"an independent online kurdish website"

ڕێکەوتی 25\1\2020 هەفتەنامەی ڕووداو چاوپێکەوتنێکیان بۆ وتووێژ لەگەڵ “نازم دەبباغ”ی بە ناو” نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران”ڕێکخست.


لەم وتوووێژە دا “دەبباغ” تا نزم ترین ئاستی بوودەڵەیی دابەزی.

ئاشکرایە کە نوێنەری هەر لایەنێکی حکوومەتی، سیاسی یا ڕێکخراوەیی بەشێکە لە شکۆی ئەو لایەنەی وا نوێنەرایەتیی دەکات. لەسەریەتی ڕێزی سەروەری و شکۆی نوێنەرایەتییەکەی هەمبەر لایەنی بەرامبەر بپارێزێ و زمانحاڵی حکوومەت، حیزب یا ڕێکخراوەکەی بێت و سەنگی بارستایی ئەو کەسایەتییە بێ کە بۆی ڕاسپێردراوە، عورف و ڕێساکانی نوێنەرایەتی بپارێزێ و ببێتە هێمایەک بارتەقای بەرپرسیارییەتیەکەی و ئەو چاوەڕوانیانەی لە نوێنەرێکی ڕاستەقینە دەکرێ کە پێوەرەکانی پێوەندی دەپارێزێ و پێبەندی پرۆتۆکۆلە فەرمییەکانی جیهانی پێوەندییەکانن.

دەبباغ نوسینگەی پێوەندییەکانی لە گەڵ پاشخانەی باب نۆکەرێکی دیوەخانی ئاغا لێ تێکچووە و ئاستی لێدوان و وتوووێژەکانی هێندە نزم و ناسیاسین کە بوونەتە گاڵتەجاڕی جەماوەر بە گشتی و چاودێرانی سیاسی لە هەرێمەکەدا بە تایبەتی.

لەم باسە کورتەدا سرنجێک دەخەینە سەر دوایین وتووێژی ئەو بەناو نوێنەرەی حکوومەتی هەرێم لە تاران کە لەگەڵ حەوتوونامەی ڕووداو دا کردوویەتی، ئەگینا بەر لەوەش چەند جارێک ئەو جەفەنگانەی لێداوە و بە بێدەنگی وڵامی دراوەتەوە!، بەڵام ئەمجارەیان ناوزڕاو کە ٢١ساڵی ڕەبەقە نوێنەرایەتیی حکوومەت و حیزبەکەی لە تاران دەکات بە شانازییەوە خۆی بە متمانە پێکراوی تێرۆریستێکی بێزراوی وەک قاسم سولەیمانی دەزانێت، وەک ئەوەی عەسکەری کەتیبەیەکی بن فەرمانی حاجی قاسم لە دووز و داقووق و خورماتوو بوو بێ. بەگوتەی خۆی لەم وتووێژەی دا، خۆشخزمەتی و مەرایی لە لای قاسم سولەیمانی بە ڕادەیەک بووە کە ئەگەر “حاجی قاسم” ویستبێتی دەرمانێکی ئازار شکێن بخوا “حاجی نازم” هەوڵیداوە پێش ئەو بیخوا کە ئەگەر مەترسییەک هەبێ ئەو ببێتە قەزاو بەڵاگێری، بەڕادیەک لەو نۆکەرایەتییەدا پێداگریی کردووە کە سولەیمانی دەنگی داوە و پێی گوتووە عەیبە ئەو کارە چیە دەیکەی.

سەرتابەری وتووێژەکەی سووکایەتی بە خۆی و حکوومەت و حیزبەکەیەتی کە لە خوێندنەوەی دا هەست دەکەی نوێنەری ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە لە شاری سولەیمانی یا هەولێری هەرێمی کوردستان . لە وەڵامی پرسیارێکی حەوتوونامەکەدا کە لێی دەپرسێ چ سفەتێکی حاجی قاسمت بە دڵ بوو؟ لە وەڵامدا دەڵێ”تەمەننا دەکەم هەموو سەرکردەیەک وەکوو ئەو بێ. وەکوو قاسم سولەیمانییەک کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستی بە کوشتن و خوێن ڕاهات و جەغزی تێرۆر و کۆمەڵکوژی و تاوانی بەرین کردەوە بۆ باشوور و ڕۆژاوای نیشتمانەکەی دەبباغ.

ڕووداو لێی دەپرسێ، حاجی قاسم تا چەند رۆڵی لە دانانی بەرپرسانی كورد لە پێگەی حیزبی و حكومی هەبوو؟ دەبباغ زۆر گاڵتەجاڕانە دەڵێ” ڕۆڵ نەبوو ئامۆژگاری بوو”!. گەلۆ دەبێ ئامۆژگاریی قاسم سولەیمانی کە فەرماندەی سپای تێرۆریستیی بەناو قودسی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، سپای “برون مرزی”ی ڕێژیمێک کە داگیرکەری هەموو ماف و ئازادییەکانی بەشێک لە نەتەوەکەی دەبباغە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ بۆ حکوومەت و حیزبەکان لە باشوور چی بێ؟

دەبباغ یان زانیارییەکانی لە چەقەخانەی تەکیەی شێخەکانی تێناپەڕێ یان ماستاوەکەی ئەوەندە خەست کردۆتەوە کە تەنانەت دانپێدانانی سپای پاسدارانیش بە مووشەکبارانی هەولێر و هەرێم کتمان دەکات و دەڵێ ئێران نەبوو…!!

نوێنەرە شارەزاکەی هەرێم لەسەر دۆزی گەلەکەی و دۆخی نەتەوەکەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕووهەڵماڵاوییەوە دەڵێ: حاجی قاسم ببووه‌ ڕه‌مزێك بۆ ئه‌و ئێرانییه‌ پاكه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوور به‌رگریی له‌ ئێران ده‌كرد.

…. خاڵێكی دیكه‌ش كه‌ گرنگه‌، حاجی قاسم له‌ هیچ كێشه‌یه‌كی ناو ئێران تێوه‌نه‌گلاوه‌، دژی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی نه‌بووه‌. چونكه‌ ئیشه‌كه‌ی ئه‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوور بووه‌. دیارە حاجی نازم هەولێر و سولەیمانی و کۆیە و بەگشتی هەرێمی کوردستانی پێ دەرەوەی سنووری ئێران نیە و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشی پێ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی نیە، دەنا لانیکەم وەک خەڵکی ئاسایی ئەو هەرێمەش دەبێ بزانێ زیاتر لە 350 کادر و پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمەکەی ئەودا لە لایەن تێرۆریستانی سپای قودسەوە شەهیدکران، بە دەیان جار بە تۆپ و فڕۆکە و مووشەک و باڵەفڕ سڤیلی ڕۆژهەڵاتی لە کەمپەکانیاندا ئاورباران کراون.

واقعا حاج قاسم اگر زندە بود میزد بە تختە کە چشم نخوری با این همە حافظە تاریخی و…

لە درێژەی وردە فەرمایشەکانیدا و لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ڕووداو لێی دەپرسێ: ئێران بۆ بەرنامە بۆ باشوور دادەنێ، بۆ بەرنامەیەکی هاوشێوە بۆ ڕۆژهەڵات دانانێ؟ یاری غاری ماکسیمیلیان دەڵێ: برادەرانی کوردی ڕۆژهەڵات حزوورییان بەو شێوەیە نییە و نەیانتوانیوە یەکگرتوو بن، بۆ نموونە حیزبی دێموکڕات بۆتە سێ بەش.

زەین کوێریی جەنابی نوێنەر، بڕستی ئەوەی لێ بڕیوە چاوێک بە مێژووی نوێی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتدا بگێڕێ و وەبیری بێتەوە کە چۆن هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی سێ مانگەدا چۆکییان بە ئەرتەش و سپاسی کۆماری ئیسلامیی لە کوردستان دادا. شەڕ فرۆشییەکانی ڕژیم لە شارەکانی سنە و سەقز و بانە و … ی بیر بێتەوە کە دەوڵەتە دڵخوازەکەی ئەو زیاتر لە مانگێک لەو شارانەدا ماڵ و شەقام و بازاری بە هەموو کەرەستەیەکی شەڕ، ئاور و ئاسن باران کرد و ژن و منداڵ و پیر و لاوی قەڵاچۆ کرد. لە دەیان ساڵی شەڕی شار و گوندەکانی کوردستاندا حاجی قاسمەکەی و سەدان هەزار پاسداری وەک ئەو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانییان کۆمەڵکوژ و ئاوەدانییەکانییان وێران و خاپوور کرد. ئەو حیزبەی جەنابییان بە سێ کوتی دەزانێ، لە بانگەوازەکانیدا، شەقام دەخرۆشێنێ و بە پیر ڕاسانیەوە شاخ و شار ئاوێزانی باڵای دەبن. سڵاو لەو بێ خەبەرەی، سڵاوات لە دیداری کەشکەکی ماڵی ئاغای لێدەدا.

کەلاوڕێژی هەسێلی بیری خۆبەدەستەوەدەرانەی جەنابی نوێنەر بۆ کۆماری ئیسلامی لەوەڕا باشتر دەردەکەوێ کە دەڵێ: له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی په‌یوه‌ندی یه‌كێتی و ئێران له‌ ساڵیز1985، له‌ زۆربه‌ی دانیشتنه‌كانی نێوان كۆماری ئیسلامی و یه‌كێتی به‌شداربووم. یه‌كێتى له‌گه‌ڵ ئێران رێككه‌وتووه‌ كه‌ هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ی ئێمه‌ن، حكومه‌تى عێراق ئه‌وانى هێناوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوژمنی كورد هێناونى، ناكرێ ده‌ریانبكه‌ین. دیارە چەقی بیر و هزری سیاسیی جەنابی نوێنەر وەک بیرو هزری خانەخوێیەکانی لە سەدەکانی نێوەڕاست دا بەستوویەتی، هەربۆیە نە لە یاساو ڕێسای هەرێمە فێدراڵەکەی تێگەیشتووە و نەدەزانێ پێوەندیی حیزب و ڕێکخراوە نەتەوەییەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیییە، ئەو ئەوەندەش نازانێ کە یەکیەتییەکەی ئەو و ئەو حیزبە ڕۆژهەڵاتییانەی ئەو باسیان دەکا پێکەوە ئەندامی ڕێکخراوی سۆسیالیست ئینتێرناسیۆنالن و حیزبی دێموکراتیش ئەندامی چەند ڕێکخراوی خاوەن ئیعتیباری نێونەتەوەییە کە لە پرستیژی پێبەندی بە کەرامەتی مرۆڤ و خەبات لە پێناوی ئاشتی و ئاوەدانی و ئازادییەوە سەرچاوە دەگرێ، نەک بەزەیی مشەخۆرانی مل بە کوێنی دەوارەشڕەکەی ڕژێمی تێرۆریست پەروەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەتاران .

نویترین هەواڵ و بابەت