"an independent online kurdish website"

بەرابەری لە نیوان ژن و پیاودا باسێکی وردو و قوڵ و مەودا درێژە، بۆیە دەبێ لـە بـاسەکەدا ئـەوەی ڕاستیە و مرۆڤ دەیـزانێ

بـەبێ دەمار گرژی و لایەنگری بهێندریتە گۆڕێ بەو مانایە هەڵسوکەوت دەگەڵ هەردوکیان ئەقڵ پەسند و وەک یەک بێ. لە گوتار و لێدواندا هەوڵ نەدرێ جیاوازیان بۆ دابندرێ. دیارە هەر ئایین و ئیدەیـەک بـە بپۆری خۆی تێـروانین و هـەڵسەنگاندنی بـۆ لایەنگرانی هەیە، بۆیە گرینگە لە باس و لێکدانـەوەکاندا دادپـەروەری ڕەچاو بکرێ بەبێ ئەوەی بێحورمەتی بە هیچکامیان کرابێ. دەبێ گشت ڕاوبـۆچونەکان بخرێنە بـەر باس، بـۆ ئەوەی بـزاندرێ کامەیان لـە واقعـیەت نیزیکترە و گونجاوە.

لەو بارەدا ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتوەکان سەبارەت بە مافی مرۆڤ، ڕای وایـە مرۆڤ بە هەر دوو جینسیەوە لە مافە دیاریکراوەکانی مرۆڤایەتیدا یەکسانن وفەرق و جیاوازی لە نێوانیان دروست بکرێ خەتایـە. دەبێ لە بـەرانبەر قـانونیش دا یـەکسان بن. واتە لە ئازادی و دێمۆکڕاسی و موچەی بەرانبەر بـۆ کاری وەک یەک و…نابێ لێک هەڵاوێردرێن. باشتر ئەوەیە ژن بوون یان پیاو بوون پێوەر نەبێ بۆ دیاریکردنی کەسایەتی هێچکامیان بەڵکو لێزانی و لێوەشاوەیی حیسابی بۆ بکرێ. لێرەوە دەچینە ناو باسی مساوات واتە بەرانبەری ژن و پیاو .

یەکسانی ژن و پیاو

دروشمی بەرانبەری ژن و پیاو لە ئەسڵ دا بەجێیە گومانی تێدا نیە دابەزاندنی وەک خۆی عەینی دادپەروەریە. بەڵام مخابن ئەو دروشمە لە لایەن هێندێکانەوە هەر قسەیەکی سەرزارەکیە و ناوەرۆکەکەی بەتاڵە و هیچی تێدا نیە، بگرە ئامانجێکی شومیشی لە پشتە. جۆڕێک دژایەتیان لە نێواندا دروست کردون کە وەک خوێنی سیاوەشی لێهاتووە و نابڕێتەوە. هەموو هەر باسی خراپی ئەو جیاوازی دانانە دەکەین، بەڵام کەس بەدیلێکی باشی بۆ مەسەلەکە نیە و هەر برینی کۆن دەکولێننەوە و کێشەکە قوڵترو مەترسیدار تر دەکەن. ئەو جۆرە ماف خوازیە کە بۆتە هۆی ناکۆکی و بگرە دژایەتی لە نێوان ئەو دوو جینسە. زۆرێـک ژن و میردی بە گژ یەک داکردوون، بنەماڵەکانی توشی قەڕقەشە و ئالۆزیکردون، لێک جیا بونەوە و مناڵ بێنازکردن بابەتی ڕۆژیانە . بەکورتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت وڵاتە ئیسلامیەکان ئەگەر سرنجێکی وردی بدەین دەبینین بیرو باوەڕ و ئیدە و ئایین و یاساو قانون نەک بەهێند ناگیرێن بگرە هەوڵی لەنـاو بـردنیشیان دەدرێ، مەترسیدار ئەوەیە کەس ڕازی نابێ خۆی بگۆڕێ بەڵکو دەیەوێ بە زۆر خەڵکانیتریش وەک خۆی لێبکا. کەس مافی خۆی نـانـاسێ و نەدیتە پێشی ڕازی نیە. ئەگەر ڕوونتر بیڵێم : دەسەڵات ـو پـارە، حاکمی موتڵەقن، هیچ خەبەرێک لە مرۆڤ و ماف ویژدان نیە. لاساکردنەوەی بێێ فێر بوون بۆتە مۆدی ڕۆژ، فڵانکەس وایە منێش دەبێ وەک وی بم! وەک دەزانین ئایینەکان جیاوازیـان هەیە هەر وەک ئیدەکانیش لێک جیان، هەرکەس دەیەوێ بە پێی حەزی خۆی ماف بۆ ژن و پیاو دیاری بکاو هەر حیزبێکیش بە پێوەری خۆی ماف دیاریدەکا. هێندێک لە ئـازادی بـە هەڵـە تێگەون وادەزانن هەرچی حەزی لێبێ بیکا، بەبێ ئەوەی ماف وئـازادی کەسانـیتری ڕێـز لێگرتبێ چونکە ئەوە دەبێتە بەڕەڵایی . ئەگەر ئـێمە، ژن و پیاو و مافەکانیان وەک یاسا و قانونی نێو دەوڵەتی بۆی داناون بناسین و دادپـەروەرانـە ڕێزیان لێبگرین و ڕەچاویان بکەین دڵنیام زۆر لە کێشەکان بە هاسانی چارە سەر دەکەین.

یەکێک لەو ڕەوتە ناشیانەی ئەوڕۆ کاری پێدەکرێ ئەوەیە: ئـێمە تـاوانی ڕابردوەکان لەسەر حازرەکان حیساب دەکەین، هەموومان نەسلی پێشوو بە بێ بەڵگە بە تاوانبار دەزانین بە بێی ئەوەی بۆخۆشمان ڕێگایەکی دروستمان بـۆ دوپات نەکردنەوەی هەڵە و خەتاکانی ڕابـردوو هەبـێ. خوشک و بـرایان ئێمە لە سەدەی ٢١ دا دەژین، سەدەی گەشەی عیلم و زانست، ئـەوان لە دواکەوتوترین سەردەم دا ژیان و کەمترین ئامرازی زانین و فێربوون و گەیاندنیان لەدەستدا هەبـووە یـان هەر نەبووە!

مساوات هەرگیز نابێ بەوجۆرە تەعبیر بکرێتەوە کە هەموو مرۆڤەکان دەبێ وەک یەک رەوا نیە بە ناوی مساوات مافی کەسێک بدەی بە یەکیتر کە ئی ئەو نیە، تەنیا لە بەر ئەوە کە ژنە یان پیاوە. بڕوا بە مساوات نابێ سنوری خۆی ببەزێنێ واتە مرۆڤەکان لە مرۆڤ بوون و مافەکانی دا وەک یەکن، ئەگینا لە زۆر شتیتر دا جیاوازیان هەیە. من لێرەدا ڕوانگەی ئیسلام بۆ مرۆڤ و مافەکانی باس دەکەم بە دەلیلی ئەوەی هەم خۆم باوەڕی ئایینیم هەیە و بڕێکێش لەو بابەتە دەزانم، هەم زۆرینەی گەلەکەشم موسوڵمانن بەڵکو بتوانم لابارێکی ئەو بارە قورس و خوار کراوە ڕاست کەمەوە. مەزنی و دەسەڵاتی بێسنوری خوا لەوەدایـە زەوی ـو عاسمانەکان و هەرچی تێیان دایـە دەسکری ئـەون. دەکار هـێنان و ڕاگرتـن و بردەوامیشیان خراوەتە سەرشانی ژنـان و پـیاوان. ژن و پـیاو بـونیان بـەبێ یەکتری ئیمکانی نیە و لەڕاستیدا تەواوکەری یەکترن. نـەزم و نـیزامی دنـیاش هەر ئەوانە بەڕێوەی دەبەن. ئیسلام بە پێوەری خۆی مافی بۆ دیاریکردون و بۆ هەموو شتێکیان پێودانی داناوە. بە وتەیەکیتر مرۆڤ بەرەڵا نیە هەرچی بیهەوێ بیکا بەڵکو تەربیەت و ڕاهێنانی گیان لەبەرانیتریشی لە ئەستۆیە چ بگا بـەخۆی. ڕاستە مرۆڤەکان زەوق و سەلیقە و حەز و ویستی جیاوازیان هەیە، بەڵام نیزامی ژیان ئەوەیە ئەو جیاوازیانە ڕێک بخرێن بەیەکەوە کاریان پێبکرێی. بـڕوانـە جیاوازی ژن و پیاو لە جینسەکەیان دا بـۆتە هۆی هۆگریان بـە یەکەوە و یەکبوون و تێکەڵاویان بۆتە هۆی بەردەوامی بوونی مرۆڤەکان. بەڵگەی قورئانیش لەسەر ئەو یەکسانیە ئەوەیە خوا فەرمویە: { ئەی مرۆڤەکان گوێ بـە فەرمانی ئـەو خوایە بن کە ئێوەی لە یەک نەفس دروستکردوە. نیساء : ١} خوا بە مرۆڤ دەڵێ هەمووتان لە ئادەمەوە هاتونە دی، کەوابوو ڕەچەڵەک و بنچینەتان هەر یەکە. لەبەر ئەوە، ئەو هەموو جیاوازیە ناڕەوایانەی لە نێوان ژن و پیاو دروستکراوە درۆیەکی بێبنەمایە و ئیعتیباری نیە. دیسان خوا فەرمویە : { سوێند بە گیانی مرۆڤ و ئەوەی ڕێکی خستوە. هەموو تاوان و خۆپاراستنیشی تێگەیاندوە. هەرکەس دڵ و دەرونی پاک بێ، ڕزگاری بووە، هەر کەسیش لە خەتاو تاوانەوە گلا بێ دۆڕاوە. سوڕەی شەمس: ٧ تا ١٠} بڕوانە خوا لەو ئایەتانەدا ناوی ژن یان پیاوی نەهێناوە بەڵکو فەرمویە هەرکەس جا فەرق ناکا ئەو کەسە ژن یا پیاو بێ. بەجێیە بەکورتی هێندێک لـەو خاڵە هـاوبـەشانەی ئەو دوو جینسە باس بکەی.(١) بەرابەری لە شەڕەف کەرامەتی ئینسانیدا.( ٢) لە بەرپرسیاری لە بەرانبەر بنەماڵەو کەسو کارو دەرو جیراندا.( ٣ ) وەک یەک بون لە ئەنجامـی هەموو واجبە شەرعیەکاندا. ( ٤ ) لە بواری فێرکردن و ڕاهێنان دا. ( ٥ ) لـە بواری خاوەن مەڵکی دا . ( ٦ ) لە خوێندن و کاروباری کۆمەڵایەتیدا . ( ٧ ) لە بەجێی هێنانی واجبی عەینی و کیفایی دا. ( ٨ ) لە ڕوخستو ئیزنی شەرعیدا. ( ٩ )لە نیزامی لێپرسینەوە و پـاداش و سەزادان دا ( ١٠ ) لـە میرات گرتـن دا. (١١) لە پاراستنی ڕەوشت ئەخلاقی باشدا. ( ١٢ ) لە معامەلەی ماڵێدا . ( ١٣) لە نیزامی تاکی و هەڵبژاردنی شەریکی ژیاندا. ( ١٣ ) لە پاراستنی : دین ، نەفس ، ماڵ، عەقڵ ونەسل دا.( ١٤ ) لە هەڵگرتنی بەر پرسایەتی لە ڕاگەیاندنی بانگەوازی خوایی دا. ئەگەر بە بۆچونی هێندێکان بۆ وێنە لە میرات و شایـەدیدا جیاوازیەک دەبیندرێێ لـە بـەر ئـەوە نـیە ژنـە ، بەڵکو بـە پێوەری ئیسلامی مەسڵەحەتی تاکەکانی تێدا ڕەچاو کراوە. ئەوانەی لەسەرەوە باسمان کردون و زۆریتریشن کە لە وتارێک دا جێگایان نـابێتەوە. وەک خۆم پێموایە لە بواری جیاوازی ژن و پێاودا زۆر شتی زیادی دروست کراون کە هیچ پیوەندیەکان بـە شەرعەوە نـیە ونـەزانی و دەسەڵاتی سەردەم پێیەوە لکانــدوە. چـونـکە ناکرێی ژن کە لـە واقیعدا دایکە خوا لە ڕیـز گرتـن و گوێی پێدان دا لە دوای خۆی و پێغەمبەرەکەی هێنا بنی و ئاواش بەسوکی و بێ بایخی حیسابیان بکا!!

براتان مەلا برایمی مەجید پور ٨ ڕێبەندانی ٢٧١٩ کوردی

     ٢٨ / ١ / ٢٠٢٠ زایینی

نویترین هەواڵ و بابەت