مابووەوە کە چۆلەکە و کۆترە کێویلە کردبوویان بە هێلانە، وتیان ئەوە ماڵەکەیانە و دوای شەڕەکە وای بەسەر هاتووە، ژنەکەشی لاقی بریندار بووە و شاکاوە، هەر بۆیە  ئەویش لێرە باری کردووە و رۆیشتووە، بۆ کوێ کەس نەیدەزانی! سەری ماڵی سەیه هێلەکەم دا کە ئەو کاتە خانە خوێی من و بریندارەکەم م.گ. بوون لە کاتی منداڵبوونی هاوسەرەکەیدا، ئێمە کادر دەرمانیەکان زۆر یارمەتیمان دابوون، بۆیە زۆر بە گەرمی ئەحواڵپرسیان کردم و منیش لە ئەحواڵی سڵامەتی هاوسەرەکەی و کۆرپەکەیانم پرسی و دوایی تاوێک چووین بۆ سەر گڵکۆی کاک عەبدوڵا بارامی و هاوڕێکانیتری کە لە تەنیشت یەکەوە لە گۆڕستانی ئاواییدا نێژرابوون کە ئەمانە بوون: سدیق ئەندام پێشمەرگەی هێزی هەوشار، حەمە بڕنەو و ئەنوەر بوون، ئەنوەر سەرپەل بو لە هێزی دیواندرە، کەسێکی ئازا، نەترس و قسە خۆش بو. سدیق ئەندام، تەمەنی لە دەروبەری ١٦ ساڵ بو بەڵام لەو شەڕانەی کۆڵ و دوزەغدەرە و دواین شەڕی نەرگسەڵەدا ئازایەتیەکی بەرچاوی لە خۆی نیشان دا. خاڵۆ حەمەش خەڵکی دەڤەری مەریوان بوو، بەڵام لە هیزی دیوادرە خزمەتی ئەکرد.

دیمەنێکی زۆرخۆش کە لە هەمووی ناخۆشتر ئەوە بوو کە کوڕە چووکەکەی کاک عەبدوڵا کە تەنیا ٥ تا ٦ ساڵ دەبوو شووشەی گوڵای بەدەستەوە بوو، جار و بارە گۆڕەکانی گوڵاوباران دەرکرد و خەڵکیش بەدەوردا شیوانیان دەگێڕا بەتایبەتی هاوسەرەکەی کاک عەبدوڵا. بەڵام شتێک هەموومانی حەبەساند و بە یەکجاری ورە و وزەی بردینە سەرەوە، ئەویش وتەکانی پیاوێکی باریکەڵەی باڵا بەرز بوو کە باوکی کاک عەبدوڵا بوو. من باش هەموو قسەکانم لە بیر نەماوە بەڵام لە بیرمە کە وتی: من شانازی دەکەم کە کوڕێکی وەک عەبدوڵام هەبووە و لە رێگای نیشتمانەکەیدا گیانی خۆی بەخت کردووە. پێش شۆرش و پێش ئەوەی کوڕەکانی من ببنە پێشمەرگە خەڵکیی زۆر نەیاندەناسین. بەڵام بە خۆشیەوە ئێستا لەسەر دیواری شارەکەمان هەرچێ رۆژە دروشمی “بژی بارامی”، “بژی بنەماڵەی بارامی” و “بارامی رێگات درێژەی هەیە” دەنووسرێ. ئەوەش بە بۆنەی ئەو شانازییانەوەیە کە عەبدوڵا بۆ ئێمەی بەدەست هێناوە. دوژمنیش ناتوانێ بە شەهید کردنی عەبدوڵا شۆڕش کپ و بێ دەنگ بکا، من دوو کوڕی ترم ئێستا پێشمەرگەن، ئێوە کە ئێستا لێرەن هەمووتان کوڕی منن…” دوای رێوڕەسمەکە ئەوان گەڕانەوە و ئێمەش هەر کەسە و بەرەو شوێنی خۆی وەڕێکەوتین.

ئامانج لە گێڕانەوەی ئەو بیرەوەرییە دوور و درێژە ئەوە بوو کە ئێستا دوای ئەو هەموو ساڵە بۆتان دەگیڕمەوە. ئەویش دەبێ بڵیم کە دوای کۆچی دوایی مامۆستا شوکرەڵای بابان، ئەگەر ئیستاش بمایە هێشتا ئەم بیرەوەرییە نەدەنووسرا. بەڵام وا بزانم ئیتر کاتی ئەوە هاتووە راستی و ناراستی ئەو بەسەرهاتە روون بێتەوە، ئەویش ئەمەیە: ماوەیەک دوای شەهید بوونی کاک عەبدوڵا بارامی گوێم لێ بوو لە رادیۆ دەنگی کوردستان هۆنراوەیەک خوێندرایەوە کە بە باڵای شەهید عەبدوڵادا هۆنرابووەوە، تۆزێکیش زاراوە و دیالکتی شێوەزاری ئەردەڵانی پێوە دیار بوو، هۆنراوەکە لە لایەن کەسێکەوە بە ناوی سیروان ١٥ لە گەڕەکی ئاغەزەمانی سنەوە نێردرابوو بۆ رادیۆ. ئەوانەی کە تۆزێک باوەڕیان بە یەکتری بوو بۆ یەکتریان باس دەکرد کە ئەو هۆنراوەیە هی شوکروڵای بابانە بۆ کاک عەبدوڵای هۆنیوەتەوە. رۆژ و مانگ و ساڵ رۆیشتن و ئەم پرسیارەش تاکوو ئێستا لە مێشکی مندا ماوەتەوە کە ئایا ئەو هۆنراوەیە بەراستی هی نەمر شوکورەڵای بابان بوو یان نووسەرەکەی کەسێکیتر بوو؟

هیوادارم ئەگەر کەسێک ئاگای لێیە و یان لەو هاوڕێیانەی کە ئەو کات لە رادیۆ دەنگی کوردستاندا کاریان دەکرد و ئاگایان لەوە هەیە کە ئەو هۆراوەیە هی ئەو بەڕێزەیە یان نە، بۆمان روون بکەنەوە. من لێرەدا هۆنراوەکە بە تایپ کراوەی و بە وێنەش دەکەم بە پاشکۆی ئەم نووسینە.

یادی کاک عەبدوڵای شەهید و هەموو رێبوارانی رێگای رزگاری کوردستان بەخێر و رۆحیان شاد و رێگایان پڕ رێبوار بێ.

حامید درودی

٢٦ی سەرماوەزی ١٣٩١ی هەتاوی

په‌نجه‌ی خوێناویت به په‌نجه‌ی تار بێ         ئاوێته‌ی زه‌هر  و سووتانی مار بــــــــێ

به په‌نجه‌ی خه‌تا خه‌تت لێم کـــــــــێشا          شاڕه‌گ حه‌یاتی دڵمت هه‌ڵــــــــــــــــکێشا

هه‌ر ده‌ستێ ده‌ستی له تۆ داکـــــــێشا          له سه‌ر حه‌قی خوت وا خوێنتی ڕێــــــژا

شه‌رته شاڕه‌گی حه‌یاتی قه‌ت کـــــه‌م           شیری منداڵی دایکی پێ قه‌ی کـــــــــه‌م

وا کاک عه‌بدوڵا  پشتیوانه‌کــــــــــــــه‌م           دڵسۆزی هۆزی و نیشتمانکـــــــــــــــــــه‌م

کاڵی کرد له ڕه‌نگ، ڕه‌نگی گـــۆڵباخی          جه‌لادی خوێنڕێژ لــــــــــــــــــــه خودا یاغی

هه‌ی لاقت نه‌بێت بڕۆی بــــــــــه‌ڕاوه           زووخاوت کڵ بێت، سه‌کڵ بـــــــــــه لاوه

هه‌ی د‌‌ست به‌ خه‌تای خه‌تاکــــاره‌وه            خوت بیت به تووشی نێشی مـــــاره‌وه

بوچه واته‌ کرد سۆپای سته‌مکـــــار؟             خێڵ ئه‌بوو سوفیان به‌چکه‌ گورگی هار

شه‌رته تا حه‌قی ئه‌و خوێنه پاکـــــــه              نه‌ستێنم له بان ئه‌م ئاو  خاکـــــــــــــــــه

قه‌سه‌م به وه‌ته‌ن به ئاو و خاکــــــی              به ڕۆڵه‌ی شه‌هید ساغ و دڵپاکـــــــــی

قه‌سه‌م به خوێنت خاکی ئــــــــــاوێته              ئیتر ناهێڵین سنـــــــــه وابێتــــــــــــــــــــه

ڕۆڵه‌ی سه‌رگه‌ردان بۆ تۆ گه‌ردانم              بۆ تۆ په‌رێشان عه‌وداڵ هـــــــه‌ردانم

ڕۆڵه عه‌بدوڵا که‌ڵپۆس لــــــــــه شانم              لێڵاییم لێڵه کوێره چـــــــــــــــــــــــاوانم

من به پای په‌تی دایکت به قه‌دچاک            وێڵین عه‌به گیان بێ خورد و خوراک

هیچ که‌س وه‌ک ئێمه سه‌رگه‌ردان نه‌وێ       وێڵ و ئاواره‌ی سه‌رهه‌ردان نـــه‌وێ

ڕه‌فێقه‌کانت گشت لێو به‌بــــــــــــــارن             بێ ئارام له به‌رن ئێشی  نێش مارن

شێری نێو سه‌نگه‌ر شه‌و بێدارم ڕۆ              لــــــــــــــــــــــه سته‌مکاران دڵبێزارم ڕۆ

بێزار لــــــــــــــــــــه ئێقرار ڕیاکارم ڕۆ              لـــــــــــــــه خه‌ڵکی به‌دکار جیاکارم ڕۆ

بێباک له ده‌ستی  نــــــــامه‌ردانم ڕۆ             غایب له ڕۆژی شــــــــــــــــاگردانم ڕۆ

بێ په‌روا لــــــــه سام شه‌وتاریکم ڕۆ             عــــه‌به‌ی بــــــــــــارامی قه‌د باریکم ڕۆ

ئه‌ژده‌ری چالاک چه‌ک له شانم ڕۆ             دۆژمنی ئــــــاغا و میر و خــــــــانم ڕۆ

قه‌زای باریکه ته‌رمه ‌لاوه‌کــــــــــــه‌ت             له خوشک بڕیاگ په‌لکه‌ خــــــاوه‌که‌ت

شۆڕش خوێنی تۆ باقی شـــــــه‌یدان             ده‌ستێنێ یه‌قین له گشت دۆژمــــنان

شێری کۆساڵان، پڵنگی شاهــــــــــــــۆ              خوێنی کوردستان هاته جۆش بۆ تۆ

به‌ڵام ڕۆڵه گیان خوێنت گوم نـاوێ              هه‌ر شۆڕشگێڕه ناسره‌وێ تــــــاوێ

پرشی خوێنی تو دای له سه‌ر شاهۆ             بۆیه عه‌وداڵان ڕه‌شپۆشه‌ بۆ تــــــــۆ

ئێقباڵ لــــــــــــه سنه، راغێب کامیاران              قادر پیرانشار، چرچه لــــــــه بۆکان

عه‌لی له سه‌رده‌شت، هه‌ژار مه‌هاباد            هه‌ر سه‌رکه‌وتوو بێ حێزبی دێموکرات

ئه‌مڕۆ ڕۆڕۆیه به‌یانی شــــــــــــــــــادی             هه‌ڵ ئه‌ده‌ین ئاڵای به‌رزی ئازادی

خوایه به‌ خاتر سووره‌تی بـــــــــه‌رات              هه‌ر پایه‌دار بێت حێزبی دێموکرات

سیروان ١٥-  گه‌ڕه‌کی ئاغازه‌مانی سنه

ئەم بیرەوەریە  18ی دیسامبری ساڵی 2012 نووسراوە و جارێکی تر دای دەنێنەوە

نویترین هەواڵ و بابەت