"an independent online kurdish website"

بورهان یاسین خه‌ڵکی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستانه‌ که‌ وا له‌ نه‌خشه‌ی ئێراق و له‌ ژێرده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی ئێراق دایه‌ و له‌ زانکۆی لوند له‌ سوید دوکتۆرای وه‌رگرتووە‌ و له‌ هه‌مان زانستگا مامۆستایه‌.

**

عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان

عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان رابه‌ری پارتی کرێکاران کوردستان (پ ک ک PKK)‌ له‌به‌ر دڕندەیی ده‌وڵه‌تی تورکیه‌ شار و گوند و ماڵ و مه‌ئوای خۆی به‌جێ هێشت و پاش چه‌ندین ساڵ چالاکی سیاسی له‌ پێناو ئازادیدا به ‌ناچار داوای په‌نابه‌ری له‌ وڵاتانی جیهان کرد، به‌ڵام هیچ ده‌وڵه‌تێک ئاماده‌ نه‌بوو په‌نای بدات! ساڵی (1999) چوو بۆ کێنیا. پاشان ده‌وڵه‌تی تورکیه‌ به‌ کردوه‌یه‌کی چه‌په‌ڵی ترۆریستی له‌ ژێر چاودێری کامێرای رێکخراوه‌ی مافی مرۆڤ و رێکخراوه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ رۆژی (15/2/1999) له‌ شاری نایرۆبی کێنا وه‌ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانی به‌ فرۆکه‌ رفاند بۆ تورکیه‌ و له‌و کاته‌وه‌ وا له‌ به‌ندیخانه ‌دایە.

**

له‌ لاپه‌ڕه‌ی فه‌یسبووکی به‌ڕێز تاهیر خالیدی دا ویدیۆی کۆڕێکی به‌ڕێز بورهان یاسین دانراوه‌، به‌ ناوی: (عه‌بدوڵلا ئوجه‌لان له‌ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستانه‌وه‌ بۆ دژه‌ ده‌وڵه‌ت).

ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ی به‌ڕێز عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو بابه‌ته‌ی خواره‌وه‌ بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ که‌ به‌س سه‌ره‌تای کۆڕه‌که‌ی دوکتۆر بورهان تەماشا که‌م و گوێ له‌ باسه‌که‌یان بگرم.

بابه‌تی یه‌که‌م: هه‌ڵوێستی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان

ئه‌و باسه‌ی که‌ کاک بورهان ئێستا له‌ ساڵی (2020) دا باسی ئه‌که‌ن، ئه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ وتووێژێکه‌ له‌ رۆژنامه‌ی‌ عه‌ره‌بی (الوسط) که‌ به‌و ناونیشانه‌ی خواره‌وه‌ بڵاو کراوه‌ته‌وه‌:

{زعیم حزب العمال الکردستانی تحدث الی (الوسط)

رابه‌ری پارتی کرێکارانی کوردستان ……. (الوسط)

أوجلان: التقارب السوري الترکی لا یخیفنا

ئۆجه‌لان: نزیکبوونه‌وه‌ی سورییه‌ و تورکییه‌ ئێمه‌ ناترسێنێت

حاوره‌ ابراهیم حمیدی

……..

……..)

(الکیان الکردي في شمال العراق خنجر في ظهرنا و تهدید مباشر شمال العالم العربي و ایران

پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی کوردی له‌ سه‌روی ئێراق خه‌نجه‌رێکه‌ راسته‌وخۆ ئه‌درێ له‌ پشت جهانی عه‌ره‌ب و ئێران

………

………)

العدد (324) – 13/4/1998 (الوسط) 13/4/1998 – No 324}.

**

پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و وتووێژه‌، هه‌ر ئه‌و ده‌ورانه‌ له‌ ماسمێدیادا‌ له‌ په‌نای‌ ئاڵوگۆڕه‌ سیاسییه‌کانی سورییه‌ و تورکییه‌دا‌ رەخنه له‌و هه‌ڵویست و بۆچوونه‌ی به‌ڕێز ئۆجه‌لان گیرا.

**

‌بابه‌تی دووهه‌م

پاش کرده‌وه‌ ترویستییه‌که‌ی ده‌وڵه‌تی تورکییه و رفاندنی ئۆجه‌لان، یه‌کێتی ئوروپا له‌ ساڵی (2002)دا لیستێکی بڵاو کرده‌وه‌، له‌و لیسته‌دا چه‌ن رێکخراوه‌ی سیاسی به‌ ترۆریست ده‌سنیشان کرد، بۆ نموونه‌:

1 – سازمان مجاهدین خلق ایران – رێکخراوه‌ی موجاهیدنی خه‌ڵکی ئێران

2 – پارتی کرێکارانی کوردستان – پ ک ک (PKK)

سه‌باره‌ت به‌ پێناسه‌ی ترۆریزم له‌ به‌شه‌کانی ماسمێدیا وه‌ک: رۆژنامه،‌ رادیۆ و ته‌له‌ڤیزیۆن ئه‌و باسه‌ تا راده‌یه‌ک شیکرایه‌وه‌ و ئه‌و کاره‌ی یه‌کێتی ئوروپا که‌وته‌ ژێر پرسیار.

سه‌باره‌ت به‌ (رێکخراوه‌ی موجاهیدنی خه‌ڵکی ئێران) که‌ ناوی له‌ لیسته‌که‌دا بوو، {رێکخراوه‌ کولتوری و فه‌رهه‌نگی و سیاسییه‌کان ئیرانی، هه‌روه‌ها نووسه‌ر و شاعیر و هونه‌رمه‌ندی فارس و تورک و کورد … له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که‌ له‌باری ئیدئۆلۆژی و سیاسییه‌وه‌ دژی سازمانی موجاهیدین بوون، به‌ڵام‌ به‌ نووسینی نووسراوه‌،‌ (اطلاعیه‌ = راگه‌یاندن)، (تۆمار = کۆکردنه‌وه‌ی ئیمزا و ناو) که‌وتنه‌ دژایه‌تی بڕیاره‌که‌ی یه‌کێتی ئوروپا و پشتیوانیکردن له ‌(رێکخراوه‌ی موجاهیدنی خه‌ڵکی ئێران).

**

سه‌باره‌ت به‌ {پارتی کرێکارانی کوردستان – پ ک ک (PKK)} له‌ لیسته‌که‌ی ئوروپا، رۆژی 18ی مانگی مه‌ی هه‌مان ساڵ {رادیۆ (زایه‌ڵه‌) رادیۆی كوردی به‌شی زمانه‌ بێگانه‌کانی ده‌وڵه‌تی سوید} وتووێژێكی له‌گه‌ڵ دوكتۆر بورهان یاسین ئه‌نجامدا. به‌رێوه‌به‌ری ئه‌و به‌رنامه‌ وتووێژییه‌ درابوو به‌ڕێز (ناسر سینا) یه‌کێ له‌ وێژه‌رانی رادیۆ زایه‌ڵه‌ و …. که‌ به‌و جۆره‌ی خواره‌وه‌ ئه‌نجامداراوه‌:

*{ رادیۆ زایه‌ڵه‌: دوكتۆر بورهان یاسین، مامۆستای مێژوو له‌ زانستگای(Lund) لوند.

زایه‌ڵه‌: ئاخۆ له‌باری سیاسییه‌وه‌ پێشبینی ده‌كرا كه‌ پارتی كرێكارانی كوردستان چاره‌نووسێكی وه‌های هه‌بێ و هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌؟

دوكتۆر بورهان: من له‌(99)وه‌ وه‌ختی خۆی مقاله‌یه‌كی زۆر دوور و درێژم نووسی له‌ سه‌ر ئه‌و وه‌زعه‌ی به‌سه‌ر (PKK) هاتووه‌ و ئه‌مانه‌. من له‌وێدا ئاماژه‌م به‌وه‌ كرد كه (‌PKK) له‌ پێش دوو رێیانێكه‌، یان ئه‌وه‌تا به‌ ته‌واوه‌تی خۆی حه‌ل كات ده‌وری ته‌واو بووه‌ و یا ئه‌وه‌تا بگه‌ڕێته‌وه‌ قاڵبی كۆن، خه‌باتی چه‌كداری و ئه‌مانه‌. به‌قه‌ناعه‌تی من ده‌بێ (KDK) و ئه‌مانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ره‌خنه‌گرانه‌تر و له‌ سه‌رخۆتر ته‌ماشای مه‌سئه‌له‌كان بكه‌ن، یه‌عنی به‌رانبه‌ر ئوروپا راوه‌ستان و خۆ گیڤ كردنه‌وه‌ له‌ ئوروپا و هه‌ندێك ئیشاره‌تی ئاوه‌ها دیپلۆماسی ناده‌ن، به‌وه‌ی كه‌ ده‌توانن ئوروپا ناڕه‌حه‌ت بكه‌ن و ئه‌مانه‌ له‌ زه‌ره‌ری كورد ته‌واو ده‌بێ، نه‌وه‌كو له‌ قازانجی.

زایه‌ڵه‌: دیاره‌ (PKK) زۆرتر ده‌یهه‌وێ له‌ناو ماسمێدیای خۆیدا باس له‌وه‌ بكات كه‌ به‌ تێرۆریسم له‌ قه‌ڵه‌م درانی پارتی كرێكارانی كوردستان به‌ تێرۆریست دانانی ته‌واوی كورده‌ .

دوكتۆر بورهان: به‌قه‌ناعه‌تی من ئه‌وه‌ ته‌بلیغاتێكی سیاسییه‌، ریتۆریكه‌ زیاتر له‌وه‌ی كه‌ راستییه‌كی سیاسی بێت، چونكه‌ تا ئێستا له‌ سێ پارچه‌یتری كوردستان دیارده‌یه‌كی ئاوه‌ها نه‌بووه‌ كه‌ تاكه‌ رێكخراوێكیش به‌ تێرۆریست له‌ قه‌ڵه‌م درابێت، به‌ڵكو بگره‌ حه‌تا ئه‌گه‌ر ته‌ماشای باكوریش بكه‌ین به‌ڕاستی ئوروپا ده‌خوازێت پشتگیری بكات له‌ هه‌ندێك رێكخراو، وه‌كو(HDP) و… حیزبێكی تازه‌ دروست بووه‌ به‌ ئیلتجایه‌كی رێڕه‌وێكی زیاتر لیبراڵی هه‌یه‌ و ئه‌وانه‌، یا عه‌بدولمه‌لیك فورات و ئه‌مانه‌. حه‌تا باسی ئه‌وه‌ ده‌كرێ (كه‌ماڵ بوڕقای)یش هه‌ر چه‌نده‌ له‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌یش وه‌زعێكی مه‌قووله‌ بۆ ئوروپا. كه‌واته‌ ئوروپا هه‌موو كورد به‌ڕاستی مۆر له‌ هه‌موو كورد نادات، به‌ڵكو حه‌ره‌كه‌یه‌كه‌ كه‌ پاشكۆیه‌كی یا خود خه‌لفییه‌تێكی تاریخی ئاوه‌ها هه‌یه‌ كه‌ رێگا ده‌دا به‌ ده‌وڵه‌تانی ئوروپا كه‌ ئه‌و مۆره‌ی بخه‌نه‌ سه‌ری.

زایه‌ڵه‌: كاتێك به‌رپرسانی (PKK) خۆیان رێكخراوه‌كه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه‌ و رێكخراوه‌یه‌كی وا كه‌ تازه‌ نه‌ماوه‌، ئه‌ی بۆچی ده‌بێ ئه‌وه‌نده‌ نیگه‌رانی ئه‌وه‌ بن كه‌ بخرێته‌ ناو لیستێكه‌وه‌، یان نه‌خرێت؟

  

دوكتۆر بورهان: به‌قه‌ناعه‌تی من دوو لای هه‌یه‌ ئه‌وه‌. یه‌كیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پیاو له‌ تاریخی خۆی خه‌لاس نابێ، هه‌رچه‌ندی هه‌وڵ بدات ناو و عینوان و شتی وایش بگۆڕێ ئه‌و تاریخه‌ له‌ گه‌ڵیایه‌تی. له‌ لایه‌كه‌وه‌ ده‌بێ فه‌خری پێوه‌ بكا كه‌ قوربانی تیا داوه‌ و ئه‌مانه‌. له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ ئه‌مه‌ میژوویه‌كه‌ خۆی له‌ دروست كردنیادا به‌شدار بووه‌. له‌ لایه‌كی دیش مه‌سئه‌له‌ی به‌رده‌وامی (PKK) له‌ (KDK)دا ده‌بینرێ. به‌ حه‌قیقه‌ت ته‌نیا گۆڕانی ناوه‌ ئه‌گه‌رنا قاعیده‌ی حیزبه‌كه،‌ سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كه‌ و سه‌رۆكی حیزبه‌كه‌یش كه‌ به‌ڕێز عه‌بدوڵا ئوجه‌لانه‌ هه‌ر وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه‌، كه‌ واته‌ گۆڕانێكی بنه‌ڕه‌تی به‌و شێوه‌یه‌ نه‌كراوه‌. له‌و ئاسته‌وه‌ كه‌ ده‌توانێ هه‌م له‌ سیاسیه‌تی واقعی و هه‌م له‌ ئاوڕدانه‌وه‌ی مێژویدا، یه‌عنی گرنگی مێژوو بۆ سیاسه‌ت ده‌كرێ پیاو تێبگات ئایا بۆ (KDK) ئه‌وه‌نده‌ ناره‌حه‌ته‌ و گرنگی ده‌دا به‌ مۆر لێدانی (PKK) .

زایه‌ڵه‌: ئاخۆ به‌ دیتنی ئێوه‌ ناو گۆڕینی (PKK) بۆ (KDK) و با بڵێین هه‌ندێك ئاڵوگۆڕ كه‌ وێده‌چێ له‌ ستراتیژیدا هه‌بێت، ته‌نیا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ (PKK) ناوی تێرۆریستی نه‌خرێته‌ سه‌ر؟ یان هۆ و سه‌به‌بی دیكه‌ی هه‌یه‌ به‌ڕاستی؟ یه‌عنی ئاڵوگۆڕێكی جدی هه‌یه‌ له‌ناو (PKK) دا؟

دوكتۆر بورهان: ئه‌وه‌ی من ئاگادارم له‌ نزیكه‌وه‌ پێشی گۆڕانی(PKK)یش هه‌ندێك له‌ ده‌وایری ئوروپا، یان هه‌ندێ كه‌سی نزیكی كورد له‌ ئوروپا كه‌ نزیكن له‌ دایه‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات، یان له‌ناو ده‌سه‌ڵاتن له‌ وڵاتی جیاجیا، نه‌سێحه‌تی(PKK)یان كردووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ناوه‌كه‌ بگۆڕن خراپ نابێت، به‌ڵام به‌قه‌ناعه‌تی من ناو گۆڕینه‌كه‌ ئیشاره‌تێكی ئاوه‌ها نییه‌ كه‌ ته‌واوه‌ن سیاسه‌ته‌كه‌ و ستراتیژییه‌كه‌ گۆڕاوه‌، هه‌ر وه‌كو(PKK)یش هه‌بوو له‌(98 و99) ئه‌و گۆڕینی سیاسه‌ت و ستراتیژییه‌ له‌ سه‌ر پێیه‌. به‌س به‌قه‌ناعه‌تی من كورد بۆی هه‌یه‌ پرسیار بكاو (KDK) خۆیشی به‌ راشكاوی ده‌بێ ئه‌و پرسیاره‌ بكا، ئایا ده‌كرێ به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ خۆیان تۆ بڵێی سیاسه‌تی نوێ پیاده‌ ده‌كه‌ن شتێك له‌ توركیا به‌ده‌ست بێت، به‌و مه‌عنایه‌ی ده‌كرێ تۆ هه‌م چه‌كت دانابێ و هه‌م چه‌كت به‌ده‌سته‌وه‌ بێت، ئیشاره‌تێكی راست بێ هه‌م بۆ توركیا و هه‌م بۆ جیهانی ده‌ره‌وه‌. من شكم هه‌یه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌وه‌ ئیشاره‌تێكی راست و دروست بێ، چونكه‌ تۆ كاتێك كه‌ چه‌كت به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ پۆته‌نسیالی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ شه‌ڕ جارێكیتر دووباره‌ بێته‌وه‌. من به‌ڕاستی له‌ مناسبه‌ی پێشتریش هه‌م له‌ نووسین و هه‌م له‌ قسه‌كردن ئه‌وه‌م جه‌خت كردووه‌، كه‌ له‌ ناو توركیا، له‌ بیرۆكراتی توركیا، له‌ ناو هێزی له‌شكری توركیا، له‌ ده‌وڵه‌تی شاردراوه‌ی توركیا كه‌ ده‌وڵه‌تی كۆڕی توركیایه‌، حه‌ز ده‌كه‌ن گرژی و شه‌رێكی سنوردار هه‌بێت له‌ كوردستان. كه‌ واته‌ ده‌س به‌چه‌ك بوونی(KDK) به‌ حه‌قیقه‌ت ره‌نگه‌ به‌ شێوه‌یكی ناڕاسته‌وخۆ خزمه‌ت به‌و ته‌وجه‌ بكات. (KDK) یش ئاگاداره‌ له‌ وه‌ی كه‌ ده‌زانێ جه‌رناڵه‌كانی توركیا له‌ گه‌ڵ شه‌رێكی سنووردار زیاتر ئیستراحه‌تن، زیاتر ده‌توانن گوزه‌رانیان ببێ له‌وه‌ی كه‌ ئاشتی به‌ر قه‌رار ببێ له‌ كوردستان.

زایه‌ڵه‌: به‌سه‌رنجدان به‌وه‌ كه‌ یه‌كیه‌تی ئوروپا زانیاری هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ رێكخراوه‌یه‌كی دی به‌ناوی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) نه‌ماوه‌ بۆچی ناوی (KDK) له‌ناو لیسته‌كه‌یاندا نه‌هاتووه‌؟

دوكتۆر بورهان: ئه‌وه‌ سوئاڵێكی زۆر جوانه‌! به‌قه‌ناعه‌تی من مۆر لێدانی (PKK) وه‌ كه‌ نه‌گیشتووه‌ته‌ ئه‌و راده‌ی (KDK) یش مۆری لێبدرێ، ئه‌مه‌ سازشێكه‌، ئه‌مه‌ حه‌لێكی وه‌سه‌ته‌ له‌ به‌ینی ئه‌وه‌ی كه‌ توركیا ده‌خوازێ و له‌ به‌ینی ئه‌وه‌ی كه‌ ئوروپا ده‌خوازێ. ئه‌وه‌ی كه‌ توركیا ده‌خوازێ نه‌ك هه‌ر (PKK) و (KDK) تێرۆریستن، به‌ڵكو ئه‌من مه‌علوماتم هه‌یه‌ زیاتر له‌ 400 ناو هی رێكخراوه‌ی ئینسانی، و كه‌سانی نازانم چی كه‌ رۆژێك له‌ رۆژان باسی مه‌سه‌له‌ی كوردیان كردووه‌، به‌شێكی زۆریشیان هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ ئوروپا ناویان دراوه‌ته‌ یه‌كیه‌تی ئوروپا، كه‌ ئه‌مانه‌یش مۆری ئه‌وه‌یان لێبدرێ. ئێستا توركییه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌خوازێ پرۆسه‌ی مۆر لێدان له (‌KDK) ده‌ست پێبكات، یا خۆ ده‌ستیشی پێكردووه‌. توركیا به‌ڕاستی به‌وه‌ رازی نابێ حه‌تا كه‌ ئه‌گه‌ر (KDK) یش مۆری ئا تێرۆریستی لێبدرێ.

هه‌ر كه‌سێك باسی مافی مرۆڤی كورد بكات ئه‌وه‌ ترۆریسته‌ به‌ دیتنی توركیا. به‌ڵام لایه‌كی دیكه‌ی دراو ئوروپایه‌. ئوروپا ناخوازێ ئه‌ونده‌ دوور بڕوا وه‌كو توركیا ده‌یهه‌وێت، به‌ڵام پێویستیشه‌ له‌سه‌ر ئوروپا كه‌ هه‌ندێك ئیشاره‌ت بدات به‌ توركیا كه‌ ئوروپا ناخوازێت توركیا دابه‌ش ببێت و ده‌ستی نییه‌ له‌ پیلان و پیلانگێڕان بۆ دابه‌شكردنی توركیا، هه‌روه‌كو هه‌ندێك له‌ حیزبه‌كان و له‌ خه‌ڵكانی ناسیۆنالیستی توندڕه‌و له‌ توركیا حه‌ز ده‌كه‌ن وا بۆی بچن. لێدانی مۆر له‌سه‌ر (PKK) نه‌وعێكه‌ له‌ سازش، یه‌عنی هه‌م ئوروپا مۆری داوه‌ له‌ (PKK) هه‌میش به‌ته‌واوه‌تی نه‌یداوه‌ وه‌كو توركیا ده‌خوازێت. له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌و ئه‌وه‌ی وه‌كو من ئاگادارم ئوروپا به‌ شه‌رتێك مۆری داوه‌ له (‌PKK) كه‌ هه‌ندێك ریفۆرمی جدی له‌ سه‌ر ئه‌رز بكرێت له‌ توركیا. یه‌كێ له‌وانه‌ لابردنی قانوونی ئیستسناییه‌ كه‌ وه‌هالی پێده‌ڵێن و هه‌ندێك ریفۆرمی دیكه‌ش. له‌ بن په‌رده‌ی لێدانی مۆر له ‌(PKK) به‌ڕاستی هه‌مان كات وه‌ڤدێكی په‌رله‌مانی یه‌كیه‌تی ئوروپا ده‌چێ بۆ دیاربه‌كر بۆ ئه‌وه‌ی ناڕازی بوونی خۆیان ده‌ربڕن له‌سه‌ر بڕیارێ كه‌ له‌سه‌ر پێیه‌ له‌ عه‌داڵه‌تی به‌ناو عه‌داڵه‌تی توركیا بۆ داخستنی (HDP) .

به‌ مه‌عنایه‌كی دیكه‌ لێدانی مۆر له‌ (PKK) مه‌جالی مانه‌وه‌ری سیاسی و دیپلۆماسی زیاتر داوه‌ به‌ ئوروپا به‌رانبه‌ر توركیا.

زایه‌ڵه‌: قسه‌بێژانی (KDK) و لایه‌نگرانی (PKK) ئیدعا ده‌كه‌ن كه‌ هاتنی ناوی پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ لیستی تێرۆردا گرژی و شه‌ڕ له‌نێوان تورك و كورددا زۆرتر خۆش ده‌كات و ئه‌م شه‌ڕه‌ به‌ربڵاوتر ده‌بێته‌وه‌. ئێوه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌و بڕوایه‌ن ؟

دوكتۆر بورهان: تا ئه‌و جێگه‌ی كه‌ پێوه‌ندی هه‌یه‌ به (‌KDK) و ئه‌وانه‌ی كه‌ پاش ماوه‌ی (PKK)ن و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ هه‌ڵبه‌ته‌ به‌ ئاسانی ناخوازن واز له‌و مێژووه‌ی خۆیان بێنن، به‌ ئیحتمال وا بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر (KDK) ئه‌و زمانه‌ به‌كار بێنێ كه‌ ئه‌وه‌ گشتگیریه‌كی تیایه‌ كه‌ گرژی له‌ نێوان كورد تورك به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی وه‌كو دوو نه‌ته‌وه‌ زیاتر بكا، به‌قه‌ناعه‌تی من ئه‌و بۆچوونه‌، بۆچوونێكی ته‌واو نییه‌. چونكه‌ مۆر لێدان به‌ نه‌تیجه‌ی ئه‌خیر له‌سه‌ر ئه‌كته‌رێكه‌ كه‌ چووه‌ته‌ میژووه‌وه‌ و له‌هه‌مان كاتیشدا لێدانی ئه‌و مۆره‌ ره‌نگه‌ رێ خۆش بكات بۆ هه‌ندێك هێزیتر كه‌ بێنه‌ پێشه‌وه‌ له‌ مه‌یدانی سیاسه‌ت له‌ توركیا كه‌ ده‌توانن به‌ ئاسانیتر پێداگرن له‌سه‌ر مافی گه‌لی كورد له‌ وێ}*

**

ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستی رووناکبیر و که‌سایه‌تییه‌کی ئێمه‌ی کورده‌ سه‌باره‌ت به‌ رێکخراوه‌یه‌کی کوردستان که‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی ئوروپاپه‌وه‌ پێناسه‌ی (چه‌په‌ڵ و ناڕه‌وا و نا مرۆڤانه‌ی تروریستی) بۆ دیاریکرا‌!

لێره‌دا‌ وه‌ک نووسه‌ری ئه‌م چه‌ن دێڕه‌ ئه‌بێ بێژم ئه‌و رێکخراوه‌ سیاسی و فه‌رهه‌نگی هه‌روه‌ها ئه‌و که‌سانه‌ که‌ پشتیوانیان له‌ (رێکخراوه‌ی موجاهیدین) کرد و دژی هه‌ڵوێسته‌که‌ی ئوروپا بوون، نیشانه‌ی هوشیاری ئه‌وانه‌!

به‌ڵام هوشیاری ئێمه‌یش ……!

** تێبینی ئه‌و وتووێژه‌ی (رادیۆ زایه‌ڵه‌) هه‌مان ساڵ به‌ یارمه‌تی چه‌ن سایتی کوردی که‌وته‌ به‌رده‌س خوێنه‌رانی سه‌وه‌ر، هیوادارم ئه‌مجاریش یارمه‌تی بکه‌ن.

سه‌عی سه‌قزی

10/2/2020

sai.saqzi@gmail.com

نویترین هەواڵ و بابەت